كوشتنی پیاوە مەترسیدارەكە لەشەوێكی تاریكدا
چیرۆكی كوشتنەكەی ئوسامە بن لادن لەزاری خێزانەكەیەوە

جیهان

02/05/2018‌ 12427 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كاتێك كاتژمێری سفر لێیدا، كۆتایی ژیانی ئوسامە بن لادن خێرا هات، هێزە تایبەتییەكانی ئەمریكا گەمارۆیان دا و گوللە بارانیان كرد، خانەوادەكەی و مناڵەكانی هەموو شتێكیان لەو شەوە خوێناویەدا بینی.

لەدوای ئەوەی نانی ئێوارە خورا و قاپەكانیان كۆكردەوە و خانەوادەكەی بن لادن نوێژیان كرد ، بن لادن و ئەمەلی هاوسەری، كە خێزانی چوارەمی بوو، لە تەمەنیشدا لە هەموویان منداڵ تر بوو رۆشتنە ژووری خۆیان لەنهۆمی سەروەی خانۆكەیان بۆ ئەوەی بخەون .

كاتژمێر یازدەی شەوی سەرەتای مانگی ئایاری ساڵی ۲٠۱۱ بوو ئەمیری قاعیدە ڕۆشتە خەوێكی قووڵەوە ، ئەو شەوە لەجێگا نهێنییەكەی خۆیدا نەخەوت، كە لە دەوروبەری شاری ئەبو تاباد ی پاكستان بوو ، شەقامەكان تاریك بوون بەهۆی بچڕانی كارەبا وە و ئەمەش كارێكی ئاسایی بوو لەو شارەدا، بەشێوەیەك شار تاریك و بێدەنگ بوو و خەڵكی هەستێان بە هیچ شتێك نەدەكرد، كە دەگوزەرێت لە "كۆشكەكەی وەزیرستان "دا ، كە خەڵكی ئەو ناوەیان بە خانۆكەی ئوسامە بن لادن دەوت.

لە نیوە شەودا ئەمەل بە ئاگا هات ، گوێی لەدەنگە دەنگ بوو (دەنگەكە پر بوو لە ترسێكی زۆر، كە چاوەروانی داهاتوویانی دەكرد ) دەنگەكە وەك هەورە گرمە وابوو ، وردە وردە دەنگەكە بەرزتر دەبوو و نزیك تر دەبووەوە ، بەهۆی شنەی باوە پەردەی پەنجەرەی ژوورەكەیانی دەلەرانەوە، كە هەمووی لە شێوەی گوڵ چنرابوو .

بن لادن لەپڕ ڕاچەڵەكاو بە ئاگا هات بە ترسێكی یەكجار زۆرەوە لە سەر جێگاكەی دانیشت ، ئەمەل بەتوندی باوشی پیادا كرد و هەستیان بەوە كرد، كە هێزێك چواردەوری داون، هەموو دیوارەكان دەلەرینەوە ، دەستیان كرد بەهاوار كردن و ئەندامانی تری خانەوادەكەیان بە ئاگا هێنا و خۆیان بە سكەخشە گەیاندە بەردەم پەنجەرەی ژوورەكە (شەوێكی تاریك بوو و زۆر ئاستەنگ بوو بۆ بینینی شتەكان).

ئەمەل بەردەوام بوو لەگێڕانەوەی رووداوەكانی ئەو شەوە ، وێنەكانی لەبیرەوەریەكانی دا دووبارە دەكردەوە، لە دەوری ۱٥٠ هەنگاوەوە هەلیكۆپتەرێكی جۆری (بلاك هۆك)، كە سەر بە سوپای ئەمریكی بوو نیشتەوە و لەبەشی دواوەی خانووەكە نیشتەوە، پەروانەكانی هەموو خۆڵ و بەردی ژێر رووەكەكانی هێنایە دەرەوە، دواتر لە كێڵگەیەكی نزیكیانەوە هەلیكۆپتەرێكی تر لەهەمان جۆر نیشتەوە .

