هەڵمەتی‌ بانگەشە لەكوردستان
هێزە كوردییەكان هەموو رێگایەكی‌ رەواو ناڕەوا دەگرنە بەر

عیراق

26/04/2018‌ 3052 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
راپۆرتی: هونەر حەمەرەشید
بانگەشەی‌ هەڵبژاردنی‌ هێزە سیاسییەكانی‌ كوردستان گەیشتووەتە ئاستی‌ شكاندنی‌ ئێسك‌و پروسكی‌ یەكتر، یارییەكە بەجۆرێكە تەنیا بۆ بردنەوە، هەموو رێگایەكی‌ رەواو ناڕەوا رێگەپێدراوە.

دە رۆژ زیاترە هەڵمەتی‌ بانگەشەی‌ هەڵبژاردنی‌ ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عێراق لەكوردستان بەڕێوە دەچێت، هێرشكردنە سەر یەكترو ناوزڕاندن‌و هەڵدانەوەی‌ مەلەفەكان‌و دروستكردنی‌ قسە‌و هێرشەكانی‌ سۆشیال میدیا لەدیارترین سیماكانی‌ ئەم هەڵبژاردنەن لەهەرێمی‌ كوردستان.

ئەوەی‌ لەكوردستان روودەدات بەجۆرێكە هەموو هێزە سیاسییەكان جەماوەرەكەیان وەها راهێناوە لەبری‌ ئەوەی‌ خەڵكی‌ تەركیزیان لەسەر بەرنامەی‌ هەڵبژاردنی‌ هێزە سیاسییەكان بێت، هەمووچاویان چووەتە سەر ئەوەی‌ بزانن چۆن كەموكوڕی‌ نەیارەكانیان دەردەكەوێ‌.

هەرچی‌ سەركردەی‌ هێزە سیاسییەكانیشە دەزانن ئەگەر تا كۆتایی‌ بانگەشە بارودۆخەكە بەم شێوەیە بڕوات، دوور نییە توندوتیژی‌ زیاتری‌ لێ‌ بەرهەم بێت.

عەتا شێخ حەسەن وتەبێژی‌ ئەنجوومەنی‌ سەركردایەتی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان لەدەڤەری‌ سلێمانی‌ بۆ "نیقاش" دەڵێت "ئەوەی‌ لەچەند رۆژی‌ رابردوو لەهەڵمەتی‌ بانگەشەی‌ هەڵبژاردن بینیمان، هەڵمەتێكی‌ توند بوو، بەردەوامی‌ ئەو توندییە، كاریگەری‌ نەرێنی‌ لەسەر پەیوەندی‌ لایەنەكان دادەنێت، بەتایبەتی‌ لەدوای‌ هەڵبژاردن".

دەشڵێت "دەبێت لایەنەكان كار بۆ ئەوە بكەن، كە لەرێگەی‌ بەرنامەیەكی‌ تایبەت‌و میدیاكانی‌ خۆیان دۆخەكە هێوربكەنەوە، چونكە بەردەوامی‌ ئەو دۆخە هەموو ئەگەرێكی‌ لێدەكرێت‌و رەنگە ببێتە هۆی‌ پێكدادان هێزەكانیش".

هەڵمەت لەشەقامەوە بۆ ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان
جیاوازی‌ ئەمجارەی‌ بانگەشەی‌ هەڵبژاردن ئەوەیە، كە زۆرترین بانگەشە لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەكرێت، ئەمەش رێگای‌ خۆشكردووە بۆ سڕینەوەی‌ یەكتری‌، چونكە نە كۆمسیۆن‌و نە یاسا كارپێكراوەكانی‌ هەرێمیش ناتوانن لێپێچینەوە لەهێزە سیاسییەكان بكەن لەسەر ئەو هێرشانەی‌ لەسۆشیال میدیاوە دەكرێ.

پێشتر لایەنەكانی‌ هەرێم بۆ بانگەشەی‌ هەڵبژاردن زیاتر شەقامەكانیان بەكاردەهێنا، ئەوەش بەكۆكردنەوەی‌ هەوادارانیان‌و ریزكردن‌و رازاندنەوەی‌ ئۆتۆمبیل‌و گەڕان بەناو شوێنە گشتییەكان، بەڵام بۆ ئەم هەڵبژاردنە ئەم دیاردەیە لەزۆربەی‌ شارەكان كەمبووەتەوە.

