روسیا گەمە بەنەوتی كوردستانەوە دەكات
ناوەڕۆكی نامەكەی بەرێوەبەری كۆمپانیای رۆزنەفت بۆ بەغدا

عیراق

28/04/2018‌ 9219 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی پێشوو لەسەروەختی قەیرانە سیاسییە هەر گەورەكانی هەرێمی كوردستاندا نامەیەك لەلایەن بەڕێوبەری باڵای كاروباری نەوت كۆمپانیای رۆزنەفت ئایگۆر سێشین لەكرملینەوە دەگاتە دەستی  وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەغدا.

بەڵام بەر لەپێشكەشكردنی وتاری ساڵانەی خۆی سەبارەت بەرەوشی وڵات لەبەردەم كۆمەڵەی فیدڕاڵی لەمۆسكۆ لەیەكی مانگی سێی 2018 دا سەرۆكی روسیادا ڤیلادیمیر پوتین، سەرپەرشتیاری جێبەجێكاری رۆزنەفت ئیگۆر سێشنی بینیوە.

سێشن لە نامەیەكدا كە كۆپییەكی لەلای رۆیتەرز پارێزراوە دەنوسێت "حكومەتی ناوەندی بەغدا سەبارەت بە پێشنیازەكەی رۆزنەفت هەڵوێستێكی بونیادنەرانەو بایەخدەرانەی نەبوو بۆ پەرەپێدانی كێڵگە نەوتییەكانی باكووری عێراق".

كوردستان هەرێمێكە، كە دانیشتوانەكەی نزیكەی 6 ملیۆن كەسە كەوتۆتە باكوری عێراقەوە، كە لەو دواییانەدا هەوڵیاندا و شكستیان هێنا بۆ جیابوونەوە لە عێراق. بەغداد بە ریفراندۆمەكەی 25 ی سێپتەمبەری كوردەكان كە بۆ سەربەخۆیی بوو رازینەبوو؛ هاوكات هێزەكانی نارد بۆ كۆنترۆڵكردنی كێڵگە نەوتییەكانی كوردستان كە سەرچاوەگەلێكی دارایی سەرەكی بوو بۆیان.

 ئێستاكە سێشن نزیكترین هاوپەیمانەكانی ڤلادیمێر پوتینی سەرۆكە، وتبووی بە رەچاوكردنی راڕایی بەغدا سەبارەت بە كاركردن لەگەڵ كۆمپانیای رۆزنەفتدا، لەبری ئەوە كۆمپانیاكە هەڵدەستێت بە سازكردنی كاروباری بازرگانی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، كە وادیارە بایەخدانێكی زۆر هەیە بۆ بەرفراوانكردنی هەماهەنگییە ستراتیژییەكان.   

زلهێزەكانی جیهان كە ولایەتە یەكگرتووەكان و یەكێتی ئەوروپاش پێشتر هاوسۆزی خۆیان لەبارەی هەڵمەتی سەربەخۆیی كوردستانەوە دەربڕیبوو، بەڵام لەكۆتاییدا عێراق دڵنیادەكەنەوە كە دان بە قەڵەمڕەویەكەیدا بنێن بەسەر تەواوی عێراقدا؛ كە كوردستانیش دەگرێتەوە.

بەڵام لەنامەكەی سێشین دا هیچ ئاماژە نەدراوە بەو رێككەوتنە. لەكاتێكدا رۆزنەفت بەڵێنیداوە لەبەرامبەر توڕەیی بەغدادا ملیارەها دۆلار لە كوردستان وەبەربهێنێت؛  ئێستاش لەبری پەشیمان بونەوە، وەبەرهەمهێنانەكە بووە بە دەبڵ.

بەپێی حەوت سەرچاوە كە ئاشنای ئەو كێشەیەن، سێشن دەستێكی باڵاو بەهێزی هەبووە بەبەراورد بە درككردنی زۆرێك لە كاربەدەستانی عێراق. بەرلە چەند رۆژێك؛ كۆمپانیای رۆزنەفت بەرامبەر 1.8 ملیار دۆلار دەسەڵاتی خاوەندارێتی بۆرییە نەوتەكانی هەناردەكردنی نەوتی كوردستانی گرتەدەست، كە لە هەرێمەوە بەرەو توركیا دەڕوات. 

بەپێی سەرچاوەكانی وەك رۆزنەفت و پیشەسازی نەوت و كوردەكان و حكومەتی عێراقیش؛ مەبەستی رێككەوتنەكە بۆ رۆزنەفت تەنها كارێكی بازرگانی نەبوو، بەڵكو بۆ پەرەپێدانی كاریگەری دەستڕۆیشتوویی سیاسەتی روسیا بوو لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

كۆنتڕۆڵكردنی شابۆرییە نەوتەكان وا لە رۆزنەفت دەكات كە رۆڵێكی سەنتەری هەبێت لەو وتوێژانەی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدادا بە مەبەستی هەناردەكردنی تەواوەتی نەوت؛ ئەوەی كە بە هۆی ریفرندۆمەكەوە كۆنترۆڵكردنی كێڵگە نەوتییەكانەوە لەلایەن عێراقەوە لەكاركەوتبوو یان هەڵوەشابوەوە.

