جۆری دەگمەن بەخێودەكات.. گەنجێك ماڵەكەی‌ كردووەتە لانەی‌ مارو مێروو

عیراق

24/03/2018‌ 1849 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
بەخێوكردنی ئاژەڵی خشۆك بەجۆرە جیاوازەكانیەوە، ئارەزوویەكە هەندێك كەس بە نامۆی دەزانن، بەڵام مەهدی لەیس ئارەزوومەندی بەخێوكردنی خشۆكەكان رایەكی‌ تری‌ هەیە.

هەموو بیركردنەوەی ئەو گەنجە سی ساڵانەیە بریتیە لە بەخێوكردنی خشۆكەكان‌و ماری دەگمەن، چونكە ئەویش وەك ئارەزوومەندانی دیكە پێیوایە ئەم ئارەزووە چێژێكی تێدایە لە هیچ ئارەزوویەكی دیكەدا نییە، بۆیە لە ماڵەكەیدا لە گەڕەكی كەڕادەی ناوەڕاستی بەغدا كە رووبەرەكەی لە 100 مەتر تێناپەڕێت، ژوورێكی بۆ خشۆكەكان‌و ئاژەڵەكانی دیكەی تەرخان كردووە‌و ناوی ناوە ژووری بەختەوەری.

لەم ژووری بەختەوەرییەدا بەخێوكەری خشۆكەكان دەمانباتە جیهانێكی جوان كە كۆمەڵێك خشۆك‌و مار لەخۆدەگرێت كە لە وڵاتانی جیاجیای جیهانەوە هێناونی، چونكە بایەخی خانەوادەكە بە ئارەزووی كوڕەكەیان هەستێكی مرۆڤانەی بەرزی تێدا گەشەپێداوە.

ئەو جیهانە جیاوازییەكی ریشەیی هەیە لەگەڵ ئەوەی دەیبیستین‌و دەیبینین، چونكە مارەكان وەك مەهدی بە "نیقاش"ی وت: "ناو‌و وەسفی جۆراوجۆریان هەیە‌و زۆربەشیان لە وشكانیدا دەژین‌و لە باشووری خۆرهەڵاتی ئاسیاوە هاتوون، درێژی هەندێكیشیان دەگاتە حەوت مەتر".

بەخێوكەری خشۆكەكان هەر لە منداڵیەوە هەوڵیداوە بۆق‌و ماری ئاوی‌و جاڵجاڵۆكە‌و جۆری جیاجیای دیكەی ئاژەڵ بەخێوبكات، بەڵام ئارەزووی بۆ خشۆكەكان تەنیا 10 ساڵ لەمەوبەر دەستیپێكرد.

ئەو كە خۆی بە پارێزەر‌و بەخێوكەری خشۆكەكان دەزانێت لە بەرامبەر مەترسی دژایەتیكردنیان، پێیوایە "مرۆڤ مافی ئەوەی نییە ئاژەڵێك بكوژێت كە خودا هێناویەتە بوون، چونكە رێژەی مارە ژەهراوییەكان زۆر كەمە بەبەراورد بە جۆرەكانی دیكە كە لەبنەڕەتدا ئاژەڵی ماڵین‌و ئازاری كەس نادەن".

ئەو بە "نیقاش"ی وت: "لە عێراقدا تەنیا هەشت جۆر ماری ژەهراویمان هەیە لەكۆی 40 جۆر كە بە سەرتاسەری عێراقدا بڵاوبوونەتەوە" ئەوەشی خستەڕوو كە تەنیا 20%ی مارەكانی جیهان ژەهراوین‌و ئەوانی دیكە ژەهراوی نین‌و نرخی هەندێكیان دەگاتە 50 هەزار دۆلار.

خاوەنی ئەم ئارەزووە هۆگری بۆ بەخێوكردنی خشۆكەكان وای لێكرد بیاننگەیەنێتە قۆناغی زاوزێ، خۆیشی بە تەنیا كەس‌و یەكەم كەس دەزانێت كە بایەخی بە زاوزێی ئەم جۆرە خشۆكانە لەعێراق داوە بەبێ ئەوەی بازرگانیان پێوە بكات، چونكە چەند جۆرێكی جیاواز خشۆك‌و ماری هەیە‌و پارەش بۆ خواردنیان تەرخان دەكات.

