كۆپی‌‌و پەیست.. كاندیدانی ئەنبار وێنەیەكی نوێی سەركردە كۆنەكانن

عیراق

14/04/2018‌ 810 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
هەر كە بانگەشەی هەڵبژاردن چووە بواری جێبەجێكردنەوە وێنەی كاندیدەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمان روون بووەوە دەركەوت زۆرینەیان كۆپی‌ ئەو سەركردانەن كە رەواجیان نەماوە.

دانیشتووانی پارێزگای ئەنبار (110 كم لە خۆرئاوای بەغدای پایتەخت) لەسەر هەمان دەموچاوەكانی پێشوو راهاتوون لە پرۆسەی سیاسیدا هەروەك لەسەر ئەو دروشمانەشیان راهاتوون كە لە ڕێیانەوە هەوڵی راكێشان‌و بەدەستهێنانی دەنگەكانیان دەدەن، ئەمجارە ئەو كەسایەتیانە لەچوارچێوەی بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردندا ئاڕاستەیەكی دیكەیان گرتووە ئەویش لەڕێی پاڵپشتیكردنی كاندیدی دیكەوە، كە رەنگە كارتێكی نوێ بن لە هەڵبژاردندا كە هێشتا ئاشكرا نەكراوە.

بێگومان زۆرینەی سیاسییەكان ئاگاداری ئەو لێكۆڵینەوە مەدانیانەن كە دەریانخستووە جەماوەر قبوڵیان ناكات، ئەمەش وای لێكردون مانۆڕ بكەن‌و كەسایەتی دیكەی قبوڵكراو لە پارێزگاكەدا بەكاربهێنن، بەڵام ئەم پلانە لە دەرەوەی حساباتی دانیشتووانی ناوچەكەدا نەبووە كە لەلایەن خۆیانەوە دەستیانكردووە بەلێكۆڵینەوە لەبارەی هەموو كاندیدەكان لەڕێی بانگەشەكەیانەوە، بەپێی ئەم میكانیزمەش ژمارەیەكی زۆر لە كاندیدەكان پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن شكستیان هێناوە، چونكە لەلایەن ئەو كەسایەتیانەوە پاڵپشتی دەكرێن كە متمانەیان لەلای هاووڵاتیانی ئەنبار لەدەستداوە.

دانیشتووانی ئەنبار ئێستا زیاتر لەبارەی كاندیدەكانەوە دەزانن، چونكە ئەزموونیان لەگەڵ زۆربەی ئەو كاندیدانەدا هەیە كە لە تەنگانەدا دەستبەرداریان بوون كاتێك لە ناوخۆی عێراقدا راگوێزران‌و ئاوارەی دەرەوەش بوون.

عیسا خەلیفاوی (48 ساڵ) دانیشتووی شاری فەلوجەیە‌و پێی وایە هەڵبژاردنی داهاتوو هیچ شتێكی نەگۆڕیوە‌و ناگۆڕێت بەوپێیەی كاندیدە نوێیەكان ئەگەرچی سیڤیەكی باشیان هەیە، بەڵام كۆپیەكی كتومتی سیاسییەكانی پێشوون كە شكستیان هێناوە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا.

خەلیفاوی قسەی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی: "بوونی ئەو كەسایەتیانە لە ریكلامی بانگەشەدا لەگەڵ ئەو سیاسییە دیارانەی بەوە ناسراون كە شكستیان هێناوە‌و كەمتەرخەم بوون لە خزمەتكردنی خەڵكەی خۆیان، وەكو بڕیاری كۆتایی وایە سەبارەت بەو كاندیدانەی شانازی دەكەن بەوەی ریكلامەكانیان لەگەڵ چەند كەسایەتییەكی سیاسی دیاردا لەدەروازەی شارەكانیان دادەنێن، دووپاتیشی دەكاتەوە بەبێ ئەوەی بەخۆیان بزانن بنكەیەكی جەماوەری گەورەیان لەدەستداوە كە متمانەی بەو وێنە كەسیانە نییە كە كردوویانە بە ریكلامی خۆیان".

هەروەها وتی: "هەندێك لە كاندیدەكان شایەتی ئەوەیان بۆ دەدرێت كە كاریان بۆ پارێزگاكە كردووە‌و زۆربەشیان لەوانەن كە ناوبانگێكی باش‌و جەماوەرێكی بەرفراوانیان هەیە بەتایبەتی كە كەسایەتی نوێن‌و رەنگە بتوانن ئاڕاستەی پرۆسەی سیاسی راستبكەنەوە كە بەهۆی گەندەڵی توێژی سیاسەتمەدارانی پێشووەوە لەڕێڕەوی خۆی لایداوە".

هەڵبژاردنی چاوەڕوانكراوی ئایاری 2018 یەكەم هەڵبژاردنە لە پارێزگای ئەنبار لەدوای ئازادكردنی لەدەستی داعش ئەنجام بدرێت، ترسی بەشداریكردن لەم هەڵبژاردنەدا پرۆژەیەكە بۆ گۆڕانكاری‌و رەنگە هەمووانیش خەونی پێوە ببینن، بەتایبەتی كە زۆرینەی دانیشتووانی ناوچەكە خوازیاری هەڵبژاردنێكی ئازاد‌و بێگەردن كە نوێنەرایەتیكردنێكی راستەقینەی خواستەكانیان بكات.

