گەڕانەوە بۆ كەركوك
پێشمەرگە ئەوەی بەشەڕ بۆی نەكرا دەیەوێت بەئاشتی بیكات

عیراق

06/04/2018‌ 2033 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
حكومەتی‌ عێراقی‌و هەرێمی كوردستان لەگفتوگۆدان بۆ دانانی‌ پلانێك بۆ رووبەرووبوونەوەی‌ داعش ئەوەش بەگەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ پارێزگای كەركوكو ناوچە جێناكۆكەكان.

پلانەكە خۆی‌ لەوەدا دەبینێتەوە هێزەكانی پێشمەرگە لەدەوروبەری‌ ئەو شارانەدا جێگیربكرێت كە مەترسی‌ هێرشی‌ توندڕەوەكانیان لەسەرە، چاودێرانی بواری ئەمنیش پێیان وایە ئەم هەنگاوە بێدەسەڵاتی‌ هێزە ئەمنییەكانی عێراق‌و پەلەیی هێزە كوردییەكان دەسەلمێنێت بۆ گەڕانەوەی ئەو ناوچەنەی سێ ساڵی رابردوو تێدا باڵادەست بوون.

٢٥ی ئازار وەفدێكی باڵای سەربازی ئەمریكاو بەریتانیا لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراقو دواتر لە ٢٧ ئازار لەگەڵ هێزی پێشمەرگە كۆبونەوەو تاوتوێی گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگەیان بۆ كەركوكو ناوچە جێناكۆكەكانیان كرد، ئەوەش دوای دروستكردنی ژوورێكی هەماهەنگی ئەمنی لەنێوان حكومەتی عێراقو هەرێم كە بارەگەكەی لەسەربازگەی كەی وان لەباشوری كەركوك دەبێت.

وەستا رەسوڵ كەركوكی فەرماندەی میحوەری كەركوكی باشوری هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بە"نیقاش"ی وت "بەهۆی سەهەڵدانەوەی گروپە چەكدارەكان بەتایبەت لەسنوری پارێزگای كەركوك هەموو هەوڵێك دراوە بۆ ئەوەی پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ ناوچە دابڕێندراوەكان ئەمەش نیشانەی ئەوەیە پێشمەرگە دەتوانێت رووبەرووی تیرۆر ببێتەوە".

وتیشی "تائێستا بەفەرمی حكومەتی عێراق داوای گەڕانەوەی پێشمەرگەی نەكردووە، بەڵام لەدانیشتنەكانیان لەگەڵ هاوپەیمانان رەزامەند بوون".

هێزەكانی پێشمەرگە دوای زیاتر لەسێ ساڵ هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی عێراقی بۆ ووبەرووبونەوەی چەكدارانی داعش، لە 16ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ هێزەكانی پێشمەرگە لەرووبەڕبوونەوەیان لەگەڵ سوپاو هێزەكانی عێراق شكانو هێزی پەرپەرچدانەوەی خێراو فیرقەی ئاڵتوونیو پۆلیسی فیدڕاڵیو چەكدارانی حەشدی شەعبی جێگەی گرتنەوە، ئەوەش دوای ئەوەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانو فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق داوایكرد پێشمەرگە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانی پێش شەڕی داعش.

بەرپرسێكی پێشمەرگە بۆ "نیقاش"ی باسكرد كە هێزی هاوپەیمانان بەبەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگەیان ووتوە نابێت هێزی چەكداری حزبی بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكان، بەڵكو تەنیا رازەمەند بوون بەگەڕانەوەی لیوای یەكو دووی هێزی پێشمەرگە بۆ كەركوكو لیوای ٩ بۆ داقوقو خورماتوو كە هێزی هاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگەیەو لەلایەن تیمێكی راهێنەری وەزارەتی بەرگری ئەمریكا راهێنراون.

فەرماندەیەكی لیوای یەكی هێزەكانی پێشمەرگە كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت بە"نیقاش"ی راگەیاند "ئێمە ئامادەین بگەڕێنەوە بۆ رووبەرووبونەوەی داعش‌و پاراستنی خەڵكی ناوچە دابڕێندراوەكان، بەڵام ئێمە یەكلایی نەبوینەتەوە لەرووی سەربازییەوە لەكام هێڵی پاراستن دەبین"

ئەو فەرماندەی هێزی پێشمەرگە ئەوەشی رونكردەوە "هێزی پێشمەرگە رازی نابێت تەنیا بۆ هێڵی هێرشبردن بگەڕێتەوە".

بەوتەی‌ بەرپرسانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ گەڕانەوەی‌ هێزی‌ پێشمەرگە بۆ كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكان لەژێر چاودێری‌ ژووری‌ هەماهەنگی‌ نێوان ناوەندو هەرێم دەبێت ئەوەش دوای‌ بەهێزبوونی‌ چەكدارانی‌ داعش لەسنوری‌ پارێزگای‌ كەركوك.

