هەوڵێكی‌ بێ‌ پشت‌و پەنا.. سینەماكارانی‌ بەسرە لەجێگای‌ هۆڵ پەنا بۆ تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەبەن

عیراق

17/03/2018‌ 613 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
ژمارەیەك سینەماكاری‌ بەسرە بەهۆی‌ نەبوونی‌ هۆڵ‌و پاڵپشتییەوە، بەتوانایەكی‌ كەمەوە كورتە فیلم بەرهەمدەهێنن‌و لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوی‌ دەكەنەوە.

رەعد ئەبو ئەشتەر ئەكتەر‌و سناریست باس لەو ئاستەنگانە دەكات كە رووبەڕوویان دەبنەوە‌و دەڵێت: "ئاستەنگی بەرهەمهێنان، واتە بوونی لایەنی سپۆنسەركەر، كاریگەری نەرێنی بەسەر خواستی سینەماكارانی بەسرەوە بەجێهێشتووە، لەبەرئەوە زۆربەمان روویان كردووەتە دەستپێشخەرییە كەسییەكان بۆ بەرهەمهێنانی كاری سینەمایی كورت‌و نمایشكردنی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان تا راستەوخۆ بگاتە بینەران، پاڵنەرەكەشمان لەوەدا ئارەزووی بەردەوامبوونمانە لەسەر كار‌و گەیاندنی پەیامێكە بۆ خەڵكیش".

ئەو بە "نیقاش"ی وت:" لەگەڵ كۆمەڵێك هونەرمەند كارمان كردووە بۆ بەرهەمهێنانی چەند فیلمێك وەكو (عەلی بابا)‌و (ئامانج)‌و (ئەو)‌و (بردنەوەی سوور) هەروەها (ئاسمانی ترس)‌و چەند كارێكی دیكە. ئێستاش بەرەو یانەی سینەمای بەسرە دەچین بۆ پێشكەشكردنی كارێك بەناونیشانی: جومگەكانی بینین، كە تێیدا رەخنە لە حاڵە نەرێنییەكانی ناو كۆمەڵگەی عێراقی دەگرین".

ئەبو ئەشتەر كە هەندێك لە كارەكانی خەڵاتی ناوخۆیی‌و عەرەبییان بردووەتەوە، باس لەوە دەكات كە رووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە لە نمایشكردنی فیلمەكانیان لە هۆڵەكانی سینەمادا كە بەم دواییانە هەندێكیان دابینكراون،  روونیشیدەكاتەوە "بەم دواییانە لەگەڵ خانەیەكی نمایشكردن لە كۆمەڵگەی بازرگانی (تایم سكوێر) رێككەوتین بۆ نمایشكردنی فیلمی (بردنەوەی سوور) ئەویش دوای رێككەوتن لەسەر زیادكردنی ماوەی فیلمەكە كە ئەوەشمان ئەنجام دا، بەڵام بەداخەوە نمایشكردنی فیلمەكە رەتكرایەوە".

ئەو سینەماكارانەی روویانكردووەتە بڵاوكردنەوەی كارەكانیان لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان رووبەڕووی سەختی دەبنەوە لە نمایشكردنی هەموو فیلمەكانیاندا. بۆیە جگە لەو كورتە فیلمانەی ماوەكەیان لە (5) تێپەڕ ناكات، زۆربەیان لەوە دەترسن نمایشكردن لە فەیسبووك ببێتە هۆی "سووتان"ی ئەو فیلمانەیان كە ئومێدەوارن لە فێستیڤال‌و پێشبڕكێ سینەماییەكاندا بەشدارییان پێ بكەن.

بەسرە بە یەكێك لە یەكەمین ئەو شارە عەربییانە دادەنرێت كە لە سەرەتای سەدەی رابردووەوە هۆڵی نمایشی سینەمایی‌و شانۆی تێدا كراوەتەوە، بەڵام لە نەوەدەكاندا لەكاتی گەمارۆی نێودەوڵەتی لەسەر عێراق پەكیان كەوت‌و ئەوانەش كەمابوونەوە لەلایەن توندڕەوانەوە تەقێندرانەوە‌و دواتر بوونە ناوەندی بازرگانی. لە سەرەتای ساڵی رابردووشدا شارەكە كردنەوەی پێنج هۆڵی سینەمای لە كۆمەڵگەی بازرگانی (تایم سكوێر) بەخۆوە بینی كە (700) كورسی لەخۆدەگرن‌و ئامێری هاوچەرخیان تێدایە كە بە سیستمی  3D كاردەكەن.

