شارپرێس: هونەر حەمەرەشید
ئەوانەی 27 ساڵ لەمەوبەر لەهەرێمی كوردستان راپەڕینیان بەرپا كرد، هەرگیز رۆژێك لەخەیاڵی ئەوەدا نەبوون لەبەشداری ئەو رووداوە مێژووییە پەشیمان ببنەوە.
سەرەتای مانگی ئازاری ساڵی 1991 خەڵكی هەرێمی كوردستان بەهاوكاری هێزی پێشمەرگە راپەڕینیان دژی دەسەڵاتی رژێمەكەی سەدام حسێن بەرپاكردو بۆ یەكەمجار هەموو دامو دەزگاكانی ئەو رژێمە وەدەرنرانو سەرەنجامەكەی پێكهێنانی پەرلەمانو حكومەتی كوردستانی لێكەوتەوە.
یەكەم هەنگاوی راپەڕین لەرۆژی 5ی ئازاری 1991 لەقەزای رانیەوە (130كم باكووری خۆرئاوای سلێمانی) دەستی پێكردو دوای ئازادكردنی سلێمانیو هەولێرو دهۆك دوا قۆناغی راپەڕین ئازادكردنی كەركوك بوو كە لەرۆژی 20ی ئازاری هەمانساڵ بۆ ماوەیەكی كاتی بەئەنجام گەیشت.
ئێستا دوای 26 ساڵ ئاستی ناڕەزایی خەڵكی كوردستان گەیشتووەتە رادەیەك، كە خەڵكێكی زۆر پەشیمانی بۆ ئەنجامدانی ئەو راپەڕینە دەرببڕن، چونكە پێیان وایە ئەوەی راپەڕینی لەپێناودا كرا ئێستا دووبارە دەبنەوە.
بۆنەی راپەڕین چەند ساڵێكە لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بووە باسێكی گەرم، بەڵام بەپێچەوانەوە لەبری ئەوەی وەك ساڵانی رابردوو بۆ پیاهەڵدان بێت، جۆرێك بوو لەگاڵتەكردن بەئامانجەكانی راپەڕینو ئەمساڵیش ئەو گاڵتەكردنە بەردەوامی هەیە.
هێمن عەبدولقادر دەرونناسو یەكێك لەكەسە چالاكەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەهەرێمی كوردستان، لەیادی راپەڕیندا لەفەیسبووك نوسیبووی "دەستكەوتەكانی راپەڕین بەشێوەیەك بووە، كە گراند ملینیۆمو رۆتاناو پاڵاسو دیڤان (ناوی چەند ئۆتێلێكی بەناوبانگو گرانبەهای شارەكانی هەرێمی كوردستانن) بۆ ئەوانو ماڵو منداڵەكانیان، عوسەی كەڵەشێرو زۆرابی مەتعەمو ئەحەی گوڵەو شێرەی تەپڵ بۆ ئێمە (چێشتخانە میلییەكانی كوردستان).
هەروەها نووسیوبووی "لەدەستكەوتەكانی راپەڕین: سەعاتی ماركەو چاكەتو پانتۆڵی پۆلۆو تیشێرتی لاكۆستو كالەی دیادۆرا بۆ ئەوان، سەعاتی ئاو و سەعاتی كارەباو جۆزەی چوار ئەمپێڕی و لایت شەحن بۆ ئێمە، وەزیریو بریكاری وەزیرو پەرلەمانتاریو مدیر عامیو راوێژكاریو بۆ خۆیانو منداڵو ناسیاوەكانیان، چەپڵە لێدانو حەملەی هەڵبژاردنو پەنجە مۆركردن بۆ ئێمە".
هێمن ئەوەشی نووسیبوو: "لەدوای بیستو پێنج ساڵ لەڕاپەرین ئەوەی كە ماوەتەوە لەنێوان ئێمەو ئەواندا ئەوەیە، كە دەفتەری زەختو شەكرە بۆ ئێمەو دەفتەری دۆلارو یۆرۆیش بۆ ئەوانو میحوەری خازرو مەخموورو مەلا عەبدوڵا بۆ ئێمە، لاس فیگاسو لەندەنو پاریس بۆ ئەوانو منداڵەكانیان".
ناوبراو ئەمەی وەك جۆرێك لەبەراورد نیشانداوە بۆ ئەو جیاوازییە چینایەتییەی لەدوای راپەڕینەوە لەنێوان خەڵكی ئاساییو بەرپرسانی حكومیو حیزبیدا دروستبوونو نوسیوێتی "دڵنیام ئەوانەی من دەینووسم رقو تووڕەیی تەنیا من نییە، بەڵكو رقو تووڕەیی بەشێكی زۆری هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانە، كە دوای 25 ساڵ بۆ ئێمە هاتووەتە بەرهەم".
