مانگی‌ خۆپیشاندان‌و ململانێ‌‌و هەواڵی‌ ساختە
نە نەوشیروان مستەفا یاری‌ دەكرد نە فەرهاد پیرباڵ خۆی‌ كوشت

کوردستان

06/04/2018‌ 4662 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
لەگەڵ نزیكبوونەوەی‌ وادەی‌ هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ عێراق، ململانێ‌ سیاسییەكان لەكوردستان چڕبوونەوەو خۆپیشاندانەكان زیادیانكرد، ئەمەش كەشێكی‌ لەبار بوو بۆ بڵاوبوونەوەی‌ هەواڵی‌ ساختە.

مانگی‌ رابردوو (ئازار) بەدەیان هەواڵ‌و وێنەو ڤیدیۆی‌ ساختە لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبوونەوە، تیمی‌ "نیقاش" زۆربەیانی‌ ساخكردەوەو لەسەر پەیجەكەی‌ لەفەیسبووك رۆژانە راست‌و دروستی‌ ئەو هەواڵانەی‌ دەسەلماند.

هەواڵی‌ خۆكوشتنی‌ فەرهاد پیرباڵ‌و یاریكردنی‌ نەوشیروان مستەفاو سەنگەر گواستنەوەی‌ بەرپرسێكی‌ پارتی‌و رووداوەكانی‌ عەفرین، لەریزی‌ پێشەوەی‌ ئەو هەواڵ‌و وێنە ساختانە بوون كە مانگی‌ ئازار لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان بڵاوبوونەوە.

لەماوەی‌ ئەم مانگەدا تیمی‌ "نیقاش" تەنیا لەبەشی‌ كوردی‌ 69 ساخكردنەوەی‌ هەواڵ‌و وێنەو ڤیدیۆی‌ ساختەی‌ بڵاوكردەوە، بۆ بەرچاوروونی‌ خوێنەران، ئەمانە بەشێك بوون لەدیارترینەكان:

نە كچەكە كوژرابوو، نە كوڕەكە خۆی‌ كوشتبوو
بڵاوكردنەوەی‌ گرتەیەكی‌ ڤیدۆیی لەسەرەتای‌ مانگی‌ ئازاردا گوایە دەستگیركردنی‌ باندێكی‌ لەشفرۆشیە هەر زوو كاردانەوەكانی‌ لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان گەرمكرد .

دیارترین دەرهاویشتەكانی‌ ئەو ڤیدیۆیە بڵاوكردنەوەی‌ هەواڵێكی‌ ساختە بوو گوایە كچێك كە لەنێو گرتە ڤیدیۆكەدا دەركەتووەو لەلایەن كەسوكاریەوە كوژاروەو كوڕێكی‌ تری‌ نێو ڤیدیۆكەش خۆی‌ كوشتووە.

"نیقاش" هەر هەمان رۆژی‌ بڵاوكردنەوەی‌ پۆستەكە ئەوەی‌ ساخكردەوە، كە زانیاری‌و وێنەی‌ نێو پۆستەكە راستنەبوون‌و كوڕو كچەكە سەلامەتن.

وێنەی‌ كچە كوژراوەكە بۆ حوزەیرانی‌ 2014 دەگەڕایەوەو رووداوێك بوو لەبەغدای‌ پایتەخت، هەریەك لەنەبەز عەبدولحەمید قایمقامی‌ هەولێرو عەبدولخالق تەڵعەت بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ پۆلیسی‌ هەولێر بە"نیقاش"یان راگەیاند هەموو ئەو كەسانە بەكوڕو كچەكەشەوە لای‌ پۆلیس راگیراون‌و هەموویان سەلامەتن.
راستی‌ هەواڵەكە لێرەیە

 

قاسم سلێمانی‌ لەكەركوك نەبوو
بڵاوكردنەوەی‌ وێنەیەكی‌ قاسم سلێمانی‌ فەرماندەی‌ سوپای‌ قودسی ئێران كە گوایە ئەو كاتەی‌ لە 16ی‌ ئۆكتۆبەری‌ 2017دا كەركوك لەلایەن سوپای‌ عێراقەوە كۆنتڕۆڵكراوە لەو شارە بووە، دەنگدانەوەیەكی‌ گەورەی‌ لەناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لێكەوتەوەو چەندین پەیج بڵاویانكردەوە.

بڵاوكردنەوەی‌ ئەو وێنەیە هاوكات بوو لەگەڵ گەرمبوونی‌ شەڕی‌ میدیایی نێوان لانە سیاسییەكانی‌ هەرێم لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان سەبارەت بەبەرپرسیارێتی‌ كەوتنی‌ كەركوك.

