چانسی‌ كەم‌و كارتی‌ لاواز
كورد بەسەبەتەی‌ بەتاڵەوە دەچێت بۆ بەغدا

عیراق

13/04/2018‌ 2425 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
ئەمجارە كورد بەو كارتانەوە ناچێتەوە بەغدا، كە لە 15 ساڵی‌ رابردوودا دوای‌ هەموو هەڵبژاردنێك لەگەڵ خۆی‌ دەیبرد بۆ گوشاركردن سەبارەت بەدیاریكردنی‌ ئەو كەسەی‌ دەبێتە سەرۆك وەزیرانی‌ عێراق.

جیابوونەوە لەعێراق‌و چارەنووسی ناوچە جێناكۆكەكان‌و سەربەخۆیی‌ فرۆشتنی‌ نەوت‌و بەكارهێنانی‌ هێز دیارترین ئەو كارتانەبوون، كە پێشتر كورد بەدەستیەوە بوو بۆ چنینەوەی‌ ئەو دەستكەوتانەی،‌ كە دەیویست لەبەرانبەر  دەنگدان بەپاڵێوراوی‌ پۆستی‌ سەرۆك وەزیران، كە باڵاترین دەسەڵاتە لەعێراق بەكاری‌ بهێنێت.

ئێستاو بەر لەمانگێك لەئەنجامدانی‌ هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ عێراق كورد ئەو كارتانەی‌ بەدەستەوە نەماوە، كە پێشتر لەدەستدابوو بۆ گوشاركردن.

ئەنجامدانی‌ ریفراندۆم لەساڵی‌ رابردوودا كارتی‌ جیاكردنەوەی‌ هەرێمی‌ كوردستانی‌ لەعێراق سفركردەوەو بەو هۆیەشەوە هێزە ئەمنیەكانی‌ عێراق كۆنتڕۆڵی‌ زۆرینەی‌ ناوچە جێناكۆكەكانیان كرد كەپێشتر كورد تیایدا باڵادەست‌و خاوەن هێزی‌ سەربازی‌ بوو.

بۆ هەرێمی‌ كوردستانیش چیتر سەربەخۆیی ئابوری‌ فرۆشتنی‌ نەوت ئەو بەهایەی‌ نەماوە بەهۆی‌ دابەزینی‌ نرخی‌ نەوت لەبازارەكانی‌ جیهانداو لەدەستدانی‌ چەند كیڵگەیەكی‌ نەوتی‌ سنوری‌ كەركوك بۆ بەغدا كە پێشتر بەشێكی‌ زۆری‌ هەناردەی‌ نەوتی‌ لێوە دەكرد.

لەخولەكانی‌ رابردووی‌ پەرلەمانی‌ عێراقدا كورد لەپاڵ سوننەو شیعەدا گەمەكەری‌ سەرەكی‌ بوو لەپرسی یەكلاییكردنەوەی‌ پۆستی‌ سەرۆك وەزیران‌و پاڵێوراوەكەیدا، پێشتر لەساڵی‌ 2005 توانی‌ پالێوراوی‌ شیعەكانیش بۆ ئەو پۆستە رەتبكاتەوە كە ئیبراهیم جەعفەری‌ بوو .

چوونی‌ كورد بەدەستبەتاڵی‌ بۆ بەغدا بۆ ئەمجارە پێشبینی‌ دەستبەتاڵیشی لێدەكرێت لەیەكلاییكردنەوەی‌ پۆستی‌ سەرۆك وەزیراندا.

ئەمین بەكر سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق بە"نیقاش"ی‌ وت "كورد پێگەی جارانی لەبەغدا نەماوەو ناتوانێت رۆڵی یەكلاییكەرەوەی لەدیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی‌ داهاتوو هەبێت، بەڵام بەبێ كوردیش ئاسان نییە بڕیار بدرێت لەعێراقدا."

وتیشی‌ "ئەگەر كورد یەكگرتوو بێت دەتوانێت پێگەی بەهێز بكاتەوە، بەڵام ئەگەر بەم پێگەیەی‌ ئێستاوە كورد بچێتەوە بەغدا ئەوا وەك پێشوو كە سەرۆك وەزیران دیاریكراو بودجە پەسندكرا بەبێ كورد، ئەمجارەش هەروا دەبێت".

یەكڕیزی‌ لایەنە سیاسییەكان لەهەرێمی‌ كوردستان ئێستا بۆ ئەوان چڵە پوشی هیوای‌ بەهێزیانە لەبەغدا دەستیان پێوە گرتووە، بەڵام ئەگەر بارودۆخەكە وەك ئێستا بێت پشتبەستن بەو هیوایەش ئەستەمە.

