ترس لەداعش‌و میلیشیاكان هەیە
دێوەزمەی تایفەگەری باڵی بەسەر هەڵبژاردن لەدیالەدا كێشاوە

عیراق

02/03/2018‌ 1257 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
نیگەرانییەكی ئەمنی باڵی بەسەر ناوچەكەدا كێشاوە، ئەمە دیارترین رووكاری هەڵبژاردنە لە پارێزگای دیالە، ئەو پارێزگا فرە رەنگەی‌ یەكەم جێگا بوو لەداعش رزگاری‌ بوو.

(359) كاندید لە (36) حزب‌و هاوپەیمانی سیاسیدا كێبڕكێ دەكەن بۆ بەدەستهێنانی (14) كورسی تەرخانكراو بۆ پارێزگای دیالە (60 كم لە باكووری خۆرهەڵاتی بەغدای پایتەخت)، حزبەكانیش لە هەوڵدان بۆ راكێشانی نزیكەی یەك ملیۆن دەنگدەری شیعە‌و سوننە‌و كورد كە داواكاری سەرەكییان دابینكردنی ئاسایشە لەو پارێزگایەی كەوتووەتە ژێر كاریگەری ململانێ سیاسییەكان‌و ئاڵنگارییە ئەمنییەكانەوە.

بەپێی زانیارییەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لە عێراق 70%ی دەنگدەرانی دیالە زانیارییەكانی دەنگدانیان نوێكردووەتەوە، كە ئەوەش بەرزترین رێژەیە بەراودر بە پارێزگاكانی دیكە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ قەبارەی كێبڕكێی نێوان حزبەكانی پارێزگاكە بۆ بەدەستهێنانی دەنگی دەنگدەران، بەڵام ئەوە مانای بەشداری بەرفراوان لە هەڵبژاردندا ناگەیەنێت.

قاسم دەهلەكی فەرمانبەرێكە لە فەرمانگەی كارەبا‌و لە شارۆچكەی شارەبانی باكووری دیالە نیشتەجێیە، ئەو بە "نیقاش"ی وت: "زۆرینەی دانیشتووانی پارێزگاكە چوون بۆ نووسینگەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بۆ نوێكردنەوەی زیانیارییەكانیان تا ناسنامەی دەنگدان وەربگرن‌و مەرج نییە بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردندا بێت".

دەهلەكی وتیشی: "دەنگۆی ئەوە لە سەرانسەری وڵاتدا بڵاوە كە رەنگە حكومەت مووچەی ئەو فەرمانبەرانە ببڕێت كە ناسنامەی دەنگدانیان نییە، ئەوەش وای لە زۆرێك لە خەڵك كردووە هەوڵبدەن بەزووترین كات وەریبگرن، بەڵام رۆیشتن بۆ سەر سندوقی دەنگدان شتێكی ترە، تائێستا بڕیارم نەداوە كێ هەڵدەبژێرم، ئەم هەڵبژاردنە جیاوازترە لەوەی پێشوو بەهۆی زۆری حزبەكانەوە".

پێشتر دیمۆگرافیای تێكەڵاوی شیعە‌و سوننە‌و كورد حزبەكانی ناچار دەكرد لەسەر بنەمای تایفی‌و نەتەوەیی بچنە بەك هاوپەیمانییەوە بۆئەوەی دەنگ بەفیڕۆ نەچێت.

ئەو حزبە سەركیانەی شیعە كە لە نۆ پارێزگاكەی باشوور لەنێو خۆیاندا كێبڕكێ دەكەن، پێشتر پێكەوە لە دیالە هاوپەیمانیان دەبەست، بەهەمان شێوە ئەو حزبە كوردیانەش كە لە هەولێر‌و سلێمانی‌و دهۆك كێبركێیان دەكرد، لە دیالە پێكەوە هاوپەیمانییان دەبەست، بەڵام ئەمجارە بارودۆخەكە جیاوازە.

هەرچی حزبەكانی سوننەیشە كە لە دیالە كێبڕكێیان دەكرد بەوپێیەی دیالە پارێزگایەكی زۆرینە سوننەیە، ئەمجارە بڕیاریان داوە پێكەو هاوپەیمانی ببەستن تا قەرەبووی لەدەستدانی پۆستی پارێزگار بكەنەوە كە بۆیەكەم جار لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا كەوتە دەست حزبە شیعەكان.