زمناكۆ جەلال رێكخەری‌ ژووری‌ هەڵبژاردنی‌ بزووتنەوەی‌ گۆڕان لەو بارەوە بۆ "نیقاش" دەڵێت "ئەمساڵ پێچەوانەی‌ ساڵانی‌ رابردوو ئەو گەرموگوڕییەی‌ لەشەقامەكان هەبوو، نەماوەو لایەنەكانیش زۆر پشت بەهەڵمەتەكان لەسەر شەقامەكان نابەست".

زمناكۆ جەلال هۆكاری‌ ئەوەی‌ بۆ ئەوە گێڕایەوە كە دۆخی‌ ئابووری‌ خەڵك زۆر باش نییەو لایەنەكانیش نایانەوێت ئەو رووداوانەی‌ لەرابردوو روویداوە رووبداتەوە، هەروەها لایەنەكان دەرفەتی‌ تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش بەئاسانترین رێگە دەزانن بۆ ئەوەی‌ بگەن بەدەنگدەرو لەوێوە بانگەشەی‌ خۆیان بكەن.

ئەو بەرپرسەی‌ گۆڕان دەشڵێت "ساڵان بەكارهێنەری‌ تۆرە كۆمەڵایەتییەكان وەك ئێستا نەبوو، زۆری‌ بەكارهێنانی‌ تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هۆكارێكی‌ ترە بۆ ئەوەی‌ بانگەشەی‌ لێوەبكرێت بۆ هەڵمەتی‌ هەڵبژاردن".

شكاندنی‌ كاندیدەكان
هەڵمەتی‌ بانگەشەی‌ هەڵبژاردنی‌ ئەمجارە لەكوردستان بەشێوەیەكە لایەنەكان كار لەسەر شكاندنی‌ یەكتری‌ دەكەن، قوربانی‌ یەكەمیش كاندیدەكانن.

یەكەم قوربانی‌ ئەو هەڵمەتە، جوان ئیحسان سەرۆكی‌ لیستی‌ یەكێتی‌ نیشتمانی‌ لەپارێزگای‌ سلێمانی‌ بوو، ئەوەش دوای‌ ئەوەی‌ بەشداری‌ بەرنامەیەكی‌ تەلەفزیۆنی‌ كردو لەوەڵامدانەوەی‌ پرسیارێك لەبارەی‌ كابینەكەی‌ حەیدەر عەبادی‌ سەركەوتوو نەبوو، ئیتر گرتە ڤیدیۆییەكەی‌ تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی‌ تەنی‌‌و دەیان ئەكاونت‌و پەیج لەتۆڕی‌ كۆمەڵایەتی‌ فەیسبووك پۆستیان لەسەر كردو رەخنەی‌ توندیان لێگرت، بەوەی‌ نەیتوانیوە وەڵامی‌ پرسیارێك بداتەوە.

لەدوای‌ جوان ئیحسان، كاندیدێكی‌ تری‌ پارتی‌ دیموكرات بەناوی‌ هێشوو رێبوار عەلی، بەهەمان شێوە لەبەرنامەیەكی‌ تەلەفزیۆنی‌ سەركەوتوو نەبوو لەوەڵامدانەوەی‌ پرسیارێك، ئەویش بووە جێگەی‌ باس‌و خواسی‌ تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان‌و دەیان پۆست‌و كۆمێتی‌ لەسەر ڤیدیۆكەی‌ كرا، تەنانەت كار گەیشتە ئەوەی‌ چەند ڤیدیۆو وێنەیەكی‌ تایبەتی‌ خێزانی‌ بڵاوكرایەوە، كە بەقسەی‌ كاندیدەكە لەمۆبایلە تایبەتییەكەی‌ خۆیەوە دزرابوون.

جوان ئیحسان، سەرۆكی‌ لیستی‌ یەكێتی‌ بۆ پارێزگای‌ سلێمانی‌ نایشارێتەوە، بەو هەڵمەتەی‌ لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەسەری‌ كراوە نیگەران بووە، چونكە وەك خۆی‌ بۆ "نیقاش"ی‌ باسكرد هەوڵدراوە لەكەسایەتی‌ بدرێت‌و بشكێنرێت، بۆ ئەوەی‌ هەوادارانی‌ یەكێتی‌‌و خەڵكی‌ كوردستان ساردببنەوە لەدەنگدان پێی‌.

جوان ئیحسان دەشڵێت: "ئەو هەڵمەتەی‌ لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەیە، هەڵمەتێكی‌ رێكخراوەو لەلایەن چەند حیزبێكی‌ دیاریكراو دەكرێتە سەر چەند كاندیدو لایەنێك، چونكە ئەو لایەنانە دەبنە ركابەری‌ سەرەكییان لەهەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ عێراق".

