شیعە‌و كورد چاویان لەكورسییەكانیانە
مەسیحییەكان بە حەوت هاوپەیمانی دەچنە هەڵبژاردنەوە

عیراق

17/03/2018‌ 931 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
مەسیحییەكان لەكەشێكی جیاوازدا بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق دەكەن، چونكە داعش بەهەزارانی‌ لێ‌ ئاوارەكردن‌و لەناوخۆدا كەرت بوون، ئێستاش هێزە گەورەكانی شیعە‌و كورد چاویان لەكورسییەكانیانە.

هەینی رابردوو رووداوی كوژرانی خێزانێكی مەسیحی سێ ئەندامی بەغدای پایتەختی هەژاند كە بریتی بوون لە گەنجێك‌و هاوسەركەی كە هەردووكیان پزیشكن لەگەڵ دایكی ژنەكە، سەرەڕای ئەوەش كە وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاندووە تاوانەكە جینائی بووە‌و بەمەبەستی دزینی پارە بووە، بەڵام رووداوەكە سەرلەنوێ رۆشنایی خستەسەر دیاردەی بەئامانجگرتنی مەسیحییەكان لە وڵاتدا.

حیزبەكان‌و كڵێساكانی مەسیحی یەكدەنگبوون لەسەر مەحكومكردنی رووداوەكە‌و داواشیان لە حكومەتی عێراق كرد رێوشوێنەكانی بگرێتەبەر بۆ راگرتنی بەئامانجگرتنی مەسیحییەكان كە لە كەشێكی سیاسی‌و ئەمنی جیاواز لەدەیەی رابردوو بەشداری لە هەڵبژاردنی ئایاری داهاتوودا دەكەن.

بەڵام پێدەچێت دیاردەی دابەشبوون لەنێو حزبەكانی شیعە‌و كورددا پەلی هاویشتبێت بۆ حزبە مەسیحییەكانیش دوای ئەوەی شكستیانهێنا لە پێكهێنانی یەك هاوپەیمانی بۆ هەڵبژاردن، بەڵكو بڕیاریان دا بچنە نێو هەشت هاوپەیمانی هەڵبژاردن بۆ ركابەریكرن لەسەر بەدەستهێنانی پێنج كورسی تەرخانكرا‌و بۆ مەسیحییەكان لەكۆی كورسییەكانی پەرلەمانی عێراق كە ژمارەیان (328) كورسییە، ئەویش بەپێی سیستمی كۆتا.

بەگوێرەی زانیارییەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژادنی عێراق "ئەنجومەنی میللی كلدانی سریانی ئاشووری"، "یەكێتی بێت نەهرەینی نیشتمانی"، "بزووتنەوەی گردبوونەوەی سریانی"، "ئیئتیلافی كلدانی"، "ئیئتیلافی رافیدەین"، "حزبی ئەبنا ئەلنەهرەین"، "بزووتنەوەی بابلیون"‌و كاندیدی سەربەخۆ فیراس گۆرگیس، ئەو هێزە مەسیحییانەن كە بەشداری لە هەڵبژاردندا دەكەن.

هەوڵە نێودەوڵەتی‌و كڵێساییە ناوخۆییەكان شكستیانهێنا لە یەكخستنی ئەو هێزانە لە یەك هاوپەیمانی هەڵبژاردندا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاڵنگارییە نوێیانەی رووبەڕووی مەسیحییەكان دەبنەوە لەدوای هێرشی "داعش" بۆسەر وڵاتەكە‌و راگواستنی هەموو مەسیحییەكانی موسڵ كە بووە هۆی ئەوەی بەهەزاران مەسیحی بەیەكجاری وڵات بەجێبهێڵن، لە كاتێكدا شارۆچكە مەسیحییەكان لە ناوچەكانی دەشتی نەینەوا بەدەست كەمبوونەوەی دانیشتووانەكەیان‌و ململانێی حزبە سیاسییەكانیان‌و تەنانەت گرووپە چەكدارەكانیشانەوە دەناڵێنن.

