راپۆرتی هیومان ڕایتس ۆوچ لەسەر دەستگیركردنی خۆپیشاندەران‌و رۆژنامەنووسانی سلێمانی

کوردستان

01/03/2018‌ 1577 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هیومان ڕایتس ۆوچ لەڕاپۆرتێكدا رایگەیاند، هێزە ئەمنییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەستان بەدەستگیركردنی بەشداربوانی خۆپیشاندانەكانی كانوونی یەكەمی ٢٠١٧ی دەوروبەری سلێمانی‌و ناچاریان كردنیان بەواژووكردنی نووسراوی بەڵێنامە، كە ڕەخنە لەحكومەت نەگرن.

بەپێی راپۆرتەكە، خۆپیشاندەرەكان بۆ ماوەی تا ٨  ڕۆژ دەستگیركراون بەبێ بردنیان بۆ بەردەم دادوەرو بەر لەئازادكردنیان ناچاركراون بەواژووكردنی بەڵێنامە، كە تێیدا هاتووە نابێت خۆپیشاندان بكەن‌و لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكان ڕەخنە لە حكومەت بگرن. 

هەروەها هێزەكانی ئاسایشی حكومەتی هەرێمی كوردستان سێ ڕۆژنامەنووسیشیان دەستگیركردووە، كە ڕوماڵی خۆپیشاندانەكانیان كردووە، ئاشكرایە دەستگیركردنیان بەهۆی كاری ڕۆژنامەگەریانەوە بووە.

لەما فەقیە، جێگری بەڕێوەبەری هیومان ڕایتس ۆوچ بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، وتی، ''وەڵامی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ خۆپیشاندانەكان زیادەڕەویە لە مافی خۆی بۆ دەستگیركردن و دادگایكردنی ئەوانەی بەرپرسیاربوون لە ئەنجامدانی تووندوتیژی. دەردەكەوێ فشارو تاكتیكی هێزەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵێك بێت بۆ بێدەنگ كردنی ڕەخنەكان، ئەمە سەرەڕایی بانگەشەی فەرمی حكومەت سەبارەت بەوەی كە دەسەڵاتداران ڕێز لە مافی هاوڵاتیان دەگرن لە ئازادی گردبوونەوەو ڕادەربڕین.''

لە ١٨ی كانوونی یەكەم، فەرمانبەران و ئەوانەی پشتگیری لە مافەكانیان دەكەن لە لانی كەم لە ٩ شارو شارۆچكەی ناوچەی سلێمانی بەهۆی نەدانی مووچە هەستان بە ئەنجامدانی خۆپیشاندان. بەپێی ووتەی گرووپێك لە مامۆستایان كە هاوكاربوون لە ڕێكخستنی خۆپیشاندانەكان، لە سێ ساڵی ڕابردوودا، حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنها بەشێك لە مووچەی فەرمانبەرانی چەند مانگ جارێك دابینكردووە لەبری پێدانی تەواوی مووچەكانیان هەموو مانگێك.

خۆپیشاندانەكان بۆماوەی ٥ ڕۆژ بەردەوام بووە. هەندێك لە خۆپیشاندەران كاری تووندوتیژیان ئەنجامدا وەك سووتانی هەندێك لە بنكەكانی ئاسایش و بارەگاكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە پارتێكی سەرەكیە لە ناوچەی سلێمانی.

لە كۆتای كانوونی دووەم و سەرەتای مانگی شوبات هیومان ڕایتس ۆوچ چاوپێكەوتنی لەگەڵ ١١ پیاو ئەنجامدا كە بەشداریان لە خۆپیشاندانەكان كردبوو. هەموویان نكۆڵیان كرد لەوەی كە كاری تووندوتیژیان ئەنجامدابێ، بەڵام هیومان ڕایتس ۆوچ نەیتوانی ئەمە پشت ڕاست بكاتەوە. لەدوای دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكان، هێزەكانی ئاسایش هەریەكە لەم پیاوانە لە ماڵەكانی خۆیان و شوێنی كارەكانیان و سەر شەقامەكان، نەك نزیك لە شوێنی خۆپیشاندانەكان، دەستگیردەكات.

