لەهەموو عێراقەوە سەردانی‌ دەكەن
"گەڕاوەكەی‌ خورماڵ" بووەتە شوێنی‌ چارەسەری‌ نەخۆشی‌

کوردستان

16/03/2018‌ 1605 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
"منداڵەكەم هەموو گیانی‌ دەخوراو بووبوو بەلیر، هەرچی‌ دكتۆرم برد چارەی‌ نەبوو، ئێستا بەشكم لەم گەڕاوە چاكبێتەوە" ئەمە قسەی‌ هەردی‌ عەبدوڵڵا بوو، كە لەشاری‌ سلێمانییەوە منداڵەكەی‌ هێنابوو بۆ خورماڵ.

هەردی بۆ "نیقاش" وتی‌ "پێشتر چەند خزم‌و كەسێكمان سەردانی ئێرەیان كردووەو زۆر سودیان لێوەرگرتووە، بۆیە منیش ئومێدم هەیە منداڵەكەم چاك ببێتەوە".

لەناحیەی خورماڵ (باكوری‌ خۆرهەڵاتی‌ هەڵەبجە) ئاوێكی كانزایی سروشتی هەیە، كە پێی دەگوترێت "گەڕاوەكەی خورماڵ" ئاوێكە پلەی گەرمی بەرزترە لەئاوی ئاسایی رێژەیەك مادەی كیمیایی تێدایە، بەهۆی‌ بوونی‌ بڕێكی‌ زۆری‌ گۆگردەوە بۆنێكی‌ تایبەتی‌ هەیە كە بەهێلكەی‌ كوڵاو دەچێت.

"ئاوی گەڕاو" خەڵكی‌ لەناوچە جیاجیاكانی‌ عێراق‌و كوردستان بۆ چارەسەری‌ نەخۆشییەكانی‌ پێست سەردانی‌ دەكەن‌و زۆربەی‌ ئەوانەی‌ دەچنە ئەوێ دەڵێن نەخۆشییەكەیان بەرەو چاكبوونەوە چیووە.

سیروان محەمەد خاوەنی‌ كۆمپانیای‌ گەشتیارییەو لەناوچە جیاجیاكانی‌ عێراقەوە خەڵكی‌ بۆ ئەم گەڕاوە دەهێنێت، ئەو بە"نیقاش"ی‌ وت "ئەمرۆ ژمارەیەك گەشتیارم لەبەسرەوە هێناوە، زۆرێك لەخەڵكی‌ ناوچە جیاجیاكانی‌ عێراق داوای‌ سەردانی‌ ئەم گەڕاوە دەكەن".

سیروان وتیشی "دوانزە ساڵە ئەم كارە دەكەم، هەرچی‌ كەسم هێناوە دواتر وتویانە نەخۆشییەكانی‌ پێستیان چاكبووەتەوە، خۆم‌و كەسوكارەكەسم هەمووی‌ بۆ هاتووین".

وتیشی‌ "ئەم جێیە وای‌ لێهاتووە لەهەموو ناوچەكان بەناوبانگەو خەڵكی‌ خۆیان داوا دەكەن بۆ ئێرەیان بهێنم، زۆربەی‌ جار چەند دەبە ئاوێكیش لەگەڵ خۆیان دەبەنەوە".

ئەم ئاوە بەهۆی بونی مادە كیمیاوییەكان تام‌و رەنگ‌و بۆنی‌ جیاوازەو بۆ خواردنەوەو ئاودێری‌ بەكارنایەت، هەر بەرهەمێكی‌ كشتوكاڵیشی‌ پێ ئاو بدرێت وشك دەكات.

شەرمین نادر لەهەولێرەوە بۆ سەردانی‌ گەڕاوەكە هاتبوو، بە"نیقاش"ی‌ وت "هەموو ئەوانەی‌ پێشتر هاتوونەتە ئێرە وتویانە زۆر سودیان لێ‌ بینیوە، بۆیە ئێمەش هاتین‌و كەسوكارەكەشم پێیان وتووم چەند دەبە ئاوێكیان بۆ ببەمەوە".

