سەرچاوەی‌ لێڵ‌و ئامانجی‌ روون
هەواڵی‌ ساختە.. كارێكی‌ مافیائاسا لەپشتی‌ شاشەی‌ كۆمپیوتەرەكانەوە

کوردستان

27/04/2018‌ 1522 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
لەپشتی‌ كۆمپیوتەرەوە كارێكی‌ مافیا ئاسایی‌ بەڕێوەدەچێت، هەواڵی‌ ساختە بووەتە كەرەستەیەكی‌ گرنگ بۆ راكێشانی‌ سۆزی‌ خەڵك‌و ململانێی‌ سیاسی‌‌و پەیداكردنی‌ ناوبانگ.

رۆژانە بەدەیان هەواڵی‌ ساختە لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاودەبنەوە، "نیقاش" ئەمجارە لەبری‌ ساخكردنەوەی‌ هەواڵەكان، شوێن وەڵامی‌ ئەو پرسیارە كەوت، هۆكاری‌ بەرهەمهێنان‌و بڵاوكردنەوەی‌ هەواڵ‌و وێنەو ڤیدیۆ ساختەكان چین؟

وەڵامدانەوەی‌ پرسیارێكی‌ لەم جۆرە ئاسان نییە، بەتایبەتی،‌ كە لەپشت هەموو پەیجە "ساختەچییەكانەوە" كەسانێكی‌ دامامكدار هەن ناو و ناسنامەو شوێنیان دیار نییە.

هەموو رۆژێك هەواڵ‌و وێنەو ڤیدیۆی‌ ساختە هەن، بەڵام لەبۆنە تایبەتەكاندا ژمارەیان زۆر زیاد دەكات، ئێستاش كە وەرزی‌ بانگەشەی‌ هەڵبژاردنە، لەگەڵیدا وەرزی‌ هەواڵی‌ درۆینەو ساختە دەستی‌ پێكردووە.

لەماوەی‌ هەفتەیەكدا لەرێی‌ نامەی‌ فەیسبووكەوە تیمی‌ "نیقاش" نامەیان بۆ زیاتر لە 50 پەیج نارد لەوانەی‌ هەواڵی‌ ساختە بڵاودەكەنەوە، ئەو نامانە لەلایەن ئەدمینی‌ زۆربەی‌ دەبینران بێ ئەوەی‌ وەڵامبدرێنەوە، هەندێكیشیان لەپاش ئامادەیی دەربڕین وەڵامی‌ پرسیارەكانیان نەدایەوە، تەنیا چەند دانەیەكیان رازی‌ بوون بەگفتوگۆكردن بەو مەرجەی‌ ناویان ئاشكرا نەكرێت.

چەند مانگی‌ رابردوو تیمی‌ "نیقاش" بەدەیان هەواڵ‌و وێنەو ڤیدیۆی‌ ساختەی‌ ساخكردەوە، زۆربەی‌ جۆری‌ ساختەكارییەكانیش لەیەك دەچن لەرووی‌ بەكارهێنانی‌ وێنەو زانیاری‌ كۆن، یاخود زانیاری‌ هەڵەو چەواشەكاریی‌ بۆ شوێنی‌ هەڵە.

ئەدمینی‌ یەكێك لە پەیجە كوردییەكان، كە ئامادەنەبوو ناوی‌ بڵاوبكرێتەوە لەرێگەی‌ نامەی‌ فەیسبوكەوە ئەوەی‌ بۆ "نیقاش" باسكرد، كە هەندێكجار بەهەڵەدا چوون لەبڵاوكردنەوەی‌ وێنەو بابەتەكاندا بەمەبەست نەبووە، بەڵام ئەوەشی‌ نەشاردەوە كە هەندێجاری‌ دیكە بەمەبەست ئەو كارەیان كردووە "بۆ ئەوەی‌ خەڵك كارلێكی‌ زیاتر لەگەڵ پەیجەكە بكات".

ئەوەی‌ تەنیا بەتەماشاكردن هەستی‌ پێدەكرێت ئەوەیە، هەندێجار كاری‌ پەیجە "ساختەچییەكان" لەكاری‌ باندو مافیا دەچێت، چەند پەیجێكی‌ بەناوبانگ لەیەك كاتدا هەڵمەت بۆ بابەتێك یان بۆ كەسێك دەكەن‌و دەیان وێنەی‌ ڤیدیۆو ساختە بەكاردێنن.