كێشەی‌ پرسی پۆستی‌ سەرۆكایەتی‌ هەرێم‌و یەكلایی نەكردنەوەی‌ رەشنوسی دەستورو ناكۆكی‌ لایەنەكان لەسەر پرسی داهات‌و شێوازی‌ حوكمڕانی ئەوەندەی‌ تر بۆشایی‌ نێوان لایەنە سیاسییەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستانی‌ زیاتر كردووە كە بۆ جارێكی‌ تر لەحكومەتی‌ بنكە فراوانەوە شێوازی‌ بەرێوەبردنی‌ هەرێم بووەوە بەدوو بەرەی‌ ئۆپۆزسیۆن‌و دەسەڵات‌و جیاوازیەكانیشیان زیاتر بووە.

پێشتر كورد بەدڵنیاییەوە دەچووە بەغدا بەوەی‌ یەكێكە لەكۆڵەكەكانی‌ سازانی‌ پێكهاتەكان‌و رۆڵ‌و داواكارییەكانی‌ لەبیر ناكرێت، بەڵام ئەمجارە گومانی‌ لەهاوبەشەكانی‌ رابردووی‌ هەیە.

ئارێز عەبدوڵا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی عێراق  بە"نیقاش"ی وت "لەعێراقدا ئاڕاستەیەكی سیاسی هەیە كە دەیانەوێت رۆڵی كورد پەراوێز بخەن، بەڵام ناتوانن‌و  هەر حكومەتێك بەبێ دەنگی كورد پێكبهێنرێت ئەوا پڕۆسەی سیاسی عێراق شكست دەهێنێت، چونكە هەر بڕیارێكی چارەنوسساز لەعێراق دەدرێت، دەبێت بەتەوافوق بێت نەك بەزۆرینەو كەمینە".

ژمارە بۆ كورد لەپەرلەمانی‌ عێراق ئێستا ئەو هێزەی‌ نییە كە پێشتر هەیبووە ئەوە جگە لەوەی‌ خول دوای‌ خول كورسییەكانی‌ كەم بوونەتەوە لەهۆڵی‌ پەرلەماندا.

لە هەڵبژاردنی‌ ساڵی‌ 2005ی‌ پەرلەمانی‌ عێراقدا لەكۆی‌ 275 كورسی‌، كورد 77 كورسی‌ بەدەستهێنا، بەڵام لەهەڵبژاردنی‌ 2010دا ژمارەی‌ كورسیەكانی‌ كورد بۆ 57 كورسی‌ كەم بووەوە ئەگەرچی‌ ژمارەی‌ كورسیەكانی‌ پەرلەمان زیاد كرا بۆ 325 كورسی، بەڵام لەهەڵبژاردنی‌ رابردوشدا كورد ژمارەی‌ كورسیەكانی‌ بەرزكردەوە بۆ 62  كورسی‌ ئەگەرچی‌ ژمارەی‌ كورسییەكانی‌ پەرلەمانیش بەرزكرانەوە بۆ 328.

سەردار عەبدولكەریم ئەندامی‌ پێشووتری‌ ئەنجومەنی‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سەربەخۆی‌ هەڵبژاردنەكانی‌ عێراق بە"نیقاش"ی‌ وت "سیستەمی‌ هەڵبژاردن هۆكارێكی‌ بۆ كەمبوونەوە دەنگی‌ كورد لەهەڵبژاردنەكاندا".

ئەوەی‌ چاوەڕوان دەكرێت گۆمی‌ كەمكردنەوەی‌ كورسی كورد لەپەرلەمانی‌ عێراق بۆ هەڵبژاردنی‌ داهاتوو قوڵتر بكاتەوە، هەڵبژاردنە لەناوچە جێناكۆكەكانی‌ كەركوك‌و دیالەو سەڵاحەدین‌و نەینەوا.

لەلایەك پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بڕیاری‌ بایكۆتی‌ هەڵبژاردنی‌ داوە لەسنوری‌ كەركوك، لەلایەكی‌ تریشەوە بەهۆی‌ كۆنتڕۆڵكردنی‌ ئەو ناوچانە لەلایەن هێزە ئەمنیەكانی‌ عێراقەوە دەنگی‌ ناڕازی هاوڵاتیانی‌ كورد لەو ناوچانە دژ بەحزبە كوردییەكان بەزربووەتەوە، ئەوە جگەلەوەی‌ بەهۆی‌ شەڕی‌ داعشەوە هاوڵاتیانی‌ بەشێك لەو ناوچانە ئاوارە بوون یان كۆچیان بۆ دەرەوەی‌ عێراق كردووە كە پێشتر حزبە كوردییەكان پشتیان پێدەبەستن.  

مەحما خەلیل قایمقامی‌ شنگال لەسنوری‌ پارێزگای‌ نەینەوا كە لەلایەن حكومەتی‌ ناوەندیەوە دانی‌ پێدا نانرێت پێشبینی‌ كەمبوونەوەی‌ كورسیەكانی‌ كورد دەكات لەو پارێزگایە لە 8 كورسییەوە بۆ 4 كورسی‌.

