باجی هەڵاتنیان وەردەگرن.. حكومەت لەپۆلیسە دەركراوەكان خۆش دەبێت‌و خەڵكیش رازینین

عیراق

17/03/2018‌ 1214 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
فەرماندەیی پۆلیسی ئەنبار بەنیازی گێڕانەوەی شەش هەزار پۆلیسە، كە چوار ساڵ لەمەوبەر لەسەر كار دەركراون بەهۆی هەڵاتنیان لەرووبەڕووبوونەوەی داعش، بەڵام دانیشتووانی ناوچەكە رازی‌ نین.

لەریزبەندی پارێزگاریكردن لە دەستكەوتە ئەمنییەكاندا هەست‌و سۆزی مرۆڤ لە پلەكانی كۆتاییدایە، ئەمەش مەبەستی را‌وبۆچوونی دانیشتووانی ناوچەكەیە كە بەتوندی گەڕانەوەی ئەو هێزە ئەمنییانە رەتدەكەنەوە كە مەیدانی جەنگیان بۆ داعش بەجێهێشت، ناشكرێت ئەوانەی شەڕیان كرد‌و بەرگریان لە پارێزگاكە كرد لەگەڵ ئەوانەدا یەكسان بن كە هەڵاتن یاخود لە ئەرك دواكەوتن لەبەر هەر هەلومەرجێك بێت تەنانەت ئەگەر هەلومەرجێكی مرۆییش ناچاری كردبن.

دوای ئازادكردنی تەواوی شارەكانی پارێزگای ئەنبار (110 كم لە خۆرئاوای بەغدای پایتەخت) لە دەستی گرووپە چەكدارەكان، دەنگی داواكاری بەرزبووەوە بۆ گەڕانەوەی ژمارەیەكی زۆر لە كارمەندانی پۆلیسی عێراق كە مووچەكانیان بڕابوو بەهۆی پەیوەندینەكردنیان بەو هێزە ئەمنییانەی لە بارەگای جێگرەوەدا خۆیان رێكخستبووەوە بۆ ئامادەكاریی بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش كە زۆرینەی شارەكانی پارێزگاكەی كۆنترۆڵ كردبوو.

لەبەرامبەر ئەم دەنگانەشدا كە بەرز‌و زوڵاڵ دەردەكەون، رایەكی میللی هەیە بەتوندی گەڕانەوەی ئەو كەسانە بۆ خزمەت رەتدەكاتەوە، بەوپێیەی ئەو هێزانە شایستەی پاراستنی پارێزگاكە نەبوون بەتایبەتی دوای هەڵاتنیان‌و بەجێهێشتنی بارەگا‌و بنكە سەربازییەكانیان‌و چەك‌و كەلوپەلەكانیان كە گرووپە چەكدارەكان دەستیان بەسەرداگرتن، ئەو هەڵاتنەش نەبووایە ئەوا داعش نەیدەتوانی لە چاوتروكانێكدا زۆربەی شارەكان كۆنترۆڵ بكات.

زەید دلێمی (52 ساڵ) یەكێكە لە دانیشتووانی شاری فەلوجە (60 كم لە خۆرئاوای بەغدای پایتەخت) لە وەرشەیەكی چاككردنی ئۆتۆمبیل لە گەڕەكی پیشەسازی كاردەكات‌و رۆژانە لە رێگایدا بەرەو كارەكەی بە ژمارەیەك بازگەی ئەمنیدا تێدەپەڕێت كە داوای بەڵگەنامەی ئەمنی لێدەكەن، ئەگەرچی ئەو لەگەڵ ئەو رێوشوێنانەدا راهاتووە، بەڵام پێیوایە بێ سوودن‌و ئەو كەسانەی جێبەجێیان دەكەن لەلایەن زۆربەی دانیشتووانی ناوچەكەوە متمانەیان پێناكرێت.

دلێمی قسەی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی: "زۆرینەی ئەو كارمەندە ئەمنیانەی لەو بازگانەدا دەیانبینم كە پڕچەك‌و كەلوپەلن، پێشتر لە دوو دیمەندا دەمبینن، یەكەمیان پێش هاتنی داعشە بۆ شارەكانمان كە ئەوەش وێنە چەكدارییە تۆقێنەرەكەیە، دیمەنی دووەمیش بە جلوبەرگی مەدەنییەوە بوو كاتێك وەك ئاوارە بەرەو باكووری عێراق هەڵاتن، بۆیە ئەمڕۆ مافی ئەوەیان نییە جارێكی دیكە چەك هەڵبگرنەوە‌و پاراستن‌و لێپرسینەوەمان بگرنە ئەستۆ".