كەسێك لەوانەی‌ سەردەمێك لەگەڵ یەكێك لەو پەیجانەدا كاری‌ كردووە بە"نیقاش"ی‌ وت "ئێمە 12 پەیج بووین پێكەوە كارمان دەكرد، هەموو پەیجەكان لەلایەن بزنسمانێكەوە كڕدرابوونەوەو هەر ئەوانیش رێنماییان دەداینێ‌ كە پێكەوە هەڵمەتەكە دەست پێبكەین".

سەیرەكە ئەوەیە لەكوردستان تەنیا كڕینی‌ پەیج نا، بەڵكو بەكرێ گرتنیشی‌ هەیە، ئەمەش زۆربەیجار دەزگا میدیاییەكان پەنای‌ بۆ دەبەن، دەزگایەكی‌ میدیایی لەگەڵ‌ چەند پەیجێكی‌ بەناوبانگ رێكدەكەوێت‌و مانگانە كرێیەك كە لەسەروو (1000) دۆلارەوەیە دەیدات بەهەر یەكێك لەو پەیجانە، بەو مەرجەی‌ لەمانگێكدا چەند پۆستێكی‌ بۆ بڵاوبكەنەوە، هەندێجار پۆستەكان بەرهەمی‌ دەزگاكەیە، هەندێجاری‌ تریش بۆ لێدانە لەنەیارەكانیان.

ئەمە هێزە سیاسییەكانیش لەولاوە بوەستێت كە هەریەكەیان چەند پەیجێكی‌ تایبەت بەخۆیان هەیەو لەكاتی‌ دیاریكراودا هەمان كار دەكەن.

بەپێی‌ بەدواداچونی‌ "نیقاش" لە 15ی‌ نیساندا دوو پەیجی‌ تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان یەك پۆستیان لەسەر كاندیدانی‌ لایەنێكی‌ سیاسی‌ بڵاوكردەوە كە تەنیا یەك كاتژمێر جیاوازیان هەبوو، هەردوو پەیجەكەش بەپێی‌ پۆستەكانی‌ پێشوویان كاركردنیان زۆر لەیەكەوە نزیكەو یەك باكگراوندیان هەیە.

یەكەم
https://www.facebook.com/Kurdistann.Today/posts/1731108176958735

دووەم
https://www.facebook.com/shawchar.s/posts/818611434996388

خاوەنی‌ پەیجی‌ (ئاوێنە 24) لەفەیسبوك كە نەیویست ناوی‌ بڵاوبكرێتەوە ئاماژە بەوەدەكات كە بڵاوكردنەوەی‌ یەك هەواڵی‌ ساختە لەچەند پەیجێك پێكەوە هەندێجار هەڵمەت نییە بەڵكو "دزینە" بۆ بەهێزكردنی‌ ئەكتیڤیتی‌ پەیجەكە.

ئەو بە"نیقاش"ی وت "هەواڵە ساختەكان لەهەواڵەكانی‌ تر زیاتر خوێنەریان هەیەو لایك‌و كۆمێنتی‌ زۆریان بۆ  دەچێت، ململانێی‌ حزبە سیاسیەكانیش ئەوجۆرە هەواڵە ساختانەیان زیاتر كردووە".

ئەدمینی‌ یەكێكی‌ دیكە لەپەیجەكان دانی‌ بەوەدا نا كە زۆربەی‌ زۆری‌ ئادمینی‌ پەیجە ساختەكان ژمارەیەك گەنجی‌ بێكارن كە بژێویان بووە بەو كارە‌و لەسەری‌ دەژین.

لەگەڵ دەستپێكردنی‌ بانگەشەی‌ هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ عێراق لە 15ی‌ نیساندا شەڕی‌ نێو پەیجەكانیش گەرمتر بوو بۆ بڵاوكردنەوەی‌ پۆست لەسەر ئەو بۆنەیە كە بەشێكیان یان ساختە بوون یان كۆنن.

بەشێك لەپەیجەكان پێشتر لایەنداری‌ خۆیان یەكلایی كردووەتەوە بۆ لایەنێكی‌ سیاسی‌ كە لەرێگەی‌ شێوازی‌ بابەتەكانیان یان ناوی‌ پەیجەكە ئاڕاستە سیاسیەكەی‌ دەناسرێتەوە، بەشێكی‌ تریشیان لەكاتی‌ بانگەشەدا  لایەنداریەكەیان دەردەكەوێت.

