پەیج‌و گرووپی بەكرێگیراو.. نەبوونی یاسا‌و میدیای لایەندار هۆكاری زیادبوونی هەواڵی ساختەن

عیراق

28/04/2018‌ 1030 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردن دەیان هەواڵی هەڵبەستراو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیان تەنیوە، ئابڕووچوون، وێنە‌و گرتەی ڤیدیۆیی دروستكراو تەنانەت لە خودی هەڵبژاردن زیاتر عێراقییەكانیان سەرقاڵ كردووە.

هەفتەی رابردوو هەواڵێكی هەڵبەستراو لە چەند پەیجێكی فەیسبووك لە عێراق بڵاوبووەوە دەڵێت كۆمسیۆنی هەڵبژاردن 75 كاندیدی ژنی بەهۆكاری ئەخلاقی لە هەڵبژاردن دەركردووە، تیمی "نیقاش"یش درۆكەی ئاشكراكرد‌و بەرپرسانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن هەواڵەكەیان رەتكردەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش رایگشتی باوەڕی پێكرد، هۆكارەكەش ئەوەیە گرتەیەكی ڤیدیۆیی سێكسی یەكێك لە ژنە كاندیدەكان لە فەیسبووك بڵاوبووەوەو ئەوە بەس بوو بۆئەوەی بەكارهێنەرانی فەیسبووك گرتە ڤیدیۆییە سێكسییەكە‌و هەواڵە هەڵبەستراوەكە پێكەوە گرێبدەن‌و بگەنە ئەو دەرئەنجامەی راستییە هەرچەندە دەسەڵاتداران رەتیان كردووەتەوە.

دوای چەند سەعاتێك هەواڵێكی دیكەی درۆ بڵاوبووەوە كە دەڵێت ئەو ژنە كاندیدەی لە گرتە سێكسییەكەدا دەركەوتووە خۆی كوشتووە بەهۆی ئەو ئابڕووچوون‌و داب‌و نەریتە كۆمەڵایەتییانەوە كە گوشار لەسەر ئەو ژنانە دروست دەكەن كە تووشی ئابڕووچوون دەبن‌و ناچار بەخۆكوشتن دەبن، بۆیە عێراقییەكان گەیشتنە ئەو دەرئەنجامەی هەواڵەكە راستە، هەرچەندە ژنە كاندیدەكە لە كەناڵێكی تەلەفزیۆنی ناوخۆیی ناسراو دەركەوت‌و هەواڵەكەی رەتكردەوە.

هەنا ئەدوەر سەرۆكی كۆمەڵەی ئەمەل بە "نیقاش"ی وت: "چەند رۆژێكە بەرەوپێشچوونێكی مەترسیدار لە كۆمەڵگەی عێراقیدا روویداوە، هەواڵی درۆ بووەتە فاكتەرێك بۆ دروستكردنی رایگشتی دژ بە ژنان بە بەكارهێنانی ئابڕووچوونی سێكسی لەڕێی وێنەی ساختە‌وە، بەداخیشەوە زۆرێك لە عێراقییەكان باوەڕیان پێكردووە‌و دەستیانكردووە بە بڵاوكردنەوەی بۆچوونی توندڕەوانە سەبارەت بە ژنان‌و ئەو دەستەواژەیە دووبارە دەكەنەوە كە دەڵێت شوێنی ژنان تەنیا ماڵەوەیە".

ئەدوەر وتیشی: "سوپای ئەلیكترۆنی رێكخراو پلانی باشیان بۆ هەڵبژاردن ئامادەكردووە‌و هەواڵی ساختە لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بەرهەمدەهێنن، ئەمەش كاتێك روودەدات كە شەفافیەت لەلای بڕیاربەدەستان نەبێت‌و بەرپرسان رازینەبن قسە لەسەر مەسەلە گرنگەكان بكەن، هاوكات بەداخەوە كەناڵەكانی راگەیاندن بوونەتە ناپیشەیی بەهۆی شوێنكەوتەییان بۆ حزبەكان، ئەمەش كارەساتی دروست كردووە".

