بوونەتە خاوەنی مافی دەنگدان.. دەنگدەرانی نوێی ئەنبار خەون بە بەشداری‌و گۆڕانكارییەوە دەبینن

عیراق

07/04/2018‌ 705 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
زیاتر لە 160 هەزار دەنگدەر بۆ تۆماری دەنگدەرانی پارێزگای ئەنبار زیادكراون ئەویش پاش نوێكردنەوەی زانیاری لەدایكبووانی نوێ كە مافی بەشداریكردنیان هەیە.

ئەوان توێژێكی گرنگ‌و گەورەن‌و پێویستیان بە هاندانە‌و تێشدەكۆشن بۆئەوەی بۆ یەكەمجار مافی خۆیان لە دانگداندا پەیڕەوبكەن.

دەنگدەرە نوێیەكانی پارێزگای ئەنبار (110 كم لە خۆرئاوای بەغدای پایتەخت) لەدایكبووانی (1997، 1998، 1999، 2000)ن‌و تەمەنی یاساییان تەواوكردووە كە مافی بەشداریكردنیان لە دەنگداندا پێدەدات، ئەوان سوورن لەسەر ئەوەی دەنگ بەو كەسانە بدەن كە پێیان وایە نوێنەرایەتیان دەكەن ئەگەرچی زۆربەیان پێیان وایە ئەركەكە ئاسان نییە، بەتایبەتی كە رووبەڕووی گوشاری كۆمەڵایەتی دەبنەوە لە هەژموونی خێزان‌و كاریگەری خزم‌و كەسوكار كە ئەوانیش دەبنە رێگر لە پەیڕەوكردنی مافی دەستووریان بە متمانە‌و دڵنیاییەوە.

كاركردن بۆ راكێشانی ئەم توێژە گرنگەی گەنجان لەدەرەوەی حساباتی حزبە سیاسییەكاندا نەبووە، چونكە پلانیان بۆ جێبەجێكردنی میكانیزمێكی دیراسەكراو داناوە لەپێناو راكێشانی ئەو دەنگانەی پەرۆشی كەسایەتییە گەنجەكانن كە هەستیان بە خەونەكانیان كردووە‌و خواست‌و واقیعیان بەرجەستە كردووە، بەتایبەتی كە هەندێك سەركردە لە پارێزگای ئەنبار سەركردەی گەنجن‌و بوونەتە نموونە‌و رێبەر بۆ ئەو گەنجانە.

لە حەوشەی پشتەوەی ئامادەیی خوارزمی لە باشووری شاری فەلوجە هەندێك لە خوێندكارەكان باسی ئەوەیان بۆ كردین كە دەیانەوێت بەشداری هەڵبژاردن بكەن، بەڵام كارتی دەنگدانیان وەرنەگرتووە‌و كەسوكاریان لەگەڵ بەشداریكردنیان نین‌و نەچوون بۆ دەرهێنانی كارتی دەنگدان بۆ رۆڵەكانیان.

عەبدولعەزیز كامیل (18 ساڵ) یەكێكە لە خوێندكارانی قۆناغە كۆتاكان لەو ئامادەییە، ئەو پێی وایە بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردن پێویستە، بەڵام باوەڕنەبوونی خێزان بە هەڵبژاردن كاریگەری لەسەر ئاستی بەشداریكردنی توێژی ئەو گەنجانە هەیە كە بەمدواییانە مافی دەنگدانیان بەدەستهێناوە.

كامیل بۆ "نیقاش"ی دووپاتكردەوە "زۆرێك لە گەنجانی شاری فەلوجە دەیانەوێت بەشداری بكەن، بەڵام هێشتا لەژێر كاریگەری خێزان‌و كۆمەڵگەدان كە ئەوانیش میكانیزمی هەڵبژاردن رەتدەكەنەوە‌و بە سیستمێكی گەندەڵی دادەنێن كە رێگە نادات ئەو دەنگە راستەقینانە بناسرێن كە هەوڵی گۆڕانكاری دەدەن".

هەروەها وتی: "تەنیا خەون بە بەشداریكردن لە هەڵبژاردن نابینین، چونكە دوای ئەوەی خەونی دەنگدان‌و رادەربڕینمان هاتەدی، خەنێكی نوێمان بۆ دروست بووە بەوەی پشتیوانی ئەو كەسایەتیانە بین كە رێبەرایەتی ئەم وڵاتە دەكەن، چونكە نموونەی زۆری گەنجان لە پارێزگاكەدا هەن توانیویانە لە ماوەیەكی پێوانەییدا بەڕێوەی ببەن‌و پەرەی پێبدەن".

