دوای‌ چواردە ساڵ.. جموجۆڵی‌ گەشتیاری‌ بۆ ئەنبار دەستپێدەكاتەوە

عیراق

24/03/2018‌ 1079 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
بەرودۆخی‌ ئەمنی‌ ئەنبار هێمن بووەتەوەو لەوەشدا كەرتی‌ گەشتیاری‌ سوودی‌ گەورەی‌ پێگەیشتووە، ئەوەتا سەرلەنوێ بەچڕی‌ جموجۆڵی‌ گەشیاری‌ بۆ حەبانییە دەست پێدەكاتەوە.

شاری گەشتیاری لەحەبانییە كە ناوەندێكی گەشتیاری گرنگە‌و لەماوەی 14 ساڵی رابردوودا دەستی تێكدەرانەی پێگەیشتووە، ئەمڕۆ هەوڵدەدات سەرلەنوێ دەست بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی بۆ سەردانیكەرانی بكاتەوە ئەویش بە هەوڵی خزمەتگوزاری‌و ئەمنی نائاسایی لە ناوشار‌و دەرەوەیدا.

شاری گەشتیاری لەسەر دەریاچەی حەبانییە كە دەكەوێتە باشووری خۆرئاوای شاری فەلوجە (60 كم لە خۆرئاوای بەغدای پایتەخت) گرنگترین‌و گەورەترین ناوەندی گەشتیاری بوو لە ناوچەكەدا، لەساڵی 1979دا بەڕەسمی كراوەتەوە‌و هۆتێلێك بە قەبارەی (300) ژوور‌و (508) شالێ لەخۆدەگرێت كە زۆربەیان دووچاری تێكدان‌و خاپووربوون هاتوون، ئەوەش وایكردووە ئەگەری گەڕانەوەی بۆ دۆخی جارانی لەلای ئەوانەی كاری تێدا دەكەن،  خەون بێت.

خەونێك رەنگە ئەو هاووڵاتیانەش تێیدا بەشداربن كە خوازیارن ئەو یادەوەرییە جوانانەیان بەدەست بهێننەوە كە لە شوێنەكانیدا بەسەریان بردووە‌و ئێستا بوونەتە پاشماوەیەك لە داروپەردو‌و دیمەنی وێرانەیەك پێكدەهێنن كە رەنگە ئەركی بەگەڕخستنەوەی بكاتە ئەستەم ئەگەر پشتیوانی ماددی‌و مەعنەوی بۆ ئەم ناوەندە گەشتیارییە گرنگە دابین نەكرێت.

كاتێك بۆیەكەمجار بەنێو شاری گەشتیاریدا گەڕاین ئەوەمان بەخەیاڵدا نەهات هیچ دیمەنێكی گەشتیاری ببینین، بەتایبەتی كە دیمەنی وێرانكاری‌و كاولكاری ئاماژەی بۆ بوونی ژیان لەو شارەدا نەدەكرد، بەڵام دەنگی بەرزی موزیكێكی میللی كە سەرچاوەكەی پاسێكی بچووك بوو ژمارەیەك گەنجی هەڵگرتبوو كە بەرەو دەرەوەی شارەكە دەچوون، سەرنجی راكێشاین‌و بەرەوڕووی چووین.

پاسەكەمان راگرت‌و قسەمان لەگەڵ سەڵاح عیساوی (42 ساڵ) شۆفێریدا كرد كە دانیشتووی ناوچەكەیە لە شاری فەلوجە‌و وتی: "لەوەتەی ژیان گەڕاوەتەوە بۆ پارێزگای ئەنبار‌و گرووپە چەكدارەكان تێكشكاون، ئێمە رۆژانە بیر لە رێكخستنی گەشت بۆ دەریاچەی حەبانییە دەكەینەوە، چەند هاوڕێیەك هاتنەلام بۆ رێكخستنی گەشتێك بەوپێیەی من دانیشتووی ناوچەكەم، ئەمرٍِۆش یەكەم سەردانمان بوو بۆ ئێرە".

ئەحمەد جبوری (32 ساڵ) كە بە یاوەری عیساوی لە بەغدای پایتەختەوە هاتووە، قسەكانی پێ بڕی‌و وتی:" ئەم یەكەم سەردانە سەردانێكی دیدەوانی بوو بەسەركەوتوویی ئەنجام درا‌و كار بۆ ئەوە دەكەین وێنە جوانەكەی ئەم ناوچەیە بگوازینەوە كە بەهۆی هێزە ئەمنییەكانەوە بە ئاسایش‌و ئارامی شاد بووە، لەبەر ئەوەش كە ئێمە خاوەنی پاسی بچووكین‌و لە گواستنەوەی هاووڵاتیان لەنێوان پارێزگاكاندا كاردەكەین، ئاڕاستەی داهاتوومان لە پشووی هەفتەدا شارە گەشتیارییەكە دەبێت لە حەبانییە، وەك دەرچەیەك‌و سەرچاوەیەكی نوێی بژیوی".

