"ئابڕووچوونەكانی ئەردۆغان"
دوو بەرپرسی هەواڵگیری توركیا هەوڵەكانی میت ئاشكرادەكەن

کوردستان

25/02/2018‌ 5411 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوو بەرپرسی دەزگای هەواڵگیری توركیا "میت"، هەوڵەكانی دەزگاكەیان ئاشكراكرد، كە میدیاكان بە "ئابڕووچوون"ی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا ناوی دەبەن.

ئەو دوو بەرپرسەی هەواڵگیری توركیا، كە لەلایەن پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە دەستگیركراون، لەنوێترین لێدوانیان باسیان لەهەوڵەكانی دەزگای هەواڵگیری توركیا كردووە، بۆ ئەوەی دەست بەسەر میدیاكانی وڵاتەكەیان بگرن.

ئەو دوو بەرپرسە هەواڵگیرییەی توركیا ناویان ئارهان پكجتین و ئایدین كۆنیلە، كە مانگی هەشتی رابردوو لەلایەن پەكەكە لەئۆپەراسیۆنێكی جۆری لەباشووری كوردستان دەستگیركران.

هەروەها ئەوەیان ئاشكراكردووە، كە توركیا لەرێگەی شانە هەواڵگیرییەكانی پەلیان بۆ ناو زۆربەی میدیاكان كێشاوە، ئەوەش لەپێناوی ئەوەی ئەو میدیایانە لەبەرژەوەندی رەجەب تەیب ئەردۆغان كاربكەن.

ئەو دوو بەرپرسە ئەوەشیان ئاشكراكردووە، كە دەزگای هەواڵگیری توركیا بەشێكی تایبەتی بەو بوارە هەیەو لەلایەن هاكان فیدرانی سەرۆكی دەزگاكە راستەوخۆ سەرپەرشتی دەكرێت.

ناوی چەند میدیایەكیشیان ئاشكراكردووە، كە هەواڵگیری توركیا زۆرترین دەستوەردانی هەیەو لەوانەش ناوی Star وMilliyet  (Hande F) و (Çetîner Ç)  هاتووە.

لەگەڵ ناوهێنانی رۆژنامەی (Sabah) و (Başak) Sabah و چەند رۆژنامەكەیەكی تر لەلایەن بەرپرسە هەواڵگیرییەكانی توركیا هاتووە.

هـ ـ ح