فراكسیۆنی پارتی داوادەكات پڕۆژەیاسای چاكسازی تێپەڕێنرێت

کوردستان

15/04/2018‌ 581 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لیژنە تایبەتمەندەكانی پەرلەمان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆدەبنەوەو فراكسیۆنی پارتیش داوا دەكات، پڕۆژەیاسای چاكسازی تێپەڕێنرێت، كە لەو كۆبوونەوەیە تاوتوێدەكرێت.

ڤەمان فەیسەڵ، ئەندامی لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان وتی: "لەدواكۆبوونەوەدا، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و فراكسیۆنەكان، گەیشتینە ئەو بڕیارەی، كە لەگەڵ حكومەتدا كۆببینەوە و بە باشتربوونی ڕەوشی حكومەت، دەتوانێت یاسای عێراق جێبەجێبكات، كە بڕیار وایە بەیانی دووشەممە حكومەت و سەرۆكایەتی پەرلەمان، لەگەڵ هەر دوو لیژنەی یاسای‌و دارایی لەسەر پڕۆژەی چاكسازی كۆببنەوە".

فەیسەڵ، كە پەرلەمانتاری پارتییە، وتیشی: "هەڵوێستی ئێمە وەكو فراكسیۆنی پارتی ئەوەیە، كە بە هەر شێوەیەك بێت ئەو پڕۆژەیاسایە بۆ زیاتر خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان بەزووترین كات پەسەند بكرێت، جا بە هەر شێوەیەك بێت، بۆیە دەبێت پێش هەڵبژاردنەكان كۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمان بەڕێوەبچێت، بۆ ئەوەی موچەخۆران لەپاشەكەوتی موچە ڕزگاربن، بۆیە هەڵوێستی فراكسیۆنی پارتی، هەڵوێستێكی نەگۆڕەو هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهاتووە، لەگەڵ ئەوەی پەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان، هیچ پەیوەندییەكی بەبانگەشەی هەڵبژاردنەوە نییە".

پڕۆژەیاسای چاكسازی لەموچە، خانەنشینی و دەرماڵەكاندا، لە 24 ماددە پێك هاتووە، كە بە پەسندكردنی مانگانە نزیكەی 150 ملیار دینار بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە، بە دووبارە پەسندكردنیشی لەپەرلەمان حكومەت رایگەیاندووە، پاشەكەوتی موچە نامێنێت.

هـ ـ ح