چیتر هەرێمی‌ كوردستان لانەیەكی‌ ئارام نییە بۆ نەیارەكانی‌ ئێران

کوردستان

19/04/2018‌ 3071 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
راپۆرتی: هونەر حەمەڕەشید
هەواڵی‌ تیرۆركرنی‌ سەركردەو كادرانی حیزبە نەیارەكانی‌ ئێران سەردێڕی‌ بەردەوامی‌ میدیا كوردییەكانە، هەموو ئاماژەكانیش بەو ئاڕاستەیە چیدی‌ هەرێمی‌ كوردستان ناوچەیەكی‌ ئارام نەماوە بۆ ئەو هێزانە.

رۆژی‌ 12ی‌ ئەم مانگە (نیسان)، لەناو شاری‌ هەولێر هێرشی‌ چەكداری‌ كرایە سەر حسێن یەزدان پەنا، سكرتێری‌ (پارتی‌ ئازادی‌ كوردستان)، كە حیزبێكی‌ كوردی‌ نەیاری‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێرانەو چەند ساڵە بارگەو بنەیان لەهەرێمی‌ كوردستان خستووە.

خەلیل نادری‌ بەرپرسی‌ پەیوەندییەكانی‌ پارتی‌ ئازادی‌ كوردستان "پاك"، بۆ "نیقاش" وتی‌: "ئێوارەی‌ رۆژی‌ 12ی‌ نیسان لەلایەن دوو كەسەوە هەوڵی‌ تیرۆركردنی‌ بەرێز یەزدان پەنا درا، بەڵام خۆشبەختانە هەوڵەكە سەركەوتوو نەبوو".

پارتی‌ ئازادی‌ كوردستان یەكێكە لەو حیزبە كوردییە ئێرانیانەی،‌ كە ساڵی‌ 2014ەوە لەپاڵ هێزی‌ پێشمەرگەی‌ كوردستان بەشداری‌ شەڕەكانی‌ داعشی‌ دەكرد.

خەلیل نادر وتیشی‌: "ئەو دوو كەسەی‌ هێرشەكەیان كردووە هەڵاتوون‌و تائێستا دەستگیرنەكراون، بەڵام ئێمە لەوە دڵنیاین، هەوڵەكە هەوڵێكی‌ تیرۆرستی‌ بووەو لایەنی‌ ئێرانیش لێی‌ بەرپرسیارە، وەك ئەو تیرۆرانەی‌ لەماوەی‌ رابردوو كردوویەتی‌".

گێڕانەوەی‌ فەرمی‌ بەم شێوەیەیە، كاتێك حسێن یەزدان پەنا لەماڵەكەی‌ خۆی‌ لەشاری‌ هەولێر بەرەو ماڵی‌ دایكی‌ چووە، لەسەر شەقامی‌ 120 مەتری‌ لەلایەن دوو كەسەوە، كە ماتۆڕسكیلیان پێبووە، بەچەكی‌ كڵاشینكۆف تەقەی‌ لێكراوەو بەهۆیەوە شانی‌ بەسوكی‌ بریندار بووە.

حیزبە كوردییەكانی‌ نەیاری‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران چەندین ساڵە كوردستان نیشتەجێن، لەدوای‌ ساڵی‌ 1991یشەوە لەگەڵ هێزە كوردییەكانی‌ هەرێم رێككەوتوون لەبارەگاكانی‌ خۆیان لەنزیك شارەكانی‌ كوردستان بمێننەوە‌و سەربەست بن لەكاركردن، بەو مەرجەی‌ جموجۆڵی‌ سەربازی‌ دژ بەئێران ئەنجام نەدەن.

هەوڵەكانی‌ تیرۆرو رفاندنی‌ كادران‌و سەركردەكانی‌ حیزبە كوردییەكانی‌ ئێران تەنیا لەهەوڵی‌ حسێن یەزدان پەنا خۆی‌ نابینێتەوە، بەڵكو لەماوەی‌ دوو مانگی‌ رابردوو لەهەرێمی‌ كوردستان چەند كادرو سەركردەیەكی‌ حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی‌ ئێران كوژراون‌و یان برینداربوون، گورزی‌ گەورەش بەتایبەتی‌ بۆ  كادران‌و سەركردەكانی‌ حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران بووە، كە لەناو حیزبەكانی‌ دیكە ناوی‌ لەهەموویان دیارترە.

حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران كۆنترین حیزبی‌ كوردی‌ ئەو وڵاتەیەو ماوەیەكی‌ زۆرە دژایەتی‌ دەسەڵاتی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ دەكات‌و لەماوەی‌ رابردووش چەندینجار هێرشی‌ چەكدارییان كردووەتە سەر بەرژەوەندییەكانی‌ ئەو وڵات.

بارەگا سەرەكییەكانی‌ حیزبی‌ دیموكرات لەشاری‌ كۆیەی‌ سەر بەپارێزگای‌ هەولێرەو زۆربەی‌ كادرەكانی‌ لەناوچەكانی‌ ئەو پارێزگایە دەژین، بەڵام وەك خۆیان دەڵێن، ئەو پارێزگایە بۆ ئەوان وەك ناوچەیەكی‌ ئارام نەماوەو بە بەردەوامی‌ مەترسییان لەسەرە.

مانگی‌ ئازار دوو هەوڵی‌ تیرۆری‌ كرایە سەر ئەندامانی‌ حیزبی‌ دیموكرات، بەشێوەیەك رۆژی‌ یەكی‌ مارس لەشارۆچكەی‌ بنەسڵاوەی‌ سەر بەپارێزگای‌ هەولێر لەبەردەم ماڵێكدا تەقینەوەیەك دوو كادری‌ حیزبی‌ دیموكراتی‌ كردە ئامانج‌و هەردوو كادرەكە بەناوی‌ "سەباح ڕەحمانی"و "سەلاح رەحمانی‌" گیانیان لەدەستدا.

هەر لەهەمان مانگداو  چەند رۆژێك دوای‌ ئەو رووداوە، لەشەوی‌ 6ی‌ ئازار قادر قادری، كادرو فەرماندەی حیزبی دیموكراتی كوردستان، كە بەئۆتۆمبیلی‌ خۆی‌ بەسەردانێك لەناوچەی‌ بالیسان_چوارقوڕنە (خۆرهەڵاتی‌ سلێمانی‌) بووە، درایە بەر دەسڕێژو تەرمەكەی كە زیاتر لە 20 گوللەی‌ پێكەوتبوو لەگوندێكی‌ نزیك ئەو ناوچایە دۆزرایەوە.

كۆمیسیۆنی راگەیاندنی حیزبی دیموكرات لەدوای‌ هەردوو رووداوەكە بەیاننامەی‌ بڵاوكردەوەو لایەنی‌ ئێرانی‌ تۆمەتباركرد بەئەنجامدانی‌ ئەو كردەوانە.

هەروەها لەهەمان مانگدا لەرۆژی‌ 30 مارس لەشاری‌ سۆرانی‌ سەر بەپارێزگای‌ هەولێر ئەندامێكی‌ حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستان كوژرا، كە دواتر هاوار ئەرگوشی وتەبێژی پۆلیسی سۆران لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "دوای چەند كاتژمێرێك لەڕووداوەكە، توانیویانە بكوژی ئەو ئەندامەی حیزبی دیموكرات دەستگیربكەن، كە هەر كوڕی خۆیەتی‌و دانی بەتاوانەكەیدا ناوە".

هاوار ئەرگوشی راشیگەیاند، "ئەو ئەندامەی حیزبی‌ دیموكرات لەلایەن كوڕەكەی خۆیەوە، كە تەمەنی ٢٢ ساڵە  بە ١٠ فیشەك كوژراوە"، بەڵام بەرپرسانی‌ حیزبەكە ئەو كردەوەیەش بەكردەیەكی‌ ئاسایی‌و كێشەی‌ كۆمەڵایەتی‌ نابینن، وەك ئەوەی‌ پۆلیس رایگەیاندووە، بەڵكو ئەو كردەوەیەش بەكردەیەكی‌ تیرۆری‌ دەزانن‌و بەهەمان شێوە لایەنی‌ ئێرانی‌ تۆمەتبار دەكەن.

