گرەو لەسەر ئەسپی دۆڕاو
دەنگی كوردەكانی بەغدا بۆ هێزە شیعەكان دەڕوات

عیراق

07/04/2018‌ 1861 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
بەشداریكردنی كوردانی بەغدا لەهەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەماندا هاوكێشەیەكی سەخت دێنێتە ئاراوە، چونكە دەنگدەر‌و كاندیدی كورد لەبەغدا لەسەر بنەمای نەتەوە دەنگ نادەن.

وا باو بووە كوردانی‌ بەغدا لەسەر بنەمای مەزهەبی ئاینی یاخود باوەڕی كەسی دەنگدەدەن‌و بەوەش زۆربەی دەنگەكانیان بۆ كاندیدانی غەیرە كورد دەڕوات.

نیاز مەهدی (39 ساڵ) لەگەڵ هاوكارەكانی لەكاتی پشوودانی لەسەر كار لە ژوورێكی بچووك لە بارەگای ئەو كۆمپانیایەی كاری تێدا دەكەن، دانیشتوون‌و پێكەوە قسە دەكەن، چونكە ئەوە باشترین كاتە بۆئەوەی كەمێك لە گوشاری كار دووربكەونەوە.

تەلەفزیۆنی ناو ژوورەكە بەرنامەیەكی هەواڵی پەخش دەكات باسی دوا پێشهاتەكانی كێبڕكێی هەڵبژاردن لەنێوان لایەنە سیاسییەكان‌و بۆچوونی هاووڵاتیان لەبارەی رووداوەكانەوە دەكات.

نیاز كە تەنیا كوردە لەنێو هاوكارەكانیدا خۆی لەبەردەم پرسیارەكانیان دەبینێتەوە سەبارەت بەبەشداریكردنی یان نەكردنی لە هەڵبژاردن‌و ئەو لایەنەی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەماندا لە دوانزەی مانگی ئایاری داهاتوو دەنگی پێ دەدات.

نیاز لەوەڵامی پرسیاری هاوڕێكانیدا دەڵێت "یەكێتی" واتە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە یەكێكە لەدیارترین حزبە كوردییەكانی عێراق.

نیاز كە سەر بە یەكێتیی نیشتمانییە‌و پێشتر لە ریزەكانی هێزی پێشمەرگەدا نوێنەری حزبەكەی بووە، گواستنەوەی شوێنی نیشتەجێبوونی بۆ بەغدا نەبووەتە هۆكارێك بۆ دەستبەرداربوونی لە ئینتیمای سیاسی خۆی كە بژاردەكانی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دیاری دەكات.

نیاز دەڵێت: "ئێمە لێرە لە بەغدا چاوەڕوانی ئەوەین حزب ناوی ئەو كاندیدانەمان بۆ بنێرێت كە پشتیوانیان دەكات لە هەڵبژاردن‌و ئێمەش بەویستی خۆمان بڕیار دەدەین دەنگ بەكام كاندید دەدەین".

بەڵام نیاز تەنیا گوزارشت لە رای خۆی‌و رای هەندێك لەو كوردانە دەكات كە ماوەیەكی زۆر نییە هاتوونەتە بەغدای پایتەخت‌و دەیانەوێت دەنگ بە لیستە كوردییە سەرەكییەكان بدەن، چونكە زۆربەی كوردەكانی بەغدا لەسەر بنەمای نەتەوە دەنگ نادەن‌و خولەكانی پێشووی هەڵبژاردنیش ئەوەیان دەرخستووە بەتایبەتی كوردانی فەیلی كە زۆرجار دەنگ بە لیستە شیعەكان دەدەن.

لە بەغدای پایتەخت سەرەڕای كەمبوونەوەی ژمارەی كوردانی نیشتەجێی شارەكە چ لە سەردەمی رژێمی پێشوو یان دوای رووداوەكانی ساڵی 2003، بەڵام هێشتا بەهەزارانیان لە پایتەخت ماون‌و رێژەیەكی باشی دەنگدەران پێكدەهێنن لەچوارچێوەی ئەو بازنەی هەڵبژاردنەی لە پایتەخت دیاریكراوە.

زۆرێك لە هۆزە كوردەكان لە سەرەتای سەدەی رابردووەوە ئەوەیان هەڵبژارد لە پایتەخت نیشتەجێببن وەك هۆزەكانی ئەركەوازی‌و سورەمیری‌و جاف‌و باجەلان‌و زەهاوی‌و چەندینی دیكە، ئەمە جگە لە كاكەییەكان‌و زۆر عەشیرەتی كوردی دیكە تا ئەو ڕادەیەی زۆر لە ناوچەكانی بەغدا بەوناوانەوە نراون كە پەیوەندیان بە كورد یان ئەو هۆزانەوە هەیە وەكو ناوچەی حەی ئەكراد‌و عەگد ئەكراد‌و چەندینی دیكە.

