خوێندنەوە كەس تێر ناكات.. كتێب لەكوردستان خەریكە بەتەواوی‌ شەڕەكە دەدۆڕێنێت

کوردستان

03/03/2018‌ 1189 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
كار وابڕوات رەنگبێ‌ لەكوردستان هیچ دەزگایەكی‌ چاپ‌و بڵاوكردنەوە نەمێنێت، چونكە ئەم چەند ساڵە بەشی‌ زۆریان یان مایەپووچ بوون، یاخود چاپ‌و بڵاوكردنەوەی‌ كتێبیان راگرتووە.

بەر لەوەی‌ قەیرانی‌ ئابوری‌ لەسەرەتای‌ 2014 روو لەهەرێمی‌ كوردستان بكات، لەهەرێمدا بەدەیان دەزگای‌ چاپ‌و بڵاوكردنەوەی‌ گەورە هەبوون كە چەند ساڵێك چالاكییەكانیان لەوپەڕی‌ برەودا بوو، بەڵام لەوە بەدواوە وایلێهات چاپ‌و بڵاوكردنەوەی‌ كتێب بوونە دەگمەن.

دەزگا چاپەمەنییە گەورەكانی‌ هەرێم ساڵانە پێكەوە بەسەدان كتێبیان چاپدەكرد، بەشێكیان هی‌ نوسەرە ناوخۆییەكان بوون‌و بەشێكی‌ دیكەشیان بەرهەمی‌ وەرگێڕدراوی‌ زمانە زیندووەكانی‌ دنیا بوون، ئەوكات بۆ ئەوان ساغكردنەوەی‌ كتێب زۆر ئاسان بوو، چونكە هەم خەڵكی‌ پارەی‌ بەكتێب دەدا، هەم حكومەتی‌ هەرێمیش كۆمەكێكی‌ دارایی‌ بەهێزی‌ دەكردن.

دەزگای ئاراس، یەكێك بوو لەو دەزگا بەناوبانگانەی چاپ‌و بڵاوكردنەوە كە بارەگا سەرەكییەكەی‌ لەشاری‌ هەولێر بوو، راستەوخۆ لەلایەن سەرۆكی حكومەتی هەرێمەوە پشتیوانی دارایی دەكرا، ئێستا دەرگای بینایەكەی بەقوفڵێكی گەورە داخراوەو شەش ساڵە هیچ كتێبێكی تێدا چاپنەكراوە.

دەزگای ئاراس لەساڵی 1998 دامەزرا، هەندێك ساڵ چاپی كتێبی دەگەیشتە 165 كتێب كە بەسەدانیان لێ‌ دەفرۆشرا، لەمانگی‌ نیسانی‌ 2012 بەبڕیارێكی‌ كتوپڕ سەرجەم هاوكارییە داراییەكانیان لەلایەن حكومەتەوە وەستا، ئیتر پەكی‌ كەوت.

بەدران ئەحمەد حەبیب سەرنووسەری دەزگای ئاراس بۆ "نیقاش" وتی: "دەزگایەكەمان تا رۆژی داخستنی نزیكەی 1400 كتێبی بڵاوكردەوە، ئەمە جگە لەچاپكردنی‌ دەیان كتێب بۆ دەزگاكانی‌ دیكە، من نازانم ئاراس بۆ داخرا، لەبەر ئەوەی كەس هۆكارەكەی بە من نەگوت‌و خۆیشم نەمپرسی".

زۆربەی‌ دەزگا بەناوبانگەكانی‌ چاپ‌و بڵاوكردنەوە بەو پاڵپشتییە داراییە بەڕێوەدەچوون كە حكومەت دەیدانێ‌، چونكە باوە كە كەلتوری‌ خوێندنەوە لەناو خەڵكی‌ كوردستاندا زۆر بەهێز نییەو كڕیارانی‌ كتێب گەلێك زۆر نین، جا كە قەیرانی‌ دارایشی‌ هاتە سەر، ژمارەی‌ كڕیارەن هێندەی‌ تر پاشەكشەیان كردوو بووە گورزێكی‌ گەورە بۆ دەزگا ئەهلییەكانی‌ چاپ‌و بڵاوكردنەوە.