رەحیم خەڵەفی ئەكتەر باس لەوە دەكات كە لە ساڵی 1983وە خەریكی نواندنە‌و عاشقی كارەكەیەتی لەبەرئەوە پشت بە دەستپێشخەری‌و سپۆنسەركردنی بەكۆمەڵ دەبەستێت لەلایەن عاشقانی هونەری سینەماوە بۆ بەرهەمهێنانی كارێكی دیاریكراو، هەروەها ماڵەكەشی لە وێنەگرتنی چەند فیلمێكدا بەكارهێناوە‌و كەسانێكیش هەن رێگەیان پێدەدەن شوێنی كارەكەیان یان ئۆتۆمبیلەكانیان بۆ بە ئەنجامگەیاندنی كاری هونەری بەكاربهێنن.

ئەو بە "نیقاش"ی وت: "لە ئێستادا كارەكانمان لە یوتیوب یاخود پەیجەكانی فەیسبووك بڵاودەكەینەوە‌و وەڵامدانەوەیەكی هاندەرانەشمان لەلایەن بینەرانەوە بەدیكردووە كە وامان لێدەكات بەردەوام بین. لەو چوارچێوەیەشدا چەند كورتە فیلمێكمان نمایشكردووە وەكو (هەرەج وەمەرەج)‌و (غایب ئەبو لمەشاكیل)‌و چەند فیلمێكی دیكە. ئەم ئەزموونە دەرفەتێكی بۆ توانا گەنجەكان رەخساندووە تا كارەكانیان پێشكەش بە جەماوەر بكەن‌و ببێتە سەكۆی ناساندنی ئەو هونەرمەندانەی ئەزموونی نوێیان هەیە‌و سەرنجی رێكخەرانی فێستیڤاڵەكان بۆ خۆیان رابكێشن".

بەڵام نمایشكردن لە فەیسبووك‌و سەكۆی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكانی دیكە جێگرەوەیەكی راستەقینە پێشكەش بە بەرهەمهێنەرانی سینەما ناكات، لەو بارەیەشەوە فائیز كەنعان دەرهێنەری سینەمایی دەڵێت: "ئەو كارە سینەماییانەی بۆ هۆڵەكانی نمایشكردنی گشتی گونجاون تەنیا ئەو فیلمە پرۆفیشناڵانەن كە پیشەسازی سینەمایان لەسەر راوەستاوە".

هەروەها بۆ "نیقاش"ی روونكردەوە: "دروستكردنی فیلمی سینەمایی پیشەسازییەكی تەواوە‌و پێویستی بە دەستوەردانی دەوڵەت هەیە بۆ پشتیوانیكردنی، ئەمەش لە ئێستادا لەلای ئێمە بەردەست نییە، لەبەرئەوە كارە سینەماییەكان لەسەر ئاستی رووناكی‌و وێنەگرتن‌و دەنگ‌و نواندن‌و ئەدا سادە‌و ساكارن، بۆ نموونە لە هەموو بەسرەدا بەڕێوەبەرێكی وێنەگرتن یان بەڕێوەبەرێكی رووناكی یاخود بەڕێوەبەرێكی پرۆفیشناڵی دەنگی تێدا نییە، ئێمە پێویستمان بە دروستكردنی كارگەیە تا پسپۆری جیاجیامان بۆ بەرهەم بهێنن، چونكە كەس ناتوانێت فیلمێكی راستەقینە بەرهەمبهێنێت ئەگەر تیمێكی تەواوی نەبێت".

سەبارەت بە ئاستی بەشداریكردنی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكانیش لە هێنانەئارای ئەزموونێكی سینەماییدا، دەڵێت: "ئەم ئەزموونە بچووكانە فیلمێك نایەننەدی كە شیاوبێت بۆ هۆڵەكانی نمایشكردن، كە فیلمێكی پرۆفیشناڵی درێژ بێت پێوانەی چۆنایەتی تێپەڕێنێت‌و تایبەتمەندی ئەندازەیی‌و وێنە‌و دەنگی دروستكراوی هەبێت، لەبەرئەوە ئەو كارانەی لە سۆشیال میدیادا نمایش دەكرێن شیاوی نمایشكردنی راستەقینە نین، چونكە كەموكوڕیان هەیە لە جۆر‌و روونی وێنە‌و ماوەكەشیان كورتە، چونكە خێرایی داونلۆدكردن‌و پیشاندانی لەسەر شاشەی مۆبایل یاخود لاپتۆت وادەخوازێت. بەرهەمهێنانی فیلمێكی سینەمایی (90) دەقیقەیی پێویستی بە بودجەی زیاتر لە (100) ملیۆن دۆلارە‌و چارەكی ئەو بودجەیەش لە عێراقدا بەردەست نییە، چونكە سینەمای ئەمڕۆی عێراق لە دەرەوەی چوارچێوەی پیشەسازی سینەمای پرۆفیشناڵی جیهاندایە".

