پۆستەری هەڵبژاردن بەغدا داگیردەكات
كاندیدەكان ركابەری وێنەی شەهیدەكان دەكەن‌و هەڵمەتی دڕاندنیش دەستیپێكرد

عیراق

21/04/2018‌ 1849 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
لەپڕ رووكاری شارەكانی عێراق گۆڕان‌و بەهەزاران وێنە‌و پۆستەری هەڵبژاردن شەقام‌و شوێنە گشتییەكانیان داپۆشی، هاوكات هەڵمەتی دژ بەیەك بۆ دڕاندنی ئەو پۆستەرانە‌و پێشبڕكێی گرتنی شوێنە دیارەكان بەرپا كرا.

شەممەی رابردوو كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەستپێكردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی راگەیاند بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان كە بڕیارە لە 12ی مانگی داهاتوو بەڕێوەبچێت، بەڵام هەڵمەتەكان پێش ئەو وادەیە بەشێوەی ناڕاستەوخۆ دەستیان پێكردبوو كە تێیدا كاندیدەكان فێڵیان لە یاساكان كرد.

لەم هەڵبژاردنەدا 7187 كاندید لە 188 حزب‌و 27 هاوپەیمانی لە 18ی پارێزگا بەشداری دەكەن بۆ بەدەستهێنانی 328 كورسی پەرلەمان، ژمارەی ئەو دەنگدەرانەش كە مافی دەنگدانیان لەم هەڵبژاردنەدا هەیە زیاتر لە 24 ملیۆن دەنگدەرە لە سەرتاسەری عێراقدا.

پۆستەرەكانی هەڵبژاردن بە رەنگ‌و شێوە‌و قەبارەی جیاوازەوە لە هەموو شارەكانی عێراقدا بڵاوبوونەتەوە، لەوەشدا پشكی پایتەخت لە هەموو شوێنەكانی تر زیاتر بوو، ئەویش لەبەر ئەو سەنگەی بۆ هەڵبژاردن هەیەتی كە ژمارەی دەنگدەرانی دەگاتە نزیكەی چوار ملیۆن كەس، بۆیە شەقام‌و گۆڕەپانە سەرەكییەكانی بەغدا پڕبوون لە پۆستەر.

دەتوانرێت بەئاسانی سەنگ‌و قەبارەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی كاندیدەكان بناسرێتەوە، چونكە حزبە گەورەكان وێنەی ریكلامەكانیان قەبارە گەورە‌و زۆرن‌و شوێنە گرنگەكانیان لە گۆڕەپانە گشتییەكان‌و بینا بەرزەكاندا داگیركردووە، لە كاتێكدا وێنەی ریكلامی حزبە بچووكەكانی دیكە قەبارە بچووكن‌و هەر زوو لەگەڵ ئەو شەپۆلی رەشەبا‌و بارانبارینەی لە یەكەم رۆژی دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردندا پایتەختی گرتەوە، كەوتنە سەرزەوی.

هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن باشترین وەرزی خاوەن چاپخانە‌و ئاسنگەرەكانە، چونكە ماوەی چەند هەفتەیەكە سەرقاڵی ئامادەكردنی پۆستەری بانگەشەی هەڵبژاردنن، نرخی ئەو پۆستەرانەش لە نێوان 40 بۆ 1000 دۆلاردایە وەك سەلیم وەززان خاوەنی یەكێك لە چاپخانەكان لە ناوچەی سەعدونی بەغدا دەڵێت.

وەززان بە "نیقاش"ی وت: "لەم رۆژانەدا كارمان بوژاوەتەوە، هەمیشە چوار كرێكار كاریان لەگەڵ دەكردم، بەڵام بەهۆی هەڵبژاردنەوە شەش كرێكاری دیكەم دامەزراندووە ئەویش بەهۆی ئەو كارە زۆرەی داوامان لێدەكرێت بەزووترین كات تەواوی بكەین".

