مۆدێلێكی‌ نوێی‌ ناڕەزایی‌
لەدەرەوەی‌ كوردستان تۆڵە لەبەرپرسەكان دەكرێتەوە

کوردستان

08/03/2018‌ 7628 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
ژمارەیەك لەكەسانی‌ ناڕازی‌ ئەوەی‌ لەكوردستان پێیان ناكرێت لەدەرەوە ئەنجامی‌ دەدەن‌و هەوڵدەدەن لەوڵاتانی‌ ئەوروپا تۆڵە لەبەرپرسەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان بكەنەوە.

هەر، كە وەفد یاخود بەرپرسێكی‌ باڵا لەهەرێمی‌ كوردستانەوە دەكەوێتە ڕێ‌ بۆ وڵاتانی‌ ئەوروپا، قادر نادر چالاكوانی‌ كورد لەسوید، لەگەڵ هاوڕێكانییدا لەڕێگەی‌ ئەكاونتەكەیانەوە رەوەندی‌ كوردی‌ لەكات‌و شوێنی‌ گەیشتنی‌ وەفدەكە ئاگادار دەكەنەوە‌و دەست بەجموجوڵ دەكەن، ئەوان دەیانەوێت مۆدێلێكی‌ نوێی‌ ناڕەزایی‌ دەربڕین پەرەپێبدەن‌و لەدەرەوە ئێخەی‌ بەرپرسەكان بگرن.

چالاكییەكانی‌ قادر نادر‌و هاوڕێكانی‌ ڕووبەڕووبونەوەی‌ راستەوخۆی‌ بەرپرسان‌و دەسەڵاتدارانی‌ هەرێمە، لە نزیكەوە بە "گەندەڵ‌و هۆكاری‌ نەهامەتی‌ خەڵكی‌ كوردستان‌و تیرۆری‌ رۆژنامەنوسان" تۆمەتباریان دەكەن.

"ئێمە دەبێت رێگای نوێ‌و كاریگەرتر بگرینەبەر بۆیە بیرمان لەم رێگایە كردەوە، لە 2011 دەستمان بەم كارە كرد، سەرەتا لەكۆڕو سیمنارەكان دەچوین بەگژ بەرپرسان‌و سكڵامان لەسەر تۆماركردون تاگەیشتە ئەوەی بۆیەكەمجار خۆپیشاندان دژ بە بارزانی بكەین لە ساڵی‌ 2014دا". قادر نادر وای‌ بە "نیقاش" وت.

قادر نادر، لەوڵاتی‌ سوید نیشتەجێیە‌و یەكێكە لەو چالاكوانانەی‌ رەخنەی‌ توندی‌ لەدەسەڵاتدارانی‌ هەرێم هەیە، پێیوایە هەموو ئەو ڕێگایانەی‌ لەناوخۆی‌ كوردستان تاقیكرانەوە بەرپرسانی‌ پارتی‌‌و یەكێتی‌ دوو حزبە فەرمانڕەواكەی‌ هەرێمی‌ كوردستانی‌ ڕانەچڵەكاندوە.

دەشڵێت "ئەو بەرپرسانەی پارتی‌و یەكێتی نوسین‌و خۆپیشاندان هیچ كاریگەری‌ لەسەریان نییە، تەنیا كاتێك ڕووبەڕوویان دەبیتەوە‌و قسەیان پێدەڵێیت، ئەو كات رەنگە هەست بكەن كە یاساو دیموكراسیەت‌و رەخنەگرتن چییە".

ئەم كەسە ناڕازییانە بۆ ئەوەی‌ شێوازەكەشیان زیاتر كاریگەریی‌ هەبێت، لەو كاتەی‌ قسە بەبەرپرسەكان دەڵێن، بەمۆبایلەكەی‌ دەستیان قسەكانی‌ خۆیان‌و كاردانەوەی‌ بەرپرسەكە تۆماردەكەن‌و دواتر لەرێی‌ تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بڵاوی‌ دەكەنەوە.

لەكۆنفرانسی‌ وزە كە لەبرۆكسلی‌ پایتەختی‌ بەلجیكا كۆتایی‌ مانگی‌ شوبات بەڕێوەچوو، پارێزگارەكانی‌ هەولێر‌و سلێمانی‌‌و دهۆك، بەشدارییان كرد، نەوزاد هادی‌، پارێزگاری‌ هەولێر كەوتە داوی‌ یەكێك لەچالاكوانە كوردەكان، چالاكوانەكە كارەكەی‌ بەتەنیا كرد‌و هەر بە مۆبایلەكەی‌ خۆشی‌ وێنەی‌ گرت، ئەم چالاكییە كاردانەوەی‌ بەدوای‌ خۆیدا هێنا لەنێوان لایەنگرو دژدا.

