ساڵانە 27 ملیار دینار.. موچەو ئیمتیازە خەیاڵییەكانی پەرلەمانتارانی عێراق

عیراق

24/04/2018‌ 1380 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی بەدواداچوونێك دەردەكەوێت، ساڵانە پارەیەكی یەكجار زۆر بۆ موچەو ئیمتیازی پەرلەمانتارانی عێراق خەرجدەكرێت، كە  بەوتەی پەرلەمانتارێك بێت موچەی پەرلەمانتاران لە 12 ملیۆن دینارەوە بووەتە 7 ملیۆن دینار.

بەگوێرەی زانیارییەكان، كە هەفتەنامەی باس لەراپۆرتێكدا بڵاویكردووەتەوە، پێش قەیرانی دارایی هەر پەرلەمانتارێك مانگانە بڕی 6 ملیۆن دینار موچەی بنەڕەتی‌، لەگەڵ 5 ملیۆن دینار دەرماڵە، هاوكات نزیكەی ملیۆنێك‌و 100 هەزار دینار دەرماڵەی میوانداریش ‌وەردەگرت، بەگشتی لەپەرلەمانتارێك بۆ پەرلەمانتارێك موچەكە جیاواز بووە، بەڵام لە نێوانی 10 بۆ 12 ملیۆن دینار بووە.
 
هاوكات لەگەڵ موچەدا  پارەی 16 پاسەوان، كە هەریەك 750 هەزار دیناری هەیەو دەكاتە 22 ملیۆن ‌و 500 هەزار دینار، ئەم پارەیەی پاسەوان ڕاستەوخۆ دەچێتە سەر حیسابی بانكی پەرلەمانتارەكە، ئیتر پەرلەمانتارەكە ئازادە پاسەوانی هەبووبێت یاخود نا.

هەر بەپێی بەدواداچوونەكە، هەر پەرلەمانتارێك ساڵانە نزیكی 100 ملیۆن دیناری موچە بووە، كە كۆی چوار ساڵاكە دەكاتە 400 ملیۆن دینار. 

نەجیبە نەجیب ئەندامی لیژنەی دارایی و وەبەرهێنان  لەپەرلەمانی عێراق بۆ (باس) رایگەیاند، كە موچە و ئیمتیازی پەرلەمانتاران لەو چەند ساڵە  بەچەند شیوازێك بووەو جێگیر نەبووە.

نەجیبە نەجیب راشیگەیاند "موچەی پەرلەمانتاران ساڵی 2010 بۆ 2011  زیاتر لە 11 ملیۆن و 900 هەزار دیناربوو، لەو بڕە پارەیە 500 هەزار باج بوو 500 هەزار خانەنشینی بوو، 500 هەزار دیناریش لێبڕینی تایبەت بوو، واتا 10 ملیۆن و 400 هەزار دەمایەوە".

هەروەها رایگەیاند "دواتر موچەی پەرلەمانتار بە دەرماڵەشەوە بووە 8 ملیۆن دینار، دواتر جارێكی تر بەناوی چاكسازی كەمكرایەوە موچەی بنەڕەتی كرایە 4 ملیۆن دینار، لەگەڵ پێدانی دەرماڵە بەپێی بڕوانامە لە نێوانی 25% تاوەكو 100% ، بەگشتی موچەی پەرلەمانتاران لە نێوانی 7 بۆ 10 ملیۆن دینار بوو".

ئەو پەرلەمانتارە جەختیكردەوە لە سەرەتای ساڵی 2018  موچەو ئیمتیازی پەرلەمانتاران  بە شێوەیەكی تر بڕیاری لێدراو رایگەیاند "موچەی بنەڕەتی پەرلەمانتاران بە گشتی كرایەو 5 ملیۆن دینار لەگەڵ هەندێك دەرماڵە، كە بەگشتی ناگاتە 7 ملیۆن دینار".

سەبارەت بەئیمتیازی پاسەوانی پەرلمانتاران ئەو پەرلەمانتارەی لیژنەی دارایی روونیكردەوە، پێشووتر ژمارەی پاسەوانان 30 كەس بوو، ئێستا ژمارەی پاسەوانان 16 پاسەوانە، لەوانە 6 یان خانەنشین دەبن، رەنگە ئەوەش نەمێنێت".

نەجیبە نەجیب دووپاتی كردەوە زۆرێك لەپەرلەمانتاران یەك دوو پاسەوانیان هەبووە زۆری پارەكە بۆ خۆیان بووە ،كە زیاتر لە 22 ملیۆن دینار بووە، بەڵام ئیستا بۆ نیوە كەم كراوەتەوە.

بەپێی لێكدانەوەی نەجیب، ئەگەر بە گشتی مانگانە 7 ملیۆن دینار بۆ موچەی پەرلەمانتار دیاری بكرێت  ئەوە ساڵانە دەكاتە 27 ملیار و 552 ملیۆن دینار.

بۆ بودجەی گشتی پەرلەمانیش پەرلەمانتارەكە رایگەیاند "ساڵانی 210 بۆ 2013 بودجەی پەرلەمانی عێراق  نزیكی 300 ملیار دیناربوو بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی كرایە نزیكی 160 ملیار دینار".

بۆ خانەنشینكردنی پەرلەمانتاران، دەبێت تەمەنی 50 ساڵ بێت‌و 15 ساڵ خزمەتی هەبێت، موچەی خانەنشینەكە لەنێوان 3 ملیۆن بۆ 4 ملیۆن دینار دەبێت.

پێشووتر موچەی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق 36 ملیۆن دینار بووە، بەڵام ئێستا بۆتە 8 ملیۆن دینار، جێگری سەرۆكی پەرلەمانیش 25 ملیۆن دینار بوو ئێستا بووەتە 6 ملیۆن دینار.

بەراورد بەموچەی پەرلەمانتاری وڵاتانی دونیا موچەی پەرلەمانتارێكی عێراق لە موچەی تەواوی پەرلەمانتارانی دونیا زیاترە، هەرچەندە موچەی پەرلەمانتارانی دونیا زیاتر لەنیوەی باج دەیبات، بەڵام پەرلەمانتارانی عێراق  باجی كەمترە، پەرلەمانتارێكی عێراق نزیكەی 28 هەزار دۆلار وەردەگرێت، بەڵام موچەی مانگانەی پەرلەمانتارێكی هۆڵەندی  7 هەزارو 311  یۆرۆیە، كە نزیكەی  50%  بۆ باج دەبێت واتا  3655  یۆرۆ وەردەگرێت، كە مانگانە دەكاتە  4 هەزارو 874 دۆلار، هاوكات ئەندامێكی پەرلەمانی سوید مانگانە كۆی موچەكەی 4 هەزار و 900 دۆلارە.واتا موچەی پەرلەمانتارێكی عێراقی كە زیاتر لە  28 هەزار دۆلارە واتا نزیكەی  6 جار لە موچەی پەرلەمانتارێكی هۆلەنداو سوید زیاترە.هاوكات موچەی پەرلەمانتارێكی عێراق زیاتر لە  16  ئەوەندەی پەرلەمانتارێكی میسریە.

هـ ـ ح