كێشەكان رێگر بوون لەئەنجامدانی كۆبوونەوە
كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بۆ كاتێكی نادیار دوادەخرێت

کوردستان

24/02/2018‌ 2192 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ كاتێكی نادیار دواخراوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی كێشەكان رێگربوون لەئەنجامدانی كۆبوونەوە.

جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، بڕیاربوو ئەمڕۆ شەممە كۆببێتەوە، ئەوەش دوای كۆبوونەوەی رۆژی پێنج شەممەی رابردووی جڤاتی گشتی گۆڕان، كە تێدا تاوتوێی چەند پرسێك دەكرا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس كەوتووە، كۆبوونەوەكە بەبڕیاری سكرتێری جڤاتی نیشتمانی گۆڕان دواخراوەو كاتی دواخستنەكەش بەدیارینەكراوی ماوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، هۆكاری دواخستنی كۆبوونەوەكە پەیوەندی بەچەند كێشەیەكی ناوخۆیی گۆڕان هەبووە، كە كێشەكان بەردەوامی هەیە.

جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بەرزترین ناوەندی بڕیاریدانی ناو بزووتنەوەكەیەو بەپێی دەستووری ناوخۆیی گۆڕان دەبێت مانگانە كۆبوونەوە بكات، بەڵام ماوەیەكە كۆبوونەوەی ئەنجامنەداوە.

هـ ـ ح