وتیشی‌ "بەداخەوە ئەم شوێنە گرنگییەكی‌ باشی‌ پێنەدراوە، لەهەر جێگەیەكی‌ تر بوایە دەكرایە سەرچاوەیەكی‌ گەشتیاری‌ گرنگ".

لەساڵی‌ 1920ەوە ئەم ئاوە دۆزراوەتەوە، لەو كاتەوە تائێستا ئاو بەردەوام لەژێر شاخێكی بچوك‌و نزیك بەقەڵای مێژووی خورماڵ دێتە دەرەوە، بەڵام نە زیاد دەكات‌و نە كەم‌و لەوەرزی‌ هاوین‌و زستانیشدا پلەی‌ گەرماكەی‌ جێگیرە.

ساڵێكە حكومەتی‌ هەرێم جێی‌ تایبەتی‌ بۆ كۆبوونەوەی‌ ئاوی‌ گەڕاوەكە دروستكردووە كە سێ‌ حەوزی‌ جیاوازە، دوانی‌ داخراو بۆ ژنان‌و پیاوان‌و دانەیەكی‌ سەربەتاڵیش.

عەلی ئەحمەد سەرپەرشتیاری ئاوی گەڕاوی خورماڵ بۆ "نیقاش" وتی "ئاوەكە لەسێ شوێنەوە هەڵدەقوڵێت كە تەنیا چەند مەترێكی كەم دوورن لەیەكتریەوە، پێشتر زۆر سودی لێنەبینراوە لەبەر ئەوەی ژوورو سیاجی بۆ نەكرابوو، بەڵام ئێستا بەباشی‌ سوودی‌ لێ‌ دەبینێرت".

وتیشی‌ "خەڵكی‌ بەنرخێكی‌ كەم دێنە ئێرە، چونە ژوورەوە بە هەزار دینارەو هەر دەبە ئاوێكیش بە 500 دینار"

عەلی‌ باسی‌ لەوە كرد كە لەهەموو شارەكانی‌ عێراقەوە خەڵك بۆی‌ دەچن‌و وتی‌ "ئەو كەسەی‌ دێتە ئێرە دەبێت هیچ پارچەیەكی‌ ئاسن‌و زیوی‌ پێوە نەبێت، چونكە ئاوەكە ئاسن‌و زیو دەڕزێنێت، هەروەها سەرەڕای‌ بۆنە ناخۆشەكەی‌ ئەو كەسە بۆی‌ نییە تا 24 كاتژمێر خۆی‌ بشوات، بۆ ئەوەی‌ سوود لەگەڕاوەكە ببینێ‌".

هەرچەندە هەموو ئەوانەی‌ لەوێ‌ بوون بەپەیامنێری‌ "نیقاش"یان وت لەكەسانی‌ تریان بیستووە كە ئەم گەڕاوە هەموو نەخۆشییەكانی‌ پێست چارەسەر دەكات، بەڵام پزیشكە پسپۆڕەكان رایەكی‌ تریان هەیە.

د. هەردی خەلیل پزیشكی پسپۆر لەبواری نەخۆشیەكانی پێست بۆ "نیقاش" وتی "ئاوی گەرماوی خورماڵ بەهۆی بونی گۆگرد تێیدا چارەسەری هەندێ نەخۆشی پێست دەكات وەك گەرۆڵی‌و زیپكە‌و قلیشانی پێست‌و لیر‌و خورانی پێست".

وتیشی‌ "كێشەكە ئەوەیە هەندێ كەس هەر نەخۆشیكی پێستی هەبێت راستەوخۆ پەنا دەباتە بەرئەو ئاوانە، ئەمەش كارێكی‌ هەڵەیە، چونكە بۆ هەندێ‌ نەخۆشی‌ خراپە، بۆ نموونە لەكاتی‌ سوتانی‌ پێست هەركەسێك ئەو ئاوە بەكار بهێنێت، خراپتر دەبێت باشتر نابێت".

ئەو دكتۆرە باسی‌ لەوەش كرد "راستە ئەو ئاوە كاریگەری‌ خۆی‌ هەیە، بەڵام مەحاڵە بەجارێك بەكارهێنان نەخۆشەكە چارەسەر بكات".