ئاهەنگی‌ بێتام‌و بۆن.. كەركوك نەورۆزێكی شەرمنانەی بەڕێكرد

کوردستان

31/03/2018‌ 843 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
جەژنی نەورۆزی ئەمساڵ لەكەركوك جیاوازبوو بەراورد بەو ئامادەكاریانەی پارێزگاكە ساڵانە بۆ پێشوازیكردن لە رۆژانی یەكەمی ساڵی كوردی بەخۆوەی دەبینی.

ئامادەكردنی خواردن‌و چوونەدەرەوە بۆ سەیران لە ناوچە شاخاوییە سەوزەكانی سەر رێگای هەردوو شاری هەولێر‌و سلێمانی بڵاوترین نەریتی ئاهەنگگێڕانی جەژنی نەورۆزن لەكەركوك، بەڵام ئەمساڵ گۆڕاون.

"نەورۆزی ئەمساڵ رۆحی‌ خۆی لەدەستداوە لەئامادەكردنی جلوبەرگی كوردی ئاڵ‌و واڵا‌و كۆبوونەوەی خێزانەكان بۆ هەڵپەڕین لەسەر ئاوازی زوڕنا" ئەمە قسەی دیدار محەمەد یەكێك لەسەردانیكەرانی بەنداوی شیرینە كە بە "نیقاش"ی وت "ئەمساڵ بەنداوەكە هێندەی نەماوە خاڵی بێت لەئاهەنگگێڕان‌و كەشوهەواكەش كەمێك نامۆیە، لەبیرمە لەساڵانی رابردوودا تووشی قەرباڵغییەكی زۆری هاتووچۆ دەبووین تادەگەیشتینە شوێنی مەبەستمان‌و كاتێك دەشگەیشتین شوێنێكی چۆڵمان نەدەبینیەوە بۆ دانیشتن بەهۆی زۆری ئاهەنگگێڕانەوە".

كەركوك، كە دانیشتووانەكەی وا راهاتوون هەموو ساڵێك ئاهەنگی جەژنی نەورۆز بگێڕن، ئەمڕۆ دانیشتووانەكەی تەنیا چەند سەیرانێكیان بۆ ناوچەكانی نزیك سەنتەری شارەكە ئەنجام داوە، چونكە گەرموگوڕییەكەی ساڵانیان شەرمنی پێوەدیاربوو، ئەو مەنجەڵانەی لە ناوچە سەوزاییەكاندا بە درێژایی رێگا دەرەكییەكانی شارەكە لەسەر خەڵوز لێدەنران ئەمساڵ سارد‌و كاڵ بوون‌و هەڵپەڕكێكانیش گەرموگوڕیی‌و جوانیەكەی جارانیان لەدەستدابوو.

مەهدی بەیاتی چالاكوانی سیاسی بە "نیقاش"ی وت: "رەوشی كەركوك جۆرێك لەگرژی پێوەدیارە بەهۆی دروستكردنی قەیران لەلایەن هەندێك لایەنەوە، نەورۆزی ئەمساڵ هەرگیز لە ساڵانی رابردوو نەدەچوو كە هەموو بۆنەكانی شارەكە یەك رەنگن، هەروەها هەستیاری رەوشی ئەمڕۆش رەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر گیانی ئاهەنگگێڕان هەبووە".

بەیاتی وتیشی: "كۆبوونەوەكانی ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی نەورۆزی ئەمساڵەوە زۆر كەمن لەترسی هەر بە ئامانجگرتنێك ئەگەر رووبدات".

هاوكات سازان كاوە كە ژنێكی كوردە‌و لەگەڵ خێزانەكەیدا لە شارەكەدا نیشتەجێیە وتی: "ساڵانێكە ئێمە راهاتووین لەسەر ئەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لێرە بن‌و  ئاسایشی شارەكە بپارێزن، بەڵام نەورۆزی ئەمساڵ جیاواز بوو كە تێیدا هێزەكانی عێراق ئامادەییان هەبوو، خێزانە كوردەكانیش لەكەركوك دابەشبوون بەسەر ئەوانەی پارێزگارییان لە داب‌و نەریتە پەیڕەوكراوەكانی یادەكە كرد بە چوونەدەرەوە بۆ ناوچە سەوزاییەكان، لە كاتێكدا بەشی دووەمیان تەنیا لە ماڵەوە مانەوە‌و ئاهەنگگێڕانەكەیان خێزانی بوو".

هەروەها وتیشی: "هەندێك لە خەڵكی كەركوك پێیان وایە شارەكەیان لە حاڵەتی ماتەمدایە بەهۆی چوونەدەرەوەی هێزەكانی پێشمەرگە‌و زۆربەی حزبە كوردییەكان لە شارەكە، هەرچەندە هێزە ئەمنییەكان بەتەواوی كۆنترۆڵی رەوشی ئەمنیشیان كردووە، هاووڵاتیانیش بەدوای ئارامیدا دەگەڕێن لەهەر لایەنێكەوە پێشكەش بكرێت".