بەدرێژایی چەند مانگی رابردوو تیمی "نیقاش" بەدەیان هەواڵی ساختەی لە عێراق ئاشكراكرد، كێشەكەش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا نییە، بەڵكو چەند كەناڵێكی راگەیاندنی بەناوبانگی ناوخۆ ئەو هەواڵانەیان بڵاوكردەوە، تەنانەت دوای ئەوەش كە ئاشكراكرا ئەو هەواڵانە ساختەن، كەناڵەكانی راگەیاندن لە سایتەكانیان نەیانسڕینەوە، چونكە چاودێری یاسایی نییە.

بەوتەی نووسەران‌و بەڕێوەبەرانی پەیجە بەرفراوانەكانی فەیسبووك كە لەوبارەیەوە قسەیان بۆ "نیقاش" كرد، پێش بەرهەمهێنانی هەواڵە ساختەكان چەند قۆناغێك هەن، یەكەمیان ئاڕاستەكردنی رایگشتییە بەرەو بیرۆكەیەكی دیاریكراو‌و چەسپاندنی بیرۆكەكو، پاشان هەواڵە ساختەكان بڵاودەكرێنەوە.

بەڵام كێ لەپشت بەرهەمهێنانی هەواڵی ساختەوەیە؟ شێوازی داڕشتنی ئەو هەواڵانە‌و ئەو توانایەی لە مۆنتاجكردنی وێنە‌و گرتە ڤیدیۆییەكان بەكاردەهێنرێت بەزۆری ناپیشەیین، بەڵام چەند پۆستێكی دیكە ئاماژەن بۆئەوەی پسپۆر‌و شارەزایانی نووسینی هەواڵ‌و مۆنتاجكردن‌و تەنانەت دەروونناسیش لەپشتیانەوەن، كات‌و چۆنیەتی بڵاوكردنەوەیان زیرەكییان تێدایە.

بەڕێوەبەرانی دەیان پەیجی فەیسبووك رازی نەبوون وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەنەوە كە تیمی "نیقاش" سەبارەت بەو هەواڵە ساختانەی لە پەیجەكانیان بڵاویان كردبوونەوە، بۆی ناردبوون، ژمارەیەك لەو پەیجانە "بلۆك"یان هەڵبژارد تا چیتر بە پرسیار هەراسان نەكرێن، هەندێك پەیجیش بە هەڕەشە‌و هاككردنی ئەكاونتەكەمان وەڵامیان داینەوە.

تا كاتێكی نزیكیش هەواڵە هەڵبەستراوەكان بەشێوەیەكی هەڕەمەكی‌و بەبێ ئامانجی سیاسی روون لە وڵاتدا بڵاودەبوونەوە تەنیا ئەوە نەبێت كە بۆ پەیداكردنی بینەر زیاتر بوون، بەڵام دواتر سیاسییەكان‌و بەرپرسان خۆیان خزاندە نێو بوارەكە ئەویش دوای ئەوەی بۆیان دەركەوت تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە كەناڵە تەقلیدییەكانی راگەیاندن گرنگترن بۆ عێراقییەكان.

حەیدەر جەلیل (17 ساڵ) بەڕێوەبەری یەكێك لە پەیجەكان كە داوایكرد ناوەكەی نەهێنرێت، بە "نیقاش"ی وت: "بەڕێوەبردنی پەیجەكان لە فەیسبووك ماندووكەرە‌و وەك ئەوە نییە كە بیری لێدەكرێتەوە، لەگەڵ 10 كەسدا پەیجەكە بەڕێوەدەبەم‌و خشتەیەكمان هەیە بۆ كاتی كاركردن لە پەیجەكەدا، بۆ نموونە ئێستا ئەركی من بەڕێوەبردنی پەیجەكەیە لە سەعات نۆی شەو تا سەعات 12ی شەو، لەكاتێكدا هاوكارانم بەدوای ئەو هەواڵ‌و بڵاوكراوە سەرنجڕاكێشانەدا دەگەڕێن كە بینەر رادەكێشن، بەڕاشكاوی دەیڵێم ئامانجمان كۆكردنەوەی هەزاران بینەرە‌و توانیویشمانە ئەو كارە بكەین تا گەیشتینە زیاتر لە نیو ملیۆن بینەر بەبێ ئەوەی یەك دۆلار بدەین".

