شۆستەی رەنگاو رەنگ‌و خانووی رووخاو
خەڵكی ئەنبار دڵیان بە پلانەكانی ئاوەدانكردەوە خۆش نییە

عیراق

10/03/2018‌ 920 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
پارەیەكی زۆر بۆ پرۆژەكانی‌ ئەنبار خەرج دەكرێت بەڵام ئەو خەڵكەی‌ ماڵ‌و حاڵیان رووخاوە هیچ دڵیان بەو پرۆژانە خۆش نییە.

ساڵ‌و نیوێكە زۆربەی خێزانەكان لە پارێزگای ئەنبار (110 كم لە خۆرئاوای بەغدای پایتەخت)گەڕاونەتەوە بۆسەر پاشماوەی داروپەردووەكان لە شارە ئازادكراوەكانیان، ئەویش وەك بەدەنگەوەچوونی بانگەوازەكانی گەڕانەوە‌و ئەو بەڵێنانەی سەبارەت بە زوو ئاوەدانكردنەوە‌و دابینكردنی هەموو پایەكانی ژیانی ئاسایی پێیان درا، بەڵام پشتبەخۆبەستن‌و خۆگونجاندنی هاووڵاتی لەو واقیعە تاڵەدا كە خۆی لە خراپی ژێرخاندا دەبینێتەوە، خێراتر بوو لە پلانەكانی ئاوەدانكردنەوە كە یارمەتیدەر نەبوون لە چارەسەركردنی كێشە سەركییەكانی دانیشتووانی ناوچەكە.

كاتێك دەچیتە شاری فەلوجە یان رومادی سەرەتا وا بەخاڵتدا دێت ئەو شارانە لە نەهامەتی رزگاریان بووە‌و هەموو تەپوتۆزی جەنگ‌و وێرانكارییەكانیان لەخۆیان تەكاندووە، بەڵام هەر ئەوەندەی چوویتە نێو گەڕەكە نیشتەجێكانیانەوە دەبینیت تەلەكانی كارەبا هێشتا هەر پچڕاون، هەروەها دەبینیت چەند كەسێك بە توانای خۆیان خەریكی چاككردنی شكاوییەكی تۆڕی ئاون یان خەریكی راكێشانی تەلی كارەبان بۆ بەدەستهێنانی تەزووی كارەبا.

ئەحمەد عەبدولحەمید (43 ساڵ) یەكێكە لە دانیشتووانی شاری فەلوجە (60 كم لە خۆرئاوای بەغدای پایتەخت) كە بەمدواییانە لە نۆژەنكردنەوەی سەرتاشخانەكەی بووەتەوە تا سەرلەنوێ دەست بەكاركردن بكاتەوە، ئەو بەهۆی كاری هەڵكەندنی شەقامەكان لەلایەن فەرمانگەی شارەوانیەوە بۆ لابردنی شۆستە كۆنەكان‌و گۆڕینیان بە شۆستەی نوێ، نەیتوانی بچێتە سەر كارەكەی، ئەو پێی وایە ئەو كارەی شارەوانی زۆر نایابە‌و بەرزترین ئاستی هەستكردنە بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە هاووڵاتی‌و بایەخپێدانی، بەڵام كاتەكەی گونجاو نییە‌و پێویستە كار لەسەر شتی گرنگتر بكرێت.

عەبدولحەمید قسەی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی: "هیوادار بووم ئەم ئامێرانە لەنێو كۆڵانەكاندا ببینم سەرقاڵی جێبەجێكردنی تۆڕی ئاو یان ئاوەڕۆبن كە هیلاك بوون‌و بوونەتە مۆتەكەیەك هەڕشە لە ژیانی رۆژانەمان دەكات، نەك بیانبینم ئەو شۆستانە دەردەهینن كە  دە ساڵی دیكەش وەك خۆیان بەجێبهێڵرێن هیچ زیانێك بە هاووڵاتی ناگەیەنن".

هەروەها وتی: "ئەو پارەیەی لێرە‌و لەوێ بۆ ئەم جۆرە پرۆژانە خەرج دەكرێت بەفیڕۆدانی پارەی گشتییە‌و خەرجییەكە لەجێگای خۆیدا نییە، چونكە ئێمە پێویستمان بە پرۆژەی راستەقینەیە خانووە زیانبەركەوتووەكان‌و خوێندنگە‌و بنكە تەندروستییەكان نۆژەن بكاتەوە، كە نۆژەكردنەوەشیان یارمەتیدەر دەبێت لە دابینكردنی خزمەتگوزاری باشتر بۆ دانیشتووانی ناوچەكە كە پێویستیان بە سادەترین خزمەتگوزارییە".

وتیشی: "هەموو ئەم پارەیە بەشێوەیەكی پلان بۆدانەڕێژراو خەرج دەكرێت‌و ئەگەر كەمترین پلان‌و هەستكردن بە بەرپرسیارێتی هەبووایە، ئەوا باشتر دەبوو ئەو پارەیە بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان تەرخان بكرایە، كە تائێستاش لەنێو داروپەردووی خانووە خاپوربووەكانیان لە خێمەدا نیشتەجێن".

دانیشتووانی ناوچەكە دەیان پرۆژە دەبینن كە رۆژانە كاریان تێدا دەكرێت، سەرەڕای ئەوەش كە حكومەتە خۆجێییەكانی پارێزگاكە بەگەڕخستنەوەی ژمارەیەكی زۆر پرد‌و بنكەی تەندروستی‌و تۆڕی ئاو‌و كارەبایان راگەیاندووە، بەڵام دانیشتووان پێیان وایە ئەو دەستكەوتانە لەسەر حسابی پێداویستییە سەرەكییەكانیانە.

جیهاد دلێمی (44 ساڵ) كە نیشتەجێی شاری فەلوجەیە، سەرسوڕمانی خۆی دەربڕی كاتێك بینی فەرمانگەی كارەبا تەلی كارەبای پێنادات بۆئەوەی تەزووی كارەبا بگەیەنێتە ماڵەكەی بەبیانووی كەمی دەرماڵە، كەچی هەڵمەتی گەورە بۆ گۆرٍینی كەلوپەلی نووسینگەكانی‌و نۆژەنكردنەوەی بیناكەی بە گرێبەستی ملیۆنان دیناری جێبەجێ دەكات.

دلێمی ئاماژەی بۆ ئەوەكرد "كاركردن بەم شێوەیە‌و لەم كاتەدا سووكایەتیكردنە بە نەهامەتیەكانی دانیشتووانی ناوچەكە كە چاویان لە پرۆژەی گرنگترە پەیوەندی بە ژیانی رۆژانەوەیانەوە هەبێت‌و رەنگە ئەو بڕە پارە زۆرەش لەسەر دەوڵەت نەكەوێت كە بۆ چەند پرۆژەیەك بەفیڕۆ دەدرێت دەكرێت جێبەجێكردنیان لە ئێستادا دوابخرێت".

هەروەها دەشپرسێت: "دروستكردنی شاری یاری سوودی چییە كە تائێستاش پردەكان رووخاون، ئایا دەكرێت شۆستەی نوێ جێی ئەو شەقامانە بگرنەوە كە تائێستاش شوێنەواری بۆردومان‌و بۆمبی چێندراویان بەسەرەوەیە‌و بوار نادەن ئۆتۆمبێل بەئاسانی هاتووچۆ بكات ئەمە جگە لەوەی دەبنە هۆی زیادبوونی رووداوەكانی هاتووچۆش".

ئەو پرۆژانەی بەرپرسان بە ئەولەویەتی دادەدنێن‌و داكۆكی لە گرنگییەكەیان دەكەن، لە بایەخپێدانی دانیشتووانی ناوچەكەدا جێگایان نابێتەوە، چونكە زۆرینەی خەڵك وای دەبینن بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنن، لەبەرئەوەی لە ئاستی پرۆژەی گەورەدا نین‌و زۆربەی پرۆژەكانیش وەك دەستكەوتی كەسانێكی دیاریكراو ئاماژەیان بۆ دەكرێت كە مۆركی سیاسیان بەسەروەیە، بەتایبەتی كە دانیشتووانی ناوچەكە پێش هەر وەرزێكی هەڵبژاردن لەگەڵ ئەو جۆرە پرۆژانە راهاتوون.

مەهدی حەلبوسی (51 ساڵ) دانیشتووانی شاری رومادی نكوڵی لە هەوڵەكانی حكومەتی خۆجێیی بۆ ئاوەدانكردنەوەی زۆرێك لە ژێرخانی پارێزگاكە ناكات، بەتایبەتی لە شاری رومادی ناوەندی پارێزگاكەدا، بەڵام میكانیزمی كارەكە بە نەخشاندنی رووكاری دەروەی خانوویەك بە نەخش‌و نیگار دەشوبهێنێت لە كاتێكدا ناوەوەی تێكشكاو‌و وێرانە.

حەلبوسی قسەی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی: "میكانیزمی كاری پارێزگای ئەنبار‌و باسكردنی پرۆژە زەبەلاح‌و گەورەكان‌و ئەو دەستكەوتانەی بەدەستهاتوون، تەنیا جوانكاری دەرەكی‌و جوانكردنی ئەو وێنە میدیاییەیە كە دەیانەوێت پارێزگای پێ دەربكەوێت، بەڵام لەناوەوە كارەساتاوییە‌و هیچ شتێك لەو واقیعە نەگۆڕاوە كە ساڵێك لەمەوبەر لە كاتی گەڕانەوەمان بۆ شارەكە بینیومانە".

هەروەها دەڵێت: "زۆر دڵخۆش دەبم كاتێك لە رێگا سەرەكییەكانی شارەكەدا پیاسە دەكەم‌و دەبینم رووناكی تەواویان هەیە‌و شۆستەكان رەنگاوڕەنگن‌و شەقامەكان قیرتاوكراون، جگە لەوەش روكاری دامەزراوە حكومییەكان‌و خانووە گەورەكان جوانتر بوون، بەڵام ئەو دڵخۆشییە زۆر ناخایەنێت كاتێك لە گەڕەكە نیشتەجێكاندا پیاسە دەكەم كە هێشتا گیرۆدەی وێرانكاری‌و كاولكارین".

بە گاڵتەكردنیشەوە دەڵێت: "پێموابوو تەنیا دایكم لەكاتی پپَشوازیكردن لە میوانێكی تایبەت ماڵ پاكدەكاتەوە‌و باشترین قاپ‌وقاچاغ‌و كەلوپەلی جوانكاری دەهێنێتە دەرەوە، ئەو ڕۆژە خیزانەكەمان لە چەند ساتێكی جواندا دەژی لەگەڵ ئەو دۆخە كاتییەدا، بەڵام هەر كە میوانەكان رۆیشتن، جوانیەكەی نامێنێت‌و ژیان لەناو ماڵدا وەك خۆی لێ دێتەوە، پێموایە ئەوە نزیكترین نموونەیە بۆ واقیعی پارێزگاكە".