نازم كەهیە فەرماندەی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ لەكەركوك بە"نیقاش"ی‌ ووت "گەڕانەوەی‌ هێزەكانی‌ پێشمەرگە بۆ كەركوك دەبێت لەژێر چاودێری‌ ژووی‌ هەماهەنگی‌ نێوان ناوەندو هەرێم دەبێت، هەروەها دەبێت بۆ گەڕانەوەیان بۆ سنورەكان بۆچوونی‌ پێكهاتەكانی‌ ناوچەكە وەربگیرێت تاكو گرژی‌‌و ئاڵۆزی‌ دروست نەبێت."

فەرماندەكەی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ ووتیشی‌ "ئاگاداری‌ كۆبونەوەكانی‌ پێشمەرگەو هاوپەیمانانین بۆ چۆنێتی‌ گەڕانەوەی، ئەوەی‌ ئێمە ئاگادارین كاتی‌ گەڕانەوەیان دواكەوتوە، ئەوەش پەیوەندی‌ بەبۆچوونی‌ جیاوازەوە هەیە، چونكە بەشێك لەهێزە عێراقیەكان دەیانەوێت پێشمەرگە تەنیا لەخاڵەكانی‌ پشكنین بێت، بەڵام وەزارەتی‌ پێشمەرگە دەیەوێت لەتەواوی‌ سنورەكانی‌ كەركوك پێشمەرگە ئامادەیی هەبێت."

لەماوەی‌ دوو هەفتەی‌ رابردوو لەقەزای‌ دوزخورماتوو قەزای‌ حەویجەو قەزای‌ داقوق لەرێگەی‌ بازگەی‌ پشكنینی‌ وەهمی‌‌و لەبەركردنی‌ جلوبەرگی‌ سەربازی،‌ چەكدارانی‌ داعش 22 هاوڵاتیانی‌ كوشتووە، ئەمەش مەترسی‌ لای‌ هێزە عێراقیەكان دروستكردووە هەر بۆیە حەیدەر عەبادی‌ سەرۆك وەزیرانی‌ عێراق لەوتاری‌ شەممەی‌ رابردوودا رایگەیاند "پێویستە ناوچە كێشە لەسەرەكان بەهەماهەنگی‌ تەواوی‌ پێكهاتەكان بەڕێوەببرێت."

"نیقاش" پەیوەندیكرد  بەراكان سەعید پارێزگارو سەرۆكی‌ لیژنەی‌ ئەمنی‌ پارێزگای‌ كەركوك بەپاساوی‌ ئەوەی‌ حكومەتی‌ عێراقی‌ تاكو ئێستا نوسراوی‌ فەرمی‌ لەبارەی‌ گەڕانەوەی‌ پێشمەرگە بۆ كەركوك ئاڕاستە نەكردووە ئامادەنەبوو لەوبارەیەوە لێدوان بدات.

چاودێرانی بواری ئەمنی پێیان وایە رازەمەندی‌ حكومەتی‌ عێراقی‌ بۆ گەڕانەوەی‌ هێزەكانی‌ پێشمەرگە بێدەسەڵاتی‌ هێزە ئەمنییەكانی عێراق دەسەلمێنێت لەبەرانبەر شەڕی‌ داعش.

حاكم حەمدی‌ گلی‌ عەمیدی خانەنشینو پسپۆری‌ بواری‌ سەربازی‌ بە"نیقاش"ی‌ وت "حزبە كوردییەكان دەیانەوێت هێزی‌ پێشمەرگە لەكەركوك ئامادەیی هەبێت تاكو ئەو شارەی‌ بەهێزی‌ سەربازی‌ لەدەستیان داوە بەدەنگیش لەدەستی‌ نەدەن، هەرچەندە رازی‌ بوونی‌ حكومەتی‌ عێراقی‌ بۆ گەڕانەوەی‌ پێشمەرگە بێ‌ دەسەڵاتیان دەسەلمێنێت لەئاستی‌ خۆرێكخستنەوەی‌ چەكدارانی‌ داعش."

فەرماندەكانی پێشمەرگە هیوایان بەوەیە زوو بگەڕێنەوە ناوچە جێناكۆكەكانو وردە وردە دەسەڵات بگرنەوە دەست، بەڵام لەهەموو بارێكدا ئەگەری بەهێز ئەوەیە ئەم پرۆسەیە بكەوێتە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، چونكە زەحمەتە عەبادی بەر لەهەڵبژاردن ریسكێكی لەو شیوەیە بكات كە هەم كورد باڵا دەست بكاتەوەو هەم نەیارەكانی بەخۆی خۆش بكات.