بزوتنەوەی گۆڕان و تەحەداکانی بەردەمی

کوردستان

06/03/2018‌ 2094 جار خوێندراوه‌ته‌وه

بزوتنەوەی گۆڕان و تەحەداکانی بەردەمی

مەریوان وریا قانع و ئاراس فەتاح:
ئەگەر مەسەلەی تەزویر و فشارھێنان و کڕینی بڕێک لە دەنگدەران نەبایە و ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە ھەرێمدا بکرابایە، ڕەنگە بزوتنەوەی گۆڕان، گەورەترین ھێزی سیاسیی ئەمڕۆکەی ھەرێمی کوردستان بوایە. ئەگەر ئەوە ڕاست بێت کە دەنگی تەزویر لە کوردستاندا لەنێوان ٥٠٠ بۆ ٩٠٠ ھەزار دەنگە و سەرجەمی ئەم دەنگانەش بۆ پارتی و یەکێتی دەڕوات، ئەوا بێگومان ٢٥ کورسییەکەی بزوتنەوەی گۆڕان، کە دەنگی ڕاستەقینەی دەنگدەران بوو، لەپاڵ ئەو ھەموو دەنگە ساختەیەی کە ئەنجامدرابوو، ئەم ھێزەی بە ئاسانی دەکردە ھێزی ژمارە یەک لە ھەرێمدا. پرسیارەکە ئەوەیە چی ئەم بزوتنەوەیەی کرد بە ھێزێکی گەورەی لەو بابەتە؟ گوتار و بنەما سەرەکییەکانی ئەم بزوتنەوەیە چین؟ چی وایکرد بڕێکی گەورەی کۆمەڵگای ئێمە لەدەوری ئەم بزوتنەوەیە کۆببێتەوە، لە کاتێکدا گۆڕان نە پارەی ھەیە، نە ھێزی چەکدار، نە پۆلیس و ئاسایش و نە موچەخۆری حیزبیی؟
جیھانبینیی بزوتنەوەی گۆڕان
حیزبە سیاسییەکان بە جیھانبینیی و بەرنامەکانیان دەناسرێنەوە. شوناسی ھەر حیزبێک بریتییە لەو دیدگا سیاسییانەی ئەو حیزبە بۆ رێکخستنی کۆمەڵگا ھەیەتی و خەباتی لەپێناودا دەکات، بۆئەوەی بگات بە دەسەڵات و دیدگاکانی پیادەبکات. بۆ نموونە کۆڵەکەی سەرەکیی سیاسەتی سۆسیال دیموکراتەکان، وەکو یەکێک لە کۆنترین رێکخراوی سیاسیی لە مێژوودا، بریتییە لە دەوڵەتی سۆسیال، کۆمۆنیستەکان بڕوایان بە نەمانی جیاوازیی چینایەتی ھەیە، کۆنزێرڤاتیڤەکان خۆیان بە پارێزەری بەھا کۆمەڵایەتییە ئایینی و نەریتییەکان دەبینن، لیبراڵەکان بڕوایان بە بەھا لیبراڵییەکان بۆ تاکەکان و بۆ ئابووری ئازاد ھەیە و پارتە سەوزەکان خۆیان بە پارێزەری ژینگە دەزانن و چەپەکانیش خۆیان بە نوێنەری چەسپاندنی یەکسانیی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی وێنادەکەن.