تیمێكی هێزی تایبەت لەهەردوو هەلیكۆپتەرەكە دەرپەڕین ، تۆڵە سێنەكانی ئەمریكا نزیك دەبوونەوە ..

ئەمەل گەشتە یەقینێكی تەواو، كە خانەوادەكەیان لە لایەن یەكێك لە ئەندامانی ناپاكی (خیانەت) لێكردوون .

ئەمە یەكەم ڕاپۆرت بوو لەسەر دوا خولەكاكانی بن لادن، كە یەكێك لە ئەندامانی خێزانەكەی گێڕایەوە و لەو شەوەدا لە وێ بووە، بەڵام چیرۆكەكە بە چەند مانگێك، یان لەوانەیە چەند ساڵێك پێش ئەو رووداوە دەستی پێكردووە.

ئەوەی، كە هێرشبەرەكان نەیاندەزانی ، ئاڵۆزی وگرژی و ناپاكی هەبوو لە نێوان هاوسەرەكانی و شێخ (بن لادن ) دا و پاسەوانەكانی، كە دەیانویست وەدەری نێن .

بە تێپەربوونی چەند ساڵێك خانەوادەكەی بن لادن بەرفراوان بوو، كە لە كۆمەڵگایەكی جێنشین نیشتەجێ بوبوون ، ئوسامە بن لادن چوار ژنی هێنابوو :

یەكەمیان ناوی نەجوا بوو كە ئامۆزای خۆی بوو، نەجوا لە تەمەنی ۱٦ ساڵیدا هاوسەرگیری لە گەڵ بن لادن دا كردبوو، ۱۱ منداڵی لێی هەبوو ، لەپێش رووداوەكانی ۱۱سیپتەمبەر (ئەیلول) ی ۲٠٠۱ لە بن لادن جیابوویەوە بەڵام بن لادن هەر بە هاوسەری خۆی هەژماری دەكرد .

دووەمیان ناوی خەیریە بوو ، كە دكتۆری دەروونی تایبەت بە منداڵان بوو ، كە پێشوتر و پێش ئەوەی ببێت بە خێزانی بن لادن چارەسەری مناڵەكانی نەجوای هاوسەری یەكەمی بن لادنی دەكرد كە گرفتی گەشەكردنیان هەبوو . خەیریە پێش رووداوەكانی ۱۱ سیپتەمبەردا لە زینداندابووە.

سێهەمیان ناوی سوهام بوو ، مامۆستا بوو ، ئەویش لە دوای ۱۱ سیپتەمبەر هەڵهات و دواتر لە ساڵی ۲٠٠٤ گەڕایەوە بۆ لای بن لادن .

چوارەمییان ناوی ئەمەل بوو كە لە تەمەنی هەرزە (مراهقە) دا بوو، بن لادن هێنای بۆ ئەوەی ڕق وكینە لە ناخی هاوسەرەكانی تریدا بچێنێت ، هاوسەرگیریەكەیان لە ساڵی ۲٠٠۲ دا بوو ، ئەمەل ماوەیەكی زیاتر لەوان لە گەڵ ئوسامە بن لادن دا مایەوە و بوو بە دایكی پێنج منداڵ .

خەیریەی هاوسەری ژنێكی ئازاو وبەتوانا بوو ، كاتێك خەیریە و حەمزەی كوڕی لە دوای هەشت ساڵ زیندانی كردنیان لە وڵاتی ئێران ئازاد كران ، بن لادن بە بیستنی ئەم هەواڵە زۆر دڵ خۆش بوو ، بەڵام كەوتە گومانەوە لە وەی كە چۆن وڵاتی ئێران ئازادی كردوون ،ئایا دەزگای هەواڵگیری ئێران چاودێریان ناكات ؟

ئوسامە بن لادن نامەیەكی بۆ خەیریە نووسی وتیادا وتی : من دەبێت دڵنیا ببم لەوەی كە ئایە ئەوان مەبەستیان لە گەڕاندنەوەت بە ئاراستەی ئێرەدا چاودێری كردنت نی یە؟

