دەنگدەران دەستخەڕۆ دەبن
حیزبەكانی‌ كوردستان بەڵێنی‌ قەبە دەدەن‌و هیچی‌ جێبەجێناكەن

کوردستان

23/03/2018‌ 1607 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
ئەو قەیرانانەی‌ ئێستا لەهەرێمی‌ كوردستان كەڵەكەبوون تەواو پێچەوانەی‌ ئەو وێنەیەیە، كە بەر لەچوار ساڵ حیزبە براوەكان بەبەڵێنەكانیان بۆ خەڵكی‌ كوردستانیان كێشابوون تا دەنگیان پێبدەن.

باشكردنی‌ بژێوی‌ هاوڵاتیان‌و بەدامەزراوەییكردنی‌ دەزگاكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان‌و پەرەپێدانی‌ دیموكراسی‌و گەڕاندنەوەی‌ ناوچە جێناكۆكەكان بۆ سەر سنوری‌ هەرێم، دیارترین ئەو بەڵێنانە بوون كە حزبەكان بەهاوڵاتیانیاندا، بەڵام نەك نەهاتنە دی‌ بەڵكو هاوكێشەی‌ هەندێكیشیان سەدو هەشتا پلە پێچەوانە بووەوە.

بژێوی‌ هاوڵاتیانی‌ هەرێم بەهۆی‌ قەیرانی‌ دارایی هەرێم‌و كەمبوونەوەی‌ مووچەوە دابەزی‌‌و سەرجەم ناوچە جێناكۆكەكانیش كەپێشتر بەدەست كوردەوە بوون كەوتنەوە دەست حكومەتی‌ ناوەندی‌.

لە 21ی‌ ئەیلولی‌ 2013دا 73%ی‌  هاوڵاتیانی‌ هەرێم بەشدارییان لەهەڵبژاردنی‌ ئەندامانی‌ خولی‌ چوارەمی‌ پەرلەمانی‌ كوردستاندا كرد كە  30 پارت‌و قەوارەی‌ سیاسی‌ ركەبەرییان دەكرد.

لەكۆی‌ 111 كورسی پەرلەمان پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان 38 كورسی‌‌و بزوتنەوەی‌ گۆڕان 24 كورسی‌و یەكێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستانیش 18 كورسی بەدەستهێناو یەكگرتووی‌ ئیسلامی‌ كوردستانیش  10 كورسی ببردەوەو كۆمەڵی‌ ئیسلامیش 6 كورسی‌ مسۆگەر كردو كورسییەكانی‌ تریش بۆ حزبە بچكوكان‌و كۆتای‌ پێكهاتە نەوەتەوەیی‌و ئاینییەكان چوو.

حیزبەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان تائێستاش نكوڵی‌ لەبەڵێنەكانیان ناكەن، بەڵام بارودۆخی‌ سیاسی‌و ئابوری‌ هەرێم بۆ ئەوان پاساوی‌ جێبەجێنەكردنیانە.

 پارتی‌: دۆخەكە لەدەست كەسدا نەبوو
 تەرخانكردنی‌ بەشێك لەداهاتی‌ سامانە سروشتیەكان بۆ هاوڵاتیان‌و پاراستن‌و گەشەپێدانی‌ ئازادی‌ رادەربڕین‌و كاركردن بۆ جێبەجێكردنی‌ مادەی‌ 140ی‌ دەستوری‌ عێراق سەبارەت بەیەكلایی كردنەوەی‌ ناوچە جێناكۆكەكان‌و راكێشانی‌ هێڵی‌ شەمەندەفەر لەنێوان شارەكاندا دیارترین ئەو بەڵێنانە بوون كە پارتی‌ وەك هێزی‌ یەكەمی‌ پەرلەمان بەهاوڵاتیانیدا لەكاتی‌ بانگەشەدا.

هەرچەندە لەماوەی‌ چوارساڵی‌ رابردوودا ئەو حزبە زۆرینەی‌ جومگەكانی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستانی‌ بەدەستەوە بوو، بەڵام ئەو بەڵێنانە جێبەجێنەكران.

فازڵ بەشارەتی‌ ئەندامی‌ ئەنجومەنی‌ سەركردایەتی‌ پارتی‌ بە "نیقاش"ی‌ وت" لەهەموو هەڵبژاردنێكی‌ دنیادا دەرگای‌ زیاتر دەكرێتەوە بۆ حیزبەكان لەبانگەشەدا بۆ ئەوەی‌ زۆرترین دەنگی‌ دەنگدەران بەدەستبهێنن، ئێمەش بەهەمان نەریت بانگەشەمان كردووە".