بەڵام دەنگەكانی كورد لە بەغدا لەنێو خۆیاندا كۆك نین لەسەر دەنگدان بە رەوتێكی سیاسی دیاریكراو یان یەكێك لە كاندیدەكان، بەڵكو لە بنچینەدا كۆكیش نین لەسەر هەڵبژاردنی كاندیدێك لە لیستێكی كوردیدا.

چونكە زۆرێك لە كوردەكانی بەغدا وەك ناویان دەبرێت، كاریگەر نابن بە فاكتەری نەتەوەیی بەهۆی دووركەوتنەوەیان لە هەرێمی كوردستان لەباكوور، لەبەرئەوەی ژمارەیەكی زۆریان لە بەغدا لەدایكبوون‌و ژیاون‌و ئەوەی بە نەتەوەی كوردەوە دەیانبەستێتەوە تەنیا ناوەكەیە.

زۆربەی كوردەكان دەنگ بەلیستی سیاسی حزبێك دەدەن كە تەنانەت ئەندامێكی كوردیش لە نێو كاندیدەكانیدا لەخۆی ناگرێت‌و لەو بیركردنەوە‌و خواستەشیاندا لە خەڵكی غەیرە كوردی پایەتەخت دەچن وەك عەرەب‌و مەسیحی‌و توركمان‌و پێكهاتەكانی دیكە.

شیروان محەمەد كوردێكە لە بەغدا لە دایكبووە‌و ئێستاش لەوەێ نیشتەجێیە، ئەو دەڵێت: "نەخێر لیستێكی كوردی‌و كاندیدێكی كورد هەڵنابژێرم، لیستێكی دیاریكراوم هەیە كە لە رابردوودا باوەڕم بە بۆچوونەكانی هەبووە‌و دەنگی پێدەدەم".

كوردانی فەیلی بۆچوونی رێكخراوتریان هەیە لە كوردەكانی دیكەی بەغدا، بەڵام رەنگە هەندێكیان لەو رێسایە لابدەن لە هەڵبژاردنی ئەو كاندیدانەی پەیوەندییان بە نەتەوەی كوردانی فەیلییەوە نییە.

پوختەی قسەكە ئەوەیە كە هەندێك دەنگی كوردانی بەغدا بۆ لیست یان كاندیدی نەتەوەی كورد دەچن لەكاتێكدا هەندێكی دیكەی ئەگەر زۆربەشی نەبێت بۆ لیست‌و كاندیدی سوننە یاخود شیعە دەچن‌و بەوپێیەش گرەوكردن لەسەر چوونی ئەو دەنگانە بۆ یەك لایەن ئەگەر لایەنێكی كوردیش بێت، گرەوكردنە لەسەر ئەسپێكی دۆڕاو.

لەچەند هەفتەی رابردوودا ژمارەیەك لە ئەندامانی دیاری كوردی ئەنجومەنی نوێنەران رایانگەیاند بەنیازن لە لیستی غەیرە كوردیدا بەشداری هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان بكەن كە ئەوەش شۆكێك بوو بۆ چاودێرانی رەوشی سیاسی عێراق.

ئاڵا تاڵەبانی، سروە عەبدولواحید‌و چەند كەسێكی دیكە بڕیاریان دا لەو حزبە كوردییانەیان جیاببنەوە كە گەیاندبوونیانە دەسەڵاتی یاسادانان لە عێراق‌و ئەو بژاردەیەیان هەڵبژارد لەنێو لیستی سیاسی دیاری دیكە لەسەر ئاستی عێراق‌و كوردستان بەشداری كێبڕكێكە بكەن وەكو لیستی وەتەنییە بە سەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی‌و لیستی نەسر بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی‌و لیستی دیكە، هەرچەند دواتر سروە كشایەوە.

هەندێكیش هەن بڕیاریان داوە لیستێكی جیا بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردن لە بەغدا پێكبهێنن وەكو شاسوار عەبدولواحید، بەو هیوایەن لەبەغدا دەنگی‌ كورد كۆبكەنەوە، هەرچەندە هیچ هیوایەك نییە ئەنجامیان هەبێت.

ماجید شەنگالی پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان بە "نیقاش"ی وت: "بەدرێژایی ساڵانی رابردوو كورد كورسییەكی پەرلەمانی لە بەغدای پایتەخت بەدەستنەهێناوە هەرچەندە بەغدا پایتەختی هەموو عێراقییەكانە".