"نیقاش" توانی‌ ئەوە ساخبكاتەوە كە مێژوی‌ بڵاوكردنەوەی‌ وێنەكە لەساڵی‌ 2015دا بووە لەكاتێكدا روداوەكانی‌ كەركوك دوای‌ دووساڵ‌و لە 2017 رویانداوە.
راستی‌ هەواڵەكە لێرەیە

 

ئەوەی‌ وتاری‌ خوێندەوە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد نەبوو
لەچەند پەیجێكی‌ تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پۆستێك بڵاوكرایەوە كە گوایە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خوشكی‌ هێرۆ ئیراهیم ئەحمەد ئەندامی‌ مەكتەبی سیاسی‌ یەكێتی‌‌و خێزانی‌ تاڵەبانی‌ هانی‌ لایەنگرانی‌ حزبەكەی‌ دەدات دژ بە بەشێك لەبەرپرسانی‌ هەمان حزب .

بڵاوكردنەوەی‌ ئەو گرتە ڤیدیۆیە هاوكات بوو لەگەڵ ئاڵۆز بوونی‌ ناكۆكی‌ نێوان بەرپرسانی‌ یەكێتی‌ لەسەر پرسی ئەنجامدانی‌ كۆنگرەی‌ ئەو حزبە.

"نیقاش" ئەوەی‌ ساخكردەوە ئەو ژنەی‌، كە لەبنەڕەتدا وتارەكەی‌ پێشكەش كردووە ئەندامێكی‌ تری‌ یەكێتی‌ بوو نەك شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئەوە جگە لەوەی‌ بەراوردكردنی‌ جلوبەرگی‌ هەردوو كەسەكە بەپێی‌ ئەو وێنانەی‌ بەردەست بوون كە لەو كۆبوونەوەكەدا گیراون جیاواز بوون.

جەیران عەلی‌ باییز ئەو ژنەی‌ لەسەر سەكۆكە قسە دەكات، زانیارییەكانی‌ بۆ "نیقاش" پشتڕاستكردەوەو وتی‌ "ئەوەی‌ لەتۆمارە ڤیدیۆییەكەدا قسە دەكات منم‌و داوای‌ بەستنی‌ كۆنگرەی‌ یەكێتیم كردووەو كەسم دژی‌ كەس هان نەداوە".
راستی‌ هەواڵەكە لێرەیە

 

بەجگەرەی‌ خاوەنەكەی‌ سوتا نەك لەشەڕدا
بڵاوكردنەوەی‌ وێنەی‌ ئۆتۆمبێلێكی‌ سوتاو لەپەیجەكانی‌ فەیسبووك گوایە لەشەڕێكدا بەجێماوە چەندین دەستخۆشی بۆ چوو بوو كە هاوكات بوو لەگەڵ بڵاوبوونەوەی‌ دەنگۆی‌ چەند پێكدادانێكدا لەنزیك شاری‌ كەركوك لەنێوان پێشمەرگەو هێزە عێراقییەكان

بەدواداچونی‌ "نیقاش" ئەوەی‌ ساخكردەوە كە ئۆتۆمبێلە سوتاوەكە بەجگەرەی‌ خاوەنەكەی‌ سوتابوو نەك لەشەڕدا، پۆلیسی‌ گەرمیان پێشتر لەسەر پەیجەكەی‌ خۆیان لەفەیسبووك هەواڵێكیان بڵاوكردبۆوە كە ئەو ئۆتۆمبێلە بەجگەرە سووتاوە، رووداوەكە هەر لەكەركوكیش نەبوو.
راستی‌ هەواڵەكە لێرەیە

 

ئاهەنگێك بەناوی‌ فرۆكەخانەوە
لەگەڵ راگەیاندنی‌ كردنەوەی‌ فڕۆكەخانەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان لەپاش ماوەیەك لەداخستنیان لەلایەن بەغداوە كاردانەوەی‌ جیاوازی‌ لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بەدوای‌ خۆیدا هێنا لەوانە بڵاوكردنەوەی‌ وێنەیەك بوو وەك جۆرێك لەگاڵتەپێكردن كە گوایە لایەنگرانی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان لەهەولێر بەو بۆنەیەوە ئاهەنگیان گێڕاوە.