بەشارەتی‌ وتیشی‌ "ئەوكاتەی‌ هەڵبژاردنی‌ 2013 كرا بارودۆخی‌ هەرێم لەئاستێكی‌ باشی‌ داراییدا بوو، بەڵێنەكانیش پەیوەندی‌ بەوكاتەوە هەبوو، ئەوەش وایكرد بەڵێنەكان جێبەجێ نەكرێن، دۆخێك دروست بوو كە لەدەست حیزبەكان‌و حكومەتدا نەما".

یەكێتی‌: بەشێك لەبەڵێنەكان لەچوارساڵدا جێبەجێنەدەكران
بەڵێنی‌ كاتی‌ بانگەشەی‌ هەڵبژاردن بۆ یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان كەمتر نەبوو لەوەی‌ پارتی‌ كە ئێستا لەگەڵیدا زۆرینەی‌ حكومەت پێكدەهێنن وەك دوو هێزی‌ سەرەكی‌‌و هەژموونی‌ دوو زۆنی‌ سەوزو زەردی‌ ئیداری‌ هەرێمیان كردووە. 

چەسپاندنی‌ سیستمی‌ پەرلەمانی‌ لەدەستوری‌ هەرێم‌و دیاریكردنی‌ سنوری‌ هەرێم‌و ئەنجامدانی‌ تەواوی‌ هەڵبژاردنەكان لەوادەی‌ دیاریكراوی‌ خۆیداو بەدامەزراوەییكردنی‌ هێزە چەكدارەكان‌و دابینكردنی‌ شوێنی‌ نیشتەجێبوون بۆ هاوڵاتیان، دیاترین ئەو بەڵێنانە بوون كە یەكێتی‌ بەدەنگدەرانیدا لەكاتی‌ بانگەشەدا بێ ئەوەی‌ هیچیان جیبَەجێكبرێن.

لەتیف شێخ عومەر ئەندامی‌ سەركردایەتی‌ یەكێتی‌ بە"نیقاش"ی‌ وت "بەشێكی‌ زۆری‌ جێبەجێنەكردنی‌ بەڵێنەكان پەیوەندی‌ بەو بارودۆخە دارایی‌‌و سیاسیەوە هەبوو كە لەدوای‌ هەڵبژاردنەكان بەسەر هەرێمی‌ كوردستاندا هات، بەشێكی‌ تریشی‌ پەیوەندی‌ بەسیستەمی‌ سیاسی هەرێمەوە هەیە كە رێگربووە لەجێبەجێكردنیان".

وتیشی‌ "بانگەشەی‌ هەڵبژاردن‌و هەوڵی‌ حیزبەكان بۆ كۆكردنەوەی‌ دەنگی‌ زیاتر وایكرد حەجمی‌ بەڵێنەكان بەرز ببنەوە، بەشێك لەبەڵێنەكان ئیمكان نەبووە لەماوەی‌ چوارساڵدا جێبەجێبكرێت، بۆیە بەشێك لەبەڵێنەكان تەنیا بۆ بانگەشە بووە".

گۆڕان: رێگریمان لێكرا
بۆ یەكەمجار بەشداریكردنی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان لەپاش دروستبوونیەوە لەساڵی‌ 2009 لەحكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستاندا وا چاوەڕوان دەكرا هاوكێشەكە بەئاڕاستەی‌ خزمەتكردنی‌ هاوڵاتیان بگۆڕێت، بەوپێیەی‌ پێشتر لەبەرەی‌ ئۆپۆزسیۆندا رەخنەی‌ لەخزمەتنەكردنی‌ هاوڵاتیان دەگرت.

گۆڕان لەنیوەی‌ رێگا لەحكومەت دوورخرایەوە بەهۆی‌ ناكۆكی‌ لەگەڵ پارتی‌ لەسەر پرسی سەرۆكایەتی‌ هەرێم‌و كۆتایی ساڵی‌ رابردووش بەرەسمی‌ كشانەوەی‌ لەحكومەت راگەیاندو زۆربەی‌ ئەو بەڵێنانەشی‌ لەكاتی‌ بانگەشەدا بەدەنگدەرانیدابوو جێبەجێنەبوون. 

سەربەخۆیی‌ دەسەڵاتەكانی‌ یاسادانان‌و جێبەجێكردن‌و دادوەریی‌‌و هەڵوەشانەوەی‌ ئەو یاساو رێنمایی‌‌و بڕیارانەی‌ پارێزبەندی‌ دەبەخشنە بەرپرسە سیاسی‌و حیزبی‌‌و سەربازییەكان‌و فراوانكردنی‌ كەرتی‌ تایبەت‌و زیادكردنی‌ موچەی‌ خانەنشینی‌‌و دروستكردنی‌ سندوقی‌ "نەوەكان" كە بەشێك لەداهاتی‌ نەوتی‌ تێدا تەرخان بكرێت بۆ نەوەكانی‌ داهاتوو دیارترین بەڵێنەكانی‌ گۆڕان بوون كە نەهاتنەدی‌.