وەززان سەرپەرشتی چاپكردن‌و دروستكردنی پۆستەری هەڵبژاردن بۆ سێ حزبی عێراقی ركابەر دەكات‌و لەو بارەیەشەوە دەڵێت: "هەموو دروشمەكانی ئەم حزبانە تێكەڵبوون، چاكسازی‌و دەوڵەتی مەدەنی‌و بنیاتنان" هەروەها بەزەردەخەنەیەكەوە وتی:"هەمووان دەزانن ئەوانە تەنیا دروشمن‌و لەدوای هەڵبژاردن كەس گوێیان پێ نادات".

بەگوێرەی قسەكانی وەززان هەڵمەتەكانی بانگەشە دەستبڵاوییان پێوەدیارە كە ئەوەش مشتومڕێكی جەماوەری دروستكردووە سەبارەت بە سەرچاوەی ئەو پارانەو كەسانێك تۆمەتبار دەكرێن بەوەی پارەی دەوڵەت بۆ خزمەتی بانگەشەی سیاسییەكان بەكار دەهێنن، چونكە حزبە گەورەكان پۆستەرەكانیان بەقەبارەی گەورە‌و ژمارەی زۆر دیزاین دەكەن، لەكاتێكدا كاندیدانی نوێی حزبە بچووكەكان پەنا بۆ پۆستەری قەبارە بچووك‌و ژمارەی كەم دەبەن بەپێی توانای داراییان.

وادیارە حزبە گەورەكان سوود لە سیستمی پارە خەرجكردن بۆ هەڵمەتەكانی بانگەشەی هەڵبژاردن وەردەگرن كە بەرزترین ئاستی كاندید بە 250 دیناری عێراقی دیاری كردووە كە كەڕەتی ژمارەی دەنگدەرانی هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن دەكرێت، بۆ هەر قەوارەیەكی سیاسیش بڕی پارەی تەرخانكراو بۆ هەر كاندیدێك كەڕەتی ژمارەی هەموو كاندیدەكانی قەوارەكە لە یەك بازنەی هەڵبژاردندا دەكرێت.

بۆ نموونە لە بەغدا كاندیدێك دەتوانێت بڕی نزیكەی یەك ملیۆن دۆلار خەرج بكات‌و قەوارەیەكی سیاسیش بۆی هەیە 130 ملیۆن دۆلار خەرج بكات، هاوكات بەشێك لە كاندیدانی لیستە بچووكەكان تەنیا پەنایان بۆ تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بردووە بۆ بانگەشەكردن بۆ خۆیان، چونكە پارەی چاپكردنی پۆستەر‌و بڵاوكردنەوەیان لە شەقامەكاندا نییە.

هەڵمەتی دڕاندنی پۆستەرەكان
چەند سەعاتێك بەسەر دەستپێكردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا تێنەپەڕیبوو كە هەڵمەتی نادیاری دڕاندنی وێنەی كاندیدەكان دەستیپێكرد‌و زۆربەی قەوارە سیاسییەكانی گرتەوە، ئەوەش كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی ناچاركرد داوای یارمەتی لە وەزارەتی ناوخۆ بكات بۆ راگرتنی ئەو هەڵمەتە نادیارە.

بەگوێرەی قسەی حامید عەبدولڕەحیم مفەوەز لە پۆلیسی بەغدا زۆربەی ئەو هەڵمەتانە شەوانە لەلایەن هەرزەكارانەوە ئەنجام دەدرێن كە پێدەچێت لەلایەن چەند لایەنێكی دیاریكراوەوە هانبدرێن، ئەو بە "نیقاش"ی وت كە فەرمانیان بۆ دەرچووە چاودێری پۆستەرەكانی هەڵبژاردن بكەن‌و تا وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەر هەڵمەتێك بۆ دڕاندنیان ئاگاداریان بكەنەوە.

هەروەك بەشێك لە هاووڵاتیانی ئاسایی لەبەر توڕەییان لە سیاسییەكان هەندێك پۆستەریان دڕاندووە، لەكاتێكدا كەسانێكی تر لەبەردەم وێنەی سیاسییەكاندا جنێویان پێدەدەن، هەندێكی دیكەش بێ دوودڵی گرتەی ڤیدیۆیی‌و وێنەی ئەو كارەیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكردووەتەوە بەبێ ئەوەی لە دەسەڵاتداران بترسن.