عیساوی هەروەها وتی: "ئەوەی ژیان لە شارەكانماندا دەگێڕێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی ئەو وێنە جوانەیە كە دروستی دەكەین لەرٍِێی دیمەنەكانی خۆشی‌و پێكەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان تاكەكانی یەك وڵات، ئەو شارە گەشتیارییەش لە رابردو‌و ئێستاش شوێنی كۆبوونەوەی هەموو پێكهاتەكانی گەلی عێراق بووە، لەسەر ئەو بنەمایەش گواستنەوەی وێنەیەكی ئەرێنی سەبارەت بە دیمەنەكانی دلًخۆشی لە شارەكانمان دەگرینە ئەستۆ‌و هەموو كەسێكی بۆ رادەكێشین".

بازاڕ‌و وێستگەكانی پشوودان بەدرێژایی ئەو رێگایەی دەچێتە شارە گەشتیارییەكە ئامادەكارییان بۆ پێشوازیكردن لە گەشتیاران تەواو كردووە، ئەمە جگە لەوەی كۆمپانیاكانی دیكەی گواستنەوە‌و گەشتیاریش لەڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەستیانكردووە بە ریكلامكردن بۆ ئۆفەرە گەشتیارییەكانیان.

ئەیوب جومەیلی (48 ساڵ) دانیشتووی شاری فەلوجەیە‌و خاوەنی یەكێكە لە دوكانە گرنگ‌و ناودارەكانی سەر رێگای گەشتیاران بەرەو شارە گەشتیارییەكە، ئەو پێیوایە گێڕانەوەی ژیان بۆ شارە گەشتیارییەكە پەیامێكی روون دەنێرێت سەبارەت بەوەی ئەم شارانەی بە شاری گەرم وەسف دەكران چیتر مۆڵگەی گرووپە چەكدارە توندڕەواكان نین‌و كاتی ئەوە هاتووە بەرگێكی نوێ‌و پرشنگدار بپۆشن كە شایستەیان بێت.

هەروەها دەڵێت: "ئەگەرچی شارە گەشتیارییەكە لەئاستی پێویستدا نییە، بەڵام ئەوە حاڵەتێكی نائاسایی‌و كاتییە، لە چەند رۆژی داهاتووشدا لەبەردەم وەرزێكی گەشتیاری زۆر جواندا دەبین بەتایبەتی كە تێپەڕبوونی ژمارەیەكی زۆری گەشتیار دەبینین، هەرچەندە شارەكە هێشتا پێویستی بە هەندێك خزمەتگوزاری‌و ناوەندی گرنگ هەیە".

لە پارێزگایەكدا كە هێشتا بە گەرم وەسف دەكرێت، ناكرێت تەنیا ئامادەكردنەوەی ناوەندە گەشتیارییەكان فاكتەری راكێشانی گەشتیار بێت، بەڵكو یەكەم شت كە هاووڵاتی بیری لێدەكاتەوە واقیعی ئەمنی ئەو پارێزگایەیە‌و چۆن هێزە ئەمنییەكان دەتوانن سەلامەتی گەشتیاران مسۆگەر بكەن‌و بیانپارێزن لە ناوچەیەكدا كە تا ماوەیەكی نزیكیش یەكێك بوو لە گرنگترین مۆڵگەی گرووپە چەكدارەكان.

موقەدەم عودەی ساعیدی ئامر فەوجی بەرپرس لە پاراستنی شاری گەشتیاری لە حەبانییە پێیوایە قەسەكردن لەسەر ئەوەی هێشتا مۆڵگەكانی داعش هەڕەشە لە هاووڵاتیانی مەدەنی پارێزگای ئەنبار دەكەن، بووەتە درۆیەك‌و شارەكە بە سەقامگیرییەكی ئەمنی بەرز شادبووە.

عیساوی قسەی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی: "شاری گەشتیاری لە حەبانییە‌و گوندەكانی دەوروبەری مۆڵگەیەكی ئارامی ئاوارەكان بوون لەو ماوەیەدا كە  گرووپە چەكدارەكان زۆربەی شارەكانی پارێزگاكەیان كۆنترۆڵ كردبوو، پرۆسەی پاراستنی ئەم ناوچە جوانەش هەرگیز مەسەلەیەكی سەخت نەبووە‌و تەنیا ئاڵنگاریی بەردەممان پاراستنی ئەو رێگایە بوو كە دێتە ئەم ناوچەیە".