شەنگالی پێیوایە بڕیاری كاندیدانی كورد بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردن لە بەغدا وەك هەوڵی خۆكوشتنی سیاسی وایە، روونیشیكردەوە "چانسی كورد لە بەغدا زۆر كەمە جگە لە كوردانی فەیلی ئەویش لەبەر ئەوەی ژمارەی كورد لەم چەند ساڵەی دواییدا پاشەكشەی كردووە، لەبەرئەوە كورسی پەرلەمانمان لە بەغدا بەدەستنەهێناوە".

ئەزموونی هەڵبژاردنەكانی پێشوو سەلماندوویەتی كورد لە بەغدا دەنگ بە نەتەوەی خۆیان نادەن، بەڵكو لایەنگری تایفە ئاینییەكەیان دەكەن‌و كاریگەرن بەو كەشەی لەنێو دانیشتووانی پایتەختدا هەیە كە زۆرجار كوردانی فەیلی دەنگ بە لیستی شیعە دەدەن وەك ئەوەی لە یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەماندا روویدا كاتێك دەنگیان بە لیستی (555) دا كە چەند رەوتێكی شیعەی لەخۆدەگرت‌و لە ساڵانی دواتریشدا بەهەمان شێوە، هەرچی سوننەكانیشیانە ئەوا دەنگ بە لیستە سوننەكان یان كوردەكانی بەغدا دەدەن.

هەموو هەوڵی حزبە كوردییە سەرەكییەكان بۆ بەدەستهێنانی دەنگی كوردانی بەغدا لە خولەكانی پێشووی هەڵبژاردندا سەریان نەگرت ئەگەرچی پشت بەدەنگی رۆڵەكانی نەتەوەكەیان دەبەستن بۆ بەدەستهێنانی كورسی پەرلەمان لە پایتەخت.

گرەوكردن هەمیشە دۆڕاو نابێت، بۆیە وادیارە هەندێك لە كاندیدانی كورد چانسیان زیاترە بۆ گەیشتن بە ئەنجومەنی نوێنەران ئەوانیش خودی كوردانی بەغدان كە نەتەوەكەیان لەو كێبڕكێی هەڵبژاردنەدا بەكارنەهێناوە كە بەشداری تێدا دەكەن.

تەنانەت هەندێك لەو كوردانە جەماوەرەكەیان وەك كەسێكی بەڕەچەڵەك كورد نایانناسن لەبەرئەوەی لە بەغدا لەدایكبوون‌و تێیدا نیشتەجێبوون‌و كاری وەزیفی‌و تەنانەت سیاسیشیان لەلای جەماوەرەكەیان لە ناونیشانە نەتەوەییەكەیان دووریخستوونەتەوە، لە نموونەی ئەو كوردانەش سەرمەد عەبدولئیلا سەرۆكی یەكێتی مەلەوانی عێراقە كە ناتوانرێت بزانرێت كوردە یان عەرەب، بەڵكو زمانە عەرەبییەكەی بە شێوەزارە بەغداییەكەی ئاماژەیە بۆئەوەی كە عەرەبێكی تەواوە.

سەرمەد پێی وایە ئەو جەماوەرەی لەماوەی ساڵانی نوێنەرایەتیكردنی عێراق لە وەرزشی مەلەوانیدا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەدەستیهێناوە‌و نزیكییەكەی لە جەماوەرەكەی كە زۆربەیان لە بەغدای پایتەختن، دەرفەتی ئەوەی بۆ دەڕەخسێنن بگاتە دەسەڵاتی یاسادانان.

پەیوەندی كوردەكان‌و بەغدا لە هەڵبژاردنی داهاتوودا پەیوەندییەكی نا هاوسەنگ دەبێت، چونكە دەنگدەری‌ كوردی بەغدا مەرج نییە دەنگ بە كاندیدی كورد بدات‌و كاندیدی كوردی بەغداش دەنگی عەرەبی پایتەخت بەدەستدەهێنێت.

تەنانەت ئەگەر دەنگدەری كوردی دانیشتووی پایتەختیش بڕیار بدات دەنگ بەو كاندیدە كوردەی هەرێمی كوردستان بدات كە بڕیاری داوە لەرێی بەغداوە خۆی كاندید بكات، ئەوا ئەو دەنگانە ئەو كاندیدە یاخود كاندیدی دیكە ناگەیەننە رێژەی دەنگی پێویستی هەڵبژاردن بەتایبەتی لە بازنەیەكی هەڵبژاردندا كە بە مەترسیدار وەسف دەكرێت، ئەویش بەغدای پایتەختە.