بانگەشەی‌ ئەمجارە چەند روخسارێكی سیاسی نوێی ئاشكراكرد كە هەوڵی بەشداریكردن لە حكومەتی داهاتوودا دەدەن بەسەرپەرشتی‌و رێبەرایەتی چەند سەركردەیەكی سیاسی كە لە ساڵی 2003وە بڕیاری سیاسییان بەدەستەوەیە، بێگومان ئەم پاشكەوتەییە رەنگە باڵ بەسەر بۆچوونی دانیشتووانی ناوچەكەدا بكێشێت كە هێشتا بڕیاری یەكلاكەرەوەیان سەبارەت بە بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا نەداوە.

ئەمجەد عەلوانی (52 ساڵ) چالاكوانێكی بواری مافەكانی مرۆڤە لە پارێزگای ئەنبار، ئەو قسەی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی: "ئومێدی ئەوە  لەم روخسارانە ناكەین یارمەتی یاخود داكۆكیكردن لە مافی كەس بكەن، چونكە زۆربەیان فەرمانبەری دڵسۆزی ئەو حزبە سیاسیانەن كە دەستیان بەسەر حوكم لەعێراقدا گرتووە‌و هەرگیز دەستبەرداری نابن تەنانەت ئەگەر بەشدارییەكی سادەشیان لە پرۆسەی سیاسیدا هەبێت، چونكە سەرچاوەیەكی هێز‌و هەژموونیان بۆ دابین دەكات كە دەیخەنە خزمەتی بەرژەوەندییە ئابووری‌و حزبییەكانیانەوە".

هەروەها دەڵێت: "دەموچاوەكان گۆڕاون‌و زۆربەی كاندیدەكان هیچ چالاكییەكی نەرێنییان لەسەر تێبینی نەكراوە لەبەرئەوەی زۆربەیان لەلای ئێمە نەناسراون، هەر كاندیدێك لە شارێك یان عەشیرەتێكەوە هاتووە كە پاڵپشتی دەكەن بەمەبەستی بەدەستهێنانی كۆمەڵێك دەستكەوت لەڕێی ئەو كاندیدەوە كە دەبێتە دەروازەیان بۆ نێو راڕەوەكانی حكومەتی ناوەندی تا دەستكەوتی ئەمنی‌و سیاسی‌و ئابووری بچننەوە".

پارێزگای ئەنبار بازنەیەكی ئاڵۆزی هەڵبژاردنە بەهۆی پێكەوەگونجاوی كۆمەڵگەكەی كە زەحمەتە كۆنترۆڵ بكرێت‌و بەرەو لای ئەم كاندید یان ئەو كاندید رام بكرێت، ئەویش بەهۆی هەژموونی عەشایری یاخود پشتیوانی سیاسی یان حزبیەوە، هەموو ئەو فاكتەرانەش دانیشتووانی ناوچەكە‌و سیاسییەكانیشیان سەرسام كردووە.

پێدەچێت ئەو رووداوە سیاسی‌و ئەمنییانەی لە ساڵی 2014وە پارێزگای ئەنباریان گرتووەتەوە بووبنە هۆی كەوتنی ئەو سەركردە‌و فەرماندانەی بۆشایی سیاسی‌و ئایینی‌و عەشایریان دروستكرد‌و لەلایەن ئەو سەركردانەی دیكەی نەناسراوەوە قۆسترایەوە، بەڵام دوای ئۆپراسیۆنەكانی ئازادی‌و كەوتنەڕێی كاروانی سەقامگیری‌و ئاوەدانكردنەوە، بوونە سەركردە‌و فەرماندەی نوێ‌و كاریگەر.

موئەیەد جومەیلی (51 ساڵ) كە یەكێكە لە كاندیدانی پێشووی هەڵبژاردنی ساڵی 2014ی پەرلەمان لە شاری رومای (110 كم لە خۆرئاوای بەغدای پایتەخت) دەڵێت كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق (6904) كاندیدی تۆماركردووە بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمان بۆ ساڵی 2018.

وتیشی: "ئەم ژمارەیە زۆر كەمترە لەوەی لە ساڵی 2014 تۆماركرابوو كە ژمارەی كاندیدەكان زیاتر لە نۆ هەزار كاندید بوو، ئەوەش ئاماژەیەكی روونە بۆ بەشدارینەكردنی ژمارەیەكی زۆر لە سیاسی‌و كاندیدەكان لەم هەڵبژاردنەدا".

جومەیلی بە "نیقاش"ی وت: "ئەو ئامارانەی كە رەنگە شیكردنەوە سەرەتاییەكان ئاماژەیان بۆ بكەن دەڵێن ژمارەیەكی زۆر لەو سەركردە‌و فەرماندانەی گۆڕەپانی پرۆسەی سیاسییان كۆنترۆڵ كردبوو وازیان لە كاری سیاسی هێناوە ئەوەش بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە، یان ئەوەتا باوەڕیان بەوە هێناوە كە جەماوەریان لەدەستداوە‌و چیتر قبوڵكراو نین، یاخود بوونەتە قوربانی ناكۆكی نێو حزب‌و لیستەكانیان، هەروەك رایەكیش هەیە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە رەنگە بەڵێنی پۆستی گرنگیان لە حكومەتی نوێدا پێدرابێت لەبەرامبەر دەستبەرداربوونی كاری سیاسی ئێستایان‌و پشتیوانیكردنی دەموچاوە نوێیەكان".