خوازیارن درێژە بكێشێ.. بانگەشەی هەڵبژاردن بووەتە سەرچاوەی بژێوی هاووڵاتیانی ئەنبار

عیراق

28/04/2018‌ 1071 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
كاندیدەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەكێبڕكێدان تا لەڕێی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری‌و جێبەجێكردنی هەندێك پرۆژەی لەكاركەوتوو بەباشترین شێوە دەربكەون.

هەر كە ژماردنی پێچەوانە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان دەستیپێكرد، كاندیدەكان بە جیاوازی ئینتیما‌و بۆچوونیانەوە بەپەلە چوونە نێو كۆمەڵگەوە بەتایبەتیش دوای دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن كە رێگەیان پێدەدات بانگەشە بۆ خۆیان‌و بەرنامەكانی هەڵبژاردنیان بكەن كە ئاڕاستەی هەموو توێژەكانی كۆمەڵگەی دەكەن بەوپێیەی بنكەیەكی جەماوەری گرنگیانە.

هەڵمەتەكانی خزمەتگوزاری‌و تەندروستی لەپاڵ سەردانی مەیدانی كە هەندێك جار بەخشینی دیاریشی تێدەكەوێت‌و بەزۆری بریتی دەبێت لە هاوكاری خۆراك، هەروەها هەوڵی جێبەجێكردنی هەندێك داواكاری هاووڵاتیان كە رەنگە پەیوەندیی تەلەفۆنیشی كاندیدەكانیشی تێبكەوێت بەمەبەستی ئاسانكاری بۆ هەندێك مامەڵەی رەسمی دانیشتووانی ناوچەكە وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی كاندیدەكە هەژموون‌و دەسەڵاتی هەیە‌و لەپێناو خزمەتكردنی لایەنگرانی دەیخاتەگەڕ.

ماوەی مانگێكە رەوتی ئەم هەڵسوكەوتانە لە هەڵكشاندایە‌و دانیشتووانی ناوچەكە لە پارێزگای ئەنبار (110كم لە خۆرئاوای بەغدای پایتەخت) هەندێك دەستكەوت دەبینن كە ئەگەر بانگەشەی هەڵبژاردن نەبووایە دەرنەدەكەوتن، تەنانەت هەمووان خوازریان بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ماوەیەكی زیاتر بێت، چونكە ماوەیەكی زێڕینە بۆ ئەو دەستكەوت‌و خزمەتگوزاییانەی خەڵك چاویان لەسەریەتی.

عوسمان كوبەیسی (46 ساڵ) دانیشتووی شاری فەلوجە پێی وایە قسەكردن لەسەر كاندیدەكان‌و دەستكەوتەكانیان لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا قسەكردنێكی واقیعیە، چونكە ئەوان لەو ماوەیەدا زۆر بەجددی‌و لێبڕاوانە كاردەكەن.

كوبەیسی قسەی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی: "رۆژانە چەند هەڵمەتێك دەبینم كە هەموو توانا‌و پارەیەكی بۆ خراوەتەگەڕ هەرچەندە ناونیشانی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەم حزب یاخود ئەو حزبیان هەڵگرتووە، بەڵام لەواقیعدا دەستكەوتێكە ئەگەر وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن نەبووایە، بەدی نەدەهات، ئەو وادەیەش كاتێكی دیاریكراو‌و كورتە لەلایەن كاندیدەكانەوە بۆ سەلماندنی لێهاتووییان‌و راكێشانی لایەنگرانیان بەكاردەهێنرێت".

هەروەها وتی: "ئەگەر كاری كاندیدەكانی هەڵبژاردن دوای دەرچوون‌و وەرگرتنی بەرپرسیارێتییەكانیان بە دەنگی گەل بەم شێوە بووایە، ئەوا حاڵمان باشتر دەبوو، هاووڵاتی شاد دەبوو بە خزمەتگوزاری‌و چاودێری حكومەت تا لەو واقیعە تاڵە دەریبهێنێت نەك تەنیا لەكاتی هەڵبژاردندا".

هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن كاری نایاساییشی تێكەوت یاخود ئەوەی هەندێك كەس بە كێبڕكێی ناشەریفانە‌و بەدەستهێنانی دەنگ بەشێوەی ناڕەوا ناوی دەبەن، بەڵام بەلای هەندێك لە هاووڵاتیانەوە سەرچاوەیەكیشە بۆ بژێوی‌و پێویستی بە ماندووبوونی جەستەیی نییە، تەنیا ئەوەندەی پێویستە  ئامادەبێت‌و گوێ لە هەندێك وشە‌و راسپاردەی حزب‌و قەوارە سیاسییەكان بگرێت كە بانگەشن بۆ چەند كەسایەتییەكی دیاریكراو لە بەرامبەریشدا بڕێك پارە دەدرێتە ئامادەبووان.

لەیس عەبود (29 ساڵ) ناوی خوازراوی یەكێكە لە دانیشتووانی شاری كەرمە (50 كم لە خۆرهەڵاتی بەغدای پایتەخت) وا راهاتووە هەفتانە ئامادەی بازنەیەكی گفتوگۆ ببێت كە لایەنگرانی یەكێك لە قەوارە سیاسییەكان رێكیدەخەن‌و ئێستاش كرێی بەشداریكردنی راكێشانی چەند گوێگر‌و بەشدارێك لەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە، وەردەگرێت.

