بازرگانییەكی بێ سانسۆر.. كەلوپەلی سەربازی بازاڕەكانی ئەنبار پڕ دەكەن

عیراق

21/04/2018‌ 1261 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
بڵاوبوونەوەی دوكانی تایبەت بەبازرگانی كەلوپەلی سەربازی لەعێراق دیمەنێكی باوە، بەڵام لەئەنبار وەك وەرچەرخانێكی ریشەییە‌و رەنگدانەوەی تێڕوانینی كۆمەڵگەیە بەرامبەر ئەو بازرگانییە.

بازرگانی كەلوپەلی سەربازی بازرگانییەكی بەسوودە‌و تا ماوەیەكی نزیكیش لە پارێزگای ئەنبار (110 كم لە خۆرئاوای بەغدای پایتەخت) قەدەغەكرا‌و‌و مەترسیدار بوو، ئەویش بەهۆی ئەو بۆچوونە گشتییەی لەسەر هێزە ئەمنییەكان بەتایبەتیش هێزەكانی سوپا هەبوو كە پێش ساڵی 2014 لەلای دانیشتووانی ناوچەكە قبوڵكراو نەبوون، ئەم بازرگانییە تەنیا تایبەت بوو بە هەندێك كەس كە ئینتیمای ئەمنییان هەبوو یان پەیوەندییان لەگەڵ كەسانی دەستڕۆیشتوو هەبو‌و مۆڵەتی رەسمی‌و پارێزگاری پێویستیان بۆ دابین دەكردن بەمەبەستی بەردەوامبوونی بازرگانییەكەیان.

ئەم بازرگانییە لە پارێزگای ئەنبار بوژایەوە‌و بووە دیمەنێكی باو تا ئەو رادەیەی پرۆسەی كڕینی جلوبەرگی سەربازی یان پێداویستییەكانی بووە كارێك كارمەندانی هێزە ئەمنییەكان كێبڕكێیان تێدا دەكرد‌و پەرۆشی ئەوە بوون جوانترین‌و باشترین لەنێو چەندین دیزایندا بكڕن كە خاوەنی دوكانەكان دەیانخستەڕوو ئەوانیش لەلایەن خۆیانەوە هونەریان دەنواند لە شێوازی خستنەڕووی شمەكەكانیان‌و بانگەشەبۆكردنی.

عەزیز خەلیفاوی (35 ساڵ) كە دانیشتووی شاری فەلوجەیە‌و پیشەی بەرگدرووە لە یەكێك لەدێرینترین بازاڕەكانی شارەكەدا، پێشبینی ئەوەی نەكردووە رۆژێك لە رۆژان بەم شێوەیە جلوبەرگی سەربازی‌و پێداویستییەكانی لە ناوەڕاستی شاری فەلوجەدا پیشان بدرێن.

خەلیفاوی قسەی بۆ "نیقاش" كردو وتی: "پێش ساڵی 2014 بوونی ئەم جۆرە دوكانانە زەحمەت بوو، شارەكە ئەم بازرگانییەی تێدا نەبوو، تەنیا یەك دوو دوكانی نزیك یەكێك لە بازگە ئەمنییەكان نەبێت لە گەڕەكی ئەندەلوس كە زیاتر لە جارێك تەقێندرانەوە‌و ئەمەش بووە هۆی داخستنیان بەهۆی ئەو زیانە ماددییەی لە خاوەنەكانیان كەوت، ئەمە جگە لەوەی بە بەردەوامی لەلایەن توندڕەوكانەوە هەڕەشەیان لێدەكرا".

هەروەها وتی: "ئۆپراسیۆنەكانی ئازادی ئارامی زیاتریان بە شارەكانمان بەخشی‌و بەهۆی ئەو ئارامییەشەوە ئەم بازرگانییە بووەتە بازرگانییەكی زۆر بەسوود، بۆیە بەشێكی ترم بۆ دوكانەكەم زیادكرد‌و چیتر تەنیا تایبەت نییە بە دوورینی جلوبەرگی مەدەنی، بەڵكو بووەتە بەشێكی تایبەت بۆ دوورینی جلوبەرگی سەربازی ئەوە جگە لە پێشانگایەك بۆ پێداویستییەكان لە گوللەنەبڕ‌و نیشانە‌و هەموو ئەو شتانەی تایبەتن بە هێزە چەكدارەكان جگە لە چەك‌و تەقەمەنی".

بوونی ئەو دوكانانە لە پارێزگای ئەنبار رەنگدانەوەی ئەو حاڵەتی گۆڕانكارییەیە كە شارەكانی پارێزگاكە لەدوای قۆناغی داعش‌و ئۆپراسیۆنەكانی ئازادی بەخۆوەی دەبینن، ئەمە جگە لەوەی وێنەیەكی واقیعی ئەو حاڵەتی سەقامگیرییەیە كە خەریكە هەموو جومگەكانی ژیان لە نێو شارەكانی پارێزگاكەدا دەگرێتەوە كە پێشتر بەدەست دەسەڵاتی توندڕەوانەوە دەیانناڵاند.

ئەدهەم محەمەد (35 ساڵ) كە دانیشتووی شاری فەلوجەیە‌و بەكرێی رۆژانە لە دوكانێكی فرۆشتنی پێداویستیی سەربازیدا كار دەكات، پێی وایە پێویستە ئەوانەی لەو بازرگانییەدا كار دەكەن بزانن كە رووبەڕووی كڕیاری فرە ئارەزوو دەبنەوە‌و دەبێت تێبینییەكی بەهێز‌و شارەزاییان لە مامەڵەكردندا هەبێت‌و تەنیا خەمیان فرۆشتن‌و قازانج نەبێت.