"لایەنگرانی‌ پارتی‌ لەهەولێر، كچە نەوشیروانی، كوڕانی‌ گەل ئاسایش‌و دژە تیرۆر" ئەو پەیجانەن كە بەناوەكانیاندا لایەندارییەكەیان راگەیاندراوە، بەڵام بەشێكی‌ تریان بەپۆستەكانیاندا دەناسرێنەوە كە بەچی‌ ئاڕاستەیەكدا دەڕۆن.

شەڕی‌ میدیایی نێوان لیستە ركابەرەكان لەرێگەی‌ پەیجەكانەوە دووجۆرن، بەشێكیان ریكلامی‌ راستەوخۆیە بۆ لیست‌و پاڵیوراوەكان و بەشێكی‌ تریشیان لێدانی‌ ناڕاستەوخۆیە لەحزبێك یان زیان گەیاندە بەو حزبەو پاڵێوراوەكانی‌ لە لەرێگەی‌  هەواڵی‌ ساختەوە یان بڵاوكردنەوەی‌ وێنەو ڤیدیۆی‌ دەستكاری‌ كراوەوە.

ئەدمینی‌ یەكێك لە پەیجە كوردییەكان كە نەویست ناوی‌ خۆی‌و پەیجەكەی‌ بڵاوبكرێتەوە بە"نیقاش"ی وت "لەگەڵ نزیكبونەوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان رێژەی پۆستەكانمان زیاد دەكەین بۆ ئەوەی زۆرترین كەس بینەری پۆستەكانمان بن‌و سپۆنسەر بۆ پۆستەكانمان‌و پەیجەكەمان دەكەین، زۆربەی پەیجەكان لەشەڕێكی میدیاییدان، هەموویان سەر بەحزبێكن‌و ركابەری یەكتر دەكەن".

نادیاری‌ خاوەندارێتی‌ پەیجەكان ئەركی‌ ئەو لایەنانەشی قورس كردووە لەچاودێریكردنیان كە پەیوەندیدارن بەو پرسەوە، سەردەمێك وەزارەتی‌ رۆشنبیری‌ لەهەرێمی‌ كوردستان هانی‌ پەیجەكانیدا بۆ خۆ تۆماركردن تا رێ لەساختەكاری‌‌و ناوزڕاندن بگرێت، بەڵام پرۆسەكە ئامانجی‌ خۆی‌ نەپێكا.

فەرهەنگ گۆمەشینی‌ وتەبێژی‌ وەزارەتی‌ رۆشنبیری‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان بە"نیقاش"ی وت "بەپێی‌ رێنماییەكی‌ وەزارتەكەمان لەساڵی‌ 2014ەوە بەشێك لەپەیجەكان ناوی‌ خۆیان لەلای‌ ئێمە تۆمار كردووە بۆ ناسینیان، بەڵام پەیجەكانی‌ تر نەهاتونەتە لای‌ ئێمەو زیاتر ئەوانەش كار لەسەر هەواڵی‌ درۆ دەكەن".

گۆمەشینی‌ وتیشی‌ " تۆڕی‌ كۆمەڵایەتیەكان ئێستا بونەتە سەرچاوەی‌ هەواڵ‌و زۆر جاریش خەڵك توشی شۆك دەكەن‌و سەرچاوەی‌ نادروستی‌ هەواڵن، لەگەڵ پەرلەمان قسەمان كردووە تا بڕیارێكی‌ نوێ بۆ پەیجەكان دەربكرێت".

بێدەسەڵاتی‌ وەزارەتی‌ رۆشنبیری‌ بەسەر پەیجەكاندا لەكاتێكدایە كە لەساڵی‌ (2008)ەوە یاسای قەدەغەكردن‌و خراپ بەكارهێنانی‌ هۆكارەكانی‌ پەیوەندی‌ لەلایەن پەرلەمانی‌ كوردستانەوە دەركراوە.

هەرچەندە بەشێك لەو ناوزڕاندنانەی‌ لەرێگەی‌ پەیجەكانەوە ئەنجام دەدرێت دەچێتە چوارچێوەی‌ ئەو یاسایەوە بەڵام ئومێد ساڵح وتەبێژی‌ وەزارەتی‌ گواستنەوەو گەیاندن بە"نیقاش"ی وت "كۆنتڕۆڵی‌ ئەو پەیجانەمان پێناكرێت لەبەرئەوەی‌ نێودەوڵەتین‌و تەنیا كار بەرمەرجی‌ ئەو كۆمپانیایانە دەكەن كە تۆڕی‌ كۆمەڵایەتیەكەی‌ تێدا كراوەتەوە".