عەلا هانی كە جلوبەرگی وەرزشی لەبەردا بو‌و تۆپێكی پێی بەدەستەوە بوو ئاماژەی بۆ ئەوە كرد "پاڵەوانەكانی قۆناغی داهاتوو بەتەواوی لە گەنجان دەبن‌و ئەوەش رەنگدانەوەی واقیعی ئەمڕۆمانە بەتایبەتی كە دەبینین سەركردە‌و كەسایەتییە گەنجەكان دەستپێشخەرییان بۆ گرنگیدان بە گەنجان كردووە، لەسەر ئەو بنەمایەش قۆناغی داهاتوو بەڕوونی جێپەنجەی گەنجانی پێوە دیاردەبێت چ لە سیاسییەكان بن یاخود دەنگدەران".

بوونی ژمارەیەك لەو كەسانەی نایانەوێت بەشداری بكەن‌و هەوڵیان بۆ نوێكردنەوەی زانیارییەكانیان نەداوە، دەریدەخات كەسانێك هەن لەسەر رێچكەی باوانیان دەڕۆن یاخود رەنگە نموونەیەكی زیندوو بن بۆ پرۆسەی كاریگەربوون كە نەوەی گەنجان‌و دەنگدەرە نوێیەكان دووچاری هاتوون‌و ئەو باوەڕەی لەلا دروست كردوون كە بەشداری نەكەن.

عیماد ئەحمەد (19 ساڵ) لە دوكانی وشكەفرۆشی باوكی لە ناوەڕاستی شاری رومادی كاردەكات، ئەو هیچ گرنگییەكی بەو گفتوگۆیە نەدا كە لەنزیكیەوە سەبارەت بە نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران‌و قەبارەی بەشداریكردنی پێشبینیكراو دەمانكرد، تەنیا یەك موداخەلەی سادەی هەبوو كە تێڕوانینی سەبارەت بە هەڵبژاردنی داهاتوو پوخت دەكردەوە‌و وتی: "لەم وڵاتەدا خۆپیشاندان‌و كودەتا‌و هەڵبژاردن سوودیان نییە‌و ئەو رێوشوێنە سیاسی یاخود ئەمنیانەش كە بەڕێوەدەچن دەرئەنجامی ویستی نێودەوڵەتی‌و هەرێمایەتین‌و رای گەلیش تەنیا مرەكەبی سەر كاغەزە".

هەڵبژاردنە چاوەڕوانكراوەكەی ئایاری 2018 یەكەم هەڵبژاردنە كە دەنگدەرە نوێیەكان بەشداری تێدا دەكەن ئەگەرچی ئەوە شتێكی ئەوتۆ نییە بەلای ئەو كەسانەی پێیان وایە هەڵبژاردن بێسوودە، بەڵام وەك كاریگەرییەكی جەماوەری وایە گەنجەكان هەوڵی تاقیكردنەوەی دەدەن بەرەو هێنانەدی خەونەكەیان لە هەڵبژاردنی نوێنەرانیان یاخود لانی كەم ئەوكەسانەی لەماوەی رابردوودا پشتیوانیان كردوون، ئەویش لەڕێی پاڵپشتیكردنیان‌و چاودێریكردنی بەژەوەندی‌و خواستەكانیان.

ئەمجد تەڵاڵ كە هێندە نابێت چووەتە هەژدەیەمین بەهاری تەمەنییەوە، بڕیاری داوە لەگەڵ چەند هاوڕێیەكی خوێندنگەدا كارتی دەنگدان وەربگرن‌و تۆماری دەنگدانیان نوێبكەنەوە، بەڵگەنامەكانیان برد‌و روویان لە بنكەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران كرد لەناوەڕاستی شاری فەلوجە، وەك ئەوەی لە سەیران بن دڵخۆش‌و بەحەماس بوون بەرەو چالاكییەك كە وەك سەركێشییەكی نوێ وایە.

