شارپرێس:
حكومەتی عێراقی لەڕێگای وەزارەتی گواستنەوەی هۆشداری دەداتە حكومەتی توركیا، كە ئەگەر سوربێت لەسەر بڕیاری داخستنی ئاسمانی وڵاتەكەی بەڕووی گەشتەكان بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ئەوا فڕۆكەخانەكانی عێراق بەڕووی گەشتەكانی هێڵە ئاسمانییەكانی توركیا دادەخات.
ئەندازیار تاهیر عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لەمیانەی وتووێژێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا وتی: "تائێستا بڕیاری حكومەتی توركیا ئەوەیە، كە ڕێگە نەدات بەگەشتی هیچ وڵاتێك لە فڕۆكەخانەكانیەوە بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی وە بەپێچەوانەشەوە، بەڵام ئەوەندەی ئاگاداربم حكومەتی عێراقی لەڕێگای وەزارەتی گواستنەوەی خۆیەوە باڵوێزخانەی توركیای ئاگاداركردووەتەوە بەپێی ڕێككەوتنامە نێودەوڵەتییەكانو ئەو ڕێكەوتننامە دوو قۆڵییەی لەنێوان توركیا و عێراقدا هەیە مامەڵەی هاوشێوە بكات".
ئەندازیار تاهیر عەبدوڵڵا وتیشی: "چۆن توركیا فڕۆكەخانەی سلێمانیان خستووەتە ژێر گەمارۆوە وەزارەتی گواستنەوەی عێراقیش بەنیازە ئەگەر بۆی بكرێت فڕۆكەخانەكانی عێراق بەڕووی گەشتی هێڵە ئاسمانییەكانی توركیا دابخات."
هەروەها وتی: "هیوادارین ئەوە جێبەجێبكرێت وەك فشارێك لەسەر دەسپێكردنەوەی گەشتەكان بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، بەڵام تائێستا ئەوە نەچووەتە بواری جێبەجێكردنو تەنیا لەڕێگای ڕاگەیاندنەكانەوە بووە، چونكە ناتوانرێت پێشبینی بكرێت ئایا حكومەتی عێراق ئەو بڕیارە جێبەجێدەكات یاخود نا؟ ئێمە ئومێد دەكەین ئەگەر بتوانێت جێبەجێی بكات بۆ ئەوەی تواناو هێز و پێگەی عێراق پیشان بدات."
بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بەدوری زانی حكومەتی عێراقی بتوانێت بڕیارێكی لەو جۆرە بخاتە بواری جێبەجێكردنەوەو وتی: "وەك پێشبینی خۆم حكومەتی عێراق ناتوانێت ئەو بڕیارە جێبەجێبكاتو توركیاش هیچ كاردانەوەیەكی نابێت، چونكە توركیا بەپێی بەرژەوەندی خۆی مامەڵە دەكات."
ئەندازیار تاهیر عەبدوڵا ئاماژەی بەو گەشتانەكرد، كە لەچەند ڕۆژی داهاتوودا بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەست پێدەكاتەوەو ڕایگەیاند "ئەم گەشتانە لەچەند ڕۆژی داهاتوودا لەفڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیەوە دەست پێدەكاتەوە، سلێمانی- بەیروت، سلێمانی-عەممان، سلێمانی-قاهیرە، سلێمانی-لەندەن، سلێمانی- مانچستەر ئەوە سەبارەت بەهێڵی ئاسمانی عیراق، هەروەها هێڵی پادشای ئوردنی گەشتەكانی بۆ سلێمانی عەممان و دۆحە دەست پێدەكاتەوە، هەروەها چاوەڕوان دەكرێت لەچەند ڕۆژی داهاتوودا هێڵەكانی ئاسمانی ئێرانی گەشتەكانی بۆ هەرێمی كوردستان دەستپێبكاتەوە."
پاش نزیكەی شەش مانگ بەسەر بڕیاری داخستنی فڕۆكەخانەكانی هەرێم بەڕووی گەشتە نێودەوڵەتییەكان لەلایەن حكومەتی عێراقییەوە، ڕۆژی ١٥-٣-٢٠١٨، حكومەتی عێراق بڕیاریدا گەمارۆی سەر فڕۆكەخانەكانی هەرێم هەڵبگرێت، سەبارەت بەوەی بۆچی ئەو كاتەی بەسەردا تێپەڕی ئنجا گەشتەكان لەچەند ڕۆژی داهاتوو دەست پێدەكاتەوە؟
ئەندازیار تاهیر عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی وتی: "زۆربەی زۆری گەشتەكان دەستیپێكردووەتەوە، هێڵە ئاسمانییەكان تەواوی گەشتەكانی خۆیان گۆڕیبوو، بۆیە ئەو ماوەیەی دەویست تا خشتەی گەشتەكانی دەست پێبكاتەوەو ڕەزامەندی لەدەسەڵاتی فڕۆكەوانی عێراقی وەربگرێت بەوخشتانە، ئەو پێویست بوو تا گەشتەكان دەست پێبكەنەوە و بچنەوە سەر ڕێڕەوی ئاسایی خۆی."
هـ ـ ح