هەروەها دەڵێت: "زۆرم پێ سەیرە هەندێك دەنگ دەبیستم داوای گەڕانەوەی ئەو كەسانە دەكەن وەكو ئەوەی بیانەوێت جارێكی دیكە پارێزگاكە لەلایەن گرووپە چەكدارەكانەوە حەڵاڵ بكرێت، ئەگەر موجامەلەی هەندێك لەو كەسایەتیانەش بكەن كە نێوەندگیری عەشایری یان حزبی دەكەن بۆ گێڕانەوەی ئەو كەسانە بۆ نێو سیستمی ئەمنی، ئەوا ئەو موجامەلانە لەسەر حسابی ئێمە‌و حسابی ئەو دەستكەتە ئەمنیانەیە كە بەدیهاتوون‌و نرخەكەشی خوێنی ئەو پاڵەوانانە بووە كە خۆڕاگر بەرامبەر گرووپە توندڕەوەكان".

مەسەلەی گشتاندن رەنگە لۆجیكی نەبێت، چونكە كەسانێك هەبوون خۆڕاگر بوون‌و قوربانیان داوە لەپێناو كۆنتڕۆڵكردنەوەی پارێزگاكە ئەگەرچی ژمارەی ئەو كەسە خۆڕاگرانە زۆر لە ژمارەی ئەوانە كەمتر بوو كە لە ئەركەكەیان دواكەوتبوون، بەڵام وەك دیوارێكی پتەوبوون كە دەبێت لە قۆناغی داهاتوودا پشتیان پێ ببەسترێت.

لەلایەكی دیكەشەوە ناكرێت ئەم هێزانە لاواز بكرێن بە تێخزاندنی كەسانێكی فشەڵ‌و ناجێگیر كە دەبنە درزێك لەو دیوارە ئەمنیەی دەیانەوێت بەهێز‌و پتەو بێت‌و رێگە نەدرێت جارێكی دیكە ببەزێندرێت.

شەوكەت محەمەدی (65 ساڵ) ناوی خوازراوی ئەفسەرێكی سوپای پێشووی عێراقە، ئەو پێی وایە گێڕانەوەی دەكراوان بەهۆی دواكەتن‌و هەڵاتنیان دەبێتە مایەی درزێكی ئەمنی‌و لەسەر قاپێكی زێڕ پێشكەش بە گرووپە چەكدارەكان دەكرێت، محەمەدی ئاماژەی بۆئەوەش كرد كە "داعش هەمیشە هەوڵ دەدات زانیارییەكانی سەبارەت بە هێزە ئەمنییەكان نوێ بكاتەوە، بوونی ئەو ژمارە كەسەش كە لەكاتی داگیركردنی زۆرینەی شارەكانی پارێزگاكەدا نەبوونە مەترسی لەبەردەمیدا، ئەوەی كۆڵ دەكاتەوە خۆی ماندوو بكات بە گەڕان‌و بەدواداچوونی كەلێنی هێزە ئەمنییەكان".

هەروەها دەشڵێت: "لەزۆربەی مانۆڕە سەربازییەكاندا دەبێت خاڵە لاوازەكان بەهێز بكرێن تا زامنی ئەوە بكرێت دزەكردن‌و شكست روونەدات، لەم كاتەشدا پێویستە هێزە ئەمنییەكان ئەوە بزانن كە دەبێت هەڵاتووان‌و دواكەوتووان دووربخرێنەوە‌و بەو ئەندامانەی دیكە قەرەبوو بكرێنەوە كە زەویان گرتووەتە دەست‌و بەرگرییان لێكردووە‌و شانبەشانی هێزە ئەمنییەكان وەستاون، ئەویش وەك پێزانینێك بۆ ئەو رۆڵەیان، ئەمە جگە لە پشتیوانیكردنی هێزە ئەمنییەكان بە ئەندامی بەتوانا كە هێزەكەیان زیاتر دەكات".

ئەسعەد محەمەد فەلاحی (58 ساڵ) دانیشتووی شاری رومادیە‌و كۆمپانیایەكی بچووكی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی هەیە، ئەو بەهیچ جۆرێك متمانە بە ئەندامانی پۆلیس لەناو شاردا ناكات‌و پێی وایە ئەو هێزانەی بارەگا‌و بەندیخانەكان‌و چەكەكانیان بەجێهێشت چیتر ناتوانن شارەكە بپارێزن.

