چەكی نوێ‌و پیشكەوتوویان پێیە
دەركەوتنی "ڤێرژنێكی نوێی داعش" لەدەوربەری كەركوك

عیراق

19/04/2018‌ 5361 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: مەكتوب
رۆژی شەممەی رابردوو ٨ی نیسانی ٢٠١٨ كاتێك هێزێكی ئەمنی عێراق كۆتاییان هێنا بەئۆپراسێۆنێكی كێوماڵكردن لە باشووری رۆژئاوای كەركوك، تەرمی چوار چەكداریان دۆزییەوە، كە ئاڵا و لۆگۆی سوپای توركیا لەسەر سینگ‌و قۆڵی راستیان نەخشێنرابوو. ئەو چەكدارانە لە رووبەڕوو بوونەوەیان لەگەڵ هێزە ئەمنییەكەدا كوژرابوون. دەزگای هەواڵگریی عێراق دەڵێ "ئەو چەكدارانە خاوەنی چەكی پیشكەوتوون".

ئەو ئۆپراسیۆنەی هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە خوارووی رۆژئاوای كەركوك ئەنجامیاندا" بە مەبەستی دۆزینەوە و دەستگیركردنی شانەنووستووەكانی داعش" بە گەورەترین ئۆپراسیۆنی كێوماڵكردن دادەنرێت لە دوای رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ ئەویش دوای دەسكەوتنی چەندین زانیاریی لەسەر هەبوونی گروپی چەكدارانی نەناسراو لەو ناوچانە.

بێجگە لە كوژرانی چوار لەو چەكدارانە، هێزە ئەمنییەكانی عێراق پێنج چەكداری دیكەیان دەستگیركرد، بەڵام هیچ زانیارییەكی ورد و دەقیق لەسەر وردەكاریی هەبوونی ئەو هێزە ئاشكرا نەكراوە.

فەرماندە سەربازییەكانی عێراق لە كەركوك دەڵێن هێشتا دەشتەییەكانی قەزای حەویجە، پەناگەیەكی ئارامە بۆ چەكدارانی داعش تا لەوێوە دەست بە رێخستنەوەی ئەندامە پەرتوبڵاوەكانیان بكەنەوە كە لە دوای ٧ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ لەلایەن هێزە عێراقییەكان و حەشدی شەعبییەوە زەبری كاریگەریان بەركەوت.

بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسێكی باڵا لە دەزگای هەواڵگریی عێراق بۆ ماڵپەڕی مەكتوب، گومانی زۆر هەیە لەو چەكدارانەی لە سنووری پارێزگای كەركوك جموجوڵ دەكەن و بە شانەی نوستووی داعش ناو دەبرێن " چونكە ئێستا ئەو چەكدارانە چەكی پێشكەوتوویان پێییە. لە كاتێكدا زیاتر لە شەش مانگە تەواوی سنوورەكانی عێراق و بە تایبەت پارێزگای كەركوك، لەژێر كۆنترۆڵی هێزی ئاڵتوونی و هێزی دژە تیرۆری عێراقدایە ئەی چۆن ئەو چەكدارانە دەستیان بەو چەكانە راگەشتووە!؟."

ئۆپراسیۆنی كێوماڵكردنی هێزە ئەمنییەكانی كەركوك بۆ دەستگیركردنی گومانلێكراوانی داعش.. فۆتۆ: یادگار جەلال

ئەفسەرێكی دەزگای هەواڵگریی عێراق لە كەركوك كە لەبەر هەستیاری پۆستەكەی نەیویست ناوی بنووسرێت بۆ مەكتوب وتی:" دەركەوتنی ڤێژنێكی نوێی داعش لە دەوروبەری كەركوك جێی گومانە بە تایبەت كە هەڵگری ناسنامەی توركین و لۆگۆو ئاڵای توركیا بەسەر جلوبەرگەكانیانەوە هەیە. تائێستا ئێمە ئەو بابەتەمان بۆ ساغنەكراوەتەوە، لەبەرئەوەیە جارێ نامەنەوێ شتی زیاتر بڵێین تا دەگەینە ئەنجامی كۆتایی سەبارەت بەو گومان و بەڵگانەی دەستكەوتوون."

ئەو چەكدارانەی داعش كە تازە دەركەوتوون، لە سنووری قەزاكانی دوبس و حەویجە و رێگەی سەرەكی كەركوك_داقوق تەراتێن دەكەن و سەركردەی دیاریان تێدایە. ئەركیشیان گفتوگۆكردنە لەگەڵ پاشماوە گروپە چەكدارەكانی (ئەلقاعیدە و ئەنسارولسوونە و ئاڵا سپییەكان) لە پێناو رێخستنەو تێكەڵكردنیان لە گروپێكی نوێ‌دا. ئەمە وەكو ئەفسەرەكەی دەزاگی هەواڵگریی عێراق ئاماژەی پێدا.

