مەترسی‌ سەرهەڵدەداتەوە
داعش لەدەوروبەری شارەكانەوە دەست بەپەلامار دەكاتەوە

عیراق

23/03/2018‌ 1508 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
مانگی هەنگوینی عێراقییەكان بەبۆنەی ئاهەنگی سەركەوتن بەسەر داعش كۆتاییهات‌و سەرلەنوێ فەوجەكانی سوپا گەڕانەوە مەیدانی شەڕ دوای ئەوەی توندڕەوان ئاهێكیان بە بەرداهاتەوە.

بۆیەكەمجار لەماوەی سێ مانگی رابردوودا رووداوە ئەمنییەكان هەواڵنامەكانیان داگیركردەوە ئەویش بەهۆی ئەو هێرشە چەكداریانەی توندڕەوان بە تەكتیكی نوێوە دەیانكەنە سەر شارە ئازادكراوەكان‌و دژەئۆپراسیۆنەكانی هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە زۆربەی ئەو شارۆچكانەی "داعش" داگیری كردبوون، ئەمە لە كاتێكدا لێدوانەكانی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران‌و كەسایەتییە دیارەكان وەك پیاوی ئاینی عەلی سیستانی دووپاتی دەكەنەوە كە ئەركەكە درێژخایەنە‌و هێشتا تەواو نەكراوە.

بە وتەی ئەفسەرێكی گەورە لە وەزارەتی بەرگری عێراق لەماوەی 30 رۆژی رابردوودا سەنتەری جموجوڵەكان لەوەزارەتی بەرگری عێراق هەڵكشانێكی تێبینیكراوی لە چالاكی تیرۆریستاندا تۆماركردووە كە بەرزترینە لەوەتەی حكومەت لە كانونی یەكەمی رابردوودا سەركەوتنی بەسەر "داعش" راگەیاندووە، لەوانەش هێرشی لەناكاو لەدژی دەورییەكانی سوپا‌و بۆسەدانان لەسەر رێگای خێرای نێوان شارەكان‌و كردەوەی خۆكوژی كە گەیشتوونەتە دەوروبەری بەغدای پایتەخت.

ئەو ئەفسەرە كە داوایكرد ناوی نەهێنرێت بە "نیقاش"ی وت: "بەدرێژایی مانگی رابردوو بەدەیان چالاكی تیرۆریستیمان لە ناوچە جیاجیاكانی وڵات تۆماركردووە بەدیاریكراویش لە دەوروبەری شارە ئازادكراوەكان لە خۆرهەڵاتی دیالە‌و باشووری كەركوك‌و بیابانی ئەنبار‌و باكووری سەڵاحەدین، ئەوەش ئاماژەیە بۆ بوونی پلانێكی رێكخراوی داعش بۆ دروستكردنی دڵەراوكێ لەو شارانە".

ئەو ئەفسەرە وتیشی: "پێشبینی ئەوەمان دەكرد داعش بەمنزیكانە بگەڕێتەوە، بەڵام ئەمڕۆ زۆر لاوازە‌و ناتوانێت كردەوەی گەورە وەك ئەوانەی رابردوو ئەنجام بدات، سوپایش ئۆپراسیۆنی بەرفراوانی بۆ راوەدوونانی توندڕەوان دەستپێكردووە تا رێگە نەدات رێكخراوەكە خۆی رێكبخاتەوە، بەسەدان چەكداری داعش تائێستاش ئازادن‌و هەوڵی سەرلەنوێ دەستپێكردنەوەی توندوتیژی دەدەن".

هەفتەی رابردوو چەند ئەفسەر‌و سەربازێك لەبۆسەیەكدا كە تیرۆریستان لەسەر رێگای گشتی نێوان هەردوو شارۆچكەی بەلەدروز‌و مەندەلی لە دیالە نابوویانەوە، كوژران، هەما هەفتە خێزانێكی تەواو لەسەر رێگای گشتی نێوان بەغدا‌و كەركوك كوژران، هەردوو رووداوەكە لەڕێی بازگەی وەهمیەوە بوون كە تێیدا تیرۆریستەكان جلوبەرگی سەربازی هێزە ئەمنییەكانی عێراقیان پۆشیبوو بۆ بەئامانجگرتنی قوربانییەكانیان.