ئەمجارە حزبە كوردییەكان بە پێنج لیستی جیا بەشداری هەڵبژاردن دەكەن كە لە دەیەی رابردوودا بە یەك لیست بەناوی "هاوپەیمانی كوردستان" بەشداریان لە هەڵبژاردندا دەكرد تا دەنگی دەنگدەران لە ناوچەكانی مەندەلی‌و خانەقین‌و جەلەولای زۆرینە كورد بەدەستبهێنن.

"پارتی دیموكراتی كوردستان"‌و "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان"‌و "جوڵانەوەی نەوەی نوێ" بەسەرۆكایەتی شاسوار عەبدولواحیدی بزنسمان، كە بەدژایەتیكردنی هەردوو پارتی فەرمانڕەوای كوردستان ناسراوە‌و "حزبی شیوعی كوردستان"‌و دواجاریش هاوپەیمانی "نیشتمان" كە هەرسێ هێزی "گۆڕان"‌و "هاوپەیمانی لەپێناو دیموكراسی‌و دادپەروەری" بەسەرۆكایەتی بەرهەم ساڵح كە لە "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان" جیابووەتەوە، لەگەڵ "كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان" لەخۆدەگرێت، ئەو لیستە كوردیانەن كە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا لە پارێزگای دیالە كێبڕكێ دەكەن

عیماد عەبدولخاق، كە هاووڵاتییەكی كوردە لە خانەقین بە"نیقاش"ی وت: "حزبەكان نائومێدیان كردووین‌و حكومەتی فیدرالًیش گوێ بە بارودۆخمان نادات، هەموو فەرمانبەرانی حزبەكان لە شارەكە لەگەڵ پێشمەرگەدا هەڵاتن‌و بەتەنیا لەبەردەم هێزەكانی حەشدی شەعبیدا بەجێیان هێشتین كە كۆنترۆڵی شارەكەیان كردووە، جگە لە ئاسایش هیچی ترمان ناوێت، بەڵام هێشتا گرژی لەنێوان حەشد‌و پێشمەرگەدا هەر ماوە".

عەبدولخالق وتیشی: "هێشتا بڕیاری بەشداریكردنم لە هەڵبژاردندا نەداوە، لە راستیدا نازانم كێ هەڵبژێرم، حزبە كوردییەكان دابەشبوون، هەروەك چەند حزبێكی عەرەبی بەم دواییانە چەند كاندیدێكی كوردیان خستە نێو لیستەكانیان لە خانەقین ئەمەش كاریگەری لەسەر دەنگی كورد لە پارێزگاكەدا دەبێت".

دوای چەند رۆژێك لە ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان هێزەكانی "حەشدی شەعبی" لە تشرینی یەكەمی رابردوودا هێرشیان كردە سەر هەردوو شارۆچكەی مەندەلی‌و خانەقین، دواتریش هەردوو شارەكە خۆپیشاندانیان بەخۆوە بینی دژی بوونی حەشد، بەڵام بەزەبری هێز سەركوتكرا.

هەرچی هێزە سوننەكانیشە ئەوا بڕیاریان داوە یەكبگرن لە هەڵبژاردندا‌و حزبە سەرەكییەكان هاوپەیمانییەكیان بەناوی "دیالەی بەرەنگاری" پێكهێناوە كە "یەكێتی هێزە نیشتمانییەكان"‌و "حەل"‌و "ئازادی‌و پێشكەوتن"‌و گردبوونەوەی "تەعاون"‌و "یەكێتی رۆڵەكانی عێراق" لەخۆدەگرێت.

هێزە سوننەكانی دیالە هەست بە نیگەرانی دەكەن لەوەی كە دەكرێت بە "كودەتا" ناوی ببرێت بەسەر تەوافوقی سیاسیدا كە لە ساڵی 2005وە پارێزگاكەی پێ حوكم دەكرا، ئەویش ئەوەیە كە پۆستی پارێزگار پشكی سوننە بێت بەوپێیەی زۆرینەی دانیشتووان پێكدەهێنن، هەرچی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاشە ئەوا پشكی شیعە بێت‌و چەند پۆستێكی لاوەكیش بدرێت بەكورد كە بەپلەی سێیەم دێن لەڕووی ژمارەوە لەدوای شیعە‌و سوننە.

