دوو دۆلار بەسە.. دەمپەڕ فریای‌ موسڵ دەكەوێت

عیراق

17/02/2018‌ 3051 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
هەندێك‌ لەخەڵكی‌ موسڵ چاویان لەكۆنگرەی‌ ئاوەدانكردنەوەی‌ عێراقەو، هەندێكی‌ دیكەشیان ئومێدیان بە هەڵمەتی "دەمپەڕ"ە تا بگەڕێنەوە خانووەكانیان لە موسڵ كە زۆرترین زیانی لە جەنگدا بەركەوتووە.

"دەمپەڕ" كە ئامێرێكی بچووكە‌و تاڕادەیەكی زۆر لە ئۆتۆمبێلێكی بچووك دەچێت، گورج‌و گۆڵانە بە كۆڵانە بەرتەسكەكاندا دەڕوات‌و بەو دووكەڵە رەشە قانگیان دەدا كە لەدواوەی دەردەچێت، كاتێك بارەكەی قورس دەبێت، هاوكات بەندەر عەگیدی راوەستاوە‌و ژمارەی بارە یەك لەدوای یەكەكان لە هەڵمەتی لابردنی داروپەردووەكانی شاری كۆن، دەژمێرێت.

عەگیدی كە یەكێكە لە رێكخەرانی هەڵمەتەكە دەڵێت: "ئەمە شۆڕشێكە بەسەر سستی‌و كەمتەرخەمیدا، ئامانجی گێڕانەوەی ژیانە بۆ ژمارەیەكی زۆر لەو گەڕەكە نیشتەجێیانەی تا ئێستاش بەجێهێڵراون سەرەڕای تێپەڕبوونی حەوت مانگ بەسەر ئازادكردنیان لەدەستی رێكخراوی داعش".

هەروەها وتیشی: "هەڵمەتەكەمان زۆر سادەیە‌و ناوی (تەنیا دوو دۆلار بۆ لابردنی داروپەردوو)مان لێناوە‌و پشت بە كۆمەكی هاووڵاتیان دەبەستێت‌و لەڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەستمان پێكردووە‌و كارلێكی باشی لەگەڵ خەڵكدا هەیە، پاشان لە ناوچەی مەشاهدە دەستمانپێكرد كە وێرانكارییەكی زۆر بەركەوتووە".

ژیان لە شاری كۆن هێشتا وەك نیمچە نەبووە‌و بڕێكی زۆر لە داروپەردووی پاشماوەی جەنگ رێگرە لە گەڕانەوەی، چونكە شەقام‌و كۆڵانەكانی داخستوە‌و ئاستەنگ بۆ هاتووچۆی رێبواران‌و ئۆتۆمبێلیش دروست دەكات.

بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی موسڵ رایگەیاند لەماوەی شەش مانگی رابردوودا (1.5) ملیۆن مەتر چوارگۆشە داروپەردووی لابردووە، هاوكات هێندەی هەمان بڕ ماوە كە لابردنی پێویستی بە توانایەكی زۆرە.

پێدەچێت كارلێككردن ئاستی پێشبینیكراوی تێپەڕاندبێت، چونكە ئەو دووكەڵەی لە بزوێنەری دەمپەڕەكەوە دەردەچێت لە ناوچەكانی دەوروبەری مەشاهدەشەوە بەرزدەبێتەوە، بۆیە رێكخەرانی هەڵمەتەكە رایانگەیاند لە گەڕەكەكانی تەواڵب‌و حەمام مەنقوشە‌و شێخ فەتحی‌و ئەحمەدییەش دەستیان پێكردووە كە سەرجەمیان لە شاری كۆنن.