محەمەد ساڵح قادری‌ بەرپرسی‌ پەیوەندییەكانی‌ حیزبی‌ دیموكرات لەهەولێر لەو بارەوە بۆ "نیقاش" وتی‌: "ئەوەندی‌ ئێمە بەدواداچوونمان بۆ رووداوەكان كردووە، هەموو هەوڵەكان هەوڵی‌ تیرۆرستین‌و ئێرانیش لەپشت هەوڵەكانەوەیە".

وتیشی‌ "كۆماری‌ ئیسلامی‌ بۆ دژایەتی‌ حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی‌ ئەو كردەوانە ئەنجامدەدات، كە پەیوەندی‌ بەچالاكی‌ زۆرو كاریگەری‌ حیزبەكانەوە هەیەو دەیەوێت لەبایەخیان كەمبكاتەوە".

ئەوەندەی‌ راگەیەندراوە، تەنیا لەسێ‌ مانگی‌ یەكەمی‌ ئەمساڵ‌و سێ‌ ساڵی‌ رابردوو زیاتر لە 10 سەركردەو كادیری‌ دیاری‌ حیزبە كوردییە ئۆپۆزسیۆنەكانی‌ ئێران لەهەرێمی‌ كوردستان كوژراون.

كۆمەڵی‌ مافی‌ مرۆڤی‌ كوردستان كۆمەڵەیەكی‌ كوردی‌ نەیاری‌ ئێرانەو ئاماری‌ كوژراوو پەلامارەكانی‌ لای‌ خۆی‌ تۆماركردووە، ئەرسەلان یارئەحمەدی‌ بەرپرسی‌ كۆمەڵەكە لەهەرێمی‌ كوردستان بۆ "نیقاش" وتی‌ "سەرجەم تیرۆرەكانی‌ ئامارەكە لەلایەن كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێرانەوە ئەنجامدراوە".

ئەرسەلان یارئەحمەدی‌ وتیشی‌ "ئێران لەرێگەی‌ كەسانی‌ سەر بەسوپای‌ قودس‌و كەسانی‌ بەكرێگیراو، كردەوەكانی‌ ئەنجامداوەو بەشێك لەو كەسانەش دەستگیركران لەلایەن حیزبەكان‌و لەلێكۆڵینەوەكان دانیان بەوەدا ناوە لەلایەن ئێرانەوە راسپێراون بۆ ئەو كردەوانە".

لەدوای‌ تیرۆری‌ قادر قادری، حیزبی‌ دیموكرات لەراگەیەنراوێك بڵاویكردەوە: دەزگا ئەمنی‌و پەیوەندیدارەكانی هەرێم‌و كۆمیتەی ئەمنییەتی حیزبی دیموكراتی كوردستان، لەپەیوەندی‌و هاوكارییەكی چڕو پڕدا، لێكۆڵینەوە لەسەرەداوە سەرەتاییەكانی ڕووداوەكەیان دەستپێكردو "5 كەس لەتاوانبارانی ئەم كەیسە، لەنێویاندا داڕێژەری پیلانەكەو جێبەجێكەرانی (كە ٤ كەسیان خەڵكی باشووری كوردستان و یەكێكیان لە ئەسڵدا خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە) بەهۆی دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان گیراون، داڕێژەری پیلانەكەش دانی بەوەدا ناوە، كە بە داواو هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای سیخوڕی‌و مرۆڤكوژی ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامی ئێران، نەخشەی ئەم تیرۆرەی داڕشتووە".

ئیبراهیم زێوەیی نوێنەری‌ حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران لەهەولێر باس لەوە دەكات، كە ماوەیەكی‌ زۆر ناوچەكانی‌ هەرێم بۆ ئەوان ناوچەیەكی‌ پارێزراو ئەمنی‌ بووە، بەڵام ئەم رووداوانەی‌ دوایی گەیاندوونی‌ بەو ئەنجامەی‌ چیتر ناوچەیەكی‌ ئارام نییە بۆیان.

ئیبراهیم زێوەیی بۆ "نیقاش" وتی‌: "هەژموونی‌ ئێران بەتەواوی‌ لەناوچەكە فراوان بووە، بەتایبەتی‌ لەدوای‌ رووداوەكانی‌ 16ی‌ ئۆكتۆبەری‌ رابردوو، كە دەستی‌ ئێرانی‌ لەناوچەكە بەتەواوی‌ زاڵ كرد".