وە چەند پرسیارێكی تری لێكرد :
ئایا ددانەكانت بە تیشكی سینی (الڕشعە السینیە)نەسڕاوەتەوە؟

ئایا كۆتا پشكنینەكان كە بۆت كرا لەو ڕێگەوە پارچە پلاتینیان لە ژێر پێستدا یان دانەكانتدا نەچاندووە ؟

دەبێت ئەوە بزانیت كە كۆتا كات كەی بووە كە چارەسەری ددانیان بۆ كردی ؟

هەوەها دەبێت ئەوە بزانیت كە كۆتا جار كەی بووە پزیشكی ئێرانی پشكنینی بۆ كردی ؟

بن لادن هەموو پرسیارێكی خۆی كرد بۆ ئەوەی خەیریەی هاوسەری بتوانێت بە سەلامەتی بگەڕێتەوە بۆ لایان ، بن لادن پارە و سندوقێك خورمای سعودی بۆ خەیریە نارد بۆ ئەوەی هاوەڵی بێت بۆ ڕێگای سەختی گەڕانەوەی .

لە ۱۲شوباتی ساڵی ۲٠۱۱ دا و لە شەوێكی تاریكدا خەیریە بە ئۆتۆمبیلێكی جۆری سوزوكی سپی گەڕایەوە و دەرگای كۆمەڵگا جێنشینەكەی بۆ كرایەوە و هاتە ژورەوە و هەموو ئەندامانی خانەوادەكەی لە ماڵ بوو.

كاتێك ئەندامانی خانەوادەكەی بن لادن بەخێرهاتنەوەیان كرد خەیریە وتی "ئەمە سەرتای قۆناغێكی نوێ یە "

خەیریە ویستی باوەش بكات بە سوهامدا بەڵام سوهام ڕەپ ڕاوەستابوو ، هەروەها ئەمەل خۆی بێدەنگ كردبوو وچاودێری دەكرد ، بەڵام خەیریە بە شێوازێك هەڵسوكەوتی كرد كە هێشتا ئەو شاژنی ماڵەو وەك ئەوەی كە هەر دوور نە بووبێت لێیانەوە ، خەیریە ئەتوانێ ژنە گەورەكەی بن لادن بێت وهەرچەندە ژنی تری بەسەردا هاتبێت بە ڵام ئەم هەڵسو كەوتەی خەیریە بۆ ئەوەیە كە خۆی هەڵ خەڵەتێنێ یان پلانێكی تری لە ژێر سەردایە !

لە نهۆمی دووەمی كۆشكەكەدا ژووری خەیریە یە ، ژورەكە زۆر پیس و شپرزە بوو، پربوو لە نوێنی پیس وقاپ وقاچاخی شكاو و بەكارهاتوو ، هەموو شتێك پیس بوو بە بەراورد بەو كاتەی كە لە ماڵەكەی خۆیدا بوو لە جەدەی پایتەختی وڵاتی سعودیە، ئەو كات خەیریە شكۆی خۆی هەبوو وچەندها خزمەتكاری هەبوو.

لە ۲۹ مانگی نیسانی ساڵی ۲٠۱۱ دا حەمزەی كوری خەیریە (بە بێ هاوسەر و مناڵەكانی ) بۆ تەنها شەوێك گەڕایەوە لای دایك و باوكی و لە بەرەبەیانی ۳٠ نیساندا بە جێی هێشتن .

"لە دووری ۹٠ خولەك و لە فرۆكەخانەیەكی بچوكدا لە ئەفغانستان ۲٤ سەرباز ئامادە باش كرابوون . لە بەرەبەیانییەكدا سەروك باراك ئۆباما لە واشنتنەوە فەرمانی دا بە هێرش كردن . لە كاتژمێر ۱۱شەودا بە كاتی ناوخۆ ، بەرێكەوتن بۆ ئەبوتاباد "

سوهامی هاوسەری بن لادن وخالیدی كوری كە تەمەنی ۲۲ ساڵ بوو لە بەردەم پەنجەرەی نهۆمی دووەمی كۆشكەكەدا ڕاوەستابوون كاتێك سەربازەكانیان بینی بە ناو كێڵگەكەدا ڕایان دەكرد وبەروروویان دەهاتن ،لەو كاتەدا گۆیان لە دەنگی بن لادن بوو كە هاواری دەكرد وبانگی خالیدی دەكرد ، خالید كڵاشنكۆفێكی هەڵ گرت وو بەڕاكردن وهەناسە بڕكێ بەرەو نهۆمی سەرەوە رۆشت و بە باوكی وت "ئەمریكییەكان هاتن ".

