كورد چۆن كەركوك لەدەست دەدات؟

مەلەفی تایبەت

27/02/2018‌ 425 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: بەهرۆز جەعفەر
لە (٦-۸ی ئۆكتۆبەری ۲۰۱۷) لە میانەی بەشداریكردن لە كۆنفرانسی (Euro- Mediterranean Union) - ( یەكێتی ئەو ووڵاتانەی ئەوروپاو لەگەڵ هەندێ ووڵاتی دیكە كە ئەكەونە سەر دەریای ناوەڕاست) بەشداربووین لە قوبرس (كە ئێستا ناوەندێكی ئابوریی وجیۆپۆڵەتیكی پڕ ململانێیە) لە میانەی ئەو كۆنفڕانسە ڕۆژی دووەم بۆ ئاكادیمیستەكان بو، چ بە دەستكەوتنی زانیاری، چ بە پێی پێدراوەكان دەر ئەكەوت كە " كورد كەركوكی لەدەست دا !!". مرۆڤ پێی سەیر بو كە خۆی كوردە لەوێداو ئەو هەموو دەستەبژێرە دەوڵەتی و ئاكادیمییە وا لەسەر ئەم هەرێمی كوردستان و كەركوكە هەڵوەستە ئەكەن و ئارگیۆمێنت ڕیز ئەكەن. 

ڕۆژی دواتر لە ئەكاونتی سۆشیال میدیای خۆم چەند پەرەگرافێكم بە ناونیشانی " ئایا هەست ناكەن كورد كەركوكی لە دەست دا!!"بڵاوكرەوە، دیاربو وێبسایتەكان و كەناڵی كەی ئێن ئێن یش ئەم نووسینەی بایەخ پێدابو (بە سوپاسەوە). هەر لە ژێر نووسینەكە ئەندامێكی ئەمنی پارتی دیموكراتی كوردستان و دواتر كەسێكی دیكەی میدیاییان بە كۆمێنت دەستیان كردبو بە ناوناتۆرە ڕیزكردن و قسە كردن لە سەر زەوقی دوژمنان و ئیتر زۆر شتی دی "دیارە هێشتا تێ نەگەیشتوون كە ئەبێت لە یاریگادا پەلاماری تۆپەكە بدرێ نەك داوەر و یاریزانەكان".

هەمووی چوار ڕۆژی نەبرد كە بەرەو كوردستان ئەگەڕاینەوە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم هەر خۆیان بەیاننامەیەكیان دەركرد " كە مەترسی لە سەر كەركوك هەیە!!". لە ( ۱۱ی ئۆكتۆبەری ۲۰۱۷) ئینستیوتی مێدیتریانە كۆنفڕانسێكی بە پەلەی سەبارەت بە هێڵەكانی ووزەی كوردستان لە نێوان هاریكاریی و ناكۆكی هەرێمایەتی دا سازدا، میوان و میدیای بیانیش لەوێ بوون، دواتر ڕاسپاردەكان بڵاوكرانەوە، نێردران بۆ زۆر ناوەندی حزبی و حكومی، ڕۆژانی دواتر كورد بە شێوەیەكی كارەساتئامێزانە كەركوكی لە دەست دا.

ئێستا نزیكەی (۵) مانگ بەسەر (۱٦ی ئۆكتۆبەری ۲۰۱۷) تێ پەڕ ئەبێت، ئەوە دەرئەكەوێ كورد لە هەموو ڕوویەكەوە كەركوكی لەدەستداوە:

لە ڕووی سیاسیی و سەربازییەوە (ئەوە بینراوە)
لە ڕووی ئابورییەوە (پەیوەستە بە جوگرافیای كێڵگە نەوتییەكانی كەركوك و زۆربونی ژمارەی بیرە نەوتییەكان و ڕادەستكردنی بە كۆمپانیا فرەڕەگەزەكان لە لایەن حكومەتی مەركەزییەوە، ئینجا كە مانگی (۱ی ۲۰۱۸) كۆمپانیای كار كراوەتە دەرەوە لە كەركوك كۆدی هەندێك كێڵگەی لەگەڵ خۆی بردووە چونكە كۆمپانیای ناوبراو خۆی سیستەمی وەبەرهێنانەكەی داناوە لەساڵی (۲۰۱٤) ئێستا كار بۆ ئەوە ئەكرێت ئەو كۆدانە لەو كۆمپانیا خزمەتگوزارییە وەربگیرێتەوە، ئیتر داتاو ئامارە نهێنی و بەردەستەكان زۆر زۆر بە دژی كوردن لە دەرفەتێكدا دێینە سەری)