تەنیا هێمن نییە، لەبارەی راپەڕینەوە تووڕەیی خۆی بەنووسین دەربڕیوە، بەڵكو ئەگەر بەخێرایی چاوێك بخشێنیت بەلاپەڕەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، ئەوە بەڕوونی ئەوە دەبینرێت، كە خەڵك لەڕاپەڕینو لەو دەستكەوتانەش تووڕەیە، كە راپەڕین بۆی بەرهەمهێناون.
دیاری خالید، كە بڕوانامەی ماستەری هەیە لەمێژوو، سەبارەت بەوەی بۆچی خەڵكی گاڵتە بەڕاپەڕین پیرۆزییەكانی دەكەن؟ دەڵێت: "كۆمەڵێك هۆكاری هەیە، كە بەشێكی زۆری پەیوەندی بە بەرپرسانەوە هەیە، بەوپێیەی ئەوان دژی دەسەڵاتێكی ستەمكار، راپەڕین كەچی خۆیان بونە ستەمكارو داپڵۆسێنەر".
دیاری خالید وتیشی: "یەكەم چركەی دوای راپەڕین بەرپرسانی كورد، دەستیان كرد بەكاری چەتەگەریو تاڵانكردنی سەروەتو سامانی سەرزەویو ژێر زەوی وڵات، لەگەڵ ئەمەش دەستی دەرەكیان هێنایە كوردستان".
بەوتەی ئەو شارەزایە مێژووییە، ئەوەی خەڵكی دەریدەبڕێتو بەچاوی كەم تەماشای راپەڕین دەكات، ئەوەیە راپەڕین هیچ بەرهەمێكی بۆ میللەت نەبوو، تەنیا بەرپرسان لێی سودمەندبوون، هەروەها لەشاردا بەعەقڵیەتێكی شاخ بیردەكەنەوەو لەدامودەزگاكانی حكومەت حیزبایەتی دەكەن.
پەشیمانی هەڵگیرسێنەرانی راپەڕین
ئازاد كەریم عەلی ناسراو بە "ئازادە رەش" پێشمەرگەی دێرینو یەكێك لەهونەرمەدە دیارەكانی هەرێم یەكێك بوو لەو كەسانەی لەناو شاری سلێمانیدا رۆژی 7ی ئازار راپەڕینیان بەرپاكرد، تەنانەت زۆرێك لەوانەی مێژووی راپەڕینیان نوسیوەتەوە دەڵێن ئازاد یەكەم كەس بووە لەشاری سلێمانیدا تەقەی راپەڕینی كردووە.
ئازادە رەش لەو بارەوە وتی: "راپەڕین ئەو ئامانجانەی بەدینەهێناوە، كە بۆی كرا، چونكە ئێمە راپەڕین بۆ ئەوەی دیموكراسی بۆ خەڵك بێتە ئاراوە، هەروەها راپەڕین بۆ ئەوەی ژیانی خەڵك خۆشبێت، بەڵام ئەوەی ئێستا دەیبینین، رێك پێچەوانەیە".
ئازادە رەش، نموونەی بەپۆستەكەی سەرۆكایەتی هەرێم هێنایەوەو باسی لەوە كرد ئێستا لایەنە سیاسییەكان كێشەیان بۆ دروستبووەو ئەو كێشانەش قەیرانی سیاسی لەهەرێم دروستكردووە، كە ئەگەر دیموكراسی بەدیبهاتایە، ئەوە بەدڵنیایی ئەو كێشانە دروست نەدەبوو.
ئازادە رەش دەشڵێت: "یەكەم رۆژی راپەڕین خۆمو هاوڕێكانم سەرپەرشتی راپەڕینمان دەكرد، بەجۆشو خرۆشێكی زۆرەوە ئەوەمان كرد، بەڵام بەداخەوە ئەو جۆشو خرۆشە بەئەمڕۆی گەیاندین كە هاووڵاتیان بەهۆی قەیرانەكانەوە تووشی دەیان كێشەو گرفت بوون".
لەهەرێمی كوردستان تەنیا قەیرانی سیاسی نییە، بەڵكو ئێستا بەهۆی بەردەوامی كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا لەسەر نەوتو بودجەو دابەزینی نرخی نەوتو شەڕی داعش هەرێمی كوردستان تووشی قەیرانێكی قووڵی دارایی بووە.