یادكردنەوەی جەژنی نەورۆز لە شاری برایەتیدا تەنیا تایبەت نییە بە یەك نەتەوە، بەڵكو هەموو پێكهاتەكانی عەرەب‌و توركمان‌و مەسیحی لەگەڵ خاوەنی جەژنەكە كە كوردە، دەچنە دەرەوە بۆ ناوچەكانی پارێزگاكە‌و ئاگری نەورۆز دەكەنەوە‌و ئاهەنگدەگێڕن بەسەماكردن یاخود هەڵپەڕكێ، هەروەها ئەو خواردنە خۆشانەش لەبیر ناكەن كە چێشتخانەی كەركوكی پرٍكردووە لەوانەش دۆڵمە كە تایبەتە بە بەهار‌و بە ماستی ترشی بزن‌و گەڵامێو ئامادەدەكرێت.

سەجا عەبدوڵڵا كە ژنێكی عەرەبی شارەكەیە دەڵێت: "هەموو ساڵێك لەگەڵ برا كوردەكانمان یادی جەژنی نەورۆز دەكەینەوە‌و دەچینە هاوینەهەوار‌و شوێنە جوانەكانی ناو كەركوك یاخود دەرەوەی، ئەمساڵیش رێوشوێنە ئەمنییەكان بەڕوونی دیاربوون‌و هیچ پێشێلكارییەك رووی نەدا، بەپێچەوانەشەوە ئەندامانی سوپای عێراق ئەو نەریت‌و جلوبەرگانەیان بەلاوە سەیربوو لەگەڵ ئاهەنگگێڕاندا خۆشحاڵی خۆیان دەردەبڕی".

جلوبەرگی كوردی پێگەیەكی تایبەتی لە جەژنەكانی بەهاردا هەیە‌و پێشوەخت ئامادەكاری بۆ دەكرێت بە كڕینی قوماشی ئاڵ‌و واڵا‌و رەنگاو رەنگ كە لە ئێران‌و هیندستانەوە هاوردە دەكرێت‌و لەسەر شێوازی كۆنی عێراقی یاخود ئێرانی دەدوورێت لە وردەكاریدا جیاوازن، لەوبارەیەشەوە ژنێكی خاوەن دوكانی تایبەت بە دوورینی جلوبەرگی ژنان لە كەركوك بە "نیقاش"ی وت: "لە ساڵانی رابردوودا وەرزی جل دوورین لە مانگی كانوونی دووەمەوە دەستیپێدەكرد‌و لە مانگی ئازاریشدا بەدیاریكراوی دەگەیشتە ترۆپك، چونكە دوو بۆنەی گرنگی لەخۆگرتووە ئەوانیش رۆژی جلوبەرگی كوردی لە 10ی‌ ئازار‌و جەژنی نەورۆزە لە 21ی هەمان مانگدا، بەڵام ئەمساڵ وەرزەكە زۆر سنووردار بوو ژمارەی كڕیارانیش زۆر كەم بوو رەنگە ئەوەش بەهۆی ئەو بارودۆخە ئەمنییەوە بێت كە شارەكەی پێدا تێپەڕی، پێشتر داوای لێبوردنم لە هەندێك كڕیار دەكرد، چونكە كاتم نەبوو قوماشەكانیان بۆ بدوورم لەبەر زۆری داواكارییەكان، بەڵام ئێستا شتەكە جیاوازە".

تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە چەند هەواڵێكی ساختەدا باسیان لە هەڵوێستی راكان جبوری پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت كرد كە رێگە نادات ئاگری نەورۆز بكرێتەوە‌و ئاڵای كوردستان لەسەر قەڵای دێرینی شارەكە وەكو ساڵانی رابردوو هەلًبكرێت، بەڵام دواتر ئەو دەنگۆیە رەتكرایەوە‌و ئاگر كرایەوە‌و هەردوو ئاڵای عێراق‌و كوردستان هەڵكران‌و ژمارەیە لە كەسانی پەیوەندیدار ئامادەی ئاهەنگەكەش بوون‌و هیچ پێشێلكارییەكی ئەمنیش تۆمار نەكرا.

كەركوك ئەمساڵ بەشێوەیەكی جیاواز ئاهەنگی نەورۆزی گێڕا‌و هەندێك لە دانیشتووانیش ترسیان هەبوو، بەڵام یادەكە بە ئارامی بەڕێوەچوو، دانیشتووانیش ئومێدەوارن ساڵی داهاتوو ئاهەنگی بەهاریان خۆشتر بێت.