داعش ماوەی بەسەرنەچووە.. دانیشتووانی شارەكان لەدروستبوونەوەی شانە نووستووەكان دەترسن

عیراق

31/03/2018‌ 565 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
ئەو كەسانەی‌ هۆكاربوون بۆ وێرانكردنی‌ شارەكان، سەرلەنوێ گەڕاونەتەوە بۆ ژیانی مەدەینیانە، ترشیان لەدڵی‌ خەڵكدا چەسپاندووەو دوور نییە گورزی‌ خۆیان بوەشێنن.

دووبارەبوونی ئەو كەسانەی تۆمەتبارن بە ئەندامێتییان لە گرووپەكانی داعشدا لەنێو شارە ئازادكراوەكانی پارێزگار ئەنبار (110 كم لە خۆرئاوای بەغدای پایتەخت) بووەتە مایەی ترسی دانیشتووانی ناوچەكە كە هەوڵی هەڵدانەوەی لاپەڕەی داعش‌و ئەو زیانانەش دەدەن كە لێیان كەوتووە، ئەمە جگە لەوەی شۆكێكیشە بۆ ئەو هێزە ئەمنیانەی بۆ تێكشاندنی گرووپە چەكدارەكان‌و دەركردنیان لەپارێزگاكە جەنگاون، ئەگەرچی پاساوی فەرماندە ئەمنییەكان ئەوەیە ئەو كەسانە لەرووی ئەمنیەوە وردبینیان بۆ كراوە.

هیچ خێزانێك یاخود تاكێك ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ نێو شارە ئازادكراوەكان ئەگەر بەو میكانیزمەدا تێنەپەڕێت، كە حكومەتی عێراق ئامادەی كردووە، ئەویش لەڕێی پێكهێنانی لیژنەی تایبەتمەند‌و هاوبەش لەنێوان هەموو دەزگاكانی هێزە ئەمنییەكان، كە ئەركی وربینیكردنی دۆسێی هەموو گەڕاوەكان بۆ شارەكەی گرتووەتە ئەستۆ‌و بە پشت بەستن بەو زانیارییە هەواڵگریانەی بەشێوەی ئەلیكترۆنی مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت سەلامەتی دۆسێی ئەمنی هەر گەڕاوەیەك دیاری دەكەن، ئیتر تاك بن یاخود خێزان.

دیمەنی دەركەوتنی هەندێك لەوانەی بە ئەندامێتییان لە گرووپەكانی داعش تۆمەتبارن كە لەنێو شارەكاندا بەئازادییەكی تەواوەوە هاتوچۆدەكەن، پەنجەی تۆمەت بۆ ئەوە رادەكێشێت كە كەموكوڕییەك لە سیستمی ئەمنیدا هەیە‌و بووەتە هۆی گەڕانەوەی ئەم كەسانە بۆ نێو كۆمەڵگەیەك كە هێشتا لە تاوانەكانی داعش چاك نەبۆتەوە.

ئەو هێزە ئەمنیانەی پاراستنی دەروازەی شارە ئازادكراوەكانیان پێ سپێردراوە باس لە پرۆسەی دەستگیركردنی ژمارەیەكی زۆر داواكراو دەكەن، هەندێكیان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە تێكڕای ئەوانەی دەستگیركراون لەنێوان دوو بۆ پێنج كەسدایە لە رۆژێكدا‌و زۆرینەیان لەوانەن كە پێناسی پەسەندكراوی دەزگا ئەمنییەكانیان پێیە.

سالم قادر (28 ساڵ) ناوی خوازراوی كارمەندێكی هەواڵگرییە لەوانەی لە شاری رومادی (110 كم لە خۆرئاوای بەغدای پایتەخت) كاردەكەن، ئەو باسی هەندێك لەو حاڵەتانەی بۆ "نیقاش"ی كرد كە لەكاتی ئەركەكەیدا تێبینی كردوون‌و وتی: "دوو رۆژ لەمەوبەر توانیمان یەكێك لە داواكراوان دەستگیربكەین لە كاتێكدا هەوڵی دەدا بەرەو شاری فەلوجە بچێت، لەمیانی لێكۆڵینەوەشدا داوای لێكردین لەبەرامبەر بڕێك پارەدا ئازادی بكەین وەك ئەوەی لەسەر ئەو سازشكردنە راهاتبێت، ئێمە رەتمانكردەوە، بەڵام دەزانین كە لایەنێك ئازادی دەكات".

هەروەها وتیشی: "رۆژ نییە داواكراوێك یاخود یەكێك لەوانە دەستگیرنەكەین كە وەك ئەندامی سەر بە گرووپەكانی داعش لەلامان تۆماركراون، شتێكی نامۆش نییە بەڵگەنامەی رەسمیان پێ بێت كە سەلامەتی دۆسێی ئەمنیان بسەلمێنێت، بەڵام ئەوە نامۆیە كەسانێك دەستگیربكەین كە پێشتر دەستگیركراون وەك ئەوەی فێربووبن چۆن هەموو جارێك بۆی دەربازببن".

هاووڵاتیانی شاری فەلوجە (60 كم لە خۆرئاوای بەغدای پایتەخت) لە بەریەككەوتن لەگەڵ ئەو كەسانە دەترسن بەوپێیەی كەسانی مەترسیدارن بەتایبەتی كە زۆرینەی دانیشتووانی ناوچەكە باوەڕیان وایە خەبەرلێدانیان وەك خۆكوشتن وایە، چونكەی هەر كەسێكیان دەرباز ببێت دەبێتە دوژمن‌و هەوڵی تۆڵەسەندنەوە دەدات.