لە کوردستاندا جگە لە ھێزە ئیسلامییەکان، کە ئەوانیش بەسەر زیاد لە خوێندنەوەیەکی ئایدیۆلۆژیی بۆ قورئان و ئیسلام دابەشبوون، ھیچ ھێزێکی سیاسیی نادینیی بوونی نییە کە شوناسێکی سیاسیی دیاریکراوی ھەبێت. ئەوەی ھەیە ھەندێک ماسکی سیاسییە کە لە فۆرمی چەند دروشمێکی سیاسیی لاستیکییدا بەرجەستەیە و خودی دروشمەکان خۆشیان لەگەڵ کردەی سیاسیی پارتەکان لەناو واقیعی کۆمەڵایەتیی و دەسەڵاتدا، ناکۆکن. یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان باشترین نموونەی ئەم دۆخی پوچێتییەی نێوان بەھای سیاسیی و واقیعی سیاسیی و کۆمەڵایەتییە. ئەم حیزبە لەکاتێکدا خۆی بە نوێنەری مۆدێلی ”سۆسیال دیموکرات“ەکان دەزانێت لە کۆمەڵگای کوردستانیدا، کەچی دوژمنی ھەردوو بەھا سیاسیی و فیکرییەکەی سۆسیال دیموکراسییە. یەکێتی نە حیزبێکی سۆسیالە کە بەرگریی لە یەکسانیی کۆمەڵایەتیی بکات، نە بەھا دیموکراتییەکانیش لەناو خۆی خۆیدا وەک حیزب و لەناو کۆمەڵگاشدا وەک دەسەڵات، پیادەدەکات. بەپێچەوانەوە یەکێتی ئەمڕۆکە یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی بنیاتنانی سوڵتانیزمی سیاسیی و لاساییەکەرەوەیەکی کۆمیدیی پارتی دیموکراتی کوردستانە لە پرۆسەی تەوریسی سیاسیی و چڕکردنەوەی دەسەڵات لەناو قەوارەی خێزانێکی دیاریکراودا.
بزوتنەوەی گۆڕان سەرباری ئەوەی رێکخەرە گشتییەکەی، نەوشیروان مستەفا، باسی لە نەبوونی ئایدیۆلۆژیا دەکرد، بەڵام بێبەری نییە لە دیدگای جیاوازیی سیاسیی کە سەر بەم یان بەو تەوژمی فیکری سیاسییە. ئێمە لێرەدا ئەو بنەمایانە باسدەکەین کە پێمانوایە ئەم بزوتنەوەیەی لەسەر دروستبووە و تا ئەمڕۆش گرنگیی ھەنووکەیی خۆیان بۆ کۆمەڵگای ئێمە لەدەستنەداوە.
یەکەم: دروستکردنی کولتوورێکی ململانێی سیاسیی نوێ
بزوتنەوەی گۆڕان لە ساتەوەختێکدا سەریھەڵدا کە کۆمەڵگای کوردستان دوای ساڵانێکی درێژ لە ململانێی چەکداریی و ماڵوێرانکاریی، لەبەردەم مەترسیی پەکخستن و سڕینەوەی تەواوەتی ”کولتووری ململانێی سیاسیی“دا بوو. ”رێککەوتنی ستراتیژیی“ نێوان پارتی و یەکێتی کۆمەڵگای ئێمەی لەنێوان دوو زۆنی سیاسیی و دەسەڵاتدارێتییدا دابەشکردبوو، کە داھات و پێگە و دەسەڵاتەکەیان لە نێوان دوو خێزانی سیاسییدا و لەسەر مۆدێلی پشکی ناو کۆمپانیایەکی ئابووریی، دابەشکرابوو. پەرلەمانیشیان کردبوو بە دەزگایەک بۆ بەخشینی شەرعییەتی یاسایی بە بەرژەوەندییە ئابووریی و ئەمنیی و سەربازییەکانی سەرانی پارتی و یەکێتی و سیستەمە سوڵتانییەکەیان. بزوتنەوەی گۆڕان لەچرکەساتی لەدایکبوونیدا ئەم دۆخە چەقبەستووەی شڵەقاند