هەروەها رێكخەرانی هەڵمەتەكە "دەمپەڕ"یان هەڵبژاردووە تا ببێتە سیمبولی هەڵمەتەكە، ئەویش ئامێرێكی بچووكی گواستنەوەیە لە كاری بینا دروستكردندا بەكاردەهێنرێت، چونكە قەبارە بچووكەكەی گونجاوە بۆ گەیشتن بە دوورترین شوێن لەنێو ئەو كۆڵانە بەرتەسكانەی ئۆتۆمبێلی گەورە ناتوانێت پێیاندا تێپەڕ ببێت، ئەمە جگە لە كەمی تێچوونی گواستنەوە بەو ئامێرانە كە تێچوونی گواستنەوەی باری یەك دەمپەڕ لە دارودپەردوو تەنیا دوو دۆلارە.

ئەم هەڵمەتە بۆ شاری كۆن تەرخانكراوە كە رێژەیەكی زۆر وێرانكاری بەركەوتووە هیچ شارێكی دیكە لەوانەی رێكخراوی "داعش" كۆنترۆڵی كردوون بەخۆوەی نەبینیوە، چونكە ئەو ژمارانەی لە راپۆرتەكانی نەتەوەیەكگرتووەكاندا هاتوون باس لە وێرانكردنی (11) هەزار بینا دەكەن كە نزیكەی 80%یان لەشاری كۆندایە.

لە ئەنجامیشدا ئەو ناوچەیەی لە دەستپێكی ئۆپراسیۆنی سەربازی بۆ ئازادكردنی بەری راستی شارەكە لە ئازاری 2017دا نزیكەی (100) هەزار كەسی تێدا دەژیا، بەتەواوی چۆڵ بوو، نزیكەی (2500) كەسیان كەوتنە ژێر داروپەردووی خانووەكانیان لە ئەنجامی بۆردومانی ئاسمانی فڕۆكەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەركردایەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆسەر ئەو ئەندامانەی رێكخراوەكە كە لە نێو كۆڵانە بەرتەسكەكاندا هاتووچۆیان دەركرد‌و خۆیان لە خانو‌و بیناكاندا قایم دەكرد.

تیمەكانی فریاكەوتنی مەدەنی تەرمی هاووڵاتیانی مەدەنییان هەڵگرتەوە، پاشان شارەوانی موسڵ ئەركەكەی تەواو كرد‌و تەرمی نزیكەی 300 چەكداری رێكخراوی "داعش"ی گواستەوە‌و لە دەرەوەی سنووری شارەكە بەخاكی سپاردن، ئەوەش كە خۆبەخشەكان ئەنجامی دەدەن، ئەوەندەی پرۆسەی قەستەرەی خوێنبەری گەڕەكە نیشتەجێكانە بۆ هاندانی دانیشتووان بۆ گەڕانەوە لە ڕێی كردنەوەی كۆڵانە بەرتەسكەكانەوە، ئەوەندە هەڵمەتی ئاوەدانكردنەوە نییە.

نەغەم تەڵالی چالاكوان دەڵێت: "بەگوێرەی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی، بەم دواییانە هەزار خێزان گەڕاونەتەوە بۆ شاری كۆن، ئەویش بە هاوكاری رێكخراوە مرۆییەكان‌و هەڵمەتەكانی خۆبەخشی كە چەند مانگێكە رانەوەستاون".

ئەو وتیشی: "هەڵمەتی (دەمپەڕ) پێویستە بۆ كردنەوەی كۆڵانە بەرتەسكەكان، چونكە رێكخراوی UNDP چەند هەفتەیەك لەمەوبەر بەشداریكرد لە لابردنی داروپەردووی سەر شەقامە سەرەكییەكان، لەكاتێكدا بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی ناتوانێت كاری خۆی بكات لەبەر ئەو كەموكوڕییە زۆرەی لە ئامێر‌و سووتەمەنیدا هەیە.

هەڵمەتەكە پشتیوانییەكی گەورەی لێدەكرێت‌و كۆمەكی پارە بە بەردەوامی دەگاتە دەستی رێكخەرانی، كە چالاكوان سەفوان مەدەنی یەكێكیانە‌و بەبەردەوامی پەیوەندی تەلەفۆنی پێوەدەكرێت سەبارەت بە بوونی ئەو كەسانەی پارە دەبەخشن، بەزۆریش پارەكە لە زەرفێكی كاغەزدا وەردەگرێت بۆئەوەی دەستبەجێ بیگەیەنێتە گەنجەكان بۆ فراواكردنی بازنەی كاركردنیان.