هەروەها وتیشی: "ئەو رێوشوێنە ئەمنییانەی زامنی پاراستنی شاری گەشتیاری‌و ئەو هاووڵاتیانەش دەكەن كە خوازیاری بەسەربردنی كاتێكی خۆش‌و ئارامن، جێی بایەخی فەرماندە ئەمنییە هاوبەشەكانی نێوان بەغدا‌و ئەنبار بووە، میكانیزمێكی تۆكمەش گیراوەتەبەر كە زامنی سەلامەتی گەشتیاران دەكات نەك تەنیا لەناو شارە گەشتیارییەكە‌و ناوەندەكانیدا، بەڵكو بەدرێژایی رێگای هاتن‌و چوونیشیان بۆ شارەكە".

پێش ئەم پەیامە ئەرێنیانە هەنگاوێكی زۆر‌و گەورە نراون كە رەنگە گرنگترینیان تێپەڕاندنی ئەو حاڵەتی نائومێدییە بێت كە باڵی بەسەر زۆربەی كارمەندان‌و بەرپرسانی شارە گەشتیارییەكەدا كێشابوو، كاتێك بۆیەكەمجار چوونە نێو شارەكە لەدوای چۆڵكردنی لەلایەن ئەو ئاوارانەی بەدرێژایی چوار ساڵی رابردوودا تێیدا بوون، هەروەها قەبارەی وێرانكارییەكانیان بینی كە لە توانای بەردەست زیاتربوو.

ئەندازیار یەعقوب تەها بەڕێوەبەری بەشی چاككردنەوە لە شاری گەشتیاری بە شانازیەوە چیرۆكی تێپەڕاندنی ئەو بەربەستانەی بۆ گێڕاینەوە كە هاتوونەتە سەر رێی كارەكەیان، باسی لە هەوڵی گەورە‌و نائاسایی هەموو كارمەندەكانیش كرد بەتایبەتی دوای ئەوەی هەمووان توانیان ئەو حاڵەتی نائومێدییە تێپەڕێنن كە باڵی بەسەردا كێشابوون.

تەها قسەی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی: "زیاتر لە جارێك بیرم لەوە كردەوە خزمەتەكەم بگوازمەوە بۆ وەزارەتێكی دیكە، چونكە لەبەردەم كارەساتێكی گەورەدا بووم كە نەدەتوانرا رووبەڕووی ببمەوە، بەتایبەتی كە شارەكە پێویستی بە پارەیەكی زۆر‌و گرنگیپێدانێكی حكومی نائاسایی هەبوو كە نەمانتوانی بەەستیان بهێنین".

هەروەها دەڵێت: "ئەمڕۆ سەربەرزم كە توانیومانە بە هەوڵی خۆمان هەندێك لە ناوەندە گرنگەكان بخەینەوە گەڕ، ئەگەرچی لە ئاستی پێویستیشدا نییە، بەڵام بۆ ئێمە پاڵنەرێكی مەعنەوی بوو بۆ بەردەوامبوون لەسەر بەخشش‌و بەرەوپێشچوون بەرەو گێڕانەوەی ژیان بۆ شارەكەمان".

ئەو بارە ناسەقامگیرەی پارێزگاكە لەنێوان ساڵانی 2013‌و 2017 بەخۆوەی بینی بەشێوەیەكی زۆر كاریگەری لەسەر وەستانی كاری ئەو وەبەرهێنەرانە دانا كە هەندێك ناوەندی گرنگیان بەكرێ گرتبوو بۆ بەگەڕخستنەوە‌و وەبەرهێنانیان، بەپێی ئەو گرێبەستانەی وەبەرهێنانیش ئیدارەی شارە گەشتیارییەكە مافی ئەوەی نییە دەستكاری ئەو ناوەندانە بكات كە هۆتێلەكە‌و كەنارە لمینەكە‌و شاری یاری‌و هەندێك چێشتخانە‌و هۆڵیش دەگرنەوە.

ئیدارەی شارە گەشتیارییەكەش سەرەڕای كێشەكانی كارگێڕی‌و وەبەرهێنان كە بوونەتە رێگری لە بەگەڕخستنەوەی بەشێكی گەورەی شارەكە، توانیویەتی چەند هەڵمەتێكی مەیدانی بەتوانای خۆماڵی جێبەجێ بكات كە ئەنجامەكەی بەگەڕخستنەوەی كەنارە لمینەكە‌و هەندێك لە شالێكان بوو، ئەمە جگە لە بەگەڕخستنی هەندێك بازاڕ‌و چێشتخانەی بچووك وەك ئامادەكاری بۆ پێشوازیكردن لە خێزانەكان لە هاوینی داهاتوودا.

بەپەلە