و فۆرمێکی نوێی لە کولتووری ململانێی سیاسیی داھێنا کە پێشتر لەکۆمەڵگای ئێمەدا بوونی نەبوو، ئەویش کولتووری ئاشتییانەی خەباتی مەدەنیی و سیاسییە. لەگەڵ دروستبوونی ئەم بزوتنەوەیەدا کولتووری قسەکردن لەناو ڕوبەری گشتییدا بوو بە کردەیەکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی، رووبەرێک فەراھەم بوو کە تاک و گروپەکان بەبێترس قسە لەسەر خۆیان و لەسەر نادادیی و نایەکسانیی و گەندەڵیی بکەن، کە ساڵانێک بەتەنھا کاری رۆشنبیرە رەخنییەکان و میدیای ئەھلیی بوو. رەخنەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لە سیستەمی سیاسیی و چەشنی دابەشکردنی نادادپەروەرانە و ناشەفافانەی سامان و داھاتی نیشتیمانیی، جیاکردنەوەی سیاسەت لە ئابووریی، دروستکردنی چوارچێوەیەکی نیشتیمانیی و دەزگایی بۆ یاسادانان و نوێنەرایەتییکردنی سیاسیی و بەشداربوون لە بڕیاری سیاسییدا و بەشھەبوون لە سامانی نەتەوەییدا، وەڵامی ئەم بزوتنەوەیە بوو بۆ کێشە بونیادییەکانی ناو دەسەڵاتی سیاسیی. وەڵامێک کە تا ساڵانێکی درێژی تر تاقە وەڵامی ڕاستەقینە دەبێت بۆ بەشێکی گەورەی کێشە بونیادییەکانی پرسی دەسەڵات و دەسەڵاتدارێتی لە ھەرێمی کوردستاندا. ھاوکات بزوتنەوەی گۆڕان بووە داھێنەری کۆمەڵێک گوتار کە بەڕای ئێمە ھەر بزاوتێکی سیاسیی نوێش لە کوردستاندا سەرھەڵبدات، لە ناو ھەمان ئەو گوتارانەدا گەورەدەبێت کە ئەم بزوتنەوەیە ھێنایە ناو کۆمەڵگای ئێمە.
دووھەم: گوتارە سەرەکییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان
بزوتنەوەی گۆڕان دروستکەری کۆمەڵێک گوتار بوو کە ھەرە سەرەکییەکانیان بریتین لە:
١-پرسی دەستاودەستکردنی دەسەڵات لەڕێگای ململانێی سیاسیی ئاشتییانەوە، ھێنانەکایەی گۆڕانکاریی لە نەخشەی سیاسیی دەسەڵات لە ڕێگای دەنگدان و ھەڵبژاردنەوە.
٢- بەگژاچوونەوەی مۆدێلی ئیدارەدان و ڕێکخستنی ئابوریی باڵادەست کە لە نەبوونی شەفافییەت و باڵادەستیی گەندەڵیی و مەحسوبییەت لە ئیدارەدان و قۆرخکردنێکی تەواوی کەرتە ئابورییە سەرەکییەکان و بەستنەوەیان بە پێگە سیاسیی و حیزبییەکانەوە، بەرجەستەبووە. کردنی پرسی نەوت کە کۆڵەکەی سەرەکیی داھاتی نیشتیمانییە و بەتاڵانبردنی لەلایەن نوخبە سوڵتانییەکەوە، کردنی پرسی بودجە و نەبوونی شەفافییەت تیایدا، کردنی پرسی دادەپەروەریی کۆمەڵایەتیی، بە پرسە سەرەکییەکانی سیاسەتکردن لە ھەرێمدا.
٣- گوتاری جیاکردنەوەی پێگە سیاسییەکان و پێگە ئابوریییەکان لەیەکتری، ڕێگرتن لەوەی سیاسەت و بازرگانیی و کەسایەتی سیاسیی و کەسایەتی بازرگان بەیەکدی تێکەڵببن.
