بێمتمانەیی‌ باڵی‌ كێشاوە
لەكوردستان حكومەت‌و هاووڵاتیان قەرزی‌ یەكتر نادەنەوە

کوردستان

16/03/2018‌ 1859 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
هەریەك لەحكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان‌و هاوڵاتیانی‌ قەرزداری‌ یەكترن بێ ئەوەی‌ چارەنوسی‌ دانەوەیان بەیەكتری‌ دیاربێت، پێناچێت بودجەی‌ ئەمساڵی‌ عێراقیش ئەو كێشەیەیان بۆ چارەسەر بكات.

ناڕەزایی مامۆستایانی‌ هەرێم لەسەر پاشەكەوتی‌ موچە لەماوەی‌ ئەمساڵدا چەندینجار دەرگای‌ بەشێك لەخوێندنگەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستانی‌ داخست‌و بایكۆتی‌ پرۆسەی‌ خوێندنی‌ لێكەوتەوە كە پێشتریش فەرمانبەرانی‌ تری‌ هەرێم هەمان هەڵوێستیان نواندبوو.

بەهۆی‌ قەیرانی‌ دارایییەوە لەساڵی‌ 2016ەوە حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان بڕیاری‌ پاشەكەوتی‌ موچەی‌ فەرمانبەرانیدا بەوەی‌ مانگانە بەشێك لەموچەكانیان پێدەدات‌و ئەوی‌ تری‌ بەناوی‌ پاشەكەوتەوە رادەگیرێت وەك قەزر لەسەر حكومەت، بەبێ ئەوەی‌ هیچ هەژمارێكی‌ بانكی‌ یان گەرەنتیەكی‌ رەسمی‌ هەبێت ئاماژە بەدانەوەی‌ ئەو پاشەكەوتە بدات.  

عەلی حەمە ساڵح جێگری‌ سەرۆكی‌ لیژنەی‌ دارایی‌ لەپەرلەمانی‌ كوردستان بە"نیقاش"ی‌ وت "حكومەتی‌ هەرێم نزیكەی‌ 7 ملیار دۆلاری‌ فەرمانبەران‌و 10ملیار دۆلاری‌ وەبەرهێنەران قەرزدارەو هیچ میكانیزمێكی‌ نییە بۆ دانەوەی‌ قەرزەكانی‌، ناشزانرێت ئەو قەرزانەی‌ كە لەكۆمپانیاكان كردوویەتی‌ لەچیدا سەرفیكردووە".

قەرزداری‌ حكومەت ئاستی‌ فەرمانبەرانی‌ تێپەڕاندووەو پارەی‌ بەشێك لەوەبەرهێنەرانیش قەرزدارە كە پێشتر پڕۆژەی‌ جیاوازیان ئەنجامداوەو پارەیان وەرنەگرتووە‌و بەهۆیەوە بەشێكیش لەپڕۆژەكان راگیراون.

لەبەرانبەردا بەشێك لەكۆمپانیاكانیش قەرزداری‌ حكومەتن، تائێستا بەشێكی‌ كەم لەپارەكەیان گەڕاندووەتەوە، سەرەڕای‌ ئەوەی‌ حكومەتی‌ هەرێم رێوشوێنی‌ بۆ گەڕاندنەوەیان داناوە.

جێگری‌ سەرۆكی‌ لیژنەی‌ دارایی‌ لەپەرلەمانی‌ كوردستان دەڵێت "پێش دروستبوونی‌ قەیرانی‌ دارایی‌ هەرێم، حكومەتی هەرێم  بڕی‌ 800 ملیار دیناری‌ دابوو بەوەبەرهێنەران لەو ژمارەیەش زیاتر لە 130 ملیار دیناریان  بۆحكومەتی‌ هەرێم گەڕاندوەتەوە، بەڵام تائێستا حكومەت ئەو قەرزانەی‌ خۆی‌ نەداوەتەوە بەوەربەرهێنەران".

لەمانگی‌ شوباتی‌ ساڵی‌ 2016 حكومەت داوای‌ لەوەبەرهێنەران كرد لەماوەی‌ شەش مانگدا قەرزەكانیانی‌ بۆ بگەڕێننەوە، بەڵام دانەوەی‌ ئەو قەرزانە لەسەر داواكاری‌‌و فشاری‌ وەبەرهێنەران‌و بازرگانان راگیرا .

یاسین مەحمود وتەبێژی‌ یەكێتی‌ وەبەرهێنەرانی‌ كوردستان بە"نیقاش"ی‌ وت "پێشتر بەشێكی‌ ئەو قەرزانە لەلایەن وەبەرهێنەران‌و حكومەتەوە دراونەتەوە، لەماوەی‌ رابردوودا نزیكەی‌ لە30% كێشەی‌ قەرزەكان لەنێوان هەردوولادا چارەسەر بووە، بەڵام هێشتا حكومەت‌و وەبەرهێنەران قەرزیان لای یەكترە".