لە یاسای سزادانی عێراقی (ژمارە ٢٣ی ساڵی ١٩٧١) دا هاتووە كە پێویستە هەموو دەستگیركراوێك لە ماوەی ٢٤ كاتژمێردا بهێنرێتە بەردەم دادوەری لێكۆڵەرەوە، بەڵام ئەوانەی چاوپێكەوتنیان لەگەڵ كرا ووتیان هێزەكانی ئاسایش لە ماوەی نێوان ١ ڕۆژ بۆ ٨ ڕۆژ دەستگیری كردوون بەبێ ڕوبەڕوكردنەوەی هیچ تۆمەتێك لە دژیان یان بردنیان بۆ بەردەم دادوەر.  هەروەها، ڕێگەیان پێنەدراوە پەیوەندی بە خێزانەكانیان یان پارێزەرەوە بكەن. ٩ لە پیاوەكان ناچاركراون بە واژوكردنی بەڵێننامەیەك كە تێیدا هاتووە نابێت بەشداری لە خۆپیشاندانەكانی داهاتوو بكەن و  شەشیان ناچاركراون بە بەڵێندان لەوەی كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان هیچ  شتێك بڵاونەكەنەوە لە ڕەخنەگرتن لە دژی حكومەت و هاندانی خەڵك بۆ خۆپیشاندان  كردن.

هێزەكانی ئاسایش لە دوای نیوەڕۆی ٢١ی كانوونی یەكەم حەوت لەم پیاوانە لە شاری ڕانیە دەستگیر دەكەن كە بەدووری ٩٠ كیلۆمەتر دەكەوێتە باكووری ڕۆژئاوای سلێمانی.  ئەوان ووتیان كە لە نێو ئەو ٣٢ كەسە بوون كە ئاسایش دەستگیری كردون و پێیان ڕاگەیاندوون دەستگیركردنەكەیان بەهۆی بەشداری كردنیانەوە بووە لە خۆپیشاندانەكان.  ووتیان كە بردراون بۆ بنكەیەكی ئاسایشی ناوخۆو لەوێ ناچاركراون بە واژوكردنی نووسراوێك كە ڕێگەیان پێنەدراوە بیخوێننەوە. ئەو شەوە بە دەستبەسەری لەناو ئۆتۆمبێلی قەرەباڵخدا ماونەتەوەو بۆ بەیانی بردوویانن بۆبنكەی سەربازی فەرماندەیی لە سلێمانی.

پیاوەكان لە ٢ بۆ ٤ ڕۆژ ەوە دەستبەسەر بوون. شەشیان ووتیان كە ئەفسەرێكی ئاسایش چاوپێكەوتنی لەگەڵ كردوون و نووسراوێكی نووسیوە كە پێك هاتووە لە زانیاری كەسی و بەڵێندان لەوەی كە بەشداری لە هیچ خۆپیشاندانێكی داهاتوو نەكەن و لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان هیچ شتێك بڵاونەكەنەوە كە ڕەخنە بێت لە حكومەت و هاندان بۆ خۆپیشاندان كردن. ووتیشیان كە ئەفسەرەكە هەموویانی ناچاركردووە بە واژوكردن و پەنجەمۆركردنی نووسراوەكە.

یەكێك لە پیاوەكان كە بۆماوەی سێ ڕۆژ دەستگیركرابوو ووتی، كاتێك ئەفسەرەكە فشاری خسۆتەسەر بۆ واژوكردنی نووسراوەكە، داوای كردووە یەكەم جار نووسراوەكە بخوێنێتەوە یان چی ئەگەر واژووی نەكات. بەڵام ئەو ووتی، ئەفسەرەكە بە خۆیی و حەڤدە دەستگیركراوەكەی تری ناو ژوورەكەی ووتوە، ''ئەگەر واژووی نەكەن، ئازادتان ناكەین.''