ئەم رووداوانە ئاماژەن بۆ چەند خاڵێك، یەكەمیان ئەوەیە هێزە ئەمنییەكانی عێراق قورسایی خۆیان خستووەتە سەر پاراستنی ناوەندی شارەكان، بەڵام دانانی پلانی پاراستنی دەوروبەری شارەكانیان فەرامۆش كردووە، دووەمیشیان ئەوەیە توندڕەوان هێشتا توانای ئەنجامدانی هێرشیان هەیە سەرەڕای ئەو شكستە گەورەیەی ساڵی رابردوو دووچاری هاتن‌و توانای خۆگونجاندنیشیان هەیە لەگەڵ بارودۆخە نوێیەكەدا.

بەڵام پاراستنی دەوروبەری شارەكان كە بەزۆری ناوچەی كشتوكاڵی یان بیابانی بەرفراوانن، لە راستیدا كێشەیەكی بەردەوامی هێزە ئەمنییەكانی عێراق بووە بەدرێژایی دەیەی رابردوو، چونكە هێزەكانی سوپا توانای پاراستنی ئەو ناوچانەیان نییە لەبەر قورسی دابینكردنی هێزی ئەمنی پیادەی تەواو‌و نەبوونی فاكتەری هەواڵگری‌و هۆكارە پێشكەوتووەكانی چاودێریكردن لەو ناوچانەدا.

یەكشەممەی رابردوو دەبووایە ئەنجومەنی پارێزگای دیالە دانیشتنێكی تایبەت لەگەڵ فەرماندەكانی سوپا‌و پۆلیس ئەنجام بدات بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی خراپبوونی رەوشی ئەمنی لەدەوروبەری شارەكاندا، بەڵام دانیشتنەكە دواخرا بەهۆی سەرقاڵی هێزە ئەمنییەكان بە ئۆپراسیۆنێكی سەربازی بۆ راوەدوونانی توندڕەوان.

موزهر عەزاوی فەرماندەی سوپا لە دیالە بە "نیقاش"ی وت: "داعش هەوڵی رێكخستنەوەی ریزەكانی دەدات لە ناوچەكانی خۆرهەڵات‌و باكووری پارێزگاكە، بەڵام هێزە هاوبەشەكانی سوپا‌و پۆلیس‌و حەشدی شەعبی چەند ئۆپراسیۆنێكیان دەستپێكردووە بۆ راوەدوونانیان".

عەزاوی وتیشی: "ئۆپراسیۆنەكان لە ناوچەكانی نەدا‌و دۆڵی سلاب‌و قزلاقز‌و گوندەكانی نزیك لە رێگای بەلەدروز – مەندەلی بەردەوامن كە هەندێك چالاكی تیرۆریستییان بەخۆوە بینیوە، بەڵام رەوشەكە لەژێركۆنترۆڵدایە‌و ئەوەی توندڕەوان دەیكەن تەنیا هەوڵێكە بۆ گەڕانەوە".

لە ئەنباریش بارودۆخ زۆر جیاواز نییە، چونكە فەوجەكانی سوپا‌و دژەتیرۆر چەند رۆژێكە سەرقاڵی چەند ئۆپراسیۆنێكی سەربازین لە بیابانی بەرفراوانی پارێزگاكەدا، هاوكات چەكدارانی "داعش" هەوڵدەدەن لەڕێی سنووری سوریاوە دزە بكەنە ناو عێراق، هەروەك "هاوپەیمانی نێودەوڵەتی"ش دەستیكردووەتەوە بە بڵاوكردنەوەی ئامارەكان سەبارەت بە هێرشی ئاسمانی بۆسەر پێگەكانی توندڕەوان دوای ئەوەی لە سێ مانگی رابردوودا بۆ ماوەیەك راگیران.

بەوتەی عەقید مازن مەحلاوی لە فیرقەی هەشتی سوپای عێراق هێزی نوێی "داعش" لە دەوروبەری شارەكان‌و ناوچە بیاباناوییەكاندایە، ئەو بە "نیقاش"ی وت: "تیرۆریستان بەباشی خۆیان بۆ قۆناغی شكستەكەیان ئامادەكردبوو، جبەخانەیەكی زۆریان خستبووە ژێر خاكەوە لە بیابان‌و دۆڵەكاندا، هەفتەی رابردوو جبەخانەیەكی گەورەی چەكی قورس‌و مامناوەندمان دۆزیەوە‌و چەند تونێلێكیشمان دۆزیەوە كە داعش لە نزیك شارۆچكە ئازادكراوەكان لە روتبە‌و هیت هەڵیكەندبوون".