ئیسماعیل نامیق ئەندامی‌ جڤاتی‌ نیشتمانی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان بە"نیقاش"ی‌ وت "لەپێناو جێبەجێكردنی‌ بەڵێنەكانماندا ڕێگریمان لێكراو سازشمان لەهەموو پۆستێك كردو ئەو بەڵێنانەش كە جێبەجێنەكراوە ئەوانە بەپرسیارن كە ڕێگرییان لێكردووین".

یەكگرتووی‌ ئیسلامی‌: ژینگەكە لەبارنەبوو
چەسپاندنی‌ سیستەمی‌ پەرلەمانی‌‌و داواكردنی‌ یەكێتی‌ ئارەزوومەندانە لەچوارچێوەی‌ عێراقداو بەدامەزراوەییكردنی‌ دیبلۆماسیەتی‌ هەرێم‌و قوڵكردنەوەی‌ ئیسلامخوازی‌ ئەو بەڵێنانە بوون كە یەكگرتووی‌ ئیسلامی‌ لەكاتی‌ بانگەشەی‌ چوارساڵ لەمەوبەردا بەهاوڵاتیانیدا بێ ئەوەی‌ جێبەجێبكرێن كە دوایین حزب بوو لەحكومەتی‌ بنكەفراوان كشایەوە.

شێركۆ جەودەت ئەندامی‌ سەركردایەتی‌ یەكگرتووی‌ ئیسلامی‌ بە"نیقاش"ی‌ وت "خەباتی‌ پەرلەمانی‌ لەهەرێمی‌ كوردستاندا ژینگەیەكی‌ وای‌ نییە كە بتوانین بەڵێنەكان جێبەجێبكەین، واقعی‌ هەرێم بەو شێوەیە نییە كە گوێ لە بەرنامەی‌ چاكسازیی‌ بگیرێت، ڕێگەش نادرێت بە ئاسانی‌ بكرێت".

كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌: بەڵێنەكەیان شكاند
روبەڕووی‌ گەندەڵی‌‌و باشكردنی‌ خزمەتگوزارییە بنەڕەتیەكانی‌ هاوڵاتیان‌و پەڕەپێدانی‌ ئازادی‌‌و پاراستنی‌ مافەكانی‌ مرۆڤ‌و باشكردنی‌  گوزەرانی‌ پێشمەرگە بۆ كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ دەنگی‌ پێنجەم هێزی‌ پەرلەمانی‌ پێ بەخشی لەهەڵبژاردنی‌ رابردوودا، بەڵام نەیتوانی‌ بەتەواوی‌ جێبەجێیان بكات بەر لەوەی‌ لەگەڵ بزوتنەوەی‌ گۆڕاندا  لەحكومەت بكشێتەوە.

سەلیم كۆیی‌ ئەندامی‌ سەركردایەتی‌ كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ بە"نیقاش"ی‌ وت "بۆ جێبەجێكردنی‌ بەڵێنەكانمان بەشداری‌ حكومەتمان كرد، ئەو هێزانەی‌ پێشتر خاوەن دەسەڵات بوون بەڵێنی‌ چاكسازیی‌‌و جێبەجێكردنی‌ بەڵێنەكانی هەڵبژاردنیان پێداین، بەڵام بە بیانوی‌ جۆراو جۆر بەڵێنەكانیان نەبردە سەرو ڕێگرییان لێكردین، ئێمەش لە حكومەت كشاینەوە".

ئەزمونێكی‌ نوێ بە ترسێكی‌ كۆنەوە

لایەنە سیاسییەكانی‌ هەرێم دوو هەڵبژاردنی‌ گرنگیان لەبەردەمدایە كە یەكەمیان هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ عێراقە لەمانگی‌ ئایاری‌ داهاتووداو دووەمیشان هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی‌ هەرێمە كە تا ئێستا وادەكەی‌ دیارینەكراوە، بەڵام ئەگەر هەیە كۆتایی‌ ئەمساڵ ئەنجامبدرێت.

ركەبەری‌‌و شەڕی‌ بەڵێن هەر لەئێستاوە دەستیپێكردووە، بەڵام جیاواز تر لەبانگەشەی‌ هەڵبژاردنەكانی‌ پێشوو.

