سیستانی‌ قسەی‌ خۆی‌ بردە سەر.. فیرقەی عەباس بەپێچەوانەی‌ شەپۆلی‌ حەشدەوە مەلە دەكات

عیراق

07/04/2018‌ 3661 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
چەكدارانی گرووپە شیعەكان گەڕانەوە بۆ سەنگەرەكانیان‌و هەندێكیشیان سەرقاڵی هەڵبژاردنی داهاتوون، بەڵام یەكێك لەو گرووپانە دوای كۆتاییهاتنی شەڕی داعش، رێچكەیەكی نوێی بۆخۆی هەڵبژاردووە.

"فیرقەی عەباسی‌ قیتالی‌" وەك خۆیان دەڵێن دەستیان لەشەڕو هەڵبژاردن هەڵگرتووەو بڕیاریان داوە ئیتر خزمەتگوزاری مەدەنی پێشكەش بكەن‌و بەتەواوی‌ لەسیاسەت دووربكەونەوە.

لەدوورترین خاڵی باشووری وڵات چەكدارانی "فیرقەی شەڕكەری عەباس" ئامێری ئاشكراكردنی بۆمبی نەتەقیو‌و لەناوبردنی مینیان هەڵگرتووە بۆ پاككردنەوەی رێگای نێودەوڵەتی شەلامچە لەشەتولعەربی بەسرە لەو مین‌و بۆمبە نەتەقیوانەی مێژووەكەیان بۆ سەردەمی جەنگی عێراق – ئێران لەهەشتاكانی سەدەی رابردوودا دەگەڕێتەوە، ئەو هەڵمەتەش كە فیرقەكە دەستیپێكردووە دوای ئەوە دێت كە ساڵی رابردوو شەڕی دژ بەداعش كۆتاییهات.

ژمارەی چەكدارانی ئەم فیرقەیە نزیكە حەوت هەزار چەكدارە، ئەویش تەنیا گرووپە كە عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعە لەهاوینی ساڵی 2014 پێكیهێنا بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشی بەرفراوانی داعش بۆسەر وڵات، هەروەها فیرقەكە كەتیبەی پیادە‌و ئەندازەی سەربازی‌و كەتیبەی زرێپۆش بەچەكی قورس لەخۆدەگرێت‌و چەند چەكدارێكی ئەو كەتیبانە دەستنیشانكراون بۆ ئەنجامدانی ئەركی لابردنی مین لەبەسرە كە چەند دەیەیەكە بەدەستیەوە دەناڵێنێت.

هەر لەو شارەدا فیرقەكە هەڵمەتێكی دیكەی كۆمەڵایەتی راگەیاندووە لەڕێی كردنەوەی خولی خوێندن بۆ خوێندكارانی خوێندنی سەرەتایی‌و ناوەندی كە بریتیە لەوتنەوەی وانەی بەهێزكردن بەخۆڕایی بۆ خوێندكارانی هەژاری شارەكە لەبری چوونیان بۆ خوێندنی وانەی تایبەت بەپارە.

عەممار زوهێری (31 ساڵ) یەكێكە لەئەندامانی "فیرقەی شەڕكەری عەباس" كە سێ ساڵ لەمەوبەر بەخۆبەخش چووەتە فیرقەكەوە، ئەو بە "نیقاش"ی وت "شانبەشانی سوپای عێراق بەشداری كاریگەرمان لەشەڕی دژ بەتیرۆریستان كرد‌و سەركەوتنمان بەدەست هێنا‌و سەدان شەهید‌و بریندارمان بەخشی، دوای كۆتاییهاتنی شەڕیش بڕیارمان دا بەردەوام بین لە كاركردن، بەڵام لەڕێی خزمەتگوزاری مەدەنی‌و كۆمەڵایەتییەوە".

ئەو كاتەی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعە داوایكرد دەرگای خۆبەخشی بكرێتەوە بۆ شەڕی دژ بەداعش، بەهەزاران كەس لەچین‌و توێژە جیاجیاكانی كۆمەڵگە بەدەم بانگەوازەكەیەوە چوون، لەوبارەیەشەوە زوهێری دەڵێت: "خۆبەخشەكان كەسانی سەربازییان تێدابوو كە شارەزاییە سەربازییەكەیان پێشكەش كرد‌و مامۆستا‌و پزیشك‌و خاون پیشەیان تێدابوو بەشداری شەڕەكانیان كرد، ئەمڕۆش ئەو هەڵمەتانە رێكدەخرێن بۆ سوودوەرگرتن لەشارەزایی چەكدارانمان لەبوارە مەدەنییەكاندا".