ئەو پەیجەی حەیدەر كاری تێدا دەكات لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو وێنەیەكی بڵاوكردەوە كە درزێكی گەورە لە زەویدا پیشان دەدات‌و وتی ئەوە وێنەی وێرانكاریی ئەو بوومەلەرزەیەیە كە لەو ماوەیەدا عێراقی گرتەوە‌و هەواڵەكەشی دوای تەنیا 10 دەقیقە لە بوومەلەرزەكە بڵاوكردەوە كە عێراقییەكان چاویان لەسەر هەر هەواڵ‌و وێنەیەك بوو لەوبارەیەوە بڵاوبكرێتەوە.

بەڵام تیمی "نقاش" ئاشكرای كرد كە وێنەكە هی بوومەلەرزەیەكی پێشترە كە مەغریبی گرتۆتەوە‌و وێنەكەش لە رۆژدا گیراوە، هەرچەندە ئەو بوومەلەرزەیەی عێراقی گرتەوە لە شەودا روویدا ئەوەش مانای ئەوەیە دەبووایە ئەو وێنەیەی پەیجەكە دوای چەند دەقیقەیەك لە بوومەرلەزەكە بڵاویكردەوە، تاریك بێت، كەچی عێراقییەكا باوەڕیان بە وێنەكە كرد.

حەیدەر دەڵێت: "ئەو هەواڵەم لەبیرە كە لە یەكێك لە پەیجەكاندا بڵاوبوەوە، ئێمەش لە پەیجەكەمان بڵاومان كردەوە بۆ پەیداكردنی بینەر". وتیشی: "هەندێك جار لە كاتی روودانی رووداوی گەورەی وەكو بوومەرلەزەدا چەند هەواڵێك دروست دەكەین، بەڵام بەزۆری ئێمە ئەو هەواڵانە لە پەیجەكانی دیكەوە وەردەگرین كە پێش ئێمە هەواڵەكەیان بەهەرمهێناوە، ئێمە ئازاری كەس نادەین‌و تەنیا هەوڵدەدەین ببینە باشترین لە نێو پەیجەكاندا".

ئاشكرایە كە زۆربەی هەواڵ‌و پۆستە ساختەكان لە پەیجی دیكەوە كۆپی دەكرێن، تیمی "نیقاش" لەڕێی چەندین هەواڵی ساختەوە ئەوەی ئاشكراكرد‌و دەردەكەوێت پەیجەكان بە جیاوازی چەند دەقیقەیەك یان چەند سەعاتێكی كەم بەهەمان شێوە‌و وێنەوە بڵاویان كردووەتەوە، وەكو ئەم هەواڵە:
https://www.facebook.com/permalink.php?story_fbid=2093317324016708&id=537433576271765

یوسف موسەوی مامۆستای دەروونناسی‌و رێنمایی دەروونی بە "نیقاش" وت: "هەواڵی درۆ لەو كۆمەڵگایانەدا دروستدەكرێن كە بەگومان دەورە دراون، ئەو هەواڵانە ئامانجیان چاندنی گومانە‌و رەوشی سیاسی‌و ئەمنی‌و كۆمەڵایەتی ئاڵۆز دەقۆزنەوە، رۆژانە لە عێراقدا دەیان هەواڵی درۆ بڵاودەكرێنەوە، بەڵام تەنیا هەندێكیان دەبنە جێی بایەخی جەماوەر، چونكە پەیوەستن بە خواستە ئایینی‌و سیاسییەكانیانەوە، بۆیە كۆمەڵگە هەواڵە ساختەكان دەجووڵێنێت‌و وادەكات بڵاوببنەوە یاخود سنووردار بن، ئەویش لە نەزانییەوەیە".

سوپای ئەلیكترۆنی سەر بە سیاسییەكان
چەند مانگێكە سیاسییەكان‌و بەرپرسان بەشدارن لە پرۆسەی دروستكردنی هەواڵی ساختە لە ئاستێكی نوێی ململانێی نێوان حزبەكان‌و دوور لە كەنالًە تەقلیدییەكان وەكو یەكترتۆمەتباركردن لەڕێی لێدوان‌و مشتومڕی نێو پەرلەمان، بەڵكو ئێستا ململانێكە لەڕێی سوپا ئەلیكترۆنییە نادیار‌و بەكرێگیراوەكانی نێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بەڕێوەدەچێت.

لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنیشدا هەواڵە ساختەكان بەشێوەیەكی تێبینیكراو زیادیان كردووە، زۆربەی عێراقییەكانیش لەڕێی گەڕان لە "فەیسبووك"دا دەیان پەیجی سپۆنسەركراو دەبینن كە داوای پەیوەندییان لێدەكەن‌و زۆر جاریش لە چەند رۆژێكی كەمدا لەڕێی بەكارهێنانی "ریكلامی سپۆنسەركراو" هەروەها لەڕێی ئەو هەواڵە ساختانەی سیاسییەكان دەكەنە ئامانج، بەهەزاران بینەر زیاد دەكەن.

تیمی "نیقاش" تێبینی ژمارەیەك هەواڵی ساختەی كرد كە بۆ یەكەمجار لە پەیجە سپۆنسەركراوەكانەوە بڵاوبوونەتەوە‌و دواتر پەیجەكانی دیكە‌و بلۆگەرەكان وەریانگرتوونەتەوە‌و بەشێوەیەكی بەرفراوان بڵاوبوونەتەوە، بۆ نموونە پەیجی "حەرامیە" (سپۆنسەركراو) پۆستێكی بڵاوكردەوە كە تێیدا هێرش دەكاتە سەر هەڵمەتی بانگەشەی یەكێك لە حزبەكان لەڕێی چەند وێنەیەكی ساختەوە، دواتر چەند پەیجێكی گشتی دیكە هەواڵەكەیان بەهەمان داڕشتن‌و وێنەوە بڵاوكردەوە.

سامر دلێمی كە فەرمانبەری یەكێك لە بانكەكانە لە بەغدا بە "نیقاش"ی وت: "ماوەی دوو هەفتەیە تێبینیمان كردووە داواكاری بۆ بەدەستهێنانی ڤێزا كارد زیادی كردووە، بانكەكەمان یەكێكە لەو چەند بانكەی كە لە بەغدا خزمەتگوزاری ڤیزا كارد دابین دەكەن، كڕیارە نوێیەكان داوای ڤیزا كارد دەكەن‌و بڕێك پارە دادەنێن كە لە هەزار دۆلار زیاتر نەبێت، كاتێكیش فۆرمی ئەو راپرسییە دەخوێننەوە كە سەبارەت بە مەبەستیان لە كڕینی ڤیزاكارد بەسەریاندا دابەشكراوە، زۆربەیان دەڵێن بۆ كڕینی ئەلیكترۆنی‌و بەكارهێنانیەتی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا".

دوای ئەوەی لەنێو عێراقییەكاندا قسە لەسەر سوپا ئەلیكترۆنییە سپۆنسەركراوەكان كرا، ئەمجارە سیاسییەكان پەنایان بۆ كڕینی پەیج‌و گرووپی گشتی برد كە پەیوەندیان بە سیاسەتەوە نییە تا چالاكییەكانیان بشارنەوە، تیمی "نیقاش" تێبینی ئەوەی كرد كە ناوی دەیان گرووپ گۆڕاون بە ناوی نوێ كە ناوی حزب‌و بەرپرس‌و كاندیدەكانیان لێنراوە، بەڵام ئاخۆ پرۆسەی كڕینی پەیجەكان چۆن ئەنجام دەدرێت‌و بە چ بڕە پارەیەك؟

ئەركان شممەری یەكێكە لەو حەوت ئەدمینەی گرووپێك لە فەیسبووك بەڕێوەدەبەن كە ژمارەی ئەندامانی 300 هەزار كەسە، بەڵام ئەو لە بەڕێوەبردنی پەیجەكە كشایەوە پاش ئەوەی هاوكارێكی پەیجەكەی بە یەكێك لە حزبەكان فرۆشت، شممەری بە "نیقاش"ی وت: "تێبینیم كرد هەندێك لە هاوكارانم لە ئەدمینەكانی گرووپەكە دەستیانكردووە بە بڵاوكردنەوەی ئەو هەواڵانەی ستایشی یەكێك لە حزبەكان دەكەن‌و لەڕێی هەواڵی ساختەوە هێرش دەكەنە سەر حزبی دیكە، دەركەوت هەندێك لە ئەدمینەكان رێككەوتوون پەیجەكە بە یەكێك لە حزبەكان بفرۆشن لەبەرامبەر پێنج هەزار دۆلار‌و مووچەی 500 دۆلاری مانگانە بۆ هەر ئەدمینێك كە رەزای بێت بە بەردەوامبوون لەسەر كار، كاتێكیش من‌و سێ لە هاوكارانم رەتمانكردەوە دوورخراینەوە‌و چالاكیمان لە گرووپەكەدا بلۆككرا. هەوڵمدا لەپۆستێكدا لەئەكاونتە تایبەتییەكەی خۆم ئەو كارە ئاشكرا بكەم، بەڵام لەلایەن هاوكارانم لە گرووپەكە رووبەڕووی هەڕەشە بوومەوە‌و داوایانلێكردم پۆستەكە بسڕمەوە یاخود هاكم دەكەن یان لەڕێی هەزاران بەكارهێنەری گرووپەكەوە ئەكاونتەكەم دادەخەن".

