لەداواكاری‌ ئازادییەوە بۆ شەڕی‌ نان
ژنان ترسی خۆپیشاندانەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان-یان شكاند

کوردستان

14/04/2018‌ 1024 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
ژنان خۆپیشاندانەكانی هەرێمی‌ كوردستانیان ئەوەندەی‌ تر رەنگاو رەنگرد كاتێك تەلیسمی‌ ترسی بەشداریكردنی‌ ئەو رەگەزەیان لەو ناڕەزایەتیانەدا شكاند، كە پێشتر پیاوان هەژمونیان كردبوو.

بەشداری‌ ئەمجارەی‌ ژن لەخۆپیشاندانەكاندا لەرووی‌ ژمارەوە زیاتر بوو لەخۆپیشاندانەكانی‌ پێشترو لەروی‌ كاریگەریشیەوە بەهێزتر بوون.

لە 20ی ئازاری ئەمساڵەوە تا سەرەتای‌ ئەم مانگە لەزۆربەی شارو شارۆچكەكانی هەرێمی‌ كوردستان خۆپیشاندان دژ بەدواكەوتنی‌ موچەو پاشەكەوتكردنی‌ ئەنجامدرا، بەڵام رۆڵی‌ ژنان تیایدا خاڵی‌ جیاواز بوو بە بەراورد لەگەڵ ئەو خۆپیشاندانەی‌ لەماوەی‌ چوار ساڵی‌ رابردوودا ئەنجام دەدرا. 

ئەو گرتە ڤیدیۆیەی،‌ كە شایان كاكە ساڵح بە ئامێری‌ مۆبایلەكەی‌ لەخۆپیشاندانەكانی‌ 25ی‌ مانگی‌ ئازاری‌ شاری‌ هەولێر تۆماری‌ كردو بڵاویكردەوە هەرزوو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی‌ تەنی‌ كاتێك داوا لەئەندامانی‌ هێزە ئەمنیەكان دەكات بەشدار بن لەخۆپیشاندانەكاندا بۆ داواكردنی‌ مووچە.

ئەوەی‌ ئەو ژنە خۆپیشاندەرە كردی‌ ترسی ژنانی‌ تری‌ لەسەر خۆپیشاندانەكان شكاند بەتایبەت كە روداوەكە لەهەولێری‌ پایتەخت بوو كە یەكەمجار بوو خۆپیشاندانی‌ لەوجۆرەی‌ تێدا روبدات.

ئەوە تەنیا وێنە نەبوو بۆ بەشداری‌ ژنان لەخۆپیشاندانەكاندا، لەشارەكانی‌ تری‌ هەرێمی‌ كوردستانیش ژنان گۆڕەپانەكانی‌ خۆپیشاندانیان تەنی‌.  

بەدرێژایی‌ ئەو ماوەیە رۆژانە بەشێكی‌ زۆری‌ ژنە مامۆستاو فەرمانبەرەكان لە بەردەم دادگای سلێمانی‌ بەشداری‌ خۆپیشاندانەكانیان دەكرد، بەشێكیان منداڵەكانیان‌و هەندێك جاریش هاوسەرەكانیان لەگەڵ خۆیان راپێچی‌ رێوڕەسمی‌ ئەو ناڕەزایەتیانە دەكرد.

چیمەن سەلیم (50) ساڵ لەترسی راكردن‌و ونبوونی منداڵە توشبووەكەی‌ بەنەخۆشی‌ ئۆتیزم لەنێو قەرەباڵغی خۆپیشاندەراندا، سەری پەتێكی لەدەستی منداڵەكەی گرێدابووو سەرەكەی تریشی بەدەستی خۆیەوە گرتبوو، ئەو لەیەك كاتدا بۆ پشتیوانی لەخۆپیشاندەران‌و داواكاری‌ چارەسەری‌ نەخۆشی‌ منداڵەكەشی‌ بەشداریكردبوو.

چیمەن، كە زوو زوو دەستی‌ منداڵەكەی‌ بەرز دەكردەوەو ماچی‌ دەكرد  بە"نیقاش"ی‌ وت"داوای مافی مندڵەكەم دەكەم كە پشتگوێ خراوە، سەنتەرێكی تایبەت نییە تا ئەو منداڵانە لەخۆ بگرێت، ئاخر منداڵێكی ئاوها بە مووچەیەكی 90 هەزاری چۆن دابین دەكرێت؟!".

 بەشێكی‌ زۆری‌ ئەو ژنانەی،‌ كە لەسنوری‌ سلێمانی‌ بەشداری‌ خۆپیشاندان‌و گردبوونەوەكانیان دەكرد بۆ دابینكردنی‌ مووچەی‌ بێ پاشەكەوت، مامۆستا بوون.

بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرێتی گشتی پەروەردەی سلێمانی لەكۆی‌ )39750( مامۆستا كە لەو سنورە هەیە زۆرینەی‌ (24275) یان لەگەزی‌ مێن.

شیلان عومەر مامۆستا لەیەكێك لەخوێندنگەكانی‌ سلێمانی، كە بەشداری خۆپیشاندانەكانی‌ كردبوو بە"نیقاش"ی وت"لەوانەیە پیاوان بەهۆی سەرقاڵییان بەئیشوكاری بازاڕو بژێوی ماڵ‌و منداڵەوە نەتوانن بەشدار بن، ئێمە لەجیاتی ئەوانیش مەیدانەكە گەرم دەكەین".

بەشێك لەمامۆستا ژنەكان تەنیا بەشدارییان لەخۆپیشاندانەكاندا نەدەكرد، بەڵكو بەشێكبوون لەدەستەی‌ رێكخستنی‌ ئەو ناڕەزایەتیانە.

بێخاڵ عەلی ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی‌و رێكخەری خۆپیشاندانەكان سەرەڕای‌ ئەو هەڕەشانەی‌ كە وەك خۆی‌ دەڵێت لێی‌ كراوە بەردەوام بووە لەسەرپەرشتی‌‌و بەشداری‌ خۆپیشاندانەكان. 

ئەو بە"نیقاش"ی‌ وت "ئەگەر خۆپیشاندانەكان بكرێت بەسێ بەشەوە دوو بەشی ژنانن، لەبەرئەوەی ژنان خاوەن ئیرادەی خۆیانن داوای مافەكانی خۆیان دەكەن وەكو ژنێك، نەك پشت ببەستێت بەپیاوان تا ئەوان مافەكانیان بۆ بسەننەوە".

ژنان وێنەی‌ خۆپیشاندانەكانیان رەنگاوڕەنگتر كردبوو، داواكاریەكانیشیان لەپێدانی‌ مووچەوە بەرزكردەوە بۆ گۆڕانكاری‌ لەدەسەڵاتی‌ سیاسیدا كە ئەوە یەكەمجار بوو لەماوەی‌ چوار ساڵی‌ رابردوودا ژنان خۆیان لەپرسێكی‌ لەو جۆرە بدەن.

بەشداری‌ ژنان تەنانەت ئەوانەشیانی‌ گرتەوە كە مووچە خۆر نەبوون‌و بۆ پاڵشتی‌ ژنانی‌ تر لەوێ بوون.

ناهیدە حەمە سەعید (76 ساڵ) كە سەروبەستێكی تایبەت بەجلوبەرگی‌ كوردی‌ بەستبوو، بەهۆی‌ زۆری‌ تەمەنەكەیەوە لەسەر كورسیەك لەنێو خۆپیشاندەراندا دانیشتبوو.

ئەو بە"نیقاش"ی‌ وت "هیچ وەزیفەیەكەم نییە لەحكومەتدا، بەڵام هاتووم داوای‌ مافی‌ كچ‌و كوڕەكانم بكەم".

كیژان كامەران (25 ساڵ)یش بە حەماسەوە دروشمی‌ خۆپیشاندەرانی‌ دەوتەوە بۆ داواكردنی‌ مووچە بێ ئەوەی‌ خۆی‌ فەرمانبەر بێت، ئەو  بۆ "نیقاش" وتی‌ "من بۆ پاڵپشتی‌ هاوسەرەكەم بەشداری‌ خۆپیشاندانەكان دەكەم، كە مامۆستایە، من بۆ داوای‌ مافی خۆم‌و منداڵەكانم هاتومەتە ئێرە".

پێدەچێت  قورسبوونی‌ ئەركی‌ ژنان لەهەرێمی‌ كوردستان بۆ دابینكردنی‌ بژێوی‌ ژیان وای لێكردبن بەشداری‌ ئەو جۆرە خۆپیشاندانە بكەن‌و رۆڵی‌ دیاریان تیایدا هەبێت لەكاتێكدا پێشتر لەو پرسانەدا دەردەكەوتن كە پەیوەندییان بە ئازادی‌ ژنانەوە هەبوو.  

كەژاڵ هادی، جێگری سەرۆكی لیژنەی داكۆكیكردن لەمافی ئافرەتان لەپەرلەمانی كوردستان بە"نیقاش"ی‌ وت "لەهەموو بارودۆخێكی نەخوازراودا ژنان زەرەرمەندی یەكەم دەبن‌و زۆرترین زیانی گیانی‌و مەعنەوییان بەردەكەوێت لەبەرئەوەی ئەوان جگە لەوەی فەرمانبەرن، كابانی ماڵیشن‌و زیاتر هەست بەئازارو ناڕەحەتییەكان دەكەن".

داواكارییەكانی ژنان لەهەرێمی‌ كوردستان بەپێی‌ بارودۆخەكان دەگۆڕێت، پێشتر ئازادی‌ ژن‌و رێگری‌ لەدیاردە كۆمەڵایەتیە زیانبەخشەكان ئەوانی‌ دەهێنایە سەر شەقام، بەڵام بەمدواییە  بۆیەكەمجار لەگەڵ پیاواندا داواكاریەكانیان یەكی‌ گرتەوە.

ئەمەل جەلال ئەندامی كارای ئەنجوومەنی باڵای خانمانی‌ هەرێمی‌ كوردستان ،كە دەستەیەكە لەلایەن حكومەتی‌ هەرێمەوە دروستكراوەو راستەوخۆ سەر بەئەنجومەنی‌ وەزیرانە، بە"نیقاش"ی وت "هەموو خۆپیشاندانێك ئامانجی دەستەبەركردنی مافێكە كە بەپێی‌ زەمینەو بەپێی بارودۆخەكە دەگۆڕێت، لەم خۆپیشاندانانەی‌ دواییشدا ژنان جیاوازتر لەخۆپیشاندانەكانی تر باسیان لەمافەكانیان دەكرد بەتایبەت كە پرسەكە پەیوەندی‌ بەقووتی ژیانەوە هەبێت كە سەرەتاییترین مافە ژن وەكو دایك‌و وەك پەروەردەكار‌و مرۆڤیش پێویستی‌ پێیەتی‌".