"نیقاش" ساخیكردەوە مێژووی‌ ئەو وێنەیە ساڵی‌ 2014یەو بەبۆنەی‌ سەركەوتنەكانی‌ پێشمەرگەوەیە.
راستی‌ هەواڵەكە لێرەیە

 

فەرهاد پیرباڵ خۆی‌ نەكوشتبوو
بەماوەیەكی‌ كەم لەدوای دەستگیردنی‌ فەرهاد پیرباڵ نوسەرو مامۆستای‌ دیاری‌ زانكۆی‌ سەلاحەدین لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە هەواڵی‌ خۆكوشنی‌ بەشێوەیەكی‌ بەربڵاو لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبووەوەو بەهەزاران كەس شەیریان كرد.

ئەو دەنگۆیە بەشێك بوو لەگەرمترین بابەتی‌ ئەو كاتە كە میدیاو تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان كە گرنگیان دەدا بەوەی‌ زانیاری‌ لەسەر بارودۆخی‌ پیرباڵ بزانن لەنێو گرتوخانەدا.

"نیقاش" بەچەند كاتژمێرێكی‌ كەم دوای‌ بڵاوبوونەوەی‌ هەواڵە ساختەكان، راستییەكەی‌ بڵاوكردەوەو سەلماندی‌ پیرباڵ ساخ‌و سەلامەتە، توانی‌ لەرێگەی‌ بەدواداچونەكەیەوە ناڕاستی‌ هەواڵەكە بسەلمێنێت‌و شوێنی‌ دەستگیركردنەكەی‌‌و باری‌ تەندروستیشی بزانێت.

لەچەند سەرچاوەیەكی‌ نزیك لەفەرهاد پیرباڵەوە هەواڵی‌ تەندروستی‌ ئەو زانراو بەڕێوەبەری‌ پۆلیسیش بە"نیقاش"ی‌ وت كە لەگرتوخانەی‌ گرتن‌و گواستنەوە دەستبەسەرەو تا كاتی‌ نوسینی‌ ئەم راپۆرتەش هەر سەلامەتە.
راستی‌ هەواڵەكە لێرەیە

 

ڤیدیۆكە نە فڕۆكەخانە بوو، نە هەولێر
لەگەڵ بڕیاری‌ رادەستكردنەوەی‌ بەشێك لەدەسەڵاتی‌ ئیداری‌و ئەمنی‌ فڕۆكەخانەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان بەحكومەتی‌ ناوەندی‌ هەڵمەتی‌ نێو تۆڕەكۆمەڵایەتیەكانیش سەبارەت بەو پرسە زیادیكرد كە بەشێكیان هەواڵ‌و وێنەی‌ ساختەیان بڵاودەكردەوە .

دیارترین ئەو پۆستانەی‌ لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بڵاوكرایەوە گرتەیەكی‌ ڤیدیۆیی بوو گوایە سەربازانی‌ سوپای‌ عێراق چونەتە ناو فڕۆكەخانەی‌ هەولێرەوە .

بەدواداچونی‌ "نیقاش" ئەوەی‌ ساخكردەوە كە گرتە ڤیدیۆكە نە لە هەولێر بووەو نە لەفڕۆكەخانەش، بەڵكو بارەگایەكی‌ سەربازی‌ بەغدای‌ پایتەختە.

لەمانگی‌ كانوونی‌ یەكەم فەریقی‌ یەكەم تالیب سەغاتی‌ فەرماندەی‌ گشتی‌ هێزەكانی‌ دژە تیرۆری‌ عێراق بەشێك لەكارمەندەكانی‌ بەسەردەكاتەوەو نانی‌ نیوەڕۆیان لەگەڵ دەخوات، هەر ئەوكات ڤیدیۆكە لەپەیجی‌ فەرماندەی‌ كردە تایبەتەكانی‌ عێراق بڵاوبووبووەوە.

یەكێك لەسەربازە كوردەكان كە ئامادەی‌ ئەو دانیشتنە بووە بە"نیقاش"ی‌ وت "رۆژی‌ 19ی‌ كانوونی‌ دووەم فەرماندەكەمان سەردانی‌ كردین بەبۆنەی‌ سەركەوتنمان بەسەر داعشدا".
راستی‌ هەواڵەكە لێرەیە
 

 

وێنەكە موچەی‌ فەرمانبەرانی‌ هەرێم نەبوو
لەناوەڕاستی‌ مانگی‌ ئازارەوە هەواڵەكان سەبارەت بەناردنی‌ موچەی‌ فەرمانبەرانی‌ هەرێمی‌ كوردستان تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانی‌ گەرمكرد كە زۆرترین سەردانكەرانی فەرمانبەران بوون.