ئەگەر پەرەپێدانی‌ دیموكراسی‌و شەفافیەتی‌ داهات‌و بەدامەزراوەییكردنی‌ دامەزراوەكانی‌ حكومەت‌و چاكسازی‌ سیاسی‌ پێشتر بەڵێنی‌ ئاگرینی بووبن بۆ كۆكردنەوەی‌ دەنگ، ئێستا دابینكردنی‌ مووچە سەرە ڕمی‌ بانگەشەی‌ ركەبەرەكانە.

پێدەچێت ترس لەجێبەجێنەكردنی‌ بەڵێنەكان وای‌ لەو هێزانەش كردبێت كە تازە دامەزراون بەهەستیاری‌ مامەڵە بكەن لەگەڵ دەنگدەردا.

رێبوار كەریم وتەبێژی‌ هاوپەیمانی‌ بۆ دیموكراسی و دادپەروەری‌ بە"نیقاش"ی‌ وت "هیچ بەڵێنێك بەهاوڵاتیان نادەین كە نەتوانین جێبەجێی‌ بكەین، با هاوڵاتیان چاودێربن بەسەرمانەوە تاچەند بەڵێنەكان جێبەجێدەكەین".

لەهەرێمی‌ كوردستان هیچ یاساو دامەزراوەیەك نییە كە لێپرسینەوە لە حزبەكان بكات لەجێبەجێنەكردنی‌ بەڵێنەكانیان بۆ هاوڵاتییان لەكاتی‌ بانگەشەی‌ هەڵبژاردنەكاندا.

ئەو رەوشە كارێكی‌ وایكردووە دەرگا لەسەر ئەوە بكاتەوە كە رەوتە نوێكانیش بەهەمان رێگای‌ حزبەكانی‌ پێشودا بچنەوە لەبەڵێندان بەهاوڵاتیان لەكاتی‌ بانگەشەكاندا بێ ئەوەی‌ هەموویان توانای‌ جێبەجێكردنیان هەبێت، بەڵام پێناچێت بەشداری‌ هاوڵاتیان لەدەنگداندا لەسەر بنەمای‌ جێبەجێكردنی‌ بەڵێنەكانیان بێت لەلایەن حزبەكانەوە.

ئارام جەمال بەرپرسی‌ پەیمانگای‌ كوردی‌ بۆ هەڵبژاردن بە"نیقاش"ی‌ وت "بەشداری‌ هاوڵاتیانی‌ هەرێم لەدەنگداندا لەسەر بنەمای‌ جێبەجێكردنی‌ بەڵێنەكانی‌ پێشوو نییە، بەڵكو لەسەر بنەمای‌ حیزب سالاریە كە هاوڵاتیانی‌ دابەشكردووە بەسەر حیزبەكاندا".

بەڵێنی‌ "گەورە"و بانگەشەی‌ خزمەتكردنی‌ هاوڵاتیان بێ ئەوەی‌ جێبەجێبكرێت لەگەڵ نزیكبوونەوەی‌ هەڵبژاردنەكاندا بیردەچنەوە.

بووە بەنەریت لەكوردستان زۆربەی‌ هاوڵاتیان دەنگدانیان پەیوەستە بەلایەنی‌ سۆزو ئەركێكی‌ حیزبییەوە، رەنگە ئەو هاوكێشەیە بۆ دەنگدەری‌ رەوتە نوێكانیش هەروابێت.

د.كامەران مەنتك پسپۆڕی‌ زانستە سیاسییەكان لەزانكۆی‌ سەڵاحەدین بە"نیقاش"ی‌ وت "زاكیرەی‌ هاوڵاتیان زەعیفە بەڵێنەكانیان لەبیرنەماوە، بەشێكی‌ زۆری ئەوانەی‌ دەنگیان بەحیزبێك داوە لەبەرنامە‌و پرۆگرامی‌ ئەو حیزبە تێنەگەیشتوون، بۆیە جێبەجێنەكردنی‌ بەڵێنەكان تائێستا بایەخێكی‌ وای‌ نەبووە لەلای‌ هاوڵاتیان".

مەنتیك دەڵێت "حیزبی‌ نوێ دروست نەبووە ئەوانەشی‌ پێیان وایە نوێن لەمنداڵدانی‌ حیزبە كۆنەكانەوە هاتونەتە دەرەوەو هەڵگری‌ هەمان كەلتورن‌و رەنگە واخۆیان پیشانبدەن جیاوازبن، بەڵام لەوێستگە هەستیارەكاندا هەمان هەڵوێستی‌ حیزبەكانی‌ تریان هەیە".