ئەمەل لەو كاتەدا قسەیەكی هاوسەرەكەی بە بیر هاتەوە كە جارێكیان پێی وتبوو (كۆتا جار كە خالید چەكی بەكار هێناوە تەمەنی ۱۳ ساڵ بووە). ئێستا خالید هێڵی بەرگری یە لە باوكی !

ئەمەل و سوهام رۆشتن بۆ دڵنەوایی وئارام كردنەوەی مناڵەكانیان كە لە ترساندا دەگریان و ڕەنگیان تێك چوبوو ، ویستیان مناڵەكان بەرن بۆ ژورەكەی خەیریە و لەو كاتەدا دەنگێكی تەقینەوە هات لە بەردەم دەرگای دەرەوەی ماڵەكەیاندا و هەموو ماڵەكەی هەژاند و دەرگاكە كرایەوە و سەربازەكان خۆیان كرد بە ژوورەوەدا .

لە نهۆمی سەرەوە وهەموو خانەوادەكە دەستیان كرد بەنوێژ كردن ونزاكردن وپاڕانەوە لە خودا وهەموویان چاویان لە سەر شێخ بوو ، بن لادن وتی "ئەوان منیان دەوێت و ئێوەیان ناوێت " وفەرمانی بە ژنەكانی كرد كە برۆنە خوارەوە لە گەڵ منداڵەكانیاندا . ئەمەل ڕەتی كردەوە كە جوڵە بكات ، دوو كچە گەورەكەشیان كە ناویان مەریەم و سومەیە بوو لە گەڵ خوشك وبرا بچوكەكانیاندا لە رووی دەرەوەی باڵەكۆنەكەدا خۆیان شاردەوە . وسوهام و خالیدی كوری بەرەوو خوارەوە ڕۆشتن بۆ نهۆمی دووەم بۆ لای خەیریە كە لە پەنچەرەكەوە چاودێری دەكرد ، خالید بە خەیریە ی وت "وریابە دەتبینن وگولەت پێوە دەنێن ".

لە نهۆمی سەرەوە ، بن لادن و ئەمەلی هاوسەری وحەسەنی كوڕیان بە تەنها مابوونەوە ، گوێیان لە دەنگی تفەنگ بوو ، وئەمریكییەكان كۆبوبونەوە لە ماڵەكەدا .

شێخ دەستی كرد بە نزا كردن ، ئەمەل لە دوای ٦ساڵ ژیان لەو ماڵەدا و بە ترسێكی ساردەوە ، دركی بەوەكرد كە هیچ هۆكارێكی پاراستن نە بووە لەو ماڵەدا ، ولەم كاتەدا جگە لە چەند پارەیەكی یۆرۆی ئاسن و چەند ژمارەیەكی فریاكەوتن كە هی ئەندامانی بن لادن بوو لە وەزیرستان هیچ شتێك شك نابەن ، بەڵام كەسیشیان تەلەفۆنیان پێ نەبوو ، ئیتر ژمارە تەلەفۆنیش چ سودێكی هەیە !

كارەكە روون بوو ، ماڵەكەیان داوێك بوو بۆ مردن ، كەسێك خیانەتی لێكردبوون .

لە نهۆمی خوارەوە دەرگایەكی ئاسن هەبوو و لە ڕێگای ئەو دەرگایەوە و بە پلیكانە دەروشتیت بۆ نهۆمەكانی سەروتر ، سەربازەكان دەرگاكەیان بە دوو نارنجۆك بەستەوە و تەقاندیانەوە .