مەحلاوی وتیشی: "لەماوەی مانگی رابردوودا نزیكەی 10 هەوڵمان تۆماركردووە كە چەكدارانی داعش بۆ دزەكردن بۆ عێراق لە سوریاوە ئەنجامیان داوە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەوان بارەگای تایبەتیان هەیە لە ئەنبار، ئەوەی ئێستا سوپا دەیكات ئاشكراكردنی ئەو بارەگایانە‌و وێرانكردنیانە، دووشەممەی رابردوو ئۆپراسیۆنێكی گرنگی دابەزاندنی هێزمان لە قووڵایی بیاباندا ئەنجامدا‌و توانیمان چەند سەركردەیەكی داعش دەستگیربكەین".

لە كەركوكیش كە شارێكی جێناكۆكی نێوان كورد‌و عەرەب‌و توركمانە، دانیشتووانەكەی لەوەتەی هێزەكانی سوپای فیدراڵی چوونەتە شارەكە‌و هێزەكانی پێشمەرگە لە تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوودا بەهۆی ناكۆكی نێوان حزبەكان لێی كشاونەتەوە، لە ترس‌و دڵەراوكێدا دەژین، بەڵام مەترسییە نوێیەكە لە گەڕانەوەی تیرۆریستاندایە بۆ دەوروبەری باشووری شارەكە لە شارۆچكەی حەویجە.

لە 18ی شوباتی رابردوودا هێزێكی "حەشدی شەعبی" لە شارۆچكەی سەعدونییەی باشووری كەركوك دووچاری بۆسەیەكی تیرۆریستان بووەوە كە بووەهۆی كوژرانی (27) ئەندامی هێزەكە‌و دیارنەمانی چەند ئەندامێكی دیكە رووداوەكەش لەكاتی بەخاكسپاردنی كوژراوەكاندا بووەهۆی توڕەبوونی عێراقییەكان، بەوهۆیەشەوە لەو كاتەوە ئۆپراسیۆنی سەربازی بۆ گەڕان بەدوای تیرۆریستاندا دەستیپێكردووە.

دووشەممەی رابردوو رائید شاكر جەودەت فەرماندەی پۆلیسی فیدراڵی دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنێكی سەربازی نوێی راگەیاند كە 14 گوندی شارۆچكەی حەویجە دەگرێتەوە بەمەبەستی گەڕان بەدوای ئەو تیرۆریستانەی لەوێ خۆیان حەشارداوە، بەوتەی ئەو فەرماندەیەش دوای چەند سەعاتێكیش لە ئۆپراسیۆنەكە سێ تونێل‌و كارگەیەكی دروستكردنی بۆمب‌و سەكۆیەكی هەڵدانی رۆكێت دۆزرانەوە 

پرسیارە گرنگەكە ئەوەیە ئایا حكومەتی عێراق پلانێكی تۆكمەی بۆ لەناوبردنی "داعش" هەیە لەدوای ئازادكردنی ئەو شارانەی داگیریكردبوون، هەروەها بە هەزاران تیرۆریست لەدوای كۆتاییهاتنی شەڕ لە ساڵی رابردووەوە بۆ كوێ دیارنەماون؟

شەڕی موسڵ دوور‌ودرێژترین‌و سەختترین ئەو شەڕانە بوو كە هێزە ئەمنییەكانی عێراق لەدژی "داعش" كردوویانە‌و دوای نۆ مانگ لە شەڕی سەخت بە دەركردنی داعش لەشارەكە كۆتایی هات، بەڵام سوپرایزەكە ئەوەیە كاتێك سوپای عێراق بەرەو شارەكانی تەلەعفەر‌و حەویجە‌و قائیم‌و عانە‌و راوە رۆیشت هیچ بەرگرییەكی توندی رووبەڕوو نەبووەوە‌و لەماوەی چەند رۆژێكی كەمدا بەئاسانی ئازادی كردن لەكاتێكدا بەهەزاران تیرۆریست كە لەو شارانەدابوون دیار نەمان.

بێگومان رێكخراوێكی گەورەی وەكو "داعش" حسابی ئەوەی كردبوو كە بەردەوام بێت لە شەڕ‌و خۆی ئامادە بكات بۆ سیناریۆی دەركردنی لەو شارانەی كۆنترۆڵی كردبوون، ئێستاش ریزەكانی رێكدەخاتەوە‌و درێژە بە شەڕ دەدات بەڵام بە تەكتیكی نوێوە لە تیرۆركردن‌و بەئامانجگرتنی سەربازان لە دەوروبەری شارەكان كە بەخاڵی لاوازی هێزە ئەمنیەكانی عێراق دادەنرێت.