بەو كارتە موچە وەردەگیرێت.. كارتێكی تایبەت بۆ فەرمانبەرانی هەرێم دروستدەكرێت

کوردستان

17/04/2018‌ 2079 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هیوا فەرزندە ئەفەندی سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆژیاو زانیاری لەئەنجوومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، كارتێكی تایبەت بۆ هەموو فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دروستدەكرێت.

هیوا فەرزەندە راشیگەیاند، لەسەر كارتەكە ژمارەی  كەسی فەرمانبەر چاپ دەكرێت، كە هەر فەرمانبەرێك ژمارەیەكی بێ هاوتای هەیە، ئەو كارتە سۆشیالەی لەدەرەوەی وڵات هەیە ئەو ژمارەیە تایبەتییە ناونیشانی ئەلیكترۆنی ئەو كەسە دەبێت، لەنێو كارتەكە بەئەلیكترۆنی هەموو زانیاریە كەسی و تایبەتیەكانی فەرمانبەرە لەسەر سیم كارتێك تێدا دەبێت.

ناوبراو بۆ ژمارەی ئەمڕۆ سێ‌ شەممەی هەفتەنامەی باس قسەی كردووەو روونیشیكردووەتەوە بەپێ ئەو كارتە پێویست ناكات ناو و رەگەز و شوێنی كارو لەكەسە بپرسرێت، چونكە هەمووی هەیەو ئەوەشی راگەیاند "لە رێگەی ژمارەی تایبەتی بێ هاوتای فەرمانبەر هەموو خزمەتگوزارییەك، كە فەرمانبەر پێویستی بێت دەست نیشان دەكرێت".

لەپرۆژەی بایۆمەتری زیاتر لە ملیۆنێك و 206 هەزار مووچەخۆر تۆماركراون، كە لەو ژمارەیە نزیكی 700 هەزاریان فەرمانبەرن.

ئەفەندی جەختیكردەوە هەموو زانیاری فەرمانبەران و موچەخۆران لای ئەوان هەیە، چونكە لە تۆماری بایۆمەتری ئاماژەی بۆ كراوە، هەروەها رایگەیاند "ناوی فەرمانبەر و ناوی باوك و دایكی و ساڵی لە دایكبوون و رەگەز و شوێنی كاركردنی هەمووی لای ئێمە هەیە لەگەڵ پەنجەمۆری هەر 10 پەنجەو گلێنەی چاوی".

سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆژیاو زانیاری ئاشكرایكرد، كە ئەگەری زۆرە وەجبە وەجبە چەند وەزارەتێك ئەو كارتانەی فەرمانبەرانیان بۆ دورستبكرێت، "ئەگەرچی پلانی كارەتەكە لە بەردەستە و ئامادەیە، بەڵام ئالیەتی چۆنیەتی كارەكە دیاری نەكراوە، هەموو زانیارییەكی فەرمانبەرانمان لە لایە پێویست بە هاتنی فەرمارمانبەرەكە ناكات، ئەگەر بۆ وێنەیەكی جوانتر بانگ بكرێت، ئەگەرچی تاوەكو ئێستا بڕیار لەسەر ئەوە نەدراوە وێنەی كەسەكە لەسەر كارتەكە هەبێت یاخود نا، ئەگەر پێویست بێت ئەوە بانگی فەرمانبەر دەكرێت بۆ وێنەگرتن".

هاوكات روونیشی كردەوە ئەو كارتە دەبێتە ناسنامەی ئەلیكترۆنی فەرمانبەران لای حكومەت و دەتواندرێت چەندین كاری پێ بكرێت، بۆ نمونە فەرمانبەرێك بچێتە بانك موچە وەربگرێت دەتوانێت بەو كارتە موچەی خۆی وەربگرێت، هەروەها دەشتواندرێت ژمارەی تایبەتی كەسی وەكو ژمارەی بانكی ئەو كەسە بەكاربهێندرێت بۆ كاروباری پارە تەحویلكردن و وەرگرتنی پارە لە رێگەی ئەلیكترۆنی.

هیوا فەرزەندە جەختی كردەوە لە وڵاتانی ئەوروپی ئەو كارتە بۆ هەموو كەسێك دروستكراوەو رایگەیاند "پڕۆژەی بایۆمەتری جۆرێكە بۆ دروستكردنی ئەو كارتە تەنیا بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆران دەشكرێت لەداهاتوو بۆ هەموو هاوڵاتیاك دروست بكرێت".

ئەوەشی راگەیاند بەم زوانە ئەنجوومەنی  وەزیران لەگەڵیان كۆدەبێتەوە و بڕیار لەسەر قۆناخی دووەمی بایۆمەتری دەدات، كە ئەویش سەرجەم فەرمانگە و وەزارەتەكان لەگەڵ گەنجینەكان لیستی موچەیان بەشێوەی ئەلیكترۆنی دەببێت‌و لیستی كۆن نامێنێت.

هـ ـ ح