٤-گوتاری دامەزراندنی لەشکری نیشتیمانیی بۆ ھەرێم و بەدامودەزگاییکردنی ئۆرگانی پۆلیس و ئاساییش، واتە ھەڵوەشاندنەوەی لەشکری حیزبیی و کردنی دەزگای ئەمن و پۆلیس بە موڵکی گشتیی نەک موڵکی شەخسیی حیزب و کەسایەتییە سیاسییەکان. ئەم گوتارە بەشێکە لە گوتارێکی نیشتیمانیی فراوانتر کە ئەلتەرناتیڤێکی مێژوویی فۆرمە داخراو و پەراوێزکارەکانی ناسیۆنالیزمی ئەتنییە.
٥-دوورخستنەوەی دەستی حیزب لە سێکتەری پەروەردە و ھونەر و ڕۆشنبیریی و وەرزش و دامەزراندنی میدیایەکی نیشتیمانیی.
٦- زەمینەسازیی بۆ دروستبوونی بکەری سیاسیی نوێ لە دەرەوەی خێزانە سیاسییە باڵادەستەکان و لەدەرەوەی کەسانی سەر بە خێڵ و بنەماڵە دەستڕۆیشتوەکانی ناو ھەرێم. بە مانایەکی دیکە تازەکردنەوە و بەگەنجکردنی نوخبەی سیاسیی لە ھەرێمدا لەسەر بناغەی لێھاتوویی، نەک ئینتیمای حیزبیی و وەلائەتی شەخسیی و خێزانیی.
٧- دروستکردنی ڕووداو لەڕێگای گوتارەوە. ئەم بزوتنەوەیە نە ھێزی چەکداری ھەبوو، نە دەزگای زانیاریی و پاراستن و نە پۆلیس و پێشمەرگە و نە موچەرخۆر. بەڵکو ژمارەیەک ئەندامی کەم و ھەوادارێکی سیاسیی گەورەی ھەبوو، ھەندێک لە ھەوادارەکانیشی لەناو ئەو دەزگایانەدا بوون. ئەم بزوتنەوەیە لەبری ئەوەی دەزگاکانی حوکمڕانیی بکات بە موڵکی شەخسیی و خێزانی و حیزبیی، داوای بە دامەزراوەییکردن و بە نیشتیمانیکردنیانی دەکرد. بەرگریی لەوە دەکرد ئەم دەزگایانە بە دەوڵەت و حکومەتەوە گرێبدرێن نەک بکرێن بە موچەخۆری ئەم یان ئەو ھێزی سیاسیی، یان خێزانیی و شەخسیی؛ بە کورتی بژێوی کۆمەڵایەتیی کارمەندەکانیان بە جەبری وەلائەتی سیاسییانەوە لەحیمنەکرێت.
٨- ھێنانی مۆدێلێکی نوێ لە ڕێکخراوی سیاسیی کە ڕێگربێت لەوەی دەسەڵات لەدەستی سەرۆک یان ڕێکخەر یان مەرجەعی بزوتنەوەکەدا کۆببێتەوە، ھەروەھا ڕێگریش بێت لەوەی کەسێک یان چەند کەسێکی کەم ھەموو بڕیارەکان قۆرخبکەن و لەباتی زۆرینە کەمینەیەک ئەمر و نەھی بۆ سیاسەتی گۆڕان دەربکات. لەم ڕووەوە مۆدێلی جڤاتی نیشتیمانیی لەناو ئەم بزوتنەوەیە وەکو پەرلەمانێکی ناو رێکخراوەکە کاردەکات و بڕیاردەدات. ئەمەش خاڵێکی گرنگیی ئەم بزوتنەوەیە و یەکێک لە تەحەدا سەرەکییەکانی ئەمڕۆکەی ئەم بزوتنەوەیەش بریتییە لە پاراستنی ئەو پێکھاتە ڕێکخراوەییە، چونکە زەمانەتی دیموکراسییەتی ناوخۆییەکەی دەکات و ناھێڵێت سەرکردەی ھەمیشەیی و بڕیادەری تاکوتەنھا دروستببێت. ھەروەھا کۆتایی بەبوونی بازنەی تری دەسەڵات لەدەرەوەی ئەو پەرلەمانە ناوخۆییەدا دەھێنێت.