ئیرادە جبوری یاریدەدەری راگری كۆلیجی راگەیاندن لە زانكۆی بەغدا بە "نیقاش"ی وت: "بێگومان چەند لایەنێكی سیاسی لەپشت ئەو هەواڵە ساختانەوەن كە لەڕێی پەیجی سپۆنسەركراو بڵاودەبنەوە بەتایبەتی لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردندا، لەڕێی ئەو هەواڵانەوە خواستی جەماوەر دەقۆزنەوە‌و دەیانترسێنن، بەداخەوە ئەو هەواڵانەش بەئاسانی بڵاودەبنەوە لەبەرئەوەی یاسا نییە چاودێری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بكات".

عێراقییەكان شانازی بەوەوە دەكەن كە یاساكانی تایبەت بە سزاكانی كەتن‌و باری شاستانی لە باشترین‌و كۆنترین یاساكانن لە دەوڵەتانی عەرەبیدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە چارەسەركردنی پێشكەوتنە تەكنۆلۆجییەكانی ئەم دواییەدا دواكەوتوون، بۆ نموونە هێشتا یاسای چاپەمەنی‌و بڵاوكردنەوە كە ساڵی 1968 دەرچووە بەركارە‌و تایبەتە بە كەناڵەكانی راگەیاندن‌و رۆژنامەكان، بەڵام ئەی چی دەربارەی بڵاوكردنەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا؟

ئەحمەد حەمەدەڵڵا مامۆستای یاسای جینائی لە زانكۆی قادسیە دووپاتی دەكاتەوە كە پێویستمان بە شۆڕشێك لە یاسادا هەیە بۆ ئەوەی پێشكەوتنی تەكنۆلۆجی بگرێتەوە بەتایبەتی لە ئینتەرنێتدا، هەروەها بە "نیقاش"ی وت:"هەوڵەكان بۆ دەركردنی یاسای تایبەت بە بڵاوكردنەوە‌و ئینتەرنێت‌و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەردەوامن‌و پرۆژەیاسای تاوانە دیجیتاڵیەكان هەیە ئەگەر پەسەند بكرێت، ئەوا كێشەی زۆر گەورە سەبارەت ئینتەرنێت چارەسەر دەكات".

دیاردەی هەواڵی ساختە لە وڵاتدا خێرابووە‌و ئێستا بووەتە جێی بایەخی مامۆستایانی راگەیاندن‌و یاسا لە زانكۆكاندا، لەوبارەیەشەوە مامۆستا ئیرادە جبوری دەڵێت كولیجەكەیان پەیڕەوێكی نوێی تایبەت بە دژایەتیكردنی هەواڵی ساختە داناوە، هاوكات مامۆستا ئەحمەد حەمەدەڵڵا دەڵێت چەندین خوێندكاری ماجستێر‌و دكتۆرا بابەتی تایبەت بە هەواڵی ساختەیان بۆ توێژنەوەی دەرچوونیان هەڵبژاردووە.

چەند رۆژێك لەمەوبەریش ئەحمەد حەمەدەڵڵا یەكێك بوو لە سەرپەرشتیارانی گفتوگۆی نامەی ماستەری یەكێك لە خوێندكارانی كۆلیجی ماف لە زانكۆی نەهرەین‌و ناونیشانەكەی بریتی بوو لە "بەرپرسیارێتی سزایی بانگەشەكردن بۆ پروپاگەندەی درۆ‌و مەبەستدار لەڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە".