پێڵاو ‌و جلوبەرگ بە بەری ناكەن.. باڵابەرزترین پیاوی عێراق بەدوای ژن‌و ئۆتۆمبیلێكدا وێڵە

عیراق

10/03/2018‌ 4123 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش

سەباح باڵابەرز هەوڵی زۆری داوە بەدوای هاوسەرێكدا بگەڕێت لەگەڵ باڵاكەی‌ خۆیدا بگونجێت، بەڵام تائێستا هەموو هەوڵەكانی شكستیان هێناوە.

بەرزی‌ باڵای سەباح جەبار هادی جبوری دوو مەتر‌و (42 سم)ە، ئەو كە منداڵێكی ئاسایی باوك‌و دایكێكی باڵا زۆر ئاساییە، لە تەمەنی سیانزە ساڵیدا بەشێوەیەكی لەناكاو‌و خێرا دەست‌و قاچەكانی دەستیان بە گەشەكردن كرد‌و تائێستاش باڵای لە گەشەكردندایە، ئەگەرچی تا ئەمڕۆش لەڕێی سەردانی پزیشكەوە هەوڵی بەردەوامی داوە بۆ راگرتنی ئەو گەشەكردنە.

سەباح بە زەردەخەنەوە بە "نیقاش"ی وت: "كەسوكار‌و هاوڕێیان زۆر بۆم گەڕاون بەدوای ژنێكدا كە بەلانی كەم باڵای مەترێك‌و (90 سم) بێت، بەڵام هەموو هەوڵەكانیان شكستی هێناوە، بۆیە تەنیا ئەو رێگەیەم لەبەردەمدا ماوە لە دەوڵەتانی بیانیدا بگەڕێم، كە كچی باڵابەرز‌و جوانیان تێدا دەژی، هیچی تێدا نییە ئەگەر چاوەڕوانی كچە سوارچاكی خەونەكانم بكەم، كە رەنگە ئەڵمانی یاخود روسی بێت".

سەباح شەش برای هەیە خۆیان‌و منداڵەكانیان باڵایان ئاساییە‌و لە ماڵی جیادا دەژین، بەڵام نزیك لەماڵی سەباحی باڵابەرز، كە لەگەڵ دایكیدا لە خانوویەكی سەربەخۆدا دەژین‌و بە هاوڕێیەكی نزیكی دادەدەنێت لە هەموو شتێكدا پەنای بۆ دەبات، سەباح بۆخۆشی دەڵێت: "كاتێك لە دەرگا دەدرێت خۆم بەوەوە هیلاك ناكەم بپرسم كێیە، چونكە هەر كە لای دەرگاكەوە وەستام دەزانم كێیە لە دەرگا دەدات".

سەباح زۆربەی كاتی رۆژانەی لە كاردا بەسەردەبات‌و بەیانیان‌و ئێواران كاردەكات‌و شێوانیش دەچێتە لای هاوڕێ نزیكەكانی كە لە ماڵێكدا كۆدەبنەوە، ئەو دەڵێت: "حەزمان لە چایخانە نییە، لە كۆتایی رۆژدا كۆدەبینەوە بۆ كات بەسەربردن‌و شەو بەڕێكردن، لە پشووی هەفتەشدا هەموومان دەچینە دەرەوە بۆ راو". هەروەها بەزەردەخەوە وتی: "هەمووان پێویستیان بەمنە‌و منیش پێویستم بەكەس نییە، بچمە هەر شوێنێك داوام لێدەكرێت گڵۆپی كارەبایان بۆ چاك بكەم یاخود پانكەی سەقفییان بۆ رێكبكەمەوە".

ئەو دەنگێكی گڕ‌و پڕ لە وزە‌و چالاكی هەبوو كە بەمتمانە‌و بەئارامی قسەی بۆ دەكرین، بەدرێژایی چاوپێكەوتنەكەمان زەردەخەنە لەسەر روخساری لانەچوو، هەروەها شانازی بە باڵاكەیەوە دەكات‌و خۆی بە جیاواز لە كەسانی تر دەزانێت، لەوبارەیەشەوە دەڵێت: "ئەگەر باڵا بەرزیەكەم نەبووایە مرۆڤێكی ئاسایی دەبووم‌و "نیقاش" بایەخی بە چیرۆكەكەم نەدەدا‌و پەیامنێرەكەیان نەدەهات لە ماڵەكەمدا چا بخواتەوە".

سەباح لەهەر شوێنێك بێت، بەتایبەتی لە كاتی سەردانی فەرمانگە حكومییەكان یاخود پزیشك یان لە بازاڕ، خەڵك بە گەورە‌و بچووكەوە خێرا دێنەلای تا وێنەی لەگەڵ بگرن.

كاتێك چووینە گەڕەكی ئەمیر‌و بەدوای ماڵی سەباحدا گەڕاین، چەند منداڵێكمان بینی لە شەقامەكەدا یاریان دەكرد، كە پرسیاری ماڵی سەباح-مان لێكردن، بەزەردەخەنەوە وەڵامیان داینەوە، مەبەستتان "سەباح باڵابەرزە؟" ئینجا بەخێرایی بەرەو ماڵەكەیان رایان كرد.

لەو بارەیەشەوە سەباح بە دڵخۆشیەوە دەڵێت: "خۆشەویستی خەڵك دڵخۆشم دەكات، بەتایبەتی منداڵان، چونكە زۆریان خۆشدەوم، لەهەر شوێنێك بم، هەمووان داوام لێدەكەن لەلامەوە بوەستن‌و وێنەم لەگەڵ بگرن".

ئەو بەدەنگێكی بەرز پێكەنی‌و وتی: "ئەو هەزاران وێنەیەی خەڵك لەگەڵیان گرتووم بایی سامانێكی گەورەیە، ئەگەر بە پارەیەكی كەمیش بووایە ئەوا دەبوومە یەكێك لە دەوڵەمەندانی جیهان".

سەباح شانازی بە باڵابەرزییەكەیەوە دەكات‌و گوێ بە گێچەڵەكان نادات‌و ناو بەناو ئەو دەستەواژە میللییە دووبارە دەكاتەوە كە دەڵێت: "باڵابەرزی بەخششە". سەرەڕای ئەو هەراسانكردن‌و وشەی سووكایەتیانەی لە هەندێك كەس گوێی لێ دەبێت، بەڵام زۆر بەدڵفراوانی پشتگوێیان دەخات، چونكە ئەو كارە بە دەرئەنجامی نەزانی لەقەڵەم دەدات.

لە بازاڕدا جلوبەرگ‌و پێڵاوی لێ نییە لەگەڵ باڵا‌و قەبارەی سەباح‌و گەورەیی پێیدا بگونجێت، بۆیە ناچارە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە پشت بە پیشەوەرانی ناوچەكە ببەستێت بۆ دابینكرنی پێداویستییە تایبەتەكانی.

سەباح جلوبەرگی عەرەبی (دشداشە) لەبەر دەكات كە بەتایبەتی لەلای بەرگدروو بۆی دروستكراوە كە پێویستی بە پێنج مەتر‌و نیو قوماش هەیە كە تێچووەكەی (95) دۆلارە، بۆ پێڵاویش بەهەمان شێوە، چونكە لە بازاڕدا قەبارەی پێی ئەوی لێ نییە كە لە هەموو قەبارەكانی دیكە گەورەترە، بەڵام ئەو پەنای بردووە بۆ دروستكردنی لە ناوخۆدا بەتێچووی (45) دۆلار.

سەباح راخەرێكی خوری بەكاردەهێنێت كە (غلیجە)ی پێدەوترێت‌و بەتایبەتی وەك دۆشەكی نووستن بۆی دروستكراوە، چونكە دۆشەكێكی دەستنكەوتووە بۆی بگونجێت، جگە لەوەش ئەو ئێستا راخەرەكەی  بەتەندروست دەزانێت، چونكە دروستكراوێكی كۆنی لادێیە‌و لەمنداڵییەوە لەسەر بەكارهێنانی راهاتووە.

هەرچەندە پێویستییەكی زۆری بە هۆكارێكی گواستنەوە (ئۆتۆمبیل) هەیە، بەڵام سەباح هیچ هۆكارێكی گواستنەوەی نەبینیوە لەگەڵ قەبارە گەورەكەیدا بگونجێت، لەبەرئەوە زۆرجار بە پێی دەڕوات سەرەڕای كێشەی قوڕی شەقامەكان كە كاریگەری لەسەر هاتووچۆكردنی بۆسەر كارەكەی هەبووە.

سەباح بە دڵتەنگی‌و سەرسوڕمانەوە بیردەكاتەوە‌و بەدوای ئەو وەڵامەدا دەگەڕێت كە لەكاتی مردنیدا چی بەسەر خێزانەكەیدا دێت، بەدەنگێكی نزمەوە دەڵێت: "ئاخۆ چۆن رێوڕەسمی بەخاكسپاردنم بەڕێوەدەبرێت؟ ئایا خێزانەكەم تابوت‌و كفنێكی گونجاو لەگەڵ باڵامدا دەدۆزنەوە؟" هەروەها دەڵێت: "بڕیارم داوە خۆم تابوتەكەم دروست بكەم، نامەوێت كاتێك دەمرم خێزانەكەم هەراسان بكەم‌و تووشی سەڕسوڕمانیان بكەم".

پێشتر گەنجێك بەناوی فەیز عیساوی لە ساڵی 2014دا رایگەیاند كە نازناوی باڵابەرزترین گەنجی جیهانی بۆ ساڵی 2014 وەرگرتووە، هەروەها وتی كتێبی گینس بۆ ژمارەی پێوانەیی دەستنیشانی كردووە بۆئەوەی ببێتە باڵابەرزترین گەنج لەجیهاندا، دوای ئەوەی درێژییەكەی گەیشتە دوو مەتر‌و (37 سم).

لەوەڵامی ئەوەشدا سەباح بە نابەدڵی‌و سارد‌و سڕییەوە دەڵێت: "عیساوی باڵابەرزترین نەبوو، كاتێك هەواڵەكەم بیست زۆر بێزاربووم، چونكە زانیارییەكە هەڵەیە‌و بێویژدانییە" ئینجا دەستیكرد بە پێكەنین‌و وتی: "دوای ئەوەی هەواڵەكەی عیساوی بڵاوبووەوە، تووشی شۆك بووم كە بینیم سەردانی كردم بۆ ماڵەكم، هەروەك ئەویش تووشی شۆك بوو كەبینی لەو باڵابەرزترم، دوای ئەوەی پێكەوە چووینە دەرەوە لەڕێگا پیاوێكی خەڵكی ناوچەكەمان بینی هاورای كرد‌و وتی: ئەوە چیە سەباح ژنت هێناوە‌و ئەمەش كوڕەكەتە؟".

سەباح لە تەلەفزیۆن سەیری هەواڵی سیاسی ناكات، بەڵام ئارەزووی یارییەكانی تۆپی پێیە كە بەمنداڵی خۆشترین یاری بووە لەلای، لەو بارەیەشەوە دەڵێت: "بەهۆی بارودۆخی سیاسیەوە وازم لە سەیركردنی تەلەفزیۆن هێناوە، تەنیا یارییەكانی تۆپی پێ نەبێت، بەڵام ئاگادارێكی باشی كاروباری گشتیم لەڕێی ئەكاونتە تایبەتیەكەمەوە لە فەیسبووك".

سەباح خەون بەوەوە دەبینێت دوای هاوسەرگیری لەگەڵ ژنێكی باڵابەرز خێزانێكی بچووك دروستبكات كە رەنگە ئەو ژنە لە عێراقدا نەدۆزێتەوە، لەوبارەیەشەوە دەڵێت: "دەزانم ئەو هاوسەرەی خەونی پێوەدەبینم، عێراقی نابێت بەڵكو بیانی دەبێت، چونكە لە ئینتەرنێتدا بینیومە".