مەزارگەی كارەساتباران.. ئەو گۆڕستانەی ئازارەكانی موسڵی لەخۆگرتووە

عیراق

24/02/2018‌ 1017 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
هەر كاتێك سەردانی موسڵ، شارەكەی دوای داعش دەكەم، هەنگاوەكان بەرەو شاری كۆنم دەبەن، لەهەر جارێكدا بۆم دەردەكەوێت چیرۆكی جەنگ لەوێ روانگەیەكی دیكەی هەیە.

دواهەمینجار چوومە گۆڕستانی "ئوم لتسعە"، كە چەند هاووڵاتییەكی مەدەنی لە قوربانیانی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی تێدا بەخاكسپێردراوە.

چەند گۆڕێكی ریزكراو بەتەنیشت یەكەوە، بەدەستێك هەڵكەندراون لە ترساندا لەرزیوە، ماتەمگێڕان بە پەلە ماڵئاواییان لە تەرمەكان كرد بۆئەوەی بەخێرایی بگەڕێنەوە ژێرزەمینەكان‌و دووربن لە زەبروزەنگی جەنگ، بەم شێوەیە كاروبار لە "ئوم لتسعە" بەڕێوەدەچێت كە گۆڕستانی ئەو قوربانیانەیە تائێستاش بەردەوامن لە شایەتیدان لەسەر ئەو نەهامەتیانەی "دەوڵەتی خەلافەت" بەسەر شارەكەیدا هێناون.

لەدوورەوە لە پیاوێكی پشت چەماوە وردبوومەوە كە زەرفێكی بەدەستەوە بوو، بە سەردانەواوی بەرەو گۆڕستانەكە دەچوو، لە رۆیشتنەكەیدا لەسەرخۆ ئەملاولای دەكرد تا پێ بەو گۆڕانەدا نەنێت كە بەشێوەیەكی هەڕەمەكی بڵاوببوونەوە.

لەبەردەم سێ گۆڕی تەنیشت یەكدا راوەستا، هەردوو دەستی بەرزكردەوە تا سورەتی فاتیحە بخوێنێت‌و پاشان بەتەنیا لەسەر زەوی دانیشت‌و دەبەیەكی پلاستیكی ئاوی دەرهێنا‌و دەستیكرد بە ئاوڕشێنكردنیان.

رووبەری گۆڕستانەكە نزیكەی هەزار مەتر چوارگۆشەیە‌و دەكەوێتەوە ناوەڕاستی ناوچەیەكی خاپووركراوەوە، بەر لەوەی لە ئازاری 2017دا ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان بۆ لەناوبردنی رێكخراوی "داعش" لە بەری راست دەستپێبكەن، ئەو گۆڕستانە باخچە بوو.

محەمەد باسم دەڵێت: لەوێ نیشتەجێم – ئاماژەی بۆ ماڵەكەی كرد كە بەسەر "ئوم لتسعە"دا دەڕوانێت -، بەخاكسپاردنی دەیان رۆڵەی ناوچەكەم بینیوە بە ژن‌و منداڵ‌و گەنج‌و پیرەوە كە بەهۆی بۆردومانی فڕۆكەكان یان هاوەن گیانیان لەدەستداوە، باخچەكەمان بە جەستەی قوربانیان چاندووە.

ئەو ئاماژە بۆ ئەو پیاوە دەكات كە بەتەنیا لە گۆڕستانەكە دانیشتووە‌و دەڵێت: "ئەو پیرەمێردە ناوی قوسەی ئەبو حسێنە لە دانیشتووانی گەڕەكی موشاهدەیە كە لەم نزیكانەیە، رۆژانە سەردانی گۆڕستانەكە دەكات، داماوە رۆڵەكانی لەدەستداوە".

بەوریایەوە لە ئەبوحسێن نزیك بوومەوە، سڵاوم كرد‌و لەنزیكیەوە دانیشتم، دڵتەنگی بەتەواوی بە روخساریەوە دیار بوو، لێمپرسی بۆچی لێرە دادەنیشیت؟ لە وەڵامدا وتی: "ئەمانە رۆڵەكانمن، حسێن‌و عەلی‌و سومەیە، لەكاتی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكاندا لێرە بەخاكمسپاردوون، بە گوللە هاوەنێك تیاچوون كە بەر ماڵەكەمان كەوت، هەموو رۆژێكیش سەردانیان دەكەم‌و فاتیحە بۆ گیانیان دەخوێنم".

نزیكەی تەرمی سەد قوربانی لەم گۆڕستانەدا نێژراون كە چەند جارێك ناسنامەكەی گۆڕاوە، پێشتر گۆڕستانی دانیشتووانی شاری كۆن بوو. لەو بارەیەوە محەمەد حەدید دەڵێت: "باپیرانم لێرە نێژراون، كاتێكیش داعش موسڵی كۆنترۆڵكرد، فەرمانی دەركرد بۆ گواستنەوەی تەرمەكانیان‌و گۆڕستانەكەی كردە باخچە، لەبەرئەوەی خەڵك توانای ئەوەیان نەبوو لە رۆژانی شەڕی سەختی نێوان هێزە عێراقییەكان‌و چەكدارانی داعش لە ناوچەكە بچنە دەرەوە، بۆیە ناچاربوون قوربانیان لە باخچە‌و گۆڕەپانی مزگەوتەكاندا بنێژن تا كار گەیشتە ئەوەی لە ژوورەكاندا بیاننێژن.