حامید جومەیلی (61 ساڵ) خاوەنی نووسینگەی كڕین‌و فرۆشتنی خانووبەرە لەشاری فەلوجە كە وەك موختاری یەكێك لە گەڕەكەكانیش كاردەكات، پێی وایە ناكرێت بێدەنگ بن لە گەڕانەوەی هەندێك لە داواكراوان‌و داواش لە هێزە ئەمنییەكان دەكات رێوشوێنی توند بگرنەبەر بۆ پاراستنی ئەو دەستكەوتانەی بەدەستهاتوون.

جومەیلی بە "نیقاش"ی وت: "ژمارەیەك لەو خانووانەی بۆ هەندێك لەو خێزانانە بەكرێگیراون كە خانووەكانیان رووخاوە، گەڕاونەتەوە بۆلامان بۆئەوەی چۆڵیان بكەن ئەویش بەهۆی گەڕانەوەی خێزانەكانی خاوەنی ئەو خانووانە، هەمووشمان دەزانین كە ئەو خێزانانە تێوەگلاون لە ئەندامێتی گرووپە چەكدارەكاندا، ئەگەرچی پرۆسەی گەڕانەوەشیان لەژێر چاودێری‌و بە ئاگاداری هێزە ئەمنییەكانیش بێت، بەڵام ترس لەلای دانیشتووانی ناوچەكە دروست دەكات‌و مامەڵە لەگەڵ كردنیان رەتدەكەنەوە".

عامر ئەبو حەمەد (58 ساڵ) كە لە نووسینگەی خانووبەرەكە خانووەكەی بۆ فرۆشتن دادەنا بە"نیقاش"ی وت: "وامدەزانی قۆناغی گرووپە چەكدارەكان كۆتایی هاتووە‌و ناتوانن جارێكی دیكە بگەڕێنەوە، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین گەڕانەوەی ژمارەیەكی زۆرە لەو گرووپە چەكدارانە یاخود توندڕەوانەی پێشتر بەشێوەیەك لە شێوەكان پشتیوانی گرووپەكانی داعشیان دەكرد".

دەشڵێت: "بڕیارم داوە خانووەكەم بفرۆشم‌و شارەكە بەجێبهێڵم، چونكە نامەوێت جارێكی تر ناخۆشی راگواستن بچێژم بەتایبەتی ئەوەی ئەمڕۆ تێیدا دەژین ئەو سیناریۆیە كە پێشتر بینیومانە كاتێك دەمانبینی كەسانی نامۆ‌و گرووپی توندڕە‌و لەنێو شارەكەدا تەراتێنیان دەكرد، بەڵام جیاوازی نێوان دوێنێ‌و ئەمڕۆ ئەوەیە پێشتر نەماندەتوانی قسە بكەین، بەڵام ئەمڕۆ قسە دەكەین‌و لەهەمان كاتدا لە كاردانەوەیەكیش دەترسین كە رەنگە لەبەرژەوەندیماندا نەبێت".

رێوشوێنە ئەمنییە پەیڕەوكراوەكان لە بازگە سەرەكییەكانی شارە ئازادكراوەكان وردبینی زۆر لە ناسنامەی كەسانی هاتوو ناكەن‌و پرۆسەی چوونەناوەوە بۆ ئەم شارانە ئاسان بووە تەواو بەپێچەوانەی ئەو وردبینییە ئەمنییەی كەسانی رۆیشتوو بەرەو پارێزگاكانی دیكە دەگرێتەوە، ئەو رێوشوێنانە رەنگە رێگە لە دروستبوونی شانەی نوێ لەنێو ئەو شارانەدا نەگرن كە بەدەست بوونی گرووپە چەكدارەكانەوە گیرۆدەبوون.

محەمەد زوبیانی (35ساڵ) دانیشتووی شاری رومادی پێیوایە رێوشوێنە پەیڕەوكراوەكان لە دەروازە سەرەكییەكانی پارێزگای ئەنبار لە ئاستی پێویستدا نین، دووپاتیشی دەكاتەوە میكانیزمی پەیڕەوكرا‌و ئامانجی پاراستنی پارێزگای ئەنبار‌و شارەكانی نییە كە ببوونە مۆڵگەی گرووپە چەكدارە توندڕەوەكان.

زوبیانی بە "نیقاش"ی وت: "كە دەچم بۆسەر كارەكەم لە بازگەی سقوری نێوان پارێزگای ئەنبار‌و بەغدای پایتەخت زیاتر لە دوو سەعاتم پێدەچیێت، لەگەڵ ئەو رێوشوێنە ئاڵۆزانەشدا، بەڵام بەگرنگیان دەزانم بۆ پاراستنی ئاسایشمان، بەڵام لە لایەكەی دیكە كاتێك دەبینم ئەو ئۆتۆمبێلانەی دەچنە پارێزگاكە تەنیا چەند دەقیقەیەكی كەمیان پێدەچێت بەبێ رودبینیكردن‌و پشكنین، تووشی نائومێدی دەبم".

هەروەها وتیشی:"رەنگە ئەم میكانیزمە بەئەنقەست بێت‌و رێگە بە تێپەڕبوونی كەسانێك بدات كە لەوانەیە شانەی نوێ لەنێو پارێزگاكەدا دروست بكەن‌و هەوڵی خۆرێكخستنەوە بدەن لەنێو ئەو رێوشوێنە خراپانە‌و ئەو گەندەڵییە دارایی‌و كارگێڕییەی رێگە بە هاتووچۆی ئازادانەی تیرۆریستان لەنێو پارێزگاكەدا دەدەن".