بڵاوكردنەوەی‌ وێنەی‌ بڕێك پارە كە گوایە ئامادەكارییە بۆ ناردنی‌ موچەی‌ فەرمانبەرانی‌ هەرێم لەلایەن بەغداوە لەپەیجە كوردییەكان كۆمێنتی‌ پیرۆزبایی بەدوای‌ خۆیدا هێنا ئەوەجگە لەوەی‌ دەیانجار بابەتەكە شەیر كرابوو.

"نیقاش" توانی‌ ئەوە ساخبكاتەوە كە وێنەكە ساڵی‌ رابردوو بڵاوكرابووەوەو پەیوەندی‌ بەناردنی‌ موچەی‌ فەرمانبەرانی‌ هەرێمەوە نەبووە.
راستی‌ هەواڵەكە لێرەیە

 

دەیان وێنەو ڤیدیۆی‌ ساختە لەعەفرینەوە
رۆژ نەبوو وێنە‌و ڤیدیۆو هەواڵی‌ ساختە لەبارەی‌ شەڕی‌ عەفرین لەسوریا بڵاونەبێتەوە، زۆربەی‌ پەیجە كوردییەكان كەوتنە هەڵەی‌ بڵاوكردنەوەی‌ ئەو وێنەو ڤیدۆیانە، "نیقاش" هەموو ئەو وێنەو ڤیدیۆیانەی‌ ساخكردەوە كە دەستی‌ پێیان گەیشت.

هەر لەدەرهاویشتەكانی‌ ئەو رووداوە لەسەر ڤیدیۆیەك هێرشی‌ گەورە كرایە سەر مەسعود بارزانی‌‌و پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، "نیقاش" ئەوەی‌ ساخكردەوە كە ئەو ڤیدیۆیە هی‌ كات‌و سەردەمێكی‌ ترە‌و قسەكانی‌ ئاردۆگانیش دەستكاری‌ كراون.

رەجەب تەیب ئاردۆگانی‌ سەرۆكی‌ توركیا لەگرتەیەكی‌ ڤیدیۆییدا ناوی‌ بارزانی‌ دەهێنێت، لەسەبتایتڵی‌ كوردی‌ ڤیدیۆكان وەها نوسرابوو كە گوایە بارزانی‌ پەیوەندی‌ بەئاردۆگانەوە كردووەو پیرۆزبایی‌ سەركەوتنی‌ توركیای‌ كردووە لەعەفرین.

هەر ئەوكات "نیقاش" ساخیكردەوە كە مێژووی‌ ڤیدۆكە دەگەڕێتەوە بۆ نیسانی‌ 2017، راستە ئاردۆگان ناوی‌ بارزانی‌ دەهێنێت، بەڵام دەڵێت بۆ هێرشكردنە سەر چیای‌ شەنگال بارزانی‌‌و روسیاو ئەمەریكایان ئاگاداركردووەتەوە.
راستی‌ هەواڵەكە لێرەیە

 

ئاری‌ هەرسین هەر پارتییە
نزیك بوونەوە هەڵبژاردنەكانی‌ پەرلەمانی‌ عێراق كە بانگەشەو هەواڵی‌ ساختەی‌ نێو تۆڕەكۆمەڵایەتیەكانی‌ زۆرتر كرد.

لەچەند پەیجێك وێنەیەك بڵاوكرایەوە گوایە ئاری‌ هەرسین ئەندامی‌ سەركردایەتی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان پەیوەندی‌ بەلیستە نوێیەكەی‌ بەرهەم ساڵحی‌ جێگری‌ پێشوی‌ سكرتێری‌ گشتی‌ یەكێتیەوە كردووە.

ئاری‌ هەرسین یەكێكە لەكەسایەتییە زۆر دیارەكانی‌ ناو پارتی‌، بۆیە ئەم هەواڵە زۆر بەخێرایی‌ لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبووەوە.

لەساخكردنەوەكەی‌ "نیقاش"دا دەركەوت مێژووی‌ ئەو وێنەیە بۆ ساڵی‌ 2015 دەگەڕێتەوەو ئاری‌ هەرسین بە"نیقاش"ی‌ راگەیاند هەموو ئەو قسانەی‌ دەكرێن راست نییە.
راستی‌ هەواڵەكە لێرەیە

 

نە شاعەبدوڵا بوو، نە ئەوەی‌ دەستی‌ ماچكرا مامۆستا بوو
هێرشكردنە سەر چەند مامۆستایەك لەخۆپیشاندانەكانی‌ شاری‌ هەولێر لەمانگی‌ ئازاردا تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانی‌ خستەكار دژ بەبێڕێزیكردن بەرانبەر بەمامۆستایان .