لەسەروبەندی‌ ریفراندۆمی‌ 25ی‌ ئەیلولی‌ 2017ی‌ هەرێمی‌ كوردستاندا، فەرەیدون كونجرینی‌ چالاكوانی‌ كورد لەئەڵمانیا، چاوی‌ كەوت بە فەرەیدون عەبدولقادر ئەندامی‌ پێشووی‌ مەكتەبی‌ سیاسی‌ یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان‌و یەكێك لەپشتیوانەكانی‌ بارزانی‌ لەپرۆسەی‌ ریفراندۆمدا، فەرەیدونی‌ یەكەم فەرەیدونی‌ دووەمی‌ بە"گەندەڵ‌و بەشدار لەشكستی‌ حكومڕانی‌ هەرێم" تۆمەتباركرد.

فەرەیدون كونجرینی‌، بە "نیقاش"ی‌ وت "بۆیە ئەم كارە دەكەین، تا چیتر خەڵك وێنەی سێڵڤی نەچركێنن لەگەڵ كەسانێكدا پیشەیان گەندەڵییە ئەم دیاریدەیە دەبێتە زیاتر گەورەكردن‌و لەخۆبایی بونی بەرپرسەكان".

لەكوردستان كاتێك بەرپرسان دەچنە ناو بازاڕ‌و شوێنە گشتییەكان بەشێك لەهاوڵاتیان وێنەیان لەگەڵ دەگرن، فەرەیدون دەڵێت "دەمانەوێ‌ ئەم نەریتە بنەبڕ بكەین هەر كات رووبەڕووی بەرپرسێكی گەندەڵ بونەوە بەدیوە ڕاستەكەدا ڕووبەڕوویان ببنەوە تا چیدی بەسەر هاوڵاتییانەوە وەك دێوەزمە خۆیان نیشان نەدەن‌و كۆشك‌و تەلارەكانیان بەرزتر هەڵنەچنن".

لەكوردستان كەم رێگە هەیە چالاكوانان‌و هاوڵاتیان تاقییان نەكردبێتەوە بۆ خستنەڕووی‌ گلەیی‌‌و گازندەكانیان، لەسەرەتای 2015 رێگاكانی‌ خۆپیشاندان‌و مانگرتن زۆرترین جار پەنایان بۆ برا، ئەوە جگە لەوەی‌ چەند ساڵێكە بەشێك لەمیدیاكان دەزگاكانیان كردوەتە سەكۆیەك‌و لەرێگەیانەوە هاوڵاتیان خەمی‌ نەبونی‌ خزمەتگوزاری‌‌و موچە‌و كار‌و نەبونی‌ ئازادی‌ رادەربڕین هەڵدەڕێژن.

میدیای‌ ئۆپۆزسیۆن‌و ناڕازی‌ بەرنامەی‌ تایبەتیان بۆ گەیاندنی‌ دەنگی‌ هاوڵاتیان بەبەرپرسان داناوە، ئەوە جگە لەوەی‌ بەشێك لەهاوڵاتیانیش لەرێگەی‌ پەیج‌و ئەكاونتەكانیانەوە بەرپرسان دەدەنە بەر نەشتەری‌ رەخنە.

تائێستا ئەو رێگایانەی‌ گیراونەتەبەر بۆ گەیاندنی‌ كێشە‌و گیروگرفتەكان، بەرهەمێكی‌ ئەوتۆیان نەبووە، دانیشتوانی‌ هەرێمەكە بەدەست نەبونی‌ موچە‌و بێ‌ كاری‌‌و بێ‌ خزمەتگوزاری‌ دەناڵێنن، بەڵام پێناچێت شێوازەكەی‌ چالاكوانەكانی‌ ئەوروپا حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان رابچەڵەكێنێت.

نوری‌ عوسمان، بەرپرسی‌ فەرمانگەی‌ بەدواداچون‌و زانیاری‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان، بە "نیقاش"ی‌ وت "ئەوە كەی‌ چالاكوانن، كێ‌ پێیان دەڵێت چالاكوان، چالاكییان چییە تێكدان‌و حەیابردون‌و كارێكی‌ قێزەونە، خۆپیشاندانیان دژی‌ چ وڵاتێك یان دژی‌ داگیركردنی‌ كەركوك كردوە، بۆ مەبەستێكی‌ حزبی‌ ئەو كارانە دەكەن".