زوهێری لەگەڵ هەزاران جەنگاوەری دیكەی گرووپە شیعەكان چاوەڕێی یەكلاكردنەوەی چارەنووسیان دەكەن، چونكە حكومەتی عێراق پلانی ئەوەی هەیە سەرلەنوێ پێكهاتەی دەستەی "حەشدی شەعبی" دابڕێژێتەوە تا رێكخراوتر بێت، ئەو ئەركەش ئاسان نابێت‌و رەنگە چەند مانگێك بخایەنێت، لەكاتێكیشدا بەشێك لەچەكدارانی گرووپە شیعەكان سەرقاڵی هەڵبژاردن یاخود شەڕن لەبەرە نوێیەكاندا تەنانەت لەدەرەوەی وڵاتیش لەسوریا، "فیرقەی شەڕكەری عەباس" بڕیاری داوە لەبری چاوەڕوانی، ئەركی خزمەتگوزاری ئەنجام بدات.

لەبەغدا‌و تكریتیش فیرقەكە بەشدارە لەبنیاتنانەوە‌و ئامادەكردنەوەی ژمارەیەك قوتابخانە‌و بەشداریشی كرد لەهەڵمەتی ئاوەدانكردنەوەی زانكۆی تكریت كە لەماوەی دوو ساڵی كۆنترۆڵكردنی لەلایەن چەكدارانی داعشەوە زیانی لێكەوت بەرلەوەی هێزە ئەمنییەكانی عێراق لەنیسانی ساڵی 2015دا كۆنترۆڵی بكەنەوە، ئەوكاتەش چەكدارانی "فیرقەی شەڕكەری عەباس" لە شەڕەكاندا بەشداربوون.

بەپێچەوانەی گرووپە شیعەكانی دیكەشەوە، زۆرێك لەرێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بەشێوەیەكی ئەرێنی مامەڵە لەگەڵ "فیرقەی شەڕكەری عەباس" دەكەن، لەم ڕووەشەوە فیرقەكە لەپارێزگای موسەننا بەهەماهەنگی لەگەڵ كۆمیتەی خاچی سووری نێودەوڵەتی خولی هەمەلایەن بۆ دانیشتووانی شارەكە دەكاتەوە لەبارەی فریاكەوتنی سەرەتایی‌و چاودێری پزیشكی ئەمە جگە لەوتنەوەی وانە لەبارەی بنەماكانی یاسای نێودەوڵەتی‌و مافەكانی مرۆڤ لەكاتی ململانێ چەكدارییەكاندا.

بەڵام "فیرقەی شەڕكەری عەباس" هەمیشە پەیوەندی لەگەڵ دەستەی "حەشدی شەعبی" باش نەبووە كە ئەبو مەهدی موهەندیسی نزیك لەئێران كاروبارەكانی بەڕێوەدەبات، چونكە دەستەكە رازی نەبوو مووچەی جەنگاوەرانی ئەو فیرقەیە بدات‌و هەوڵیدا درز بخاتە نێو ریزەكانییەوە لەڕێی وەرگرتنەوەی چەند كەتیبەیەكی بەزەبری هێز، ئەوەش عەلی سیستانی مەرجەعی شیعەی ناچاركرد خۆی مووچەی فیرقەكە دابین بكات.

گرووپە شیعەكان دابەشبوون بەسەر سێ بەشدا، بەشێكیان نزیكن لەئێران‌و دڵسۆزی ئاینییان بۆ عەلی خامنەیی رابەری ئێرانە، بەشێكیشیان سەر بە حزبە شیعەكانن وەكو "سەرایا سەلام"ی سەر بە پیاوی ئاینی موقتەدا سەدر‌و گرووپەكانی سەر بە "ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی"، هەموو ئەم گرووپانەش بەشدارن لە پرۆسەی سیاسی‌و هەوڵی بەشداریكردن لەهەڵبژاردنی داهاتوو دەدەن.

هەرچی بەشی سێیەمیشە ئەوانەن كە عەلی سیستانی مەرجەعی شیعە دایمەزراندوون‌و دیارترینیشیان بریتیە لە"فیرقەی شەڕكەری عەباس"‌و "لیوای گەورەی عەلی" كە تاكە گرووپن رایانگەیاندووە بەشداری لەهەڵبژاردندا ناكەن‌و بەشداریكردنیش لەسیاسەتدا رەتدەكەنەوە، هەروەك بەشداریكردنیان لە شەڕی سوریاش رەتكردەوە.