ئەو كەمپەینە گەیشتە ئاستێك كە نمونەی‌ وڵاتانی‌ تر بۆ رێزگرتن لەمامۆستا بڵاوبكرێتەوە، بەڵام بەشێكیان چیرۆكی‌ ساختە بوون.

بڵاوكردنەوەی‌ وێنەیەك گوایە ماچكردنی‌ دەستی‌ مامۆستایەكە لەلایەن شا عەبدوڵای‌ پادشای‌ ئوردونەوە لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، كاردانەوەی‌ زۆری‌ بەدوای‌ خۆیدا هێنا.

 "نیقاش" ئەوەی‌ ساخكردەوە كە نە وێنەكە شا عەبدوڵا بوو نە ئەو كەسی‌ دەستی‌ ماچكراوە لەوێنەكەدا مامۆستایە، بەڵكو ئەحمەد داود ئۆغڵۆی‌ سەرەك وەزیرانی‌ پێشووی‌ توركیا دەستی‌ پیاوێكی‌ بەتەمەن ماچ دەكات.
راستی‌ هەواڵەكە لێرەیە

 

ڤیدیۆیەكی‌ كۆن بۆ خۆپیشاندانی‌ نوێ
دەستپێكردنی‌ خۆپیشاندان بۆ كۆتایی هێنان بەپاشەكەوتی‌ موچە بڵاوكردنەوەی‌ وێنەو ڤیدیۆی‌ نێو  تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانیشی زیادكرد بەئاڕاستەی‌ بڵاوكردنەوەی‌ هەواڵ لەسەر ئەو روداوە كە ئەو كات زۆرترین سەیركەری‌ هەبوو.

دیسانەوە لەپەیجەكانی‌ فەیسبووك ڤیدیۆیەكی‌ ساڵی‌ رابردووی‌ بڵاوكردەوە وەك ڤیدیۆیەكی‌ نوێی‌ ئەو خۆپیشاندانانە كە لەناوەڕاستی‌ مانگی‌ ئازادا دەستیان پێكرد، گوایە كەسێك شیعری‌ دژی‌ حكومەت نوسیوەو ئەیخوێنێتەوە، "نیقاش" توانی‌ مێژووی‌ راستەقینەی‌ ڤیدیۆیەكە بدۆزێتەوە كە ساڵی‌ رابردوو بوو.
راستی‌ هەواڵەكە لێرەیە

 

نەوشیروان مستەفا یاری‌ نەدەكرد
هەڵمەتی‌ لایەنە سیاسییەكان لەتۆڕەكانی‌ كۆمەڵایەتیەكان وەك شەڕی‌ راگەیاندنی‌ پێشوەختەی‌ بانگەشەی‌ هەڵبژاردن وێنەو هەواڵی‌ ساختەی‌ لەو تۆڕانە گەرمكرد.

 پیشاندانی‌ وێنەیەك گوایە نەوشیروان مستەفا رێكخەری‌ كۆچكردووی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان یاری‌ ناپلیۆن دەكات لەسەر كۆمپیوتەرێك بەشێك بوو لەو شەڕەی‌ كە لەدژی‌ بزوتنەوەكەی‌ دەكرا‌و بۆ ئەوە بەكاردەهێنرا كە گوایە رێكخەری‌ پێشووی‌ گۆڕان خەڵكی‌ سەرقاڵكردووەو خۆی‌ خەریكی‌ یاریكردن بووە.

 "نیقاش" ساخیكردەوە كە وێنەكە دەستكاری‌ كراوەو وێنە رەسەنەكەی‌ بڵاوكردەوە كە نەوشیروان مستەفا لەسەر كۆمپیوتەرەكەی‌ خەریكی‌ خوێندنەوەی‌ سایتێكی‌ كوردییە.
راستی‌ هەواڵەكە لێرەیە

 

هەموو ئەم ساخكردنەوانەی‌ "نیقاش" لەگەرمەی‌ رووداوەكاندابوون‌و چەند كاتژمێرێكی‌ كەم دوای‌ بڵاوكردنەوەی‌ وێنەو ڤیدیۆو هەواڵە ساختەكان، دیوی‌ راستی‌ رووداوەكان بڵاودەكرانەوە، ئێستاش لەسەر پەیجی‌ "نیقاش" رۆژانە ساخكردنەوەی‌ هەواڵەكان بڵاودەكرێنەوە.

بەپەلە