سەبارەت بە شێوازی خواردنپێدانیش بە خشۆكەكان مەهدی دەڵێت: "ئەو خشۆكانەی من لەڕوو خواردنپێدانیانەوە جیاوازن، چونكە مارەكان مشك‌و باڵندەی بەستوو دەخۆن كە لە دەرەوەی عێراق هاوردەی دەكەم، مارمیلكەكانیش مێروو دەخۆن، ئەمەش وای لێكردم پرۆژەی زاوزێپێكردنی سیسرك دەستپێبكەم كە پرۆتینی زۆریان تێدایە، هەندێك خشۆكی دیكەش خواردنیان رووەكییە".

لەكاتێكدا بەخێوكەری خشۆكەكان سەرقاڵی چارەسەركردنی برینێكی ئاسایی بوو كە تووشی یەكێك لە ئاژەڵەكانی ببوو، وتی: "بە بەردەوامی چەند جۆرێكی دیاریكراوی رووەك وەك ژەمە خۆراك بۆ ئەو مارانە دەهێنم كە لەجۆری مارمێلكەن، هەندێكی دیكەشیان لەسەر خواردنی گۆشتی باڵندە‌و چەند جۆرێكی دیكە دەژین".

ئەو بە زەردەخەنەوە وتی: "خواستی من بۆ ئەم ئارەزووە رێگربووە تەنانەت لەوەی ئۆتۆمبیلێكیشیم هەبێت، چونكە هەموو ئەو پارەیەی دەستم دەكەوێت بۆ دابینكردنی خۆراكێكی گونجاو بۆ ئاژەڵەكان یاخود كڕینی ئاژەڵێكی دیكە خەرجی دەكەم، ئەوەش بە گرنگتر لە هەموو خۆشییە تایبەتییەكانم دادەنێم".

گەنجە بەغداییەكە خاوەنی فەلسەفەیەكی تایبەتە سەبارەت بە پەیوەندی نێوان مرۆڤ‌و خشۆكەكان، لەبەرئەوە ناوی عەرەبییان بۆ هەڵدەبژێرێت‌و هەندێك ئاژەڵی نزیك لێشی بەناوی تایبەتی وەك "تۆكی، رۆنی، رۆلا، ئەلێكس‌و كوجی" ناو دەنێت كە ناوی چەند مارێكن لە دڕندەترین ئاژەڵەكانی عێراق‌و بەخێوكەری خشۆكەكان شانازییان پێوە دەكات.

چوار مار بەدرێژی دوو مەتر‌و نیو، جۆرێكی دیكە بەناوی شەبەكییە‌و چوار قۆڕی عێراقی‌و سێ كیسەڵ یەكێكیان قەبارە گەورە‌و دووانیان بە قەبارەی بچووك، سێ ماری ئەوروپی‌و قرژاڵی دەریای بیانی‌و رەفەشێكی عێراقی، نموونەی خشۆكەكانی مەهدین.

سەبارەت بەو پەیوەندییەش كە لەگەڵ بەخێوكردنی خشۆكەكان هەیەتی، مەهدی بۆ "نیقاش"ی گێڕایەوە كە چۆن (كوڵەمارێكی عێراقی) كڕیوە كە یەكێكە لە مارە ناودارەكان‌و تەمەنی دوو ساڵ بووە، لە منداڵیەوە بەخێوی كردووە‌و جوانترین‌و نزیكترین ئاژەڵ بووە لەلای.

هەروەها وتی: "هەموو شەوێك بەشان‌و باڵی ئەو كوڵەمارە عێراقییەدا هەڵم دەدا‌و چەندین سەعاتم لەگەڵ بەسەر دەبرد، بەڵام هەر زوو نەخۆش كەوت‌و دوای ساڵێك مرد، زۆر بۆی گریام‌و بۆ ماوەی سێ رۆژ بارودۆخم باش نەبوو".

