شیكاری.. عفرین و بێدەنگی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی

مەلەفی تایبەت

19/03/2018‌ 896 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شیكاری: سەیران تەها ئەحمەد
لەسەرەتای دەست پێكردنی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر عفرین كە بەناوی (چلە زەیتون)وە بەڕەزامەندی و ئاگاداری ناتۆ بووە، جگە لە هەڵكردنی گڵۆپی سەوز بۆ توركیا بۆ هێرشكردن، ئەمەریكا بەڕەسمی داوای وەستاندن یان كشانەوەی توركیای نەكردوە لە عفرین بەڵكو داوای دان بەخۆدا گرتنی دەكرد. ڕووسەكان خۆیان دەڵێن ئێمە گڵۆپی زەرد مان بۆ توركیاهەڵكردووە.  بێگومان ڕێگەدان بە توركیا بەناوی پاراستنی سنورەكانی، بەرامبەر بە سازش كردنی توركیا بوو بۆ ئامانجەكانی ڕوسیا لە سوریا.
 
ئێستا كێشەی كورد لە ڕۆژئاوا  كەوتونەتە  نێوان هاوكێشە و شەڕی بەرژەوەندییەكانی  نێوان ئەمەریكا و ڕووسیا و هاوپەیمانەكانیانە، ڕوسیا كوردەكان سزا دەدات  بەرامبەر هاوكاری كردنیان لەگە ڵ ئەمەریكادا. ئەمەریكا و ووڵاتانی ئەوروپا پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان لەگەڵ ووڵاتێكی هاوپەیمانیان لە ناتۆ لەپێشترە لەپاراستنی گەلێكی بێ دەوڵەت كە گرنگ نیە چارەنوسیان بەرەو كوێ دەڕوات.

عفرین مەسەلە وهاوكێشەیەكی ئاكاری هێنایە كایەوە ووڵاتان دەخاتە بەردەم پرۆسەیەكی ئەخلاقی لە پاراستنی مافەكانی مرۆڤ كە چۆن رێگری لە كۆمەڵكوژی دیكتاتۆرێكی فاشی وەك ئەردۆغان بكەن یان بێدەنگی هەڵبژێرن. هێرشی وەحشیگەری و دوژمنكارانەی ڕژێمی ڕەگەزپەرستی  توركیا بۆ سەر عەفرین و بێدەنگ بوونی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر تاوانەكانی توركیا لە شەڕێكی نابەرامبەردا لە نێوان دووەم دەوڵەتی خاوەن سووپا لە ناتۆ كە هەموو جۆرە چەكێكی قورس لە تۆپ و تانك و فرۆكەی جەنگی بەكار دەهێنێت، لەگەڵ گەلێكی بێ دەوڵەت و ناسنامە و بێ پشتیوان كە تەنها شەڕ لە پێناوی مافی چارەی خۆنووسین و شەڕی پارێزگاری لەخۆیی و خاكەكەی دەكات، ئەمە كۆمەڵێك پرسی گرنگ دەووروژێنێت كەدیارترینیان پێشێلكردنی بنەماكانی مافی مرۆڤ، پێشێلكردنی بنەما سەرەكیەكانی پەیماننامەی خودی نەتەوە یەكگرتوەكان خۆیەتی. ئەوەی جێگەی تێڕوانینە كە پرسی ڕەوایەتی و ئاكار و بێلایەنی نەتەوە یەكگرتوەكان دەخاتە ژێر پرسیارەوە، كە گەورەترین كاریگەری دەبێت لەسەر پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی. 
 
لەم تاوانكارییانەی ئەردۆغان  دژی عەفرین، ئەمڕۆ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و مرۆڤایەتی  لەبەردەم داڕمانی ئاكاری  دژی مرۆڤایەتی تێدەپەڕێنن وە شەریكە تاوانن لەگەڵ توركیا لە بە ئەنجامدانی تاوانەكانی جەنگ لە كوشتنی ژنان و منداڵ و پیردا و ڕێگەدان بەكاوڵكاری ژینگەیی ، سوكایەتی و شێواندنی جەستەی شەهیدەكان وە هەموو تاوانەكانی كە دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدرێت. بەدیارچاوی هەموو جیهانەوە توركیا گروپە تیرۆرستەكانی سوریای لە ژێر ناوی ئۆپۆزسیۆن و سوپای ئازادا  كۆكردۆتەوە، بە ئاشكرا تەنها بۆ دوژمنایەتی ولەناوبردنی كورد كۆیكردنەتەوە. لەهەمان كاتدا هێرشەكانی سەر عفرین چەختكردنەسەر كێشەی ئەخلاقی كۆمەڵگای ئیسلامی و عەرەبیە، لە پشتگیری كردن و هەڵبژاردنی بێدەنگی لە بەرامبەر بە كاول كاریی لە عفرین و جینۆسایدی كورد لە سوریادا؟ كاتێك كە سەرۆكی پەرلەمانی توركیا  ڕایگەیاند كە لە شەڕی عەفریندا لەڕێگەی جیهادەوە سەر دەكەوین، وە لە كاتی دەست پێكردنی هێرشەكاندا، فرقەی تایبەتی عوسمانی مارشی نیشتمانی لێدرا و لە مزگەوتەكان بە تەكبیر و( سورە فتح) جەنگی دوژمنكارەیان ڕاگەیاند، نە ووڵاتانی موسڵمانانی عەرەبی و نە ئەزهەر و نە دەیان ڕێكخراو و یەكێتی  زانایانی موسڵمان لەسەر ئاستی جیهان ویژدانیان نەجووڵا دژی ئەم تاوانكارییە بەرامبەر بە میللەتی كوردی موسڵمان و پچوكترین هەڵوێستیان نەنواند .
   
گەورەترین شەرمەزاری كۆمەڵگای نێو دەوڵەتی كاتێك شەڕی بەرژەوەندییە باڵاكانی ووڵاتە زلهێزەكان لە سەروو پاراستنی وكەرامەت وژیانی خەڵكانی مەدەنی و میللەتانی ژێر دەستە دەبێت، تەنانەت لەسەروو بنەما و هەموو ئاكار و ڕێچكەیەكی ئایدیۆلۆجیای خۆیان دەبێت كەڕۆژێك ڕەمزی نەتەوایەتی و پێشبڕكێی نەتەوەكانی دنیا بووبێت. ئێستا ڕووسیایەكی  بەڵشەفی گەورەترین هاوپەیمانێتی دەوڵەتێكی ئایینی وەك ئێران وڕژێمێكی دیكتاتۆری وەك بەشار ئەسەد و ئەردۆغانە. لە كاتێكدا كە توركیا لەبەرچاوی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی نەتەوە یەكگرتوەكان و ناتۆ گەورەترین تاوانكاری و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ دەكات . گەورەترین  شەرمەزاری كە ئەنجومەنی ئاسایش تا ئێستا بەخۆیەوە بینینێت كە نەك بەهیج شێوەیەك ئیدانەی هێرشەكانی توركیایان نەكرد، بەڵكو ڕێگەی داوە بە توركیا بە قڕكردنی كورد وە تاك ڕەویەتی رووسیا لە پێشێلكاری هەموو بنەما نێودەڵەتیەكان و شكست پێهێنانی هەوڵەكان بۆ گۆڕانكاری دەسەڵات لە سوریادا.