سەرجۆن خوشابا چالاكوانی مەدەنی مەسیحی كە نیشتەجێی دەشتی نەینەوایە بە "نیقاش"ی وت: "بەداخەوە چەندین هەوڵ بۆ یەكخستنی حزبە مەسیحییەكان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا شكستیان هێناوە، بوونی هەشت هاوپەیمانی مەسیحی جیاواز سوودی بۆ پێكهاتەی مەسیحی نابێت، بەڵام ئەم حزبانە بەرژەوەندی گشتییان فەرامۆش كردووە‌و دوای بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان كەوتوون بەمەبەستی بەدەستهێنانی زۆرترین كورسی لە پێنج كورسییەكەی پەرلەمان".

هەروەها دەڵێت: "دابەشبوونی نێوان حزبە مەسیحییەكان بۆ ئەو هێزە سیاسییە گەورانە دەگەڕێتەوە كە لە پشتیانەوەن، چونكە حزبیان هەیە نزیك لە كورد‌و هەشیانە نزیكن لە شیعە‌و سوننە".

ناكۆكی سەبارەت بە شێوازی بەرٍێوەبردنی ناوچە مەسیحییەكان‌و چۆنێتی رووبەڕووبوونەوە بەئامانجگرتنی بەردەوامی دانیشتووانەكانیان یەكێكە لە هۆكارەكانی دابەشبوون، بەڵام هۆكاری هەرە گەورە ململانێی نێوان هێزە سیاسیەكانی شیعە‌و كوردە بۆ راكێشانی مەسیحییەكان بۆ ریزەكانیان‌و سوودوەرگرتن لەو پێنج كورسییەی بۆیان  تەرخانكراوە.

بەدرێژایی دەیەی رابردوو كڵێسای مەسیحی لە وڵات پابەندی بێلایەنی بووە لەبەرامبەر هێزە مەسیحییە بەشدارەكانی پرۆسەی سیاسی‌و بەئاشكرا پشتیوانی هیچ حزبێكی نەكردووە لەسەر حسابی حزبێكی تر، بەڵام ئەمجارە كڵێسا بڕیاری دا بچێتە پاڵ یەكێك لە هاوپەیمانییەكان، لەوبارەیەشەوە لویس روفائیلی یەكەم ساكۆ پاتریاركی كلدان لە عێراق‌و جیهان كە دیارترین پیاوی ئایینی مەسیحییە لە عێراق پشتیوانی خۆی بۆ "ئیئتیلافی كلدان" دەربڕی.

ئەو بڕیارە لە نێوەندە سیاسییە مەسیحییەكاندا بە توڕەیی‌و رەخنەوە پێشوازی لێكرا‌و بە هەنگاوێكیان دانا كە رەنگە تایفەگەری لەنێو هەرسێ پێكهاتەكەی كۆمەڵگەی مەسیحی لەعێراق سریان‌و ئاشوور‌و كلدان بچێنێت، پێكهێنانی "هاوپەیمانی كلدان"یش ئەوەندەی تر ئاستەنگەكانی نێوان پێكهاتە مەسیحییەكانی زیاتر كرد، بەڵام دیارترین ناكۆكی بریتیە لەو ململانێ شاراوەیەی لەنێوان هێزە شیعی‌و كوردییەكاندا لەئارادایە لەسەر كورسی مەسیحییەكان.

"ئیئتیلافی رافیدەین" بە سەركردایەتی سیاسەتمەداری مەسیحی بە ئەزموون یونادم كنا كە یەكێك بوو لە ئەندامانی ئەنجومەنی كاتیی حوكم لەدوای داگیركردنی عێراق لەلایەن ئەمریكاوە لە ساڵی 2003 بەدرێژایی دەیەی رابردوو لە حزبە شیعەكانەوە نزیك بوو.

