نرخی نەوت لەبازاڕەكانی جیهان بە بەرزی دەمێنێتەوە

جیهان

25/02/2018‌ 220 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نرخی نەوت لەبازاڕەكانی جیهان بە بەرزی مایەوە، ئەوەش دوای ئەوەی رۆژی رابردوو بەرزترین ئاستی لەدوو هەفتەی رابردوو تۆماریكرد.

ئاژانسی رۆیتەرز ئەمڕۆ یەك شەممە بڵاویكردەوە، كە نرخی نەوت لەكۆتا مامەڵەكان بەهۆی داخرانی چەند كێڵگەیەكی نەوتی لەلیبیاو كەمبوونەوەی بەرهەمی ئەو وڵاتە بەرزبووەتەوە.

ئاژانسەكە بڵاویشیكردەوە، جگە لەكەمبوونەوەی بەرهەمی نەوتی لیبیا، سووربوونی سعودییەش لەكەمكردنەوەی بەرهەمی نەوتی، هۆكارێكی تر بووە بۆ بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت.

بەپێی ئاژانسەكە، نرخی نەوتی پێوانەیی برێنتی جیهانی لەكۆتا مامەڵەكان 25 سەنت بەرێژەی 1% بەرزبووەتەوەو هەر بەرمیلێكی بە 67.51 دۆلار مامەڵەی پێوەكراوە.

هەر بەپێی ئاژانسەكە، نرخی نەوتی تەكساسی ئەمریكا، كە نەوتی پێوانەیی ئەو وڵاتەیە، 33 سەنت بەرێژەی 1.3% بەرزبووەتەوەو هەر بەرمیلێكی بە 63.74 مامەڵەی پێوەكراوە.

چەند رۆژێكە نرخی نەوت لەبازاڕەكانی جیهان رووی لەبەرزبوونەوە كردووە، ئەوەش بەهۆی كەمبوونەوەی بەرهەمی چەند وڵاتێك، بەتایبەتی بەرهەمی نەوتی ئەمریكا.

هـ ـ ح