پیاوێكی تر ووتی، كاتێك چاوپێكەوتنی لەگەڵ كراوە، ئەفسەرەكە داوای زانیاری فەیسبووكەكەیی كردووەو لاپەڕەی فەیسبووكەكەی كردۆتەوەو تەماشای كردووە بەرلە ناچاركردنی بە واژوكردنی نووسراوەكەو ئازادكردنی.

پیاوەكان ووتیشیان كە گەڕێندراونەتەوە بۆ بنكەی ئاسایشی ڕانیەو لەوێ فەرمانیان پێكردوون بە دووبارە واژوكردنی هەمان فۆڕم و نووسراو بەرلەوەی ئەفسەرەكان شتەكانیان بۆ بگەڕێننەوەو ئازادیان بكەن لە ٢٤ و ٢٥ی كانوونی یەكەم.

یەكێك لە پیاوەكان ووتی، ''بێگومان لە پاش واژوكردنی ئەم نووسراوە ڕوبەڕوی كێشەی زیاتر دەبینەوە ئەگەر لە خۆپیشاندانێكی تردا دەستگیر بكرێین، بەڵام ئەگەر مەترسی مردنیشم لەسەر بێت، دەچمەدەرەوەو خۆپیشاندان دەكەم—من تەنها داوای ئەوە دەكەم كە ڕێز لە مافەكانم بگیرێ و ناتوانم بەم شێوەیە بژیم ئەگەر بارودۆخەكە نەگۆڕێ.''

هەروەها هیومان ڕایتس ۆوچ چاوپێكەوتنی لەگەڵ دوو ڕۆژنامەنووس كرد كە بەهۆی ڕوماڵكردنی هەمان ئەم خۆپیشاندانانەوە لە شارۆچكەی كۆیە و هەڵەبجە دەستگیركرابوون. یەكێك لە ڕۆژنامەنووسەكان كار بۆ میدیایەكی ناوداری ئۆپۆسزیۆن دەكات و نووسراوەكانی دادگای نیشانی هیومان ڕایتس ۆوچداو وتی كە لە ڕێكەوتی ١٩ی كانوونی یەكەم لە كۆیە دەستگیركراوە.

ئەو وتی، لە دەوروبەری نیوەڕۆ لەكاتێكدا لەسەر شەقامەكە وەستابوو ڕۆماڵی ڤیدیۆیی خۆپیشاندانەكانی دەكرد، هێزەكانی ئاسایش هاتن و مایكرۆفۆن و كامێراو تەلەفۆنەكەیان بردم و لەوێ بۆماوەی ٣٠ خولەك دەستبەسەریان كردم، ئەمە سەرەڕایی ئەوەی باجی ڕێگەپێدانی میدیاییەكەم نیشاندان. پاشان كەلوپەلەكانیان بۆ گەڕاندمەوەو بەردەوام بووم لە كاركردن. ئەو ووتی، لە كاتژمێر ٣ی پاش نیوەڕۆ كاتێك شارۆچكەكەی جێدەهێشت هاوڕێیەكی كە پەیوەندی لەگەڵ ئاسایش هەبووە تەلەفۆنی بۆ دەكات و پێی دەڵێ لە دەستگیركردنیدان.

ئەو هەروەها وتی، ''پاش ١٥ ڕۆژ گەڕامەوە ماڵەوەو خۆم ڕادەستی بنكەی ئاسایش كردو لەوێ بۆماوەی ٣ ڕۆژ دەستگیریان كردم بەرلەوەی بمبەنە بەردەم دادوەر بەتۆمەتی هاندانی خەڵك بۆ بەشداریكردن لە خۆپیشاندان و تووندوتیژی. حاڵی حازر ئێستا بە كەفالەت ئازادكراوم و لەماڵەوەم دەترسم بگەڕێمەوە سەر كارو ماڵەوە جێبهێڵم لەبەرەوەی نیگەرانیم هەیە لەسەر سەلامەتی خۆم و خێزانەكەم.''