ئەم هەڵبژاردنەی كە لە (ئایاری ۲۰۱۸) ئەكرێت كورد لە ڕووی قانونی و دەستورییشەوە كەركوك لە دەست ئەدا، سادەترین بەڵگە بۆ ئەمە ئەوەیە كورد لە هەڵبژاردنەكانی پێشوو (۷۰ بۆ ۸۰ هەزار) دەنگدەری لە دەرەوەی كەركوكەوە بۆ كەركوك هەبو، ئەمجارەیان نەك ئەوە نامێنێ بەڵكو لە ئێستاوە بە بەرنامەیەكی كار لەسەركراوی ئەمنی و سایكۆلۆجی كوردی كەركوكیان خستۆتە گێژاوێكەوە. 

ئینجا دوا بزمار چۆن لە كەركوك ئەدرێ لە بەغدا، دوای هەڵبژاردن یەكەم ئیشی كوتلە شیعی و ئێرانییەكان ئەوە ئەبێت كە لە عێراق قانونی نەوت و غاز دەربچوێنن (تا ئێستا عێراق یاسای نەوت و غازی نییە بەڵام هەرێم یاسای ژمارە ۲۲ی ساڵی ۲۰۰۷ ی تایبەت بە نەوت و غازی هەیە) ئینجا كە عێراق ئەو یاسایەی بە زۆرینە دەرچوواند ئیتر نەك هەر نەوتی كەركوك بەڵكو هەموو ئەو گرێبەستانەی هەرێم پێشووتر كردویەتی لە بیرە نەوتەكانی خۆی ئەكەوێتە بەر مەرحەمەتی یاساكەی بەغداوە، تا ئەم هەموو شتانە بكرێ هێڵی بۆڕی نەوتەكەی كەركوك - كرماشان یش تەواو ئەبێت.

بەگشتی كورد نە بە ئاشتی نە بەشەڕ تازە تا دوای هەڵبژاردنی ئایاری ۲۰۱۸ و پێكهێنانەوەی حكومەتی عێراق ناتوانێ بگەڕێتەوە كەركوك، لێرەدا میكانیزمەكانی چارەسەریی ئەمە لە چەند لایەكەوەیە:

یەكەمیان: ماڵی شیعە لە تارانەوە تا جۆلان تەنها گەندەڵی و بەهەدەردان ئەیڕوخێنێ لە ساسانییەكانەوە تا ڕووخانی شا فەساد هۆكاری لە بەریەكهەڵوەشانیان بووە، ئیمڕۆكەی عێراقیش تەنها گەندەڵی هەرەس بە فەرمانڕەوایی شیعە دێنێت، بۆیە عەبادی دەیان جار ئەڵێ شەڕی گەندەڵی لەشەڕی تیرۆر ترسناكتر ئەبێت!. كورد چۆن ئەمە بۆ خۆی بەكارئەهێنێ!

دووەم: لە خوارووی كەركوكەوە لە ئامرلی و دووزەوە تا ناوچەكانی دەوروبەر گریمانەی دروستكردنی هەرێمێكی سووننی - توركی لە ئارادایە كورد لەمەیاندا چی ئەكا؟

سێهەم: كورد هەرچی زووە پێویستی بە لۆبییە، ئەمریكا بۆ یەك ناوەندی توێژینەوەی خۆی (۸٦۳ملێون دۆلار) لە (۲۰۱۷) دا سەرف ئەكا تا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سیاسەتەكانی بەرز بنرخێنن، ئیسرائیل بەهەمان شێوە. كورد یەك شتی لەوجۆرەی نییە. هەندێ ڕۆشنبیرو نوخبەی شكستخواردوو، لەگەڵ هەندێ دەستەی ئەمنی جۆراوجۆر ئەونەی خەریكی موتابەعەی حزبە ناوخۆییەكان و شتە شەخسیەكانن هیچ لە خەمی بەدواكەوتن و چاودێری ئەم و ئەوی دەرەكی نیین.

چوارەم: كورد پێویستی بەوەیە لە كەركوك دەستەڵاتدارانی پێشوو نەكات بە واجیهە، چونكە یەكسەر ئەبێتەوە ململانێی بیرە نەوتەكانی پێشوو لە ئاستی هەرێم لە ئاستی دەوروبەریش دا ئێران و توركیا توندتر دەستوەرئەدەن.