ئەحمەد سافی یەكێكە لەنوێنەرانی سیستانی‌و وتەبێژانی، ئەو لەمیانی یەكێك لەدیدارەكان لەگەڵ فەرماندەكانی فیرقەكە سەبارەت بەو ئاڵنگاریانەی رووبەڕوویان دەبنەوە وتی "بوونەئەندامی فیرقەی شەڕكەری عەباس باجی خۆی هەیە، بەشێك لەو باجە ئارامگرتن‌و دەستبەردارنەبوونی پرەنسیپ‌و شوناس‌و بەهاكانمانە هەرچەندە تائێستاش ئەڵتەرناتیفی كراوە لەئارادان" وەك ئاماژەیەكی ناڕاستەوخۆ بۆ ئاڵنگارییەكان‌و ناكۆكی لەگەڵ گرووپەكانی دیكە‌و جیاوازی ئامانجەكانیان.

بەڵام دیارترین خەسڵەتی گرووپەكانی سیستانی دیسپلینی بەرزیان لەشەڕەكان‌و رێزگرتنیان لەبڕیارەكانی حكومەتی عێراق‌و تێوەنەگلانیانە لەكاری دژ بە مافەكانی مرۆڤ، ئەمەش وای لێكردوون ببنە گرووپی بێلایەن لەچەندین شەڕدا لەماوی سێ ساڵی رابردوودا.

بۆ نموونە فیرقەكە بەشداربوو لە كۆنترۆڵكردنەوەی شاری تكریت لەكاتێكدا گرووپە شیعەكانی دیكە بەگوشاری "هاوپەیمانی نێودەوڵەتی" لێی كشانەوە لەترسی روودانی كاری تۆڵەسەندنەوە، لەشەڕەكانی هەردوو شارۆچكەی دوزخوماتو‌و بەشیری باشووری كەركوكیشدا فیرقەكە جێگای پێشوازی بوو لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە كە لەوناوچانە جێگیركرابوون‌و هاوكاریكردنی گرووپە شیعەكانی دیكەیان رەتدەكردەوە.

لەكاتێكیشدا هاوپەیمانی نێودەوڵەتی‌و دەوڵەتانی هەرێمی وەكو توركیا‌و هەندێك لەسیاسیەكانی ناوخۆ بەشداریكردنی گرووپە شیعەكانیان لەشەڕی موسڵ لە پایزی ساڵی 2016 رەتكردەوە، رێگە بەفیرقەی شەڕكەری عەباس درا شانبەشانی فیرقەی نۆی سوپای عێراق لەبەری راستی شارەكە بەشداری شەڕەكان بكات.

جابر محەمەداوی كە پیاوێكی ئاینی سەربەخۆیە‌و وانەی مەزهەبی شیعە دەڵێتەوە لەنەجەف بە "نیقاش"ی وت "فیرقەی شەڕكەری عەباس ئەو وێنە راستەقینەیە كە سیستانی دەیویست كاتێك فەتوای جیهادی لەدژی تیرۆریستان دەركرد، سیستانی بەشداریكردنی جەنگاوەران لەسیاسەتدا رەتدەكاتەوە‌و لایەنگری تێكەڵكردنی جەنگاوەرانە بەدامەزراوە ئەمنیەكانی سوپا‌و پۆلیس، هەروەك زۆر لەگەڵ بیرۆكەی مانەوەی حەشدی شەعبی وەك هێزێكی ئەمنی سەربەخۆشدا نەبوو".

زۆربەی‌ ئەو راپۆرتانەی‌ لەبارەی‌ فیرقەی‌ عەباسەوە نوسراون ئەرێنین، بەڵام لەچەندین جێگاش فیرقەكە تۆمەتباركراوە بەوەی‌ مامەڵەی‌ خراپیان لەگەڵ دانیشتوانی‌ هەندێ‌ لەناوچەكاندا هەبووە، بەتایبەتی‌ لەو ناوچانەی‌ تیایدا باڵادەست بوون، چەندین جار ناڕەزایی‌ گەورەیان لای‌ سوننەكان دروستكردووە بەوەی‌ پێشێلكارییان بەرامبەر دانیشتوانە سوننەكە ئەنجامداوەو رێیان نەداوە بگەڕێنەوە سەر ماڵ‌و حاڵی‌ خۆیان.