سینەمای عێراق كە لە قۆناغەكانی رابردوودا پشتی بە پشتیوانی دارایی دەوڵەت دەبەست بۆ مەبەستی سیاسی‌و بانگەشەكردن، لەگەڵ سەرهەڵدانی هەندێك هەوڵی كەمی تاكەكە كەسیدا، لە ئێستادا راوەستاوە. 

فەتحی شەداد نەقیبی هونەرمەندان لە بەسرە رەشبینانە وەسفی هونەری سینەما لە بەسرە‌و عێراق بەگشتی دەكات كە "لە ئێستادا لەژێر سفردایە"‌و پاساو بۆ ئەوەش دەهێنێتەوە‌و دەڵێت: " هونەر بەگشتی خراپبووە، هونەری سینەماش لە هەموو هونەرەكان زیاتر دەكەوێتە ژێر كاریگەری هەلومەرج‌و سەقامگیری كۆمەڵگە‌و بۆچوونی دەوڵەت‌و كەرتی تایبەتەوە، چونكە پیشەسازییەكی قازانج ویستە. ئێمە پێویستمان بە ژێرخانە لە هۆڵی نمایش‌و ستۆدیۆی بەرهەمهێنان‌و شارەزایی‌و پشتیوانی دارایی، خەڵك سینەمایان لەبیرچووەتەوە، بەتایبەتی نەوەی نوێ".

لەبارەی هەوڵەكانیش بۆ دروستكردنی ئومێد، ئەو بە "نیقاش"ی وت: "سەرەڕای هەلومەرجە نائاساییەكە‌و پشتیوانینەكردنمان لەلایەن دەوڵەتەوە، كار بۆ گۆڕینی واقیعی هونەر لە بەسرە دەكەین لەڕێگای سازكردنی فێستیڤاڵی سینەمایی وەك فێستڤاڵی ساڵانەی "قومرە"ی سینەمایی كە لەمانگی نیسانی داهاتوودا بەسرە میوانداری دەكات، هەروەها چەندین چالاكی دیكە. هەوڵدەدەین دەرفەتێك بۆ توێژی گەنجانی بەهرەمەند بڕەخسێنین كە هەندێك لە كارەكانیان سەركەوتنیان لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەكاندا بەدەستهێناوە‌و هەندێكیشیان خەڵاتی دەرهێنان‌و وێنەگرتن‌و مۆزیكیان بردووەتەوە، ئەوانەش هەنگاوی تاكەكەسی هیوابەخشن‌و بەها جوانەكان پتەوتر دەكەن دوور لەو بەرهەمانەی هەندێك لە تازەپێداكەوتوو لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان نمایشیان دەكەن".

سەركەوتنی ئەزموونی مۆڵی تایم سكوێر لەڕێی كردنەوەی پێنج هۆڵی هاوچەرخەوە رەنگە وا لە پارەدارەكان بكات وەبەرهێنان لە كەرتی بەرهەمهێنانی سینەمادا بكەن، غەیس مەجید خوێندكاری كۆلیجی هونەرە جوانەكان هیواخوازە هۆشیاری سەبارەت بە رۆڵی هونەری سینەما لە كۆمەڵگەدا گەشە بكات‌و لەوبارەیەشەوە بە "نیقاش"ی وت: "هیوادارم لە كاتی دەرچوونم لە زانكۆ ببینم یەكێك بایەخ بە بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی دەدات، چونكە بەسرە خاوەنی چەندین توانای گەنجانەیە كە پێویستیان بە پشتیگری‌و شارەزاییە، هەروەك شارەكەش دەوڵەمەندە بە مێژووە سیاسی‌و رۆشنبیری‌و كۆمەڵایەتییەكەی‌و خاكێكی بەپیتی بەرهەمهێنانی فیلمی سینەماییە‌و بینەری عێراقیش خواستێكی راستەقینەی هەیە بۆ بینینی ئەو كارە ناوخۆییانەی زۆر دەمێكە چاوەڕێیان دەكەن".