بێستوون فایەق پەرلەمانتاری گۆڕان لەكوردستان هەمان بۆچوونەكانی ئازادە ڕەش دووبارە دەكاتەوەو دەڵێت: "دیموكراسی هیشتا لەكوردستانو بەتایبەت لای ئەوانەشی، كە بانگەشەیان بۆ دەكرد لەپێش راپەرینو لەدوای راپەرینیش تەنیا وەك دروشمێكی گەورەی دوبارە ماوەتەوەو بەردەوام بەكار دەهێنریت".
بێستوون فایەق وتیشی: "راپەرین جیاوازی چینایەتی دروستكردووە، بەشێوەیەك چینێكی پارەداری زۆری دروستكردووە كە بەتەواوی لەچینەكانی تر جیاواز تر دەژین، ئەمە بەرهەمەكانی ئەو راپەڕینە خەڵك كردی، بۆیە ئامانجی راپەرین نەك هەر بەدی نەهاتووە بگرە ئامانجو دروشمە دیارەكانی شۆڕشو شۆڕشگێرەكان لەپێش چاوی هەمومان وێرانكران".
ئەم بۆچوونە لەناو زۆرێك لەبەشداربووانی راپەڕیندا باوەو باسی دەكرێت، تەنانەت لەتیف فاتیح فەرەج، كە پێشمەرگەی دێرینەو بەشداری كردووە لەراپەڕینی شاری كەركوك، دەڵێت: "راپەڕین ئەو ئامانجانەی بەدینەهێنا، كە پێشتر بووبووە خەونی ئێمە".
لەتیف فاتیح فەرەج، كە ئێستا لەرێگەی نووسینەكانییەوە چاودێری سیاسەتی دەسەڵاتو لایەنە سیاسییەكانی هەرێم دەكات، وتیشی: "راپەڕین نەك جیاوازی چینایەتی، بگرە مافیایەكی ترسناكی دروستكرد، كەمینەیەكی مافیایی بەرداوەتە زۆرینەیەك، كە یا چینی خوارەوەن، یان ناوەند، ئەو مافیایە خەریكە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان سەر لەبەر ووردو خاش دەكات، ئەمە لەكێشەی چینایەتی قورس ترە".
شانازی بەدەستكەوتەكانی راپەڕینەوە
ئەگەر چی ئەمساڵ لەیادی راپەڕیندا بێزارییەكی زۆر لەنێو خەڵكیدا دەبینرا، بەڵام ژمارەی ئەوانەش كەم نین، كە پێیان وایە راپەڕین گەورەترین وەرچەرخان بووە بۆ خەڵكی كوردستان بەدیوە باشەكەیدا.
خەڵكێكی زۆر هەن سەرسەختانە بەرگری لەدەستكەوتەكانی راپەڕین دەكەنو شانازی پێوە دەكەن، باس لەوەش دەكەن، كە ئەگەر راپەڕین هیچی نەكردبێت خەڵكی كوردستان لەدەست سەرسەختترین رژێم دەرباز كردووەو ئازادی هێناوەتە بەرهەم.
لەتیف شێخ عومەر ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیو بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان نموونەی دەستكەوتەكانی راپەڕینی بەو هەموو دەزگا میدیاییو رێكخراوە مەدەنیانە هێنایەوە، كە ئێستا لەهەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی ئازاد كاری خۆیان دەكەن.
لەتیف شێخ عومەر ئەوەشی وت: "رەنگە بەشێك لەئامانجەكانی راپەڕین بەدینەهاتبێتو دەبێت كاری زۆرتری بۆ بكرێت، بەڵام ئەوانەی راپەڕین بەكەم وەردەگرن كەسانێكن زوڵمو زۆری دەسەڵاتی بەعسیان نەدیوە، بۆیە بەو شێوەیە قسە دەكەن".
لەهەمان رووەوە ئارام ئەحمەد دەرونناس پێیوایە ئەوەی روودەدات توڕەیی خەڵكە لەدەسەڵات نەك لەدروشمو پیرۆزییەكانی راپەڕین، ئەوەی كە خەڵكیش دەیڵێن بەرانبەر بەدروشمو رەمزەكانی راپەڕین، تەنیا دەركردنی تووڕەییەكەیانە بەرانبەر دەسەڵات.
ئارام، كە ماستەری لەبواری دەروونناسیدا هەیە وتی: "لایەنی دەروونی مرۆڤ وایە، كاتێك بەرانبەر شتێك تووڕە دەبێتو دەسەڵاتی نابێت بەسەریدا، تووڕەییەكەی بەشتی تر دەردەكات، كە ئەمەش بەزانستی دەروونی سەلمێنراوەو ئەوەی ئێستا دەچێتە ئەو چوارچێوە زانستییە دەرونییەوە".