مانگی‌ ئایاری‌ ساڵی‌ پار خاوەنی دەزگای ئەندێشە، هەژار مەجید لەئەكاونتە تایبەتییەكەی خۆیەوە لەسۆشیاڵ میدیا سەرەمەرگی دەزگایەكەی راگەیاندو ئەوەی هەواڵەی بڵاوكردەوەو رایگەیاند بەهۆی قەرزێكی زۆرەوە كە رووبەڕووی بووەتەوە توانای بەڕێوەبردن‌و ئیدارەكردنی دەزگایەكەی نەماوەو ناچارە رەفەی كتێبخانەكە‌و كورسی‌و مێزی دەزگایەكە بفرۆشێت تا پارەی قەرزەكانی پێ بداتەوە، بۆیە داوای یارمەتی لە خەڵك كرد، دواجار ئەندێشە دانەخراو تا ئێستایش بەردەوامە.

ئەندێشە پڕ جموجۆڵترین ناوەندی‌ چاپ‌و بڵاوكردنەوە بوو لەهەرێمی‌ كوردستان‌و هەتا چەند مانگێك لەوەوبەریش جۆرەها چالاكی‌ رۆشنبیری‌ لەو دەزگایە بەڕێوە دەچوو، هەرچەندە دەزگاكە ئێستا ماوە، بەڵام جموجۆڵەكانی‌ سست بوون.

تا چەند ساڵێك پێش ئێستا بەشێوەیەكی‌ نیمچە هەفتانە لەلایەن دەزگا بەناوبانگەكانی‌ كتێبەوە بەرهەمی‌ نوێ‌ دەخرانە بازاڕەكانەوە، بەڵام ئێستا زۆربەی‌ هەرە زۆری‌ ئەو دەزگایانەی‌ ناویان لەسەر كتێبەكان بوون، هیچ جموجۆڵێكیان نەماوە، سەرەڕای‌ ئەمانەش هەندێ‌ دەزگای‌ ئەهلی‌ هەن ملیان ناوەتە بەر ئەم شەڕەو لەچالاكییەكانیان بەردەوامن.

غەزەلنوس، یەكێكی‌ دیكەیە لەدەزگا بەناوبانگەكان كە شەش ساڵ لەمەوبەر لەلایەن دوو گەنجەوە دامەزراوەو دەیان كتێبی‌ چاپكردووە، ئێستا ئەم دەزگایە ململانێی‌ قەیرانەكان دەكات‌و بەردەوامە لەكاركردن.

دانا ئیسماعیل دامەزرێنەری غەزەلنووس باس لەوە دەكات لەپاڵ كاری‌ چاپ‌و بڵاوكردنەوە، سینەمایەكیشیان سەرپێ‌ خستووە (سینەما سالم) كە فیلمە كوردییەكان پەخش دەكات لەگەڵ ئەو فیلمە جیهانیانەی‌ ژێرنووسی‌ كوردیان بۆ كراوە‌و بە"نیقاش"ی‌ وت "لەگەڵ ئەوەی ژمارەی كڕیارانی كتێب كەمبوونەتەوە، بەڵام ئێمە یەك دینارمان لەهیچ كەس‌و هیچ لایەنێك وەرنەگرتووەو تەنیا خوێنەران هۆكارن بۆ مانەوەمان".

لەگەڵ ئەوەی‌ هەموو دەزگاكانی‌ چاپ‌و بڵاوكردنەوە باس لەوە دەكەن كە قەیرانی‌ دارایی‌ گورزی‌ گەورەی‌ لەچالاكی‌ رۆشنبیری‌‌و چاپكردنی‌ كتێب گەیاندووە، بەڵام لەناو ئەمانەدا دەزگایەك هەیە كە رای‌ پێچەوانەی‌ هەیە.

ماڵی‌ وەفایی‌، ئەویش دەزگایەكی‌ بەناوبانگە كە تائێستا بەردەوامە لەكارەكانی‌، سۆران عەزیز دامەزرێنەری‌ دەزگاكە بە"نیقاش"ی‌ وت "راستە رێژەی چاپكردنی كتێب لەچاو پێشووتر كەمبووەتەوە، بەڵام ئەمە سوودی ئەوەی هەبووە، كتێبی باشترو گرنگتر چاپبكرێ".

سۆران سەرەڕای‌ قەیرانەكان هێشتا گەشبینەو دەڵێت "لەچاو ئەو بارودۆخە خراپەی ئابووری لەكوردستاندا، فرۆشتنی كتێب هێشتا جوڵەی هەیە، لەگەڵ ئەوەی نە حكومەت نە هیچ لایەنێك پشتگیری ئەم پرۆژانە ناكەن".

حكومەت نەك هەر هاوكاری‌ پرۆژە ئەهلییەكانی‌ پێناكرێت، بەڵكو زۆربەی‌ زۆری‌ دەزگا فەرمی‌و چاپخانەكانی‌ خۆی‌ ئەوەندە چالاكییان كەمبووەتەوە كە ئەوانیش خەریكە دادەخرێن.