یاسین مەحمود دەشڵێت "هەوڵێكی‌ نوێ لەئەنجومەنی‌ وەزیرانی‌ هەرێم‌و وەزارەتی‌ دارایی هەیە بۆ ئەوەی‌ هەردوولا قەرزی‌ یەكتر بدەنەوە، بڕیارە لەئایندەیەكی‌ نزیكدا رێنمایی‌ بۆ ئەو بڕیارە دەربچێت" بێئەوەی‌ وردەكارییەكەی‌ ئاشكرا بكات.

بەتەنیا حكومەت هەرێمی‌ كوردستان قەرزار نییە، بەڵكو هاوڵاتیانیش بەشێك پارەی‌ حكومەت قەرزارن، بەپێی‌ ئامارەكانی‌ لیژنەی‌ دارایی بەسێ ملیار دینار دەخەمڵێنرێت كە بریتین لە پارەی‌  كارەباو  ئاوو قەرزی‌ پێشینەی‌ هاوسەرگیری‌.

لەمانگی‌ تشرینی‌ دووەمی‌ ساڵی‌ رابردوودا حكومەتی‌ هەرێم لەبەشێك لەقەرزەكانی‌ سەر هاوڵاتیانی‌ خۆش بوو، بەوەی‌ بڕیاریدا سەرجەم ئەو قەرزانەی‌ وەك قەرزی‌ (هاوسەرگیری، خانووبەرە، سندوقی نیشتەجێبوون)  لەچەندین ساڵی‌ رابردوودا لەحكومەت وەریانگرتووە، لای‌ قوربانیانی‌ شەڕی‌ دژ بەداعش هەیەتی‌ وەرنەگرێتەوەو لێیان خۆش بێت،  بەڵام ئەو لێبوردەییەی‌ حكومەت بەشێكی‌ كەم لەقەرزەكانی‌ دەگرێتەوە كە لەلای‌ هاوڵاتیانە.

سەفین دزەیی‌ وتەبێژی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان بە"نیقاش"ی‌ راگەیاند "ئەو قەرزانەی‌ لای‌ خەڵكن مانگانە دەدرێنەوە، ئەوانەی‌ لای‌ كۆمپانیاكانیشن هەندێكیان دراونەتەوەو هەندێكیان ماون‌و مانگانە گۆڕانكاری‌ لەژمارەی‌ قەرزەكاندا روو دەدات".

دانەوەی‌ قەرزی‌ هاوڵاتیانیش لەلایەن حكومەتەوە چاوەڕوانی‌ داهاتە كە لەدوای‌ ساڵی‌ 2014 ەوە بەرەو كەمبوونەوە چووە بەهۆی‌ قەیرانی‌ دارایی‌و بڕینی‌ بەشە بودجەی‌ هەرێم لەبەغداوە.

سەفین دزەیی‌ دەڵێت"هەر كاتێك داهاتی‌ حكومەت زیاد بوو ئەو قەرزانە دەدرێنەوە".

سەرەتای‌ مانگی‌ ئازار پەرلەمانی‌ عێراق پڕۆژە یاسای‌ بودجەی‌ ساڵی‌ 2018ی‌ پەسەند كرد سەرەڕای‌ ناڕەزایی نوێنەرانی‌ كورد لەو پەرلەمانە كە بۆ یەكەمجار لەدوای‌ ساڵی‌  2003 پشكی‌ هەرێم لەو بودجەیە لە 17% ەوە كەمكرایەوە بۆ 12%، هەرچەندە سەرەككۆمار یاساكەی‌ قبوڵ نەكردو گێڕایەوە بۆ پەرلەمان.

لەئێستادا هاوڵاتیان‌و حكومەتیش چاویان لەو پارەیە كە لەبەغداوە بێت بۆ هەرێم بۆ ئەوەی‌ قەرزی‌ یەكتری‌ لێبدەنەوە، بەڵام كەم بوونەوەی‌ رێژەكەی‌ پێناچێت ئەو كێشەیە چارەسەر بكات لەنێوانیاندا بەوپێیەی‌ پێشتر چەند جارێك بەرپرسانی‌ هەرێم هۆشداری‌ ئەوەیان داوە كە كەمكردنەوەی‌ بەشە بودجەی‌ هەرێم لەلایەن بەغداوە بۆ 14% بەشیان ناكات.