هەروەها وتیشی‌: "ئێران لەناوچەكە بەرنامەو ستراتیژی‌ خۆی‌ هەیە، یەكێك لەبەرنامەو ستراتیژەكانی‌ دژایەتی‌ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانییەتی‌، بەتایبەتی‌ لایەنە كوردییەكان‌و رووداوەكانی‌ ئەم دواییەش پێمان دەڵێت، ئێستا بەچڕی‌ كار لەسەر ستراتیژەكەی‌ دەكات".

رووداوەكانی‌ 16ی‌ ئۆكتۆبەر پەیوەندی‌ بەهێرشی‌ سوپای‌ عێراق‌و چەكدارانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ هەبوو بۆ ناوچە كێشە لەسەرەكانی‌ نێوان هەولێرو بەغدا، كە بەشێكی‌ زۆر لەسەرچاوەكان باس لەوە دەكەن، ئێران پاڵپشت‌و هۆكاری‌ گەڕانەوەی‌ ئەو هێزانە بووە بۆ ئەو ناوچانە، كە پێشتر بەدەست هێزەكانی‌ پێشمەرگەوە بوو.

رەزا كەعبی، بەرپرسی دەستەی كارگێڕی كۆمەڵەی‌ زەحمەتكێشانی‌ كوردستانی‌ ئێران، یەكێكە لەو بەرپرسانەی‌ تری‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ ئێران لەهەرێمی‌ كوردستان لەهەوڵی‌ تیرۆركردن رزگاریبووە، بۆ "نیقاش" وتی‌ "دەستفراوانییەكەی‌ لایەنی‌ ئێرانی‌ بەشێوەیەكە، ماوەیەكە دەستی‌ داوەتە تیرۆری‌ كادران‌و سەركردەكانی‌ حیزبەكانی‌ كوردستان، كە ئەوەش لەحاڵەت دەرچووەو بووە بەدیاردە".

كەعبی‌ هۆشداریدا لەبەردەوامی‌ ئەو كردەوانەو وتی‌: "ئەگەر بەردەوامیان هەبێت، ئەوە كاریگەری‌ لەسەر ئاسایشی‌ هەرێمی‌ كوردستان بەتەواوی‌ دەبێت، چونكە ئێران بەرنامەی‌ داگیركاری‌‌و دەسترۆیشتووی‌ لەو ناوچەیە هەیە".

بەرپرسانی‌ حیزبەكانی‌ ئێران داوا دەكەن، كە لایەنەكانی‌ هەرێم لەرێگەی‌ پەیوەندییەكانی‌ خۆیانەوە، بەتایبەتی‌ نوێنەرایەتی‌ حكومەت لەتاران، فشار بكەن، بۆ ئەوەی‌ رێگری‌ لەو كردەوانە بكەن، چونكە ئەوانیش لەبەردەوامی‌ كردەوەكان كاردانەوەیان دەبێت.

رەزا كەعبی‌ لەو بارەوە وتی‌: "هەرێمی‌ كوردستان كیانێكی‌ نیمچە سەربەخۆیی هەیەو دەبێت پارێزگاری‌ لەو كیانە بكات، بۆ ئەوەش دەبێت لەپەیوەندی‌ بەردەوامبێت لەگەڵ ئێران‌و رێگری‌ لەدەستوەردانەكان بكات، بەتایبەتی‌ دەستوەردانی‌ سەربازی‌".

نیقاش بۆ هەوڵەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان لەو بارەوە پەیوەندی‌ بەنازم دەباغ نوێنەری‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان لەئێران كردو ناوبراو لەلێدوانێك وتی‌: "ئێمە هەموو هەوڵێكی‌ خۆمان خستووەتە گەڕ، بۆ ئەوەی‌ گرژییەكانی‌ تاران‌و ئەو حیزبانە كەمبكەینەوە".

نازم دەباغ وتیشی‌: "لایەنی‌ ئێرانی‌ خۆی‌ بە بەرپرسیاری‌ ئەو كردەوانە نازانێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئێمە لەپەیوەندی‌ بەردەوامداین، بۆ ئەوەی‌ هەردوولا پابەندی‌ پاراستنی‌ سەروەری‌ هەرێمی‌ كوردستان بن".