جگە لەو هەڵمەتە، هەڵمەتێكی‌ تریش لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەیە، ئەویش هەڵمەتی‌ بڵاوكردنەوەی‌ پۆستەرو زانیاری‌ ناڕاستە لەسەر كاندیدەكان، كە "نیقاش" لەرێگەی‌ تیمی‌ ساخكردنەوەی‌، دەیان پۆستی‌ ساخكردووەتەوە، كە لەسەر كاندیدەكان لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراوەتەوە.

یوسف محەمەد، سەرۆكی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان لەپارێزگای‌ سلێمانی‌ یەكێك بوو لەو كاندیدانەی‌ كەوتە بەر هەڵمەتەكەو لەچەند پەیجێكی‌ فەیسبووك زانیاری‌ ناڕاسیان لەبارەیەوە بڵاوكردەوە، ئەمەش یەكێك بوو لەو بابەتانەی‌ "نیقاش" راستییەكەی‌ دەرخستن.

یوسف محەمەد لەو بارەوە بۆ "نیقاش" وتی‌: "هەڵمەتێكی‌ گەورەی‌ چەواشەكاری‌ لەسەر كاندیدەكان هەیە،  ئەوەش كاریگەری‌ لەسەر پرۆسەی‌ هەڵبژاردن دەبێت‌و پرۆسەی‌ دیموكراسی‌ لەناوچەكە لەكەدار دەكات".

سەرۆكی‌ لیستی‌ بزووتنەوەی‌ گۆڕان بۆ پارێزگای‌ سلێمانی‌، باسی‌ لەوەش كرد، ئەوان ئاگاداری‌ هەڵمەتەكەن‌و  وتی‌ "هەڵمەتێكی‌ رێكخراوەو چەند لایەنێكی‌ دیاریكراو لەرێگەی‌ بەكارهێنانی‌ كۆمەڵێك پەیجی‌ گەورە ئەو هەڵمەتە دەكەن".

شەڕی‌ میدیایی
هەڵمەتی‌ هەڵبژاردنی‌ ئەمجارەی‌ پەرلەمانی‌ عێراق وەك هەڵمەتەكانی‌ پێشوو شەڕێكی‌ میدیایی گەورەشی‌ لەنێوان لایەنەكان دروستكردووەو ئامانج لەو شەڕە میدیاییە بۆ ئەوەیە، كە لایەنەكان بتوانن زۆرترین دەنگ لەبەرژەوەندی‌ خۆیان كۆبكەنەوە، بۆ ئەوەش چەندین مەلەفی یەكتری‌، هەڵدەدەنەوەو پرسەكانی‌ رابردوو بەگوێی‌ هاووڵاتیانی‌ هەرێم دەدەن.

یەكێك لەو لایەنانەی‌ هەڵمەتێكی‌ توندی‌ میدیایی بەرێوەدەبات، لیستی‌ نەوەی‌ نوێ-یە، كە لەلایەن شاسوار عەبدولواحیدی‌ بزنسمانەوە سەرۆكایەتی‌ دەكرێت‌و یەكەمجارە بەشداری‌ هەڵبژاردنەكان دەكات.

رابون مەعروف وتەبێژی‌ جوڵانەوەی‌ نەوەی‌ نوێ‌، هەڵمەتەكەیان بەهەڵمەتێكی‌ ئاسایی ناو دەبات‌و بۆ "نیقاش" دەڵێت: "ئەوەی‌ ئێمە دەیكەن، هەڵمەتێكی‌ رەخنەیی سیاسییە لەركابەرەكانمان، كە من پێم وایە ئەگەر هەڵمەتێكی‌ لەو شێوەیە نەبێت، ئەوە ئاسایی نییە".

دەشڵێت: "بەردەوامدەبین لەو هەڵمەتە میدیاییە رەخنەییە لەماوەی‌ بانگەشەی‌ هەڵبژاردن، ئەوەش بۆ ئەوەی‌ خەڵكی‌ هەرێمی‌ كوردستان بزانێت لە 27 ساڵی‌ رابردوو لایەنەكانی‌ هەرێم چیان بەرانبەر خەڵكی‌ كردووە".

لەهەرێمی كوردستان سێ ملیۆن‌و 144 هەزارو 730 كەس مافی دەنگدانی هەیە، 25 قەوارە لەهەڵبژاردنەكە بەشدارن، ئەو قەوارەو حیزبانەش 503 پاڵیوراویان هەیە، كێبڕكێی بەدەستهێنانی 46 كورسی پەرلەمانی عێراق دەكەن لەپارێزگاكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان لەگەڵ كورسی‌ ناوچە جێناكۆكەكان.