ئەم ئیئتیلافە كە  ئەمڕۆ لە "بزووتنەوەی دیموكراسی ئاشووری"‌و "حزبی نیشتمانی ئاشووری" پێكهاتووە، پێی وایە هاوپەیمانی بەستن لەگەڵ بەهێزترین لایەن لە وڵاتدا باشتر بەرژەوەندی پێكهاتەی مەسیحی دەهێنێتەدی لەوەی لەدەرەوەی هاوپەیمانییەكان بمێننەوە، چونكە تێپەڕاندنی یاسا گرنگەكان بۆ مەسیحییەكان پێویستی بە هاوپەیمانییەكی سیاسی گەورە هەیە.

لەلایەكی ترەوە هاوپەیمانی "ئەنجومەنی میللی كلدانی سریانی ئاشووری" بەوە ناسراوە كە لە هەرێمی كوردستانەوە نزیكە‌و پشتیوانی هەڵوێست‌و سیاسەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات‌و پەیوەندی باشی لەگەڵ "پارتی دیموكراتی كوردستان"یش هەیە.

لە حوزەیرانی ساڵی 2017دا چەند هێزێكی مەسیحی بە پشتیوانی چەند دەوڵەتێكی ئەوروپا كۆنگرەیەكیان بۆ تاووتوێكردنی ئایندەی مەسیحییەكانی عێراق لەدوای قۆناغی "داعش" بەست، بەڵام لە دوا ساتدا هێزە مەسیحییەكان لەوبارەیەوە دابەشبوون، "ئیئتیلافی رافیدەین"‌و كڵێسای سریانی بە سەركردایەتی لویس ساكۆ لێی كشانەوە دوای ئەوەی زانیان كە راگەیەندراوی كۆتایی كۆنگرەكە داوای پێكهێنانی هەرێمێكی مەسیحی دەكات لە ناوچەكانی دەشتی نەینەوا.

هاوپەیمانی "ئەنجومەنی میللی كلدانی سریانی ئاشووری"یش كە هەریەك لە "ئەنجومەنی نەتەوەیی كلدانی"‌و "بزووتنەوەی گردبوونەوەی سریان"‌و "سەكۆی نەتەوەیی كلدانی"‌و "حزبی دیموكراتی بێت نەهرەین"‌و "یەكێتی بێت نەهرەینی نیشتمانی" لەخۆدەگرێت، ئامادەی كۆنگرەكە بوو، دوای سێ رۆژیش لە بەستنی كۆنگرەكە هەرێمی كوردستان ریفراندۆمی سەربەخۆیی بەڕێوەبرد‌و ئەو حزبە مەسیحییانەش پشتیوانییان بۆ راگەیاند.

یەعقوب گۆرگیس ئەندامی "بزووتنەوەی دیموكراتی ئاشووری" بە "نیقاش"ی وت: "نەخشەی هاوپەیمانییە مەسیحییەكان بۆ هەڵبژاردن رەنگدانەوەی ئەو واقیعەیە كە مەسیحییەكان تێیدا دەژین كە بەدەست كۆچ‌و تایفەگەری‌و نەگەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ موسڵ‌و دەشتی نەینەوا‌و ململانێی نێوان هێزە سەربازییەكانی سەر بە حكومەتی فیدراڵی‌و هەرێمی كوردستان لەو ناوچانە، دەناڵێنن".

وتیشی: "دوو رووداو جیاوازی سیاسی نێوان هێزە مەسیحییەكانیان لاوازكرد، یەكەمیان كۆنگرەی برۆكسێل بوو كە چەند هێزێكی مەسیحی گرنگ بایكۆتیان كرد، ئەوی دیكەش هەڵوێست بوو لەبەرامبەر ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان كە ئەویش دابەشبوونی نێوان حزبە مەسیحییەكانی بەخۆوە بینی".

ئەو پێنج كورسییەی لە پەرلەمان بۆ مەسیحییەكان تەرخانكراوە ئەمڕۆ دابەشبووە بەسەر "ئیئتیلافی رافیدەین" دوو كورسی لە بەغدا‌و كەركوك‌و "ئەنجومەنی میللی كلدانی سریانی ئاشووری" كە ئەویش دوو كورسی لە نەینەوا‌و دهۆك هەیە، لەگەڵ "لیستی وەركا" كە یەك كورسی لە هەولێر بەدەستهێناوە.