تەڵاڵ قسەی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی: "هیوادار بووم ببمە خاوەنی ئەو كارتە كە مافی ئەوەم پێدەدات دەنگ بەو كەسە بدەم نوێنەرایەتیم دەكات، ئەمڕۆش بوومەتە خاوەنی دەنگێكی هەڵبژاردن كە من‌و هاوڕێكانم دەتوانین لەڕێیەوە كەسی گونجاو هەڵبژێرین‌و بەرپەرچی هەموو هەوڵەكانی بەكەمزانین‌و بێبەشكردنمان لەمافی خۆمان‌و خەونەكەمان لە بەشداریكردن لە گۆڕانكاری بدەینەوە".

هەروەها وتی: "ئەمڕۆ هەست دەكەم هەموو بانگەشەی هەڵبژاردن ئاراستەی من دەكرێت وەك ئەوەی هەوڵبدەن هەست‌و بۆچوونم بەرەو لای كەسایەتییەكی دیاریكراو یان حزبێك رابكێشن، لەرابردوودا بانگەشەی هەڵبژاردنم دەبینی، بەڵام جێی بایەخم نەبوو، بەڵام ئەمڕۆ من‌و هاوڕێیانم باسی هەندێك كەسایەتی پاڵێوراو لە پارێزگاكەدا دەكەین‌و بەدواداچوونیان بۆ دەكەین‌و هەوڵدەدەین باشترینیان هەڵبژێرین".

ئەگەر زۆرینەی دەنگدەرانی نوێ لەژێر كاریگەری ئەو خێزانانەدا بن كە بەشداریكردن لە هەڵبژاردن رەتدەكەنەوە، كەسانێك هەن توانیویانە بۆچوونی خێزانەكەیان سەبارەت بە هەڵبژاردن بگۆڕن‌و تۆماری دەنگدانی خۆیان‌و خێزانەكانیان نوێكردووەتەوە‌و دەتوانن بۆ یەكەمجار لەگەڵ خێزانەكەیان دەنگ بدەن.

عەبدولحەمید فەواز (43 ساڵ) یەكێكە لە دانیشتووانی شاری فەلوجە، ئەو ئەگەرچی كارتی دەنگدانی وەرگرتبوو، بەڵام بەشداری هەڵبژاردنی پێشووی نەكرد بەهۆی تێڕوانین‌و بۆچوونە نەرێنیەكەی سەبارەت بە هەڵبژاردن بەشێوەیەكی گشتی، بەڵام دووپاتی دەكاتەوە ئەمجارە لەگەڵ هاوسەرەكەی‌و كوڕەكەی‌و هەردوو كچەكەی بەشداری دەنگدان دەكەن لەپێناو بەدیهێنانی گۆڕانكارییدا ئەویش دوای ئەوەی كوڕەكەی باوەڕی پێهێنا تا بەشداری بكات‌و زانیارییەكانی تۆماری دەنگدەرانی نوێ بكاتەوە.

فەواز ئاماژەی بۆ ئەوە كرد "نەوەی نوێ خەون بە گۆڕانكارییەوە دەبینن‌و پێویستە پشتیوانی بكرێن تا بەبێ گوشار یان كاریگەری مافی خۆیان پەیڕەو بكەن، بەڵكو بتوانین لەگەڵ ئەواندا عێراق بگێڕینەوە بۆ ئەو خەڵكەی لەبەڕێوەبردن‌و بنیاتنانیدا داهێنەرن‌و بتوانین گەندەڵكاران لە چارەنووسی خۆمان دووربخەینەوە".

هەروەها دەڵێت:"رۆژێك لە رۆژان باوەڕم بە بەشداریكردن لە هەڵبژاردندا نەبووە، بەڵام لەبەرامبەر ورەی ئەم گەنجانە بۆ بەشداریكردن هەست بە شەرم دەكەم، لەدڵی خۆمدا وتم رەنگە داهاتوو لەگەڵ ئەم نەوەیەدا باشتر بێت‌و پێویستە پشتیوانیان بكەین‌و كاریگەری لەسەر ورەو حەماسیان نەكەین‌و بەئەزموون‌و شارەزاییمان پالًپشتیان بین".

نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران لەسەر بنەمای سڕینەوەی ناوی مردووان‌و زیادكردنی ناوی لەدایكبووانی نوێ بنیاتنراوە‌و بەپێی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لە عێراق تۆماری دەنگدەران بەسڕینەوەی ناوی نزیكەی 600 هەزار مردو‌و زیادكردنی ناوی لەدایكبووانی نوێ نوێكراوەتەوە كە نزیكەی سێ ملیۆن دەنگدەرن لە سەرتاسەری عێراقدا.

بەپەلە