"لێرەدا بەخاكمان سپارد" محەمەد باسم ئەمەی وت كاتێك رێنوێنی محەمەد حەدیدی دەكرد بۆ سەر گۆڕی براكەی كە ئەویش لە نیسانی 2017دا بە گوللە هاوەنێك گیانی لەدەستداوە، هەروەها وتی: "دوای ئازادكردنی شارەكە خێزانەكەت گەڕانەوە بۆئەوەی ئێسك‌و پروسكەكەی بگوازنەوە بۆ ئەو گۆڕستانانەی لە دەوروبەری شاری موسڵ تەرخان كراون".

وتیشی: "كاتێك شەڕەكە دژوار بو‌و، ژمارەی قوربانیان لە خەڵكی ناوچەكە زیادی كرد، لێرە شوێنێكم هەڵبژارد تا ببێتە گۆڕستانی خۆم‌و خێزانەكەم، باوەڕم وابوو رزگارمان نابێت، دواتر شوێنەكە بەرتەسك بووەوە، بۆیە دام بە خێزانێكی حەوت كەسی كە ماڵەكەیان بۆردومان كرابوو هەموویان مردبوون، بەگریانەوە بەخاكمانسپاردن، خێزانێكی تەواو لەناوبران".

محەمەد حەدید دەڵێت: "كاتێك سەردانی گۆڕستانەكەم كرد كارەساتی لەدەستدانی خۆشكەكەمم لا ئاسان بوو، زۆرێك لە خێزانەكان سێ رۆڵە یان زیاتریان لەدەست دابوو، وەكو ئەبو حسێنی دراوسێمان كە لە ساڵی 2015وە شارەكەی بەجێهێشت‌و نەگەڕایەوە تا داعشی لێ دەركرا".

هەندێك خێزان ئێسك‌وپروسكی رۆڵەكانیان لە "ئوم لتسعە" گواستەوە‌و لە گۆڕستانی دیكە بەخاكیان سپاردنەوە، پێدەچێت سەرەی گۆڕەكانی دیكەش بێت بۆ گواستنەوەی ئێسك‌و پروسكەكانیان.

تەنیا ئەبو حسێن نییە كە بەردەوام سەردانی ئەم شوێنە پڕ لەخەمە دەكات، لەسەر یەكێك لە گۆڕەكان پارچە شوكولاتە‌و گوڵی پەرشوبڵاوم بینی، چەند ناوێك بە دەست نووسرابوون‌و چەسپێندرابوون بە پارچە تەختە‌و بەردەوە، ئەوانە ناوی ئەو قوربانیانەبوون كە لێرە بەخاكسپێردراون.

بەم دواییانە تیمەكانی فریاكەوتنی سەر بە بەرگری شارستانی نەینەوا لە "ئوم لتسعە" كاریان لەسەر هەڵگرتنەوەی تەرمی هاووڵاتیانی مەدەنی‌و گواستنەوەیان بۆ گۆڕستانەكان كرد، پێشتریش راگەیەندرابوو كە زیاتر لە 2500 تەرمی ئەو قوربانیانە هەڵگیراونەتەوە كە بەهۆی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانەوە لە ماوەی ئادار تا تەمموزی 2017 گیانیان لەدەست دابوو.

ژمارەكە هێشتا لە بەرزبوونەوەدایە‌و ئەندازیار دورەید حازم سەرۆكی لیژنەی هەڵگرتنەوەی تەرمەكان لە شارەوانی موسڵ لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا بە "نیقاش"ی وت: "لە 6ی حوزەیرانی 2017وە تا ئێستا 2653 تەرمی هاووڵاتیانی مەدەنیمان هەڵگرتووەتەوە‌و رادەستی كەسوكاریان كراونەتەوە".

پاككردنەوەی شارەكە لە تەرم بەردەوامە، ژمارەیەك تەرمی چەكدارانی داعشم لە خانو‌و كڵێساكانی شاری كۆندا بینی، حازم ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە شارەوانی شوێنی بۆ "داپۆشینی تەرمی داعشەكان لە گۆڕی بەكۆمەڵدا لە دەرەوەی سنووری شاری موسڵ " تەرخان كردووە.

بە ئەستەم لەسەر پێ وەستا‌و بە تێكشكاوییەوە لێیدڕوانیم‌و وتی: "هیچ شتێك قەرەبووی ئەوانم بۆ ناكاتەوە، ژیانم كۆتایی هات، هەوڵدەدەم لێرە بیانهێڵمەوە‌و پێیان لێنابڕم، حسێنی (20 ساڵ) ئیشی لەگەڵ دەكردم، ئەوان بە كۆچكردنیان پشتیان شكاندم".

بەدەم سڕینی ئەو فرمێسكانەی رژابوونە سەر روومەتە چرچولۆچەكانی، بتڵێكی پلاستیكی دەرهێنا‌و ئاوپرژێنی هەرسێ گۆڕەكەی كرد‌و رۆیشت.