خالید حەیدەر مامۆستا لەكۆلێژی‌ ئابوری‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌ بە"نیقاش"ی‌ وت "بەو پێیەی‌ حكومەت دەسەڵاتی‌ جێبەجێكردنەو دەتوانێت یاساو رێنمایی دەربكات دەشتوانێت قەرزەكانی‌ لەخەڵك وەربگرێتەوە، بەڵام بۆ دانەوەی‌ قەرزەكانی‌ هاوڵاتیان حكومەتیش ناچارە قەرزەكانی‌ بداتەوە، ئەگەر حكومەت پارەكانی‌ نەداوەتە بە هاوڵاتیان ئەوا بێمتمانەیی‌ دروست دەبێت‌و مەترسی‌ بۆسەر داهاتووی‌ ئابوری‌ هەرێمیش دروست دەبێت".

خالید حەیدەر دەشڵێت "حكومەتی‌ هەرێم چاوەڕێی‌ ناردنی‌ بودجە دەكات لەبەغداوە بۆ پێدانی‌ مووچەی‌ هاوڵاتیان نەك دانەوەی‌ قەرزەكان".

لەماوەی‌ چوار ساڵی‌ رابردوودا هەموو هەوڵەكان بۆ سوڵحی‌ كێشەی قەرزی‌ نێوان حكومەت‌و هاوڵاتیان بێ ئەنجامبوون كە دیارترینیان پێشنیاری‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگاكان بوو لەمانگی‌ تشرینی‌ دووەمی‌ ساڵی‌ رابردوودا بۆ دانەوەی‌ قەرزەكانی‌ حكومەت لەلایەن فەرمانبەرانەوە لەپاشەكەوتی‌ موچە، لەوانە پارەی‌ ئاوو كارەباو سزای‌ هاتوچۆو چەند قەرزێكی‌ تر.

خانزاد یونس ئەندامی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ هەولێر بە"نیقاش"ی‌ وت"ئێمە دووجار ئەو پڕۆژەیەمان پێشكەشی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران كرد، بەڵام رەتیكردەوە بەبیانوی‌ ئەوەی‌ لەم دۆخەی‌ ئێستای‌ هەرێمدا ناتوانرێت پڕۆژەكە جێبەجێ بكرێت، لەپڕۆژەكەدا هەموو رێوشێونێكمان دانابوو كە حكومەت‌و هاوڵاتیان دەیانتوانی‌ قەرزی‌ یەكتر بدەنەوە".

بەوتەی‌ ئەو ئەندامەی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ هەولێر پاساوی‌ حكومەت بۆ رەتكردنەوەی‌ پڕۆژەكە ئەوە بووە كە جێبەجێكردنی‌ پێویستی‌ بەوردەكاری‌‌و كاتی‌  زۆر هەیەو دەبێت سەرجەم مووچەخۆرانیش ژمارەی‌ بانكیان هەبێت‌و حكومەتیش بەشی‌ قەرزەكانی‌ داهاتی‌ نییە، دەتوانێت تەنیا مووچە بدات.

تائێستا پاشەكەوتی‌ موچەی‌ فەرمانبەرانی‌ هەرێم لەهیچ هەژمارێكی‌ بانكیدا نییەو دۆسیەكانی‌ لەلای‌ وەزارەتی‌ داراییە، هەرچەندە پێشتر پێشنیاركرا پاشەكەوتی‌ موچە بخرێتە سەر هەژماری‌ بانكی‌ فەرمانبەران ئەگەرچی‌ رەمزیش بێت. 

ساڵی رابردوو حكومەتی‌ هەرێم بڕیاریدا بەدروستكردنی‌ فەرمانگەیەكی‌ نوێ بەناوی‌ "فەرمانگەی‌ قەرزكانی‌ حكومەت" بۆ رێكخستن‌و تۆماركردنی ئەو قەرزانەی‌ حكومەتی‌ هەرێم كە لەناوخۆو دەرەوە كردویەتی‌، لەگەڵ پاشەكەوتی‌ مووچەی‌ فەرمانبەران وەكو قەرز مامەڵەی‌ لەگەڵ دەكرێت، بەڵام ناشزانرێت كە دروستكردنی‌ ئەو فەرمانگەیە گەرەنتی‌ ئاڵوگۆری‌ قەرزی‌ نێوان حكومەت‌و هاوڵاتیان دەكات.

هاوار شێخ رەئوف پسپۆری بواری‌ بانكی‌، سیستەمی‌ بانكی‌ بە "گونجاوترین" رێگە دەزانێت بۆ ئەوەی‌ حكومەت قەرزەكانی‌ وەربگرێتەوەو بیداتەوەو بۆ "نیقاش" وتی‌ "گرێبەستەكانی‌ حكومەت بۆ ئەو قەرزانەی‌ لەدەرەوە كردویەتی روون نییەو نازانرێت چۆن قەرزەكانی‌ كردوەو چۆن دەیداتەوە، بەڵام قەرزەكانی‌ ناوخۆ بەشێكی‌ لەرێی‌ بانكەكانەوە وەردەگیرێتەوە لەهاوڵاتیان وەك پێشینەی‌ خانووبەرەو هاوسەرگیری‌".