لە پاڵ ئەركی بەخێوكردنی خشۆكەكانیشدا، مەهدی نیگەرانی‌و دڵتەنگیشی ناشارێتەوە بەرامبەر بە هەڵوێستی هەندێك لە ناسراوەكانی كە پێشتر‌و ئێستاش بە "شێت" وەسفی دەكەن، بەڵام سەرەڕای ئەوەش بەدیهێنانی خەونەكەی لەبیر نەكردووە‌و سوورە لەسەر ئەوەی حەزی پێدەكات‌و باوەڕی پێیەتی كە ئەویش دامەزراندنی ناوچەیەكی پارێزراوە بۆ پارێزگاریكردن لە خشۆكە دەگمەنەكان‌و بەتایبەتیش عێراقییەكان‌و زاوزێ پێكردنیان، بۆیە هەموو پارە‌و كەلوپەلەكانی كۆكردەوەو سەفەری كرد بۆ مالیزیا، چونكە مالیزیا وەك خۆی دەڵێت "وڵاتێكە بایەخ بە بەخێوكردنی ئەم جۆرە ئاژەڵانە دەدات".

مەهدی دەڵێت: "توانیم لەوێ زاوزێ بە چەند جۆرێكی دەگمەنی خشۆكەكان بكەم‌و شتی زۆر فێربووم كاتێك لەگەڵ چەند چەند كەسێك لە بەخێوكەرانی خشۆكە نامۆكان كۆمپانیایەكم دامەزراند، بەڵام دوای ساڵێك كە زانیاری‌و ئەزموونی بەنرخم دەستكەوت گەڕامەوە بۆ عێراق".

سەبارەت بە جۆری ئەو خشۆكانەش كە سەرقاڵی بەخێوكردنیانە، مەهدی دەڵێت: "حەزم لە هەموو جۆرێكە، بەڵام هەوڵ دەدەم چەند جۆرێكی تایبەتیان لێ بەخێوبكەم وەك شەبەكیە‌و قۆڕی‌و ئەو مارانەی كە درێژییەكەیان دەگاتە سێ بۆ چوار مەتر، سەختترین جۆریش بۆ بەخێوكردن بەلای منەوە حەربایە، چونكە لەو بوونەوەرانەیە كە بەخوێكردنیان پێویستی بە شێ‌و رووناكییەكی دیاریكراو هەیە".

بەخێوەكەری خشۆكەكان پەیوەندی پتەوی لەگەڵ سەنتەری عێراقی بۆ ژیانی وشكانی‌و رێكخراوی كەشوهەوای سەوزی عێراقی هەیە كە لەو رێكخراوانانەن بایەخ پارێزگاریكردن لە ئاژەڵە تاكەكان دەدەن پێش قڕ بوونیان.

لەبارەی سروشتی ئەو پەیوەندیانەش، مەهدی دەڵێت: "پەیوەندییەكانم تەنیا راوێژكارین، بەڵام بەشێوەیەكی ئەرێنی رەنگدانەوەیان لەسەر هاوكاری جددی نێوانمان هەبووە‌و بەهۆی ئەوانەوە توانیم تیمی رزگاركەرانی ئاژەڵان‌و ژیانی وشكانی لە عێراق دابمەزرێنم".

ئەم گەنجە عێراقییە پڕ هیوایە خوازیارە جێپەنجەیەكی بچووك لەبواری بەخێوكردنی ئاژەڵدا بەتایبەتیش خشۆكە عێراقییەكان بەجێبهێڵێت ئەویش لەڕێی دروستكردنی ناوچەی پارێزراو لە پارێزگا جیاجیاكانی عێراق لەپێناو جێگیركردنی كەلتورێكی نوێ كە خۆشەویستی‌و رێزی بۆ ئاژەڵ‌و ژیانی وشكانی بەشێوەكی گشتی هەبێت.

بەپەلە