ڕۆژنامەنوسی سێیەم كە كار بۆ هەمان دەزگا دەكات وتی، لە ٢٢ی كانوونی یەكەم هێزەكانی ئاسایش لە سلێمانی دەستگیریان كردووەو لە بنكەی ئاسایشی گەڕەكێك ناچاركراوە بە واژووكردنی دۆكیومێنتێك كە تێیدا هاتووە واز لە كارەكەی بهێنێ، پاشان ئازادی دەكەن ئەو ڕۆژە دواتر. ئەو ووتی، ''هێشتا كارەكەم دەكەم، بەڵام هەموو ڕۆژێك دەترسم لەوەی كە بێن بۆم.''

هیومان ڕایتس ۆوچ داوای كۆمێنتی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر دەرەنجامەكانی كرد و لە ئیمەیڵێكدا بۆ هیومان ڕایتس ۆوچ لە ٢٥ی شوباتی،  دكتۆر دیندار زێباری ڕێكخەری حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ داكۆكیكردنی نێودەوڵەتی وتی: هێزەكانی ئاسایشی سلێمانی زۆر ووریاو چالاك بوون لەكاتی خۆپیشاندانەكان. ژمارەیەك لە خەڵك بۆماوەیەكی كاتی دەستگیركران ئەمەش لەپێناو ڕێگریكردن بوو لە بڵاوبوونەوەی تووندوتیژی و پارێزگاریكردن لە خۆپیشاندەرانی تر. هەركە بارودۆخەكە ئاسایی بوویەوە، دەستبەجێ و بەبێ لێكۆڵینەوەو ڕوبەڕوكردنەوەی هیچ تۆمەتێك لەدژیان، دەستگیركراوەكان ئازادكران.

ئاسایش زۆر بە هەستیاریەوە مامەڵەی لەگەڵ بارودۆخی دەستگیركردنەكان كرد. هەرچەندە چاوپۆشیان لە ژمارەیەك پێشێلكاری لە‌ یاسا كردبوو، ئامانجیان ڕێگریكردن بوو لە تەشەنەكردنی تووندوتیژی و بەرقەراركردنی ئاشاتی و دڵنیابوون لە سەلامەتی هەموو ئەوانەی ئامادەی خۆپیشاندانەكان بوون. بەڕەچاوكردنی ئەو كارە تووندوتیژیانەی لەسەرەوە باسكران، دەبوو دەستگیركردنەكان دادگایی بكرانایەو سزای لانی كەم لە ١ بۆ ٢ ساڵ زیندانیكردن بووایە.

بەڵام وەڵامی داواكاریەكانی نەداینەوە سەبارەت بەوەی كە ئەفسەرانی ئاسایش بە زۆرەملێ كەسەكانیان ناچاركردووە لە واژوكردنی دەست هەڵگرتن لە مافەكانیان لە خۆپیشاندان كردن و بڵاوكردنەوەی نووسین لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان، یان سەبارەت بەو ڕاستیەی كە بۆماوەی چەندین ڕۆژ لە دوای كۆتایی هاتنی خۆپیشاندانەكان بە دەستگیركراوی ماونەتەوە بەبێ هەبوونی پەیوەندی بە پارێزەرو داوەرو ئەندامانی خێزانەكانیان. 

فەقیە وتی،''خەڵكی هەرێمی كوردستان وەك هەركەسێكی تر لە هەرشوێنێكی ئەم دونیایە هەمان مافیان هەیە لە دەربڕینی ناڕەزاییەكانیان لە بەرامبەر قەیرانی ئابووری و سیاسی بەشێوەیەكی ئاشتیانە. ئەوە نیشانەی سەركوت كاریە كاتێك دەسەڵاتداران هەوڵدەدەن خەڵك ناچار بكەن بە واژوكردنی وازهێنان لە مافە بنچینەیەكانیان لە بەشداریكردن لە خۆپیشاندان و ڕەخنەگرتن.''

بەپەلە