مەحما خەلیل بە"نیقاش"ی‌ وت "دەنگی‌ كورد ئەمجارە كەم دەكات، چونكە خەڵكێكی‌ زۆر لەناوچە جێناكۆكەكان ئاوارەبوون یان كۆچیان كردووە بۆ دەرەوە، جگە لەوەش خەڵكی‌ ناوچەكە زۆر نیگەران‌و توڕەن بەرامبەر لایەنە سیاسیە كوردیەكان كە نەیانتوانیوە بیانپارێزن".

سەرەڕای‌ لەدەستدانی‌ كارتەكانی‌ هێشتا كورد ئومێدی‌ بە خاڵی‌ "بەهێز"ی‌ تری‌ خۆی‌ هەیە بۆ گۆڕینی‌ هاوكێشەی‌ سیاسی‌ لەپەرلەمانی‌ عێراق بۆ خولی‌ داهاتوو.

عەرەفات كەرەم سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق  گەشبینە بەوەی‌ كورد رۆڵی دەبێت لەدیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی‌ عێراق هەرچەندە دان بەوەدا دەنێت كە كورد وەك پێشوو پێگەی بەهێزی‌ نابێت تا رۆڵی یەكلاكەرەوە ببینێت.

عەرەفات كەرەم بە"نیقاش"ی‌ وت "ئەگەر كورد یەكگرتوو بێت‌و لەدوای هەڵبژاردنەكان هاوپەیمانێتی‌ پێكبهێنن ئەوا رۆڵی سەرەكی دەبێت لەپێكهێنانی حكومەت‌و دیاریكردنی سەرۆك وەزیراندا، بەڵام بەم پەرتەوازەیی‌‌و لاوازییەی ئێستاوە كورد ناتوانێت رۆڵی هەبێت".

ئەمە ئەو بۆچوونەیە كە ئەحمەد حاجی‌ رەشید سەرۆكی‌ فراكسیۆنی‌ كۆمەڵی‌ ئیسلامیش لەپەرلەمانی‌ عێراق پشتیوانی‌ دەكات‌و  پێیوایە لایەنەكانی‌ تر ناتوانن كورد پەراوێز بخەن، ئەو بە"نیقاش"ی‌  وت "بەبێ بەشێك لەكورد حكومەت پێكناهێنرێت، لەكاتێكدا ئەگەر حكومەتی‌ زۆرینەش پێكبهێنرێت كە دوور نییە وابێت بەشێك لەكوردی‌ تێدا دەبێت".

ئاماژەكانی‌ پێكهێنانی‌ حكومەتی‌ زۆرینە لەماوەی‌ رابردوودا بۆ كورد دڵخۆشكەر نەبوو، چونكە هێزە كوردییەكان لە15 ساڵی‌ رابردوودا پشتیان بەحكومەتی‌ تەوافوق بەستووە، هەموو جارێكیش ئەو هێزە كوردییانە ژمارەیەكی‌ كاریگەربوون بۆ پێكهێنانی‌ حكومەت‌و یەكلایی كردنەوەی‌ پۆستی‌ سەرەك وەزیران.

نزیكبونەوەی‌ ئەم دواییەی‌ هێزە سونەو شیعەكان لەژێر چەتری‌ پەرلەماندا  مەترسی دووبارە كردنەوەی‌ تێپەڕاندنی‌ پرسەكانی‌ لەلای‌ كورد دروستكردووە بەزۆرینەی‌ دەنگی‌ ئەو دوو پێكهاتەیە، وەك چۆن پێشتر پڕۆژەیاسای‌ بودجەی‌ 2018 یان بێ رەزامەندی‌ كورد پەسەندكرد.

مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری كورد كە بۆ چەندین خول ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ عێراق بوو بە"نیقاش"ی‌ وت "نزیكبوونەوەی شیعەو سونە دەریدەخات كورد رۆڵی دەبێت لەبەغدا یان نا، ئەگەر نزیك ببنەوە كورد ناتوانێت رۆڵی‌ هەبێت‌و پۆستی سەرۆك وەزیران یەكلایی بكاتەوە".

هەموو ئاماژەكان بەرەو ئەو ئاراستەیەن كە ئەمجارە كورد ژمارەیەكی‌ قورس نییە لەفەرمانڕەوایی‌ عێراقداو وەك پێشتر ناتوانێت مەرجەكانی‌ خۆی‌ بسەپێنێت، بەڵام ژمارەیەكیش نابێت كە فەرامۆش بكرێت، رەنگبێ‌ بەدەمەوە هاتنی‌ ئەم دواییەی‌ حەیدەر عەبادی‌ بۆ ناردنی‌ موچەی‌ فەرمانبەرانی‌ هەرێم‌و كردنەوەی‌ فرۆكەخانەكان بۆخۆی‌ دانپیانانی‌ سەرەك وەزیران بێت بەگرنگی‌ دەنگی‌ كورد، چونكە عەبادی‌ لەئەگەری‌ كاندیدبوونەوەی‌ بۆ پۆستی‌ سەرەك وەزیران، نایەوێ‌ دەنگی‌ سەروو 50 كورسی‌ لەپەرلەمانی‌ عێراقدا لەدەست خۆی‌ بدات.

بەپەلە