سەبارەت بە ئۆپراسیۆنی كێوماڵكردنی هێزە ئەمنییەكان لە دەوروبەری حەویجە، عەلی حسێن وتەبێژی حەشدی شەعبی لە كەركوك بۆ ماڵپەڕی مەكتوب وتی:" ئۆپراسیۆنەكە بەهاوبەشی لە نێوان پۆلیسی فیدراڵی و هێزی بەرپەرچدانەوەی خێرا و حەشدی شەعبیدا ئەنجامدرا چونكە ماوەیەكە چەكدارانی داعش بازگەی كتوپڕ دادەنێن و چەندین هاوڵاتی و كارمەندی دەزگا ئەمنیەكانیان كوشتووە. ئەوەندەی ئێمە بزانین داعش دەیەوێت جارێكی تر لە سنووری حەویجە مۆڵگە و حەشارگەی بەهێز دروست بكاتەوە و ئارامیی ئەم ناوچەیە بخاتەوە بەر مەترسی."

لەسەر سینگ و قۆڵی راستی چەكدارەكان، ئاڵای توركیاهەبووە ئەمەش دەزگای هەواڵگریی عێراقی خستووەتە گومانەوە

قەزای حەویجە بەدووری ٥٥كم لە خوارووی ڕۆژئاوای كەركوك، یەكێكە لەو ناوچانەی لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ بەردەوام بە دۆخێكی‌ ئەمنی‌ ئاڵۆزو ناجێگیردا گوزەری‌ كردووە. لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ كەوتۆتە ژێر دەسەڵاتی چەكدارانی داعش و تا مانگی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ دەسەڵاتی لەو سنوورەدا هێشتەوە.

سەركردەیەكی (حەشدی عەشایەری حەویجە) كە هێزێكی پێكهاتووە لە چەكدارانی سوننەی دەوروبەری كەركوك و لەلایەن سوپای عێراقەوە چەك و تفاقی بۆ دابینكراوە، دەڵێ ئاسایشی ئەم ناوچەیە تەنیا بە حەشدی شەعبی یان سوپای عێراق بە تەنیا كۆنترۆڵ ناكرێت. مەگەر ئەوەی هێزێكی هاوبەش كە خەڵكی ناوچەكەشی تێدابێ دەتوانێ سنوورێك بۆ چەكدارانی ملنەدەر بە یاسا و حكومەت دابنێ.

شێخ بورهان ئەلعاسی فەرماندەی حەشدی عەشایەری حەویجە لەمبارەیەوە بۆ ماڵپەڕی مەكتوب وتی:" هیچ هێزێك ناتوانێ بە تەنیا ئەو ناوچەنەی كە گروپە توندڕەوەكان تیایدا گەشە دەكەن كۆنترۆڵ بكەن، تا ئەو كاتەی هێزێكی هاوبەش لەخەڵكی ناوچەكە پێكدەهێنرێت و لە رووی مەشقپێكردن و پێداویستی سەربازییەوە ئامادە بكرێن بۆ رووبەرووبونەوەی گروپە چەكدارەكان. ئەگەر زوو فریای ئەو ناوچەنە نەكەوین ئەوا بە رۆژدا ئێمە باڵادەست دەبین و بە شەوانیشدا گروپە چەكدارەكانی هاوشێوەی داعش."

لەگەڵ زیادبوونی چالاكی و دەركەوتنی داعشە نوێكان، پێدەچێ حكومەتی عێراق ناچاربێت بە مەرجەكانی هەرێمی كوردستان رازی بێ بۆ گەرانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ كەركوك و دەوربەری. چونكە لەدوای زیادبوونی كردەوە توندوتیژییەكانی چەكدارانی داعش، پرسی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك گەرم بووە.

 جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ مەكتوب روونیكردەوە، شاندێكی هاوبەشی ئەمریكا و بەریتانیا داوایانكردووە لە حكومەتی عێراق پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ كەركوك و ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان بە تایبەت لەو ناوچەنەی كە جموجۆڵی چەكدارانی داعشی تێدا زیادكردووە "بەڵام تائێستا وەڵامی حكومەتی عێراق بە ئێمە نەگەیشتووەتەوە لەسەر پێشنیازەكەی ئەمریكا و بەریتانای" یاوەر وای وت.