عەبود ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە"زۆرینەی زۆری ئەوانەی بە بەردەوامی ئامادەی ئەو بازنە گفتوگۆیانە دەبن، ئێستا داهاتێكی هەفتانەیان هەیە لەبەرامبەر ئامادەبوونیان، هەمووشیان دڵنیان لەوەی ئەو بڕە پارەیە دوای كۆتاییهاتنی بانگەشەی هەڵبژاردن نامێنێت، هیوادارین بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ماوەیەكی زیاتر بووایە، چونكە تەنیا لەو ماوەیەدا بە چاوی خۆمان سیاسییەكان‌و كاندیدەكان دەبینین هەوڵی رازیكردن‌و راكێشانمان دەدەن بەهەموو شێوازێك".

هەروەها وتی: "بانگەشەی هەڵبژاردن دەرفەتێكە بۆ زۆربەمان بەتایبەتیش بێكاران تا سوود لە پرۆژە‌و بەرنامەی كوتلە سیاسییەكان وەربگرن كە دوو سێ مانگ پێش وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن هەوڵی بەدەستهێنانی دەنگی دەنگدەران دەدەن، ئێمەش لەلای خۆمانەوە ئەو هەوڵانە دەقۆزینەوە بۆ بەرژەوەندی خۆمان چ بەرژەوەندی ماددی بێت یاخود مەعنەوی".

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی بە سی رۆژ دیاریكردووە وەك زۆرترین ماوە كە كاندیدەكان دەتوانن بیقۆزنەوە بۆ بانگەشەكردن بۆ بەرنامە‌و لیستەكانیان‌و ریزبەندی هەڵبژاردنیان لەڕێی كەناڵە جیاجیاكانی میدیا‌و پۆستەر‌و ریكلامەوە، ئەگەرچی ئەو ریكلامكردنە زۆرینەی هاووڵاتیان توڕە دەكات، بەڵام دووپاتیدەكەنەوە كە كارلێكی لەگەڵ دەكەن، چونكە هاوكاتە لەگەڵ ئەو دەستكەوت‌و خزمەتگوزاریانەی ئەگەر ئەو بانگەشەیە نەبووایە بەدی نەدەهاتن.

ئەیمەن عەبدولكەریم (52 ساڵ) كە نیشتەجێی یەكێك لە گەڕەكە دوورەكانی دەوروبەری شاری رومادیە (110 كم لە خۆرئاوای بەغدای پایتەخت) كەژاوەی ئۆتۆمبێلی بەرپرسان‌و كاندیدانی نوێ دەبینێت كە بە ناوچەكەیدا دەسوڕێنەوە‌و چالاكی رۆشنبیری رێكدەخەن‌و لە ژێر دروشمی حزبی‌و سیاسیدا تواناكانی شارەوانی دەخەنەگەڕ.

كاتێك لە چایخانەیەكی میللی ناوەڕاستی رومادیدا چاومان بە عەبدولكەریم كەوت، قسەی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی:"ئاواتەخوازم ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن یەك ساڵی تەواو یان دوو ساڵ بێت تا بتوانین ئەو كەسانە بناسین كە كێبڕكێ بۆ خزمەتكردنمان دەكەن، هەروەها بۆئەوەی سوود لەو توانا زۆرانە وەربگرین كە لەماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا هەوڵی خزمەتكردنمان دەدەن".

وتیشی: "ئەگەر بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەموو خولێكی هەڵبژاردندا بۆ ماوەیەكی زۆر بووایە، ئەوا هەموو شەقامەكان قیرتاو دەكران‌و خزمەتگوزاری ئاو‌و كارەبا لە باشترین باریدا دەبوو، لەسەروو هەموو ئەوانەشەوە رازیكردنی هاووڵاتی مەبەستی هەموو سیاسییەكان دەبوو لەماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا، ئەوەندەمان بەسە كە هەست بە بایەخپێدان بكەین ئەگەر تەنیا لەو ماوەیەشدا بێت".

لەو كاتەدا حاجی عەبدولڕەحمان شەعبانی (61 ساڵ) قسەكەی پێبڕی‌و وتی: "بۆچی ئەم هەستەشمان بەزۆر دەزانن؟ ئێمە وا هەستدەكەین لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بایەخێكی زۆرمان هەیە، پێش یەك دوو مانگ لە راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی وا هەستدەكەین لە وڵاتێكداین بەكرداری هەوڵ بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیانی دەدات، هەروەك دڵنیاشین لەوەی سیاسییەكان تەنیا دەیانەوێت بە هەر شێوەیەك بێت رازیمان بكەن".

رەنگە هاووڵاتیان لەسەر هەق بن كە خوازیارن ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن زۆر لەوە زیاتر بێت هەرچەندە داواكارییەكەشیان وەكو گاڵتەپێكردن‌و لەدەرەوەی لۆجیكە، بەڵام رەنگدانەوەی ئەو واقیعەیە هاووڵاتیانی تێدا دەژین كە تامەزرۆی خزمەتگوزاری‌و گرنگیپێدانی حكومین تا لەو واقیعە تاڵە دەربازیان بكات كە بەدرێژایی ماوەی خولێكی تەواوی هەڵبژاردن تێیدا دەژین‌و تەنیا تایبەت نەبێت بە ماوەی بانگەشە.