پارتی هەوڵی هەڵگرتنی گەمارۆكانی سەری دەدات
نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی هەوڵەكە دەكەن

کوردستان

25/02/2018‌ 5612 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی دیموكراتی كوردستان هەوڵی هەڵگرتنی گەمارۆكانی سەری دەدات‌و نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی هەوڵەكە دەكەن.

پارتی دیموكرات لەدوای سەرۆكایەتیكردنی پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان لەمانگی نۆی رابردوو، بەجۆرێك لەجۆرەكان لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق‌و ناوچەیی‌و نێودەوڵەتیش پەراوێزخراوەو گەمارۆ خراوەتە سەر ئەو حیزبە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بەشارپرێس، پارتی دیموكرات لەئێستادا لەهەوڵی هەڵگرتنی گەمارۆكانییەتی لەسەر ئاستی عێراق‌و ناوچەیی‌و نێودەوڵەتیش.

هەر بەپێی زانیارییەكان هەوڵەكانی پارتی سەرەتا لەسەر ئاستی عێراق دەستیپێكردبوو، كە بەردەوامی هەیەو ئێستاش هەوڵەكان، كە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی‌و مەسرور بارزانی ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبە سەرۆكایەتی دەكرێن لەسەر ئاستی جیهان دەستیپێكردووە.

سەردانەكانی ئەم دواییەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغداو ئێران‌و چەند وڵاتێكی ئەوروپی، لەوانە فەرەنساو ئەڵمانیا لەچوارچێوەی ئەو هەوڵانەدا بوون‌و دواین هەوڵیش مەسرور بارزانی بەسەردانی بۆ ئەمریكا دەستیپێكردووەو بڕیارە سەردانی چەند وڵاتێكی تریش بكەن.

پارتی لەكاردانەوەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی گەمارۆی خرابووە سەر، كە ئێستا هەوڵەكانی چڕكردووەتەوە، بۆ ئەوەی خۆی لەو دۆخە لەسەر ئاستی عێراق‌و نێودەوڵەتیش رزگاربكات.

چاودێرانی سیاسی‌و دبلۆماسی بەدووری دەزانن پارتی بەئاسانی بتوانێت گەمارۆكانی سەر خۆی هەڵگرێت، لەو بارەوە هێرش عەبدولرەحمان شارەزای دیبلۆماسی بۆ شارپرێس وتی: ئێستا هەموو رێگاكان لەپارتی داخراوەو نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانیش ئەو مانۆڕە بەناو دیبلۆماسییانەیان دەستپێكردووە، كە "زیاتر بۆ دانی وزیە بەئەندام‌و لایەنگرانی پارتی، بۆ ئەوەی بڵێن ئەوەتا پەیوەندیمان ماوە ئەگینا ھیچ شتیك بە دوای خۆیدا ناھێنیت".

هێرش عەبدولرەحمان، كە جێگری پێشووی نوێنەری هەرێمی كوردستان بوو لەئەمریكا وتیشی: "لای ئەمریكاو ئەوروپییەكان ئەوان وەك نوینەر حیزب مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت‌و بۆیان روونبووەتەوە، كە پارتی‌و ماڵی بارزانی نوینەرایەتی تەواوی خەلكی ھەرێم ناكەن".

ناوبراو هەروەها وتی: "ڕیفراندۆم راستی ئەوەی دەرخست پارتی ھەموو پەیوەندییەكانی دەرەوەی نمایشی كاتی بووەو ھیچ دۆستێكی راستیقینەی بۆ كورد پەیدا نەكردووە بینینەكانیان خێزانی‌و تەشریفاتی‌و بۆ وێنەگرتن بووە".

لەبارەی سەردانی ئەم دواییەی مەسرور بارزانی بۆ ئەمریكا، ئەو شارەزا دیبلۆمایییە، كە خۆی لەئەمریكا دەژی وتی: "ئێستا ھیچ جوڵەیكی ئەوان لای ئەمریكا بایەخی نییە ئەوروپییەكانیش بۆ مامەڵە لەگەل ھەرێمدا سەیری ئەمریكا دەكەن، چونكە پارتی‌و یەكێتی تەواو پەراوێزخراون مەلەفی عێراق لەئیدارەی ئەمرێكی ئێستا كار لەسەر ئەوە دەكات، كە ھەڵبژاردنی داھاتوو گۆڕانكاری دروستبكات، كە جارێكی تر پارتی‌و یەكێتی كابینە پێكنەھینن".

پارتی چەند ساڵێكە دەسەڵاتی یەكەمی هەرێمی كوردستانی بەدەستەوەیەو ئێستاش لەهەوڵدایە بۆ ئەوەی ئەو دەسەڵاتە لەدەستنەدات، بەتایبەتی دوای كاردانەوەكانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان.

هـ ـ ح