سێھەم: ڕێگرتن لە تەوریسی سیاسیی
یەکێک لە ئاکارە ھەرە سەرەکیی و ھەرە بنەڕەتییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بریتی بوو لە جێھێشتنی کولتووری تەوریسیی سیاسیی. تازەکردنەوەی نوخبەی سیاسیی لەناو بزوتنەوەکە و لەدەرەوەشیدا بەناو ڕێگرتن لە تەوریسی سیاسیدا تێدەپەڕێت. یەکێک لە نەخۆشییە ھەرە گەورە و ترسناکەکانی دونیای سیاسیی ئێمە تەوریسی سیاسییە، گواستنەوەی دەسەڵاتە لە باوکەوە بۆ کوڕ و بۆ کەسە نزیکەکانی تری ناو ھەمان خێزان. ئەوەی لە کوردستاندا مەترسییەکی ھێجگار گەورەیە بەردەوامیدانە بەم کولتوورە سیاسییە، کە ناھێڵێت دەسەڵات لەدەرەوەی ئەو خێزانە سیاسییانەی شەرعییەتی حوکمڕانییان لەسەر خۆیان تاپۆکردووە، بچێتە ناو بازنە کۆمەڵایەتییەکەیان و شوێن بۆ بکەر و گروپی کۆمەڵایەتیی تر بکاتەوە. خەبات دژ بە تەوریسی سیاسیی، یەکێکە لە کۆڵەکە ھەرە سەرەکییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان و ئەم خەباتە لەمڕۆشدا گرنگییەکەی لە ھەموو کات گەورەترە. ئەوەش کە موڵک و ماڵی بزوتنەوەکە لەسەر کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا تاپۆکراون و لە موڵکی مەعنەویی بزوتنەوەکەوە کراون بە موڵکی شەخسیی ئەوان، مەترسیی دروستبوونی مەرجەعییەتی خێزانیی دەباتە ئاستێک کە دژ بە پایە ھەرە سەرەکییەکەی بزوتنەوەکەیە و ھیچ پاساوێکی یاسایی و سیاسیی و ئەخلاقییشی لەناو بزوتنەوەکەدا بۆ نییە. بەردەوامبوونی ئەم دۆخە مانای وێرانکردنی یەکێک لە ئاکارە بنەڕەتییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان و گواستنەوەی کولتووری تەوریسی سیاسیی بۆ ناو ئەم رێکخراوە. پێدەچێت ئەمە لە ئێستادا یەکێک لە گەورەترین تەحەداکانی ناو بزوتنەوەکە بێت و لەداھاتووشدا ببێت بە پێوەرێک بۆ بەھای سیاسیی و ئەخلاقیی پەیامە سیاسییەکانی ئەم بزوتنەوەیە لەناو خۆی و لەگەڵ دەنگدەرانییدا.
چوارھەم: دەرچوون لە سیاسەتی لۆکاڵییبوون و داڕشتنی دونیابینییەکی گشتگیرتر لەئاستی عێراق و ناوچەکە و جیھان.