بەوتەی ڤیان شێخ عەلی سەرۆكی رێكخراوی تەمموز بۆ چاودێریكردنی هەڵبژاردن، هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن چەندین پێشێلكاری یاساكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنیان لەخۆگرتووە، لەو بارەیەشەوە بە "نیقاش"ی وت: "یەكەمین پێشێلكاری خۆی لەوەدا بینییەوە كە زۆرێك لە قەوارە سیاسییەكان هەڵمەتەكانی بانگەشەی هەڵبژاردنیان پێش وادەی یاسایی خۆی دەستپێكرد، ئەویش لەڕێی بڵاوكردنەوەی ناوی كاندیدان‌و ژمارەی قەوارە سیاسییەكانیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، پێدەچێت یاساكانی كۆمسیۆنیش توانای رێگرتن لەو كارەیان نییە".

سەبارەت بە پێشێلكارییەكانی دیكەش ڤیان شێخ عەلی وتی: "هەڵواسینی هەڕەمەكیانەی پۆستەرەكانی هەڵبژاردن لە شەقام‌و سۆستەكان‌و شوێنی تەرخانكراو بۆ پیادە‌و تێكدانی هەندێك شۆستە‌و گۆڕەپانی گشتی بۆ هەڵواسینی پۆستەرەكان، هەروەك دیاردەی دڕاندنی ئەو پۆستەرانە بووەتە بەرنامەبۆداڕێژراو‌و پێویستە كۆمسیۆن كار بۆ راگرتنی بكات".

لە نەجەف و بەسرەش فەرمانگەكانی شارەوانی ناچاربوون مۆڵەتی دوو رۆژ بدەنە ئەو كاندیدانەی سەرپێچی رێساكانی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنیان كردووە تا ئەو تابلۆیانە لاببەن كە لەسەر زەوی دانراون، هەڕەشەی ئەوەشیان كردووە دوای كۆتاییهاتنی ئەو وادەیە لایان دەبەن.

پۆستەرەكانی هەڵبژاردن وێنەی شەهیدان لادەبەن
یەكێك لەو دیاردانەی لەگەڵ دەستپێكردنی هەڵمەتەكانی بانگەشەی هەڵبژاردن پەیدابوو نیگەرانیەكی جەماوەری لە نێو عێراقییەكاندا لێكەوتەوە، ئەوەبوو هەندێك كاندید وێنەی ئەو جەنگاوەرە شەهیدانەیان لابرد كە لە جەنگی دژ بە "داعش" كوژراون‌و لە زۆربەی شەقام‌و ناوچەكاندا بڵاوبوونەتەوە‌و وێنەكانی خۆیان بۆ هەڵبژاردن لەجێیان داناون.

عێراقییەكان ساڵانێكە وێنەی ئەو شەهیدانەیان كە لە شەڕەكان یاخود كردەوە تیرۆریستییەكاندا دەكوژرێن لە شەقام‌و گۆڕەپانە گشتییەكاندا دادەنێن، تەنانەت وەزارەتەكانی بەرگری‌و ناوخۆش وێنەی سەربازە كوژراوەكانیان لەو بازگانەدا دادەنێن كە لە هەموو لایەكی وڵاتدا بڵاوبوونەتەوە، ئەو وێنانەش لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا لەدوای جەنگی دژ بە "داعش" زیادیان كردووە بەتایبەتی وێنەی چەكدارانی "حەشدی شەعبی"، هەروەها ئەو وێنانە شوێنی تایبەتیان داگیر كردووە.

چەند پەیجێكی فەیسبووك وێنەی ژمارەیەك كەسوكاری شەهیدانیان بڵاوكردەوە كە پۆستەرەكانی هەڵبژاردن دەدڕێنن‌و وێنەی رۆڵەكانیان لە شوێنی خۆیان دادەنێنەوە، هاوكات چەند حزبێك ناچاربوون بۆ كەمكردنەوەی توڕەیی جەماوەر بەڕەسمی رایبگەیەنن پۆستەرەكانیان لەشوێنی وێنەی شەهیدان دانەنرێت.