كوردستان خاوەنی نەوتێكی یەدەكی زۆرە، كە دەكاتە سێ بەشی تەواوی نەوتی یەدەكی عێراق؛ لەبەرئەوە هەناردەكانی تێكڕا ئابوری هەرێمی و نیشتیمانی پێكەوە دەبوژێنێتەوە.

هاوكات وەزارەتی نەوتی عێراق هیچ سەرنجێكی لەبارەی لایەنە سیاسییەكانی رێككەوتنەكەی رۆزنەفتەوە نەخستوەتەڕوو.

لەكەرەكاسەوە بۆ نیودلهی
سەرچاوەكان دەڵێن رەفتارەكانی رۆزنەفت لە كوردستان؛ ئەو هەرێمەی كە دەمێكە هاوپەیمانی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە، وەستاوە لەسەر ئەوەی كە كرملین چۆن بە چاوێكی تیژەوە رۆزنەفت و بەڕێوبەرە جێبەجێكارەكەی بەكاردەهێنێت وەك ئامرازێك بۆ سیاسەتی دەرەوەی روسیا لەتەواوی جیهاندا؛ واتە لەهەولێرەوە تا كاراكاس و نیودلهی.

كۆبوونەوەكەی مۆسكۆ
كوردەكان دەمێكە ئەوە دەڵێن كە هەرێمە ئۆتۆنۆمییەكەی كە لە عێراقدا هەیانە دەسەڵاتی ئەوەشیان هەیە كە رێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكاندا بكەن لەبارەی دەرهێنانی نەوت لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیاندا. لەساڵی 2014 دا دەستیانكرد بە هەناردەكردنی سەربەخۆییانەی نەوت بۆ توركیا. 

بەڵام حكومەتی ناوەندی عێراق دەڵێت هەرچۆنێك بێت هەر رێككەوتنێكی كوردەكان و هەر هەناردەكردنێكی نەوتی كوردستان بەبێ رەزامەندی بەغدا نایاساییە. 
 
روسیا تاكە وڵاتی زلهێز بوو كە دژی ریفراندۆم نەبوو و وتیان كە ئەوان لە خواستی سەربەخۆیی كوردەكان تێدەگەن. بەڵام ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و یەكێتی ئەوروپا و توركیا و ئێران تێكڕا چەند هەفتەیەك بەر لە ریفراندۆمەكە داوایان لە هەولێر كرد كە راپرسییەكە نەكەن یان دوای بخەن.   
 
لەكاتێكدا وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رێكس تێلیرسن ناسەركەوتوانە لەهەوڵی ئەوەی دابوو كە راپرسیی كوردەكان بۆ سەربەخۆی دوابخات، بەڵام سێشین سەرقاڵی رێككەوتنامەی بۆرییە نەوتەكان بوو.

بەپێی سەرچاوەكان هەر دوابەدوای ریفراندۆمەكە، كاربەدەستانی كورد بە ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانیشەوە فڕین بەرەو مۆسكۆ بۆ بینینی بەڕێوبەری جێبەجێكاری رۆزنەفت و كاربەدەستانی وەزارەتی دەرەوەی روسیا.

لە ٢٠ ئۆكتۆبەردا هەر دوابەدوای ئەو فەوزایەی پاش ریفراندۆم؛ دەمودەست میلیشیا شیعە عێراقییەكان كە لەلایەن هێزەكانی ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن هەستان بە داخستن و بێبەشكردنی هێزەكانی پێشمەرگە لە كێڵگە نەوتییەكانی كەركوك و سیشینیش هەستا بە داخستنی گرێبەستەكە.

رۆزنەفت دوایەمین بڕە پارەی رێككەوتنەكەی داوە بە هەولێر كە دەكاتە 1.8 ملیار دۆلار، رۆزنەفت و سێشن هەردوكیان ئەوەیان ئاشكرا نەكردووە لەكاتێكدا هەردووكیان دەچنە خانەی ملكەچبوونەوە بۆ سزاكانی رۆژئاوا بەرامبەر روسیا پەیوەست بە كریماوە، بەڵام كۆمپانیاكە بە هیچ شێوەیەك ئەوەی ئاشكرانەكردووە كە پارەی بۆرییە نەوتییەكانی داوە.

نووسینی: دیمتری ژیدانیكۆڤ
وەرگێڕان‌و ئامادەكردنی لەئینگلیزییەوە: ئاسۆ جەبار- ئەمریكا