بەپێی ئاماری بەڕێوبەرایەتی گشتی كتێبخانەكانی‌ حكومەتی‌ هەرێم كە بە"نیقاش" دراوە، لەساڵی 2013دا ژمارەی‌ سپاردن بە 2809 كتێب دراوە كەچی‌ لەساڵی‌ 2017 ئەو ژمارەیە 808 كتێب بووە بۆ سەرتاسەری‌ كوردستان، هەرچەندە هەندێ كتێب هەبوون بەبێ‌ وەرگرتنی‌ ژمارەی‌ سپاردن چاپكراون.

نەوزاد جەلال بەرێوەبەری بەرێوەبەرایەتی گشتی كتێبخانەكان جگە لەقەیرانی‌ دارایی‌، هۆكارێكی‌ دیكەی‌ كەمبوونەوەی‌ چاپكردنی‌ كتێب دەگێڕێتەوە بۆ ئەوەی‌ ساڵانی رابردوو وەزارەتەكانی پەروەردەو رۆشنبیری‌و بەشێكی‌ زانكۆكان چاپخانەی تایبەت بەخۆیان هەبووەو كتێبیان چاپكردووە، بەڵام ئێستا ئەو چاپخانانە یان كارناكەن یان زۆر بەدەگمەن كتێب چاپدەكەن، لەمڕووەوە بە"نیقاش"ی‌ وت "ئەگەر وەزارەتی رۆشنبیری بەنموونە وەربگرین لەساڵی رابردوودا تەنیا 10 كتێبی چاپكردووە".

هەموو ئەو كتێبانەی‌ لەناوەندەكانی‌ چاپەوە بڵاودەكرانەوە، لەلایەن كتێبخانەو كتێبفرۆشە دەستگێڕەكانەوە ساغدەكرانەوە، ئەوانیش ئێستا ئەگەر بابەتی‌ خوێندن نەبێت، شتێكیان نەمابوو بۆ ئەوەی‌ بژێوی‌ ژیانی‌ پێ دابین بكەن.

زۆربەی‌ ئەو كتێبفرۆشانەی‌ پەیامنێری‌ "نیقاش" چاوپێكەوتنی‌ لەگەڵدا كردن دەڵێن زۆربەی‌ كڕیارەكانیان ئەوانەن كە كتێبی‌ خوێندن دەكڕن.

نافیع خۆشناو خاوەنی چاپخانەی ئەمازۆن لەشاری هەولێر بە"نیقاش"ی‌ وت "كڕیارانی كتێب دوو جۆرن، بەشێكیان خەڵكی ئاسایین كە هەموو جۆرە كتێبێك دەخوێننەوە، بەشەكەی دیكە بریتین لەخوێندكارانی زانكۆ كە داوای كتێبی دیراسە دەكەن، بێگومان ژمارەی دووەمیان زۆرترە".

لەناو ئەم قەیرانە داراییەدا كە باس دێتە سەر باسی‌ خوێندنەوە زۆر كەس دەبینی‌ كە ئەو رستەیە دووبارە دەكەنەوەو دەڵێن "خوێندنەوە كەس تێر ناكات" وەك هێمایەك بۆ ئەوەی‌ پێداویستی‌ گرنگتر هەیە لەكتێبكڕین، رەنگە ئەمەش بۆ هەرێمێك كە نەریتی‌ خوێندنەوە تیایدا لاوازە، راست بێت، ئەمە جگە لەوەی‌ وەك هەموو جیهان پێشكەوتنی‌ تەكنەلۆژیا وایكردووە ئەوانەی‌ بەدوای‌ زانیاریشدا دەگەڕێن زیاتر پشت بەسەرچاوەی‌ ئۆنلاین ببەستن نەك چاپكراوەكان.

د. فرسەت رۆژبەیانی مامۆستای زانكۆی‌ سەلاحەدین، خەتایەكی‌ تری‌ كەمی‌ خوێندنەوە دەخاتە ئەستۆی‌ سیستەمی‌ خوێندن‌و مامۆستایانی‌ زانكۆ‌و بە"نیقاش"ی‌ وت "مامۆستاكان مەلزەمە دروستدەكەن‌و قوتابی دەبەستنەوە بەكۆمەڵێك زانیاری دیاریكراوو یاسای نەگۆڕ، بەشێك لەمامۆستایان قوتابی لەكتێبە گشتییەكان دادەبڕێنن‌و دەیبەستنەوە بەكۆمەڵێك كاغەز یان كتێبێك كە زۆر ئاساییە زانیارییەكانی نێویان هەڵەو نادروست بن".