یەكێكی‌ تر لەو لایەنانەی‌ هەڵمەتێكی‌ توندی‌ میدیایی بەرێوەدەبات، بزووتنەوەی‌ گۆڕانە، كە لەرێگەی‌ ئۆرگانە فەرمییە راگەیاندنەكانی‌ هەڵمەتەكەی‌ لەماوەی‌ بانگەشەی‌ هەڵبژاردن دەستپێكردووەو بەردەوامی‌ هەیە، بەتایبەتی‌ لەدژی‌ پارتی‌ دیموكرات.

یوسف محەمەد، لەبارەی‌ هەڵمەتی‌ میدیایی‌و شەڕی‌ راگەیاندنی‌ گۆڕان دەڵێت: "لەرێگای‌ میدیاوە كەموكوڕییەكانی‌ دەسەڵات دەخەینەڕوو، بۆ ئەوەی‌ بۆ هەموو لایەكی‌ بسەلمێنن، حكومداری‌ بەو كەسانە ناكرێت".

هەر لەیەكەم رۆژی‌ بانگەشەی‌ هەڵبژاردن بەشێك لەرۆژنامەنووسان‌و چالاكوانانی‌ كۆمەڵی‌ مەدەنی‌‌و سەندیكای‌ رۆژنامەنووسان لەسلێمانی‌ لەبەیاننامەیەكدا داوایان كرد، كە بانگەشەی‌ هەڵبژاردنەكان دووربێت لە "تەشهیر‌و زمانی‌ زبر‌و گرژی".

ئەوان لەبەیاننامەیەكدا رایانگەیاند "چەند رۆژێكی‌ دیكە دەكەوینە هەڵمەتی‌ بانگەشەی‌ هەڵبژاردنەوە، هەر لەئێستاوە تەپوتۆزی‌ شەڕی‌ بانگەشە باڵی‌ كێشاوە بەسەر بانگەشەی‌ هەڵبژاردندا، كە بەداخەوە ئەمەش هێمای‌ ئەوەمان پێدەدات رۆژانی‌ بانگەشەی‌ هەڵبژاردن رۆژانێكی‌ سەخت‌و پڕ لەكێبڕكێ‌و گرژی‌ دەبێت".

كۆمیسیۆن هچی‌ پێناكرێت
تاكە لایەن بتوانێت رۆڵی‌ هەبێت‌و رێگری‌ بكات لەو هەڵمەتە بانگەشە توندەی‌ لایەنەكان، كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سەربەخۆی‌ هەڵبژاردنەكانی‌ عێراقە، بەڵام وەك بەرپرسانی‌ كۆمسیۆنەكە رایدەگەیەنن، ناتوانن كۆنتڕۆڵی‌ هەڵمەتی‌ بانگەشەی‌ لایەنەكان بكەن، بەتایبەتی‌ لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان.

رزگار حەمە جێگری‌ سەرۆكی‌ ئەنجوومەنی‌ كۆمسیارانی‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سەربەخۆی‌ هەڵبژاردنەكانی‌ عێراق بۆ "نیقاش" رایگەیاند، ئەوان ئاگاداری‌ ئەو هەڵمەتە توندەن، كە لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لایەنەكان لەدژی‌ یەكتر بۆ بانگەشەی‌ هەڵبژاردن بەڕێیوە دەبەن.

رزگار حەمە راشیگەیاند، هەرچەندە هەڵمەتەكە توندەو دەبێت رێكاری‌ بۆ بگیرێتە بەر بۆ راگرتنی‌، بەڵام كۆمسیۆن بەرانبەر ئەو هەڵمەتە هیچی‌ پێناكرێت، چونكە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كەس خۆی‌ ناكات بەخاوەنی‌‌و ئەوانیش ناتوانن بگەن بەخاوەنی‌ ئەو پەیجانەی‌ هەڵمەتی‌ توند بەرێوەدەبن، تا سزا بدرێن.

لەبارەی‌ ئاماری‌ تۆماركردنی‌ سكاڵا، ئەو بەرپرسەی‌ كۆمسیۆن ئاشكرایكرد، تائێستا 10 سكاڵا لەلایەن لیستەكانی‌ هەرێم تۆماركراون‌و "ئێمە بەدواداچوونی‌ خۆمان دەكەین، بەڵام ئەوەندەی‌ ئاگاداربم سكاڵاكان لاوازن‌و بەو هۆیەشەوە چەند دانەیەكیان رەتكراونەتەوە".