محەمەد قسەی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی: "لەوەتەی دووساڵ لەمەوبەر كارم لەم بازرگانییەدا كردووە خۆم لەبەردەم ئەركێكدا بینیوەتەوە گرنگییەكەی لە كاری هێزە ئەمنییەكان كەمتر نییە، بەتایبەتی لایەنە هەواڵگرییەكەی، چونكە من شمەكەكانم بە كەسانێك نافرۆشم نەیانناسم، یاخود كەسانێك كە جێی گومان بن‌و رەنگیشە لە هێزە ئەمنییەكان نەبن‌و كار بۆ ئەوە بكەن جلوبەرگی سەربازی بكڕن بۆ جێبەجێكردنی كردەوەی تیرۆریستی یان تاوانكاری".

هەروەها دەڵێت: "ئەوەی كار لەم بازرگانییەدا بكات رۆژانە هەزاران كڕیار دەبینیێت كە زۆربەیان لە هێزە ئەمنییەكانن، ئەمە جگە لە هەندێك هاوڵاتی مەدەنی كە بەپێی شارەزایی ئێمە دەكرێن بە چوار جۆرەوە، یەكەمیان ئەوانەن كە حەز دەكەن هەندێك پێداویستی وەك دیاری بۆ كەسانی نزیكیان بكڕن، جۆرێكی دیكەیان ئەوانەن كە حەز بەكڕینی هەندێك نیشانە‌و مەدالیا دەكەن بۆ یادەوەری، كەسانێكیش هەن بەدوای دیزاینی جلوبەرگی سەربازی‌و پێداویستییەكانیدا دەگەڕێن بۆ منداڵەكانیان، بەڵام مەترسیدارترین جۆر ئەوانەن كە هەوڵی كڕینی تەواوی ئەو پێداویستیانە دەدەن‌و لەم جۆرە كەسانەش نین".

دیمەنی تێكەڵبوون‌و ئاشنایی كە رەنگدانەوەی وێنەی مامەڵەكردنی رۆژانەیە لەو بازاڕانەدا كە پڕن لە كڕیار چ مەدەنی بن یاخود كارمەندی هێزە ئەمنییەكان، ئەو دیمەنە راستەقینەیەیە كە هەمووان هەوڵ دەدەن بەهایەكی باڵا بێت هەموو چین‌و توێژەكانی كۆمەڵگە بایەخی پێبدەن، بەو مەرجەی نەبێتە هۆی تێكدانی كەشی سەقامگیری ئەمنی‌و قۆستنەوەی ئەنجامەكانی بۆ زەوتكردنی ئەو دەستكەوتە ئەمنیانەی بەدەستهاتوون.

ئەوس بجاری (42 ساڵ) ئەفسەر لە سوپای عێراق یەكێكە لە كارمەندانی هێزە ئەمنییەكان لە شاری رومادی، هەست بە بەختەوەری دەكات كە دەبینێت ئەندامانی تیمەكەی حەزدەكەن لەنێو شارەكە پیاسە بكەن‌و چەكەكانیان بەجێبهێڵن وەك ئەوەی لە شاری خۆیان‌و لەنێو كەسوكاریاندا بن، دووپاتیشی دەكاتەوە كە بازرگانی كەلوپەلە سەربازییەكان سەرەڕای مەترسییەكانی، بەڵام رەنگدانەوەی حاڵەتێكە لە سەقامگیری‌و یەكێكە لە بەرهەمەكانی سەركەوتن.

بجاری ئەوەشی دووپات كردەوە كە "بازرگانی پێداویستییە سەربازییەكان حاڵەتێكی باشە‌و یارمەتیدەر دەبێت بۆ دروستكردنی كێبڕكێ لەنێوان ئەندامانی هێزە ئەمنییەكان بۆ كڕینی باشترین ونوێترین پێداویستی، هەروەك دەرفەتێكیش بۆ هێزە ئەمنییەكان فەراهەم دەكات كە بڕێكی زیاتر پێداویستی‌و كەلوپەلیان دەست بكەوێت كە دەبێتە پاڵپشت‌و تەواوكەری ئەوەی حكومەتی عێراق بۆ هێزە ئەمنییەكانی دابین دەكات".

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە: "ئەم بازرگانییە پێویستی بە هەندێك یاسا‌و  رێنمایی‌و میكانیزم هەیە كۆنترۆڵی بكەن‌و زامنی ئەوە بكەن پێداویستییەكان جگە لە هێزە ئەمنییەكان نەگەنە دەستی كەسی دیكە تا دەرگا بەڕووی هەوڵی گرووپە تیرۆریستییەكان دابخرێت كە دەیانەوێت متمانەی نێوان هاووڵاتیان‌و هێزە ئەمنییەكان تێكبدەن لەڕێی لەبەركردنی هەندێك جلوبەرگی سەربازی‌و ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی دانەپاڵی هێزە ئەمنییەكان".

بوونی ئەو دوكانانە‌و پیشاندانی هەموو ئەو پێداویستییە سەربازیانە وادەكەن سەردانیكەرانی ئەو بازاڕانە خۆیان لەبەردەم بڕێكی زۆر پێداویستی سەربازیدا ببیننەوە لە جلوبەرگی سەربازی‌و خودە‌و نیشانە‌و پێڵاو‌و كیفی دەمانچە‌و گوللەنەبڕ، هەر كەسێك دەتوانێت نوێترین پێداویستی بۆ خۆی دابین بكات‌و لە چەند چركەیەكی كەمدا ببێتە یەكێك لە كارمەندانی هێزە ئەمنییەكان‌و تەنیا ئەوەی لەسەرە ئەو جۆرە هەڵبژێرێت كە دەیەوێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ لایەنە خراپەكانی ئەم بازرگانییە ئەگەر بەبێ چاودێری بەجێبهێڵرێت.