كاتێك سەربازە ئەمریكییەكان بەرەو سەرەوە بەڕێ كەوتن دەم وچاوێكیان بینی لە داڵانەكەوە سەری كێشاو و گەڕایەوە دواوە ، لەو كاتەدا یەكێك لە سەربازەكان كە قەناسێكی بەدەستەوە بوو بە زمانی عەرەبی بانگی كرد وتی "خالید وەرە بۆ ئێرە " وەك فێڵ كردن بە كاریان هێنا ، ئەوە بوو خالید هاتە دەرەوەو یەكسەر گوللەیان پێوە ناو خەڵتانی خوێنیان كرد وكوشتیان .

سەربازەكان بە سەر تەرمی خالیدا بەرەو نهۆمی سەروتر ڕۆشتن ، قەناس بە دەستەكە لە پێشەوە بوو و گەشتە بەردەم ژورێك وپەردەی دەرگای ژوورەكەی لادا و كەسێكی بینی لە دووری ۱٠مەترەوە كە ڕەنگی زەرد هەڵگەڕابوو و لە ترساندا دەلەرزی ، هەر لە وێدا گوللەیەكی نا بەویشەوە وسەری پێكا یەكسەر گیانی لە دەست دا .سومەیە ومەریەم هاواریان كرد بە رووی سەربازەكاندا . لەو كاتەدا سەربازەكان باڵێان گرتن و بەرووی یەكێك لە دیوارەكان ڕایان وەستاندن ، سەربازەكان ترسی ئەوەیان هەبوو كە پشتوێنی خۆ تەقاندنەوەیان لە پشت بێت .

كچەكانی بن لادن یەكەم جاریان بوو كەسێكی مەحرەم دەستی بەر دەستیان بكەوێت ، بۆیە توشی حاڵەتی هەستیریا بوونەوە وباری دەروونیان تێك چوو بوو .

یەكێك لە سەربازەكان كە ناوی "رۆبرت ئونیل " خوی كرد بە یەكێك لە ژوورە نوستنەكاندا ،ئافرەتێكی بینی كە شێوازی لە عەرەب دەچوو و جل وبەرگی نوێژی لە بەردابوو ، بە هۆی تاریكێكەوە وەك مرۆڤێكی كوێر دەردەكەوت .ئونیل هەستی ئەوەی لادروست بوو كە ئوسامە بن لادن لە پشت ئەم ئافرەتەوەیە ، ئونیل ڕاچەڵكاوە وبە دەم خۆیەوە وتی دەبێت كامیان گەورەترین مەترسی بن ؟

ئەمەل پێش ئەوەی هاوسەرگیری لە گەڵ بن لادن دا بكات ، هەمیشە دەیوت (من دەبێت لە مێژوودا بگەڕێمەوە بۆ دواوە )، هەرگیز بە خەیاڵیدا نەهاتوو وچاوەوانی ئەوەی نەكردووە كە كارەكان بەم شێوەیە بروات !

ئونیل چەكەكەی بەرز كردەوە ،بەڵام ئەمەل بە توندی پاڵێكی پێوە ناو وتی :"نەكەی " "نەكەی " لەو كاتەدا ئەمەل هەستی بە ئازارێكی یەكجار زۆر كرد لە قاچیدا وەك ئازاری سوتاندن ، ئەمەل لە هۆشی خۆی چوو و كەوتە سەر سستەمەكەی وتوشی خوێن بەربوون بوو ، كۆتا شت كە لە بیری مابوو پێش ئەوەی لە هۆشی خۆی بچێت "تیشكێكی سوری بینی كە هەموو ژورەكەی ڕۆشن كردەوە وبە بێ ئەوەی گوێی لە هیچ دەنگێك بێت ".

ئنجا ئونیل چەكەكەی بەرز كردەوە تا ئاستی سەری بن لادن و ئەویشی پێكا و یەكسەر كەوتە سەر زەوی ودیسانەوە هەمان شوێنی پێكایەوە .

سەربازەكان هاتنە ژوورەوە بۆ ئەوەی دیمەنەكە ببینن ، وە