لەوڵاتانی‌ دەوروبەرەوە داوای‌ دەكەن
بەناوبانگترین سەگ لەكوردستان نرخەكەی‌ دەگاتە 30 هەزار دۆلار

کوردستان

24/03/2018‌ 12229 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
ئەوانەی‌ لەكوردستان خولیای‌ بەخێوكردنی‌ سەگیان هەیە لەنێو خۆیاندا شانازی‌ بەجۆری‌ سەگەكانیانەوە دەكەن، بەڵام هەر باس دێتە سەر باسی‌ سەگی‌ "هاوشار"، كەس قسەی‌ نامێنێت.

سەگی‌ هەوشار لەبەهێزترین‌و رەسەنترین ئەو سەگانەیە، كە لەكوردستان بەخێودەكرێن، رەچەڵەكەكەیان بۆ ناوچەی‌ "پشدەر" دەگەڕێتەوە لەباكووری‌ خۆرهەڵاتی‌ سلێمانی‌، هەر لەبەر ئەوەشە هەم سەگی‌ پشدەرو هەم سەگی‌ هەوشار-یشیان پێدەوترێت.

ئەم سەگە زۆر بەهێزەو باڵایەكی‌ بەرزی‌ هەیەو یەكێكە لەسەگە دڕەكان، زۆربەی‌ كات بۆ كاری‌ شوانی‌ بەكاردەهێنرێت لەبەر ئەوەی‌ بەئاسانی‌ دەتوانێت رووبەرووی‌ گورگ ببێتەوە، هەرچەندە ئێستا لەزۆربەی‌ شارەكانی‌ كوردستان هەیە، بەڵام پشدەر نیشتمانی‌ راستەقینەیەتی‌‌و جۆرە زۆر دەگمەن‌و تایبەتەكەیان هەر لەوێ‌ ماون.

بۆ خەڵكی‌ ناوچەكە سەگەكە ئەوەندە گرنگییەكی‌ تایبەتی‌ هەیە، كە ئەگەر یەكێك بیەوێت دیارییەكی‌ زۆر بەنرخ بداتە كەسێكی‌ دیكە ئەوە سەگی‌ هاوشاری‌ بۆ دەنێرێت، بەڵام هەندێك‌ لەم سەگانە توخمیان زۆر تایبەتە خاوەنەكانیان ئامادە نین بەهیچ نرخێك بیانبەخشن.

هەندێك وەك خولیاو هەندێكی‌ تر بۆ پارە پەیداكردن‌و بەشێكیش بۆ شەڕپێكردن ئەم سەگانە بەخێو دەكەن.

ئارام عەبدوڵا یەكێكە لەو كەسانەی‌ كە پارە بەو سەگانە پەیدا دەكات، بە بەبەچكەیی‌ دەیانگرێتە خۆی‌و راهێنانیان پێدەكات تا ئەو كاتەی‌ گەورە دەبن‌و نرخێكی‌ زۆریان لەسەر دادەنێت.

بەچكەی‌ ئەم جۆرە سەگە پاش لەدایكبوونی‌ بەپێی‌ جۆرەكەی‌ نرخەكەی‌ لەنێوان 200 بۆ دوو هەزار دۆلاردایە، بەڵام بەم نرخەش دەست هەموو كەسێك ناكەوێت، بەڵكو دەبێت لەو ناوچەیە ناسیاوێكت هەبێت، كە سەگێكی‌ لەو شێوەیەت بۆ پەیدا بكات.

ئارام بە"نیقاش"ی‌ وت "بەگەورەكردنی‌ سەگەكانەوە زۆر ماندوو دەبین، هەندێكیان نرخی‌ زۆر باشمان بۆ دەكەن، بەڵام هەندێكی تریان لەجۆرە باشەكان دەرناچن‌و ماندووبوونمان بەفیڕۆ دەچێت".

جار هەبووە نرخی‌ یەك دانە سەگی‌ هەوشار لە (30) هەزار دۆلار تێپەڕیوە، وەك خەڵكی‌ ناوچەكە دەڵێن لەئێران‌و توركیاو روسیاو لوبنان‌و ئەرمەنستانەوە خەڵك هاتوون بەنرخی‌ گران ئەم سەگانەیان كڕیوەو بردویاننەتەوە.

بەدووی‌ چەند كیلۆمەترێك لەناوەندی‌ شاری‌ قەڵادزێ‌، یەكێك لەوانەی‌ خولیای‌ بەخێوكردنی‌ سەگیان هەیە كێڵگەیەكی‌ گەورەی‌ بۆ سەگی‌ هەوشار دروستكردووەو چەند جۆرێكی‌ زۆر تایبەتی‌ لەوێ‌ كۆكردووەتەوەو بەردەوام لەهەموو كۆڕو كۆبوونەوەیەكدا شانازی‌ بەسەگەكانیەوە دەكات.