وتیشی‌ "جگە لەتێكدان چییان كردوە با یەك شتمان پێبڵێن، چالاكی‌ ئەوەیە جنێو بە پارێزگارەكانی‌ خۆیان بدەن ئەوە چالاكی‌ نییە شتێكی‌ بێ‌ پەروەردەییە‌و تەعبیر لەناخیان دەكەن".

نوری‌ عوسمان، پێیوایە، رەوەندی‌ كوردی‌ دەبێت لە دەرەوە بەرگری‌ لە گەلی‌ كورد بكات‌و "بەڵام ئەمان بەمشێوەیە دەیانەوێت چی‌ بكەن‌و داوای‌ چی‌ دەكەن؟".

ئەگەر ئەو چالاكوانانە لەهەرێمی‌ كوردستان بونایە پێندەچوو بەئاسانی‌ لەسزادان ڕزگاریان ببێت، بەڵام یاسا‌و رێساكانی‌ ئەوروپا دەستی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستانیان بەستووە، "كەیفی‌ خۆیان چی‌ دەكەن لەو وڵاتانە ئێمە بۆمان نییە تەداخول لەوڵاتان بكەین‌و یاسا‌و رێسایی‌ خۆیان هەیە". نوی‌ عوسمان وای‌ وت.

یەكەم چالاكی‌، چالاكوانە كوردەكان كە ڤیدیۆییەكەی‌ بڵاوكرایەوە، ساڵی‌ 2015 ئەنجامدرا، كاتێك چوار چالاكوان بەبەرزكردنەوەی‌ وێنەی‌ سێ‌ رۆژنامەنوسی‌ تیرۆركراو، لەبەردەم پەرلەمانی‌ سوید هوتافیان دژی‌ فەلاح مستەفا، بەرپرسی‌ فەرمانگەی‌ پەیوەندییەكانی‌ دەرەوەی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان كێشا.

كۆتایی‌ ساڵی‌ رابردوش، ژمارەیەك چالاكوان لەشوێنی‌ كۆبونەوەیەكی‌ نێچیرڤان بارزانی‌ سەرۆكی‌ حكومەت‌و قوباد تاڵەبانی‌ جێگرەكەی‌ لەگەڵ بەرپرسانی‌ ئەڵمانیا گردبونەوە‌و هوتافیان كێشا، بەهۆی‌ رێوشوێنی‌ ئەمنییەوە رێگە نەدرا ئەوەی‌ بەرامبەر بە نەوزاد هادی‌ كرا، بەرامبەر كەسی‌ یەكەم‌و دووەمی‌ حكومەت ئەنجامبدرێت.

ئەو كەسانەی‌ ئەمجۆرە چالاكییە ئەنجامدەدەن، لە پەنجەكانی‌ دەست تێپەڕناكەن، خۆیان دەڵێن لەئەوروپاش رووبەڕووی‌ هەڕەشەی‌ كوشتن بونەتەوە.

"دەبێت نهێنی بێت، ئەم چالاكییە پێویستی بەخەڵكی‌ زۆر نییە دەكرێت بەیەك كەسیش بكرێت"، قادر نادر وای‌ وت كە وەك خۆی‌ دەڵێت چەندینجار رووبەڕووی‌ هەڕەشەی‌ كوشتن بووەتەوە.

تائێستا ئەو كەسە ناڕازییانە لانی‌ كەم لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پشتیوانی‌ زۆریان بەدەستهێناوەو هەموو ئەو كەسانەی‌ دژی‌ بەرپرسانی‌ حكومەتن دەستخۆشییان لێدەكەن، بەڵام لەبەرامبەردا لایەنگرانی‌ دوو حیزبە دەسەڵاتدارەكەی‌ هەرێم دژی‌ ئەم جموجۆڵەن‌و هەر بەرپرسێك لەدەرەوە هێرشیان دەكرێتە سەر، ئەمانە لەناوخۆی‌ كوردستان وێنەی‌ پرۆفایلی‌ بەرپرسەكانیان دەكەن بەوێنەی‌ ئەو بەرپرسانە وەك جۆرێك لەدەربڕینی‌ پشتگیری‌ بۆیان.