عەگیدی ئاماژە بۆ دەستكەوتەكانی هەڵمەتەكە دەكات‌و دەڵێت: "كاركردن بە ژمارەیەكی دەستپێكرد، بەڵام ئەمڕۆ گەیشتووەتە (70) بار لە رۆژێكدا، رەنگە لە سێ هەفتەی رابردوودا كۆی بارەكان گەیشتبێتە (7 بۆ 8) هەزار بار".

دەشڵێت: " 80%ی كارەكانمان لە گەڕەكی مەشاهدە تەواوكردووە كە هەڵمەتەكەی لێوە دەستپێكرابوو، هاوكات هەڵمەتەكە لە فراوانبووندایە بەرەو گەرٍەكی نیشتەجێی دیكە، كارەكەش پڕ لەمەترسیە، بۆمبی چێندراو‌و پشتێنی بۆمبڕێژكراوی لێیە كە هەڕەشەن بۆسەر ژیان‌و تەندروستی خۆبەخشەكان.

ژمارەیەك كرێكاری خۆبەخش لە دەوری كۆمەڵێك داروپەردووی كەڵەكەبوو كۆبوونەتەوە تا بە خاكەناسی دەستی بیكەنە ناو دەمپەڕەكەوە، بەڵام كاتێك قاوغی گوللە هاوەنێكیان بینی گەڕانە دواوە، یەكێكیان خۆی دانەواند تا لە نزیكەوە سەیری بكات، پاشان خۆبەخشانە هەڵیگرت‌و لەسەرخۆ لەگەڵ داروپەردووەكان داینا تا شۆفێری دەمپەڕەكە دووری بخاتەوە.

بوونی تەرمی ئەندامانی رێكخراوی "داعش"یش تا ئەم ساتە ئاستەنگ بۆ گەڕانەوەی خێزانێكی زۆر دروست كردووە، لەو بارەیەوە ئەحمەد سەعد بە پەیامنێری "نیقاش"ی وت: "دوای ئەو هەڵمەتەی گەنجانی خۆبەخش لە ناوچەی مەشاهدە بەڕێوەیان برد، خۆم‌و خێزانەكەم گەڕاینەوە تا خانوەكەمان ببینین، بەڵام بینیمان دوو تەرم لەبەردەم خانووەكەماندان، بۆیە ئیتر گەڕاینەوە".

ئەو وتی:"ناتوانین لەگەڵ مردوواندا بژین، ئەو دیمەنە زۆر تۆقێنەرە" پاشان دەستی كچە بچووكەكەی گرتوو لە ناوچەكە دووركەوتنەوە.

(دەمپەڕ)‌و هەڵمەتەكانی دیكە هانی هەندێك لە دانیشتووانیان داوە بگەڕێنەوە ناو خانووەكانیان، بەڵام ئەركە گەورەكە دەكەوێتە ئەستۆی حكومەت‌و شارەوانی‌و فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانی دیكە، خەڵك لەوێ پێویستیان بە كارەبا‌و ئاو‌و قوتابخانە‌و بنكەی تەندروستییە.

ئەگەر كارەكە بە كۆنگرەی نێودەوڵەتی  كۆمەكبەخشەكان بسپێردرێت كە رۆژی 12ی شوبات لە كوەیت بەسترا، رەنگە چاوەڕوانی زۆری بوێت بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچە ئازادكراوەكانی عێراق، بەڵام خەڵك زیاتر چاوەڕوان ناكەن،  بەتایبەتی كە حكومەت پلانی ئەوەی هەیە لەمساڵدا 90%ی ئاوارەكان بگەڕێنێتەوە ناو خانووەكانیان.