ئەگەر بچیتە ئەو ناوچەیەو (ئاودێری‌ عەزیز)ی‌ خاوەنی‌ كێڵگەكەت لەگەڵ نەبێ‌، زەحمەتە بتوانی‌ نزیك ببیتەوە، چونكە چەند سەگێكی‌ زەبەلاح لەوێ‌ هەن ئامادەن بۆ پەلاماردانی‌ هەر كەسێك، كەچی‌ هەر كە خاوەنەكەی‌ دەچێت هەموویان گوێڕایەڵ دادەنیشن.

ئاودێر تەمەنی‌ 30 ساڵەو 17 سەگی‌ تایبەتی‌ لەو كێڵگەیەدا راگرتووەو بەردەوام ئاگای‌ لەجۆری‌ خۆراك‌و تەندروستیانە، بەڵام وەك دەڵێت سەگەكانی‌ بۆ فرۆشتن نین.

ئاودێر بە"نیقاش"ی‌ وت "باشترین جۆرەكانی‌ سەگی‌ هەوشار كە ئەو هەیەتی (سەگە بەران)ەی پێدەوترێت، كەس هەبووە هەر لێرە دەم‌و دەست سی‌ هەزار دۆلاری‌ داومەتێ‌ نەمفرۆشتووە، چونكە ئەمانە هیچ قیمەتێكم لەسەر دانەناون".

تەنانەت وەك ئاودێر باسی‌ دەكات جاری‌ وا هەبووە كەسێك چووەتە لای‌ ئامادە بووە ئۆتۆمبێلەكەی‌ بەیەكێك لەو سەگانە بگۆڕێتەوە، بەڵام ئەم نەیداونەتێ‌.

گرفتەكە ئەوەیە زۆرجار ئەوانەی‌ لەپشدەرو ناوچەكانی‌ دیكە سەگی‌ هەوشار بەخێودەكەن، دەیانخەنە بەردەم پێشبڕكێیەكی‌ ناڕەواو شەڕیان پێدەكەن، گرەوی‌ ئەم شەڕانەش لەسەر چەند هەزار دۆلارێكە كە براوە وەریدەگرێت.

ئەوانەی‌ بۆ شەڕپێكردن سەگ بەخێودەكەن دەچنە جێیەكی‌ تایبەت‌و سەگەكان لەیەك بەردەدەن، سەگی‌ براوە ناوبانگ پەیدا دەكات‌و نرخەكەشی‌ بەرز دەبێتەوە.

دەستەو رێكخراوەكانی‌ دۆستی‌ ئاژەڵ لەكوردستان چەندجارێك ناڕەزایی‌ توندیان لەسەر ئەو شەڕپێكردنانە دەربڕیوەو داوایانكردوووە ئەم دیاردە "ناشرینە" رابگیرێت

د. ئاڤێستا كەمال لێپرسراوی‌ راگەیاندنی‌ "رێكخراوی‌ پاك بۆ پاراستنی‌ ئاژەڵان" بە "نیقاش"ی‌ وت "هەندێكەس بۆ چێژبینین شەڕ بەسەگ دەكەن ئەمەش پێشێلكارییەكی‌ گەورەیە دەرهەق بەمافی‌ ئاژەڵان‌و سەرپێچی‌ یاساییە".

وتیشی‌ "چارەسەركردنی‌ ئەم دیاردەیە تەنیا بەرێكخراوە ئاژەڵپارێزەكان ناكرێت، بەڵكو دەبێت حكومەت‌و دەسەڵاتی‌ یاسادانان یاسای‌ تایبەت دەربكەن كە شەڕە سەگ بەتاوان بناسێنن‌و سزای‌ لەسەربێت".

خاوەندارێتی‌ راستەقینەی‌ ئەم جۆرە سەگە مقۆمقۆی‌ لەسەرە، چونكە توركەكان دەڵێن ئەمانە سەگی‌ "كانگاڵ"ی‌ توركین، بەڵام خەڵكی‌ ئەم ناوچەیەش سوورن لەسەر ئەوەی‌ سەگی‌ هەوشار نیشتیمانە راستەقینەكەی‌ پشدەرە.

فازیل شۆرەو (67 ساڵ) كە شارەزای‌ توخمەكانی‌ سەگەو هەمانكات مامۆستای‌ زانكۆشە، دەڵێت "هەوشار سەگێكی‌ رەسەنی‌ كوردییەو لەدێر زەمانەوە هەر لەكوردستان بووە".

بۆ "نیقاش" وتی‌ "ئاگاداربووین چەند جارێك لەتوركیا هەوڵدرا لەلای‌ رێكخراوە جیهانییەكان بەسەگێكی‌ توركی‌ بناسێنرێت، بەڵام ئەو هەوڵانە سەریان نەگرت‌و توخمەكەیان بۆ ساخنەكرایەوە، چونكە ئێمەش سوورین لەسەر ئەوەی‌ سەگێكی‌ رەسەنی‌ كوردییە".