گۆڕان ھێزێکی کوردستانی نیشتیمانیی بوو کە چاوی لە ھەموو ھەرێمی کوردستان و دانیشتوانە فرەڕەنگەکەی بوو. بەڵام ئەم بزوتنەوەیە ئەمڕۆ گیرۆدەی ھەندێ کێشەی لۆکاڵیی و ناوخۆیی ناو بزوتنەوەکەیە، کە مەترسیی ئەوەی لێدەکرێت ببێت بە مارکەی سەرەکیی بزوتنەوەکە. گۆڕان تا ئەم ساتە لەوەدا سەرنەکەوتوە ببێت بە ھێزێکی کاریگەر لەناو گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و لەناو ھاوکێشە ئیقلیمییەکان و وەکو ھێزی دووھەمی کوردستان و دامەزرێنەری بزوتنەوەی ریفۆرمخواز لە حیساباتی دەوڵەتە زلھێزەکانیش مامەڵەی لەتەکدا بکرێت. گەر بزوتنەوەی گۆڕان بیەوێت قۆناغی دوای نەوشیروان مستەفا تێپەڕێنێت، پێویستە لەناو کایەی ھەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، ببێت بە ژمارە و مارکەیەکی سیاسیی و گەمەکەرێکی ناو پەیوەندییەکانی دەسەڵات. ئەمەش بە بوونی تۆڕێک لە کاری رێکخراوەیی و سیاسیی و دیپلۆماسیی دەکرێت کە دەزگا و بکەری شارەزا و پسپۆڕ بەرنامەی بۆ دابڕێژن و کەسانی بەتواناش ئەنجامیبدەن. ھەر لێرەدا و لە پەیوەندیدا بە ناوەوەی کوردستانەوە ئەم بزوتنەوەیە پێویستە دەستپێشخەریی و سەرکردایەتیی دروستکردنی بلۆکێکی مێژوویی نوێ بکات کە بتوانن ببنە ئەلتەرناتیڤی ئەو بلۆکە وێرانکەرەی پارتی و یەکێتی دروستیانکردوەە.
پێنجەم: یەکێک لە نەخۆشییە گەورەکانی تری ناو حیزبی کوردیی بوونی تەکەلتولاتی جۆربەجۆرە کە حەز و خواست و تەماحی سیاسیی و ئابووری دروستیاندەکات. لەمڕوەوە یەکێتی نیشتیمانی ئەو مۆدێلەیە کە تەکەلتول لەناوەوە تەواو ئیفلیجی کردوە. بۆئەوەی ئەزموونی یەکێتیی لەناو گۆڕانیشدا دووبارەنەبێتەوە پێویستە ڕێگە لە گرۆبوونی تەکەتولی سیاسیی و خێزانیی لەناو بزوتنەوەکەدا بگیرێت، کە بێگومان دروستبوون و گەورەبوونی دەبنە ھۆکاری ئیفلیجبوون و داوەشانی ناوەکیی بزوتنەوەکە و ئەگەری دابەشبوونیشی بە کراوەیی بەجێدەھێڵێت. جگە لەمە ئەم بزوتنەوەیە پێویستی بەوەیە پێگەی ژنان لەناو بزوتنەوەکەدا بەھێزبکات و پانتاییەکی یەکسان بە ڕۆڵی ژنان و ڕووبەرێکی گەورە بە پرسی جێندەر لەناو بزوتنەوەکەدا ببەخشێت.
ھەڵوەستەی کۆتایی
گۆڕان پڕۆژەیەکی تەواونەبووە، ھێزێکی سیاسیی کاریگەرە بە کۆمەڵێک ئاکار و گوتاری سیاسیی گرنگەوە کە تاوەکو ئەمڕۆش دەنگی بەشێکی گرنگی کۆمەڵگای ئێمەی لەگەڵدایە. بەڵام ئەم بزوتنەوەیە گەر بەرامبەر بە گوتارەکانی خۆی ڕاستگۆ نەبێت و گەر چارەسەری کێشە و گرفتە ناوەکییەکانی نەکات و سزای خراپ بەکارھێنانی پۆستە ئیدارییەکانی نەدات، نەک ھەر توشی نوشستێکی گەورە دەبێت، بەڵکو خودی پڕۆژەکە خۆشی ڕووبەڕووی شکستی گەورە و بنەڕەتیی دەبێتەوە. بەمەش زیانێکی گەورە بە پرۆسەی سیاسیی و ھۆشیاریی رەخنەیی و خواستی گۆڕانکاریی لە کۆمەڵگای ئێمەدا دەگەیەنێت.