خولی ئێستای پەرلەمان كە بەرەو كۆتایی دەچێت چەند ململانێیەكی لەنێوان پەرلەمانتارە مەسیحییەكاندا بەخۆوە بینی، لە تشرینی یەكەمی رابردووشدا پاتریارك لویس ساكۆ داوای هەڵگرتنی پارێزبەندی كرد لەسەر پەرلەمانتار جۆزێف سڵێوە ئەندامی "لیستی وەركا"‌و بەوە تۆمەتباری كرد كە تۆمەت‌و رەخنەی ناڕەوای ئاڕاستەی كڵێسا‌و پەرلەمانتارە مەسیحییەكان كردووە، هاوكات جۆزێف سڵێوە سەرۆكایەتی پەرلەمانی بەوە تۆمەتبار كرد كە لایەنگیری "ئیئتیلافی رافیدەین"ی كردووە وەك نوێنەری مەسیحییەكان‌و حزبە مەسیحییەكانی دیكەی فەرامۆش كردووە.

لە هەمانكاتیشدا پاتریارك لویس ساكۆ ناو بەناو رەخنەی ناڕاستەوخۆ ئاڕاستەی "ئیئتیلافی رافیدەین" دەكات لەبەرئەوەی لە دە ساڵی رابردوودا لە ئاست خواستی نوێنەرایەتیكردنی مەسیحییەكان لە پرۆسەی سیاسیدا نەبووە، هەر ئەوەش بووە هۆكاری ئەوەی دواجار ساكۆ پشتگیری هاوپەیمانییەكی هەڵبژاردن بكات.

ئەو فەوزا سیاسی‌و هەرەسهێنانە ئەمنییەی عێراق لەدوای ساڵی 2014وە بەخۆوەی دەبینێت مەسیحییەكانی ناچار كرد بەشداری لە دیاردەی پێكهێنانی میلیشیای چەكدار بكەن كە وڵاتی گرتبووەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی توندڕەوان، بۆ یەكەمجاریش لە مێژووی هاوچەرخی وڵاتدا مەسیحییەكان بوونە خاوەنی هێزی چەكداری تایبەت بەخۆیان كە بەناچاری پەنایان بۆبرد بەمەستی پارێزگاریكردن لە شار‌و ناوچەكانیان لە دوای هەرەسهێنانی هێزە رەسمییەكانی سەر بە غدا‌و هەولێر.

بزووتنەوەی "بابلیون" یەكێكە لەو هێزە چەكدارانە‌و ریان كلدانی لە بەغداوە فەرماندەیی دەكات‌و جەنگاوەرانیشی لە مەسیحییەكانن، ئەم گرووپە چەكدارە بە پشتیوانی گرووپە شیعەكانی نزیك لە ئێران پێكهێنرا بۆ ركابەریكردنی هێزە مەسیحییەكانی نزیك لە كورد لە ناوچەكانی دەشتی نەینەوا.

لەبەرامبەریشدا "یەكینەكانی پاراستنی دەشتی نەینەوا" هەیە كە نزیكە لە "ئیئتیلافی رافیدەین" بە سەرۆكایەتی یونادم كنا، بەڵام دژایەتی بزووتنەوەی "بابلیون" دەكات‌و زیاتر لە جارێك پەیوەندی نێوان هەردوو گرووپەكە گەیشتووەتە پێكدادانی چەكداری كە دیارترینیان لە تەمموزی ساڵی رابردوودا بوو كاتێك هێزەكانی "بابلیون" هەڵیانكوتایە سەر شارۆچكەی حەمدانییە‌و لە وەڵامیشدا "یەكینەكانی پاراستنی دەشتی نەینەوا" تەقەیان لێكردن‌و ژمارەیەكیان لێ دەستگیركردن.