فەلاحی قسەی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی: "زۆر بەباشی ئەو رۆژەم لەبیرە كە داعش هاتنە ناو شاری رومادی‌و دەمبینی ئۆتۆمبیلەكانی پۆلیس كە پێشتر دەهاتن‌و دەچوون، لەملا‌و ئەولای رێگاكە راوەستاون دوای بەجێهێشتنیان لەلایەن ستافەكانیانەوە كە دەرگاكانیان بە تەواوی چەك‌و تەقەمەنییەكانیانەوە كردبوونەوە ئەویش لەترسی گرووپەكانی داعش، ئەو هێزانە هەڵاتن‌و هیچ شەڕێكیان نەكرد‌و تەنانەت یەك فیشەكیشیان نەتەقاند، ئیتر چۆن جارێكی دێكە متمانەیان پێبكەم؟".

زۆرینەی دانیشتووانی ناوچەكە بڕیاری گەڕانەوەی دەركراوان رەتدەكەنەوە، پێیان وایە هاوسۆزی مرۆیی پێویست بە گێڕانەوەی ئەو كەسانە ناكات بۆ نێو هێزە ئەمنییەكان بەبیانووی ئەوەی ناچاربوون لە شارەكە هەڵبێن، بەڵكو پێویستە كاری جێگرەوەیان بۆ بدۆزرێتەوە لەدەرەوەی سیستمی ئەمنی، هێزە ئەمنییەكانیش بە كەسانی دیكە قەرەبوو بكرێنەوە كە كارەكەیان‌و شارەكەیان لە ژیانی خۆیان زیاتر خۆشبوێت.

عامر عیساوی (33 ساڵ) یەكێكە لە سوودمەندبووانی بڕیاری گێڕانەوەی دەركراوان لە شاری هیت (50 كم لە خۆرئاوای شاری رومادی)، ئەو پێی وایە بڕیاری گێڕانەوەی دەركراوان بڕیارێكە بۆ هەڵگرتنی ستەم لەسەر زۆرێك لەوانەی مووچەكانیان لەو قۆناغەدا بڕاوە، هەروەها باوەڕی وایە زۆرینەی زۆری ئەوانەی هەڵاتوون یاخود دواكەوتوون، بەهۆی ترس یاخود كەمتەرخەمییان نەبووە، بەڵكو بەهۆی گەمارۆدانیان بووە لەناو شارەكە لەگەڵ خێزانەكانیان.

عیساوی بە "نیقاش"ی وت: "ناكرێت چەند كەسێكی كەم بە چەكی سووك‌و بڕێكی كەم تەقەمەنیەوە رووبەڕووی چەند گرووپێكی توندڕەو ببنەوە كە چەكی زۆر بەهێزتر‌و پێشكەوتووتریان لەو كەلوپەل‌و ئامێرانەی ئێمە پێَبێت".

هەروەها دەڵێت: "هەڵاتن تاكە چارەسەر بوو لەبەردەمماندا بۆ پارێزگاریكردن لە خۆمان‌و خێزانەكانمان، ئەگەر خۆمان بپارێزایە ئەوا پارێزگاریمان لە سەرچاوەی مرۆیی هێزە ئەمنییەكان دەكرد ئەگەر لەشوێنی خۆیان بمانایەتەوە لەژێر ئاگری ئەو چەكە كوشندانەدا لەناودەچوون".

میلاكەكانی فەرماندەیی پۆلیسی ئەنبار بەر لە ساڵی 2014 زیاتر لە 28 هەزار كارمەند بوو، لەنێوان ساڵانی 2014‌و 2016دا نزیكەی 14 هەزار پۆلیسیان لێ دوورخرایەوە بەهۆی دواكەوتنیان یاخود هەڵاتنیان، بە بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیرانیش لە ساڵی 2017دا 3190 كارمەندیان گێڕدرانەوە بۆ خزمەت وەك گوژمەی یەكەم زنجیرەیەك گوژمە، ئەویش بەپێی میكانیزمێك كە گەڕاوەكان ناچار دەكات مەشقی تایبەت ببینن بۆئەوەی بەسەر چەند یەكە‌و بنكەیەكدا دابەش بكرێن جیاواز لەوانەی پێش هەڵاتنیان خزمەتیان تێدا دەكردن.