هەواڵی‌ ساختەو پۆستی‌ لێدەر لەنێوان ركابەرەكاندا باردۆخی‌ ململانێكەی‌ گەیاندووەتە ئاستێك كە خاوەن‌و ئەدمینی‌ پەیجەكان سپۆنسەری‌ پۆستەكان بكەن تا بگاتە زۆرترین كەس.

زیادبوونی‌ هەواڵی‌ سپۆنسەركراو ئەوەندەی‌ تر ئاماژەكانی‌ گەرمبونی‌ شەڕی‌ میدیایی لەرێگەی‌ پەیجەكانی‌ تۆڕی‌ كۆمەڵایەتیەوە سەلماندووە، ئەوە جگلەوەی‌ پەیجەكان لەهەمانكاتیشدا بوونەتە بازاڕێكی‌ گەرم بۆ ریكلامی‌ پاڵیوراوەكان .

ئاراس حسێن بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ پەیجی‌ ساباتی‌ خۆشەویستی‌ لەنێو تۆڕی‌ كۆمەڵایەتی‌ فەیسبوك بە"نیقاش"ی‌ وت "سپۆنسەری‌ بابەت‌و پەیجەكەمان دەكەم، هەندێك مانگ هەبووە بایی 50 دۆلارمان كردووە هەندێك جاریش بەچەند مانگێك نەمان كردووە".

ئاراس كە پەیجەكەی‌ بەرنامەیەكی‌ هەیە بۆ ئەوەی‌ ریكلام بۆ پاڵێوراوەكان بكات دان بەوەدا دەنێت كە زۆرێك لەلایەنە سیاسییەكان بەهێزە ئیسلامیەكانیشەوە داوایان لێكردووە كە لەرێگەی‌ پەیجەكەیانەوە كاریان بۆ بكەن.

زۆربەی‌ ئەو كەسانەی‌ كە لەم راپۆرتەدا قسەیان بۆ "نیقاش" كرد ئەوەیان پشت راستكردەوە كە زۆربەی‌ هەرە زۆری‌ جارەكان بەئاگاییەوە ئەو كارە دەكەن، چونكە یان پێشوەختە پارەكەیان وەرگرتووە، یا بۆ زیادكردنی‌ چالاكی‌ پەیجەكانیان دەیكەن، وەك یەكێك لەخاوەن پەیجەكان وتی‌ "خەڵكی‌ خۆیان ئەو جۆرە هەواڵانەیان پێخۆشەو دەستاو دەستی‌ پێدەكەن، ئێمەش خزمەتی‌ ئەو حەزەی‌ ئەوان دەكەین".

رەوەند جەمال بەرێوەبەری‌ ئەندازیاری‌ لەكۆمپانیای‌ تێرا تارگێت كە كۆمپانیایەكە لەكوردستان بۆ خزمەتگوزاری‌ تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، پێی‌ وایە هۆكاری‌ زوو بڵاوبوونەوەی‌ هەواڵی‌ ساختە لەفەیسبوكدا پەیوەندی‌ بەوەوە هەیە كە پەیجەكان زیاتر ئەو بابەتانە هەڵدەبژێرن كە ورژێنەرن‌و دەرفەتی‌ ئەوەش نییە لەنێو فەیسبوكدا لێكۆڵینەو لەراستیەكەی‌ بكرێت .

رەوەند جەمال بە"نیقاش"ی وت "كێشەی‌ بڵاوكردنەوەی‌ هەواڵی‌ ساختە  لەهەموو جیهاندا هەیە‌و لەساڵی‌ 2013 ەوە كۆمپانیای‌ فەیسبوك لەهەوڵدایە بۆ بنەبڕكردنی‌، ئامانج لەبڵاوكردنەوەی‌ ئەو جۆرە هەواڵە  بەهێزكردنی‌ پەیجەكانە و یان ئاڕاستەكردنی‌ پەیامێكە یان هەردووكیانە پێكەوە".

ئەوانەی‌ هەواڵ‌و وێنەی‌ ساختە بڵاودەكەنەوە پێناچێت هیچ هۆكارێك رایان بگرێت، تەنانەت لەكاتی‌ ئامادەكردنی‌ ئەم راپۆرتەدا هەندێ لەو پەیجانەی‌ قسەیان بۆ "نیقاش" كردبوو، تا نوسینی‌ راپۆرتەكە كۆتایی‌ هات چەند هەواڵ‌و وێنەیەكی‌ دیكەی ساختەیان بڵاوكردەوە.