دوای شەش مانگ لە هێرشی "داعش" بۆسەر دیالە‌و كۆنترۆڵكردنی هەندێك لە شارەكانی كە دیارترینیان میقدادیە بوو، هێزەكانی سوپا‌و پۆلیس هەرەسیانهێنا، بەڵام هێزەكانی "حەشدی شەعبی" لە گرووپە شیعەكانی "بەدر"‌و "عەسائیب هەللحەق" توانیان دوای چەند شەڕێكی كورتخایەن "داعش" دەربكەن.

ئەم سەركەوتنەش وای كرد شیعە بەهێزتربن پاش ئەوەی گرووپە شیعەكان چەند ناوچەیەكی سوننە نشینیان كۆنترۆڵكرد، ئیتر حزبە شیعەكان لە ئازاری 2015دا توانیان عامر عەجمی پارێزگار لە "حزبی ئیسلامی (سوننە)" لەسەركار لابدەن‌و لەبری ئەو موسەننا تەمیمی هەڵبژێردرا كە لە رێكخراوی "بەدرە" بەسەرۆكایەتی "هادی عامری" سەركردە لە حەشدی شەعبی. 

ئەگەرچی حزبە سوننەكان هەوڵدەدەن بە بەهێزی بەشداری هەڵبژاردنی داهاتوو بكەن بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو زیانە، بەڵام ترسیان لە رەوشی ئەمنی هەیە لە ناوچەی پێگە جەماوەرییەكانیان، تائێستاش رێكخراوی "داعش" هەڕەشە لە شارۆچكەكانی "عوزێم"‌و میقدادیە"‌و "مەنسوریە" دەكات كە دەڕوانن بەسەر بیابانی نێوان دیالە‌و سەڵاحەدیندا كە توندڕەوانی تێدا چالاكە، هاوكات چەند گرووپێكی شیعە لەو شارانە بڵاوبوونەتەوە‌و دەترسن دانیشتووان دووچار گوشار ببنەوە‌و كاریگەری لەسەر دەنگدانیان هەبێت.

دوای شەش مانگ لە راگەیاندنی ئازادكردنی دیالە لە توندڕەوان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە، لە كانونی یەكەمی 2016دا میلیشیا چەكدارەكان هێرشیان كردە سەر قەزای "میقدادیە"‌و نۆ مزگەوتی ناوچەكەیان خاپوركرد‌و ژمارەیەك لە دانیشتووانی ناوچەكەیان رفاند‌و دواتر چارەنووسیان نەزانرا.

محەمەد عوبەیدی ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی عوزێم دەڵێت: "هێشتا شارۆچكەكە لەژێر مەترسیدایە‌و دانیشتووانەكەی بە شەو‌و بەرۆژ لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بەهۆی چالاكییەكانی رێكخراوی داعش لە ناوچەكانی پارێزگای سەڵاحەدین كە كەمێك لە گوندەكانی سەر بە شارۆچكەكەمانەوە دوورن".

وتیشی:"شارۆچكەكە ئامادە نییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ئایاری داهاتوودا، زۆربەی دانیشتووانیش تەنیا بیر لەوە دەكەنەوە رێگەچارەیەك بۆ پاراستنی ماڵ‌و گوندەكانیان بدۆزنەوە".

هەرچی حزبە سەرەكییەكانی شیعەیشە "دەعوە"‌و "ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی"‌و "رەوتی سەدر"‌و "فەزیلە"‌و "بەدر" پێشتر لە یەك هاوپەیمانیدا بەناوی "هاوپەیمانی نیشتمانی دیالە" بەشداری هەڵبژاردنیان دەكرد، بەڵام ئەمجارە دابەشبوون بەسەر چەند هاوپەیمانییەكدا.

ئەمڕۆ "هاوپەیمانی نیشتمانی دیالە" هەریەك لە "دەعوە"‌و "رەوتی حیكمە"‌و "رەوتی چاكسازی"‌و حزبی "فەزیلە" لەخۆدەگرێت، لە كاتێكدا "رەوتی سەدر"‌و "رێكخراوی "بەدر" بڕیاریان داوە بەشێوەیەكی سەربەخۆ بچنە هەڵبژاردنی داهاتووەوە، كە ئەوەش ئاماژەیە بۆ هەڵكشانی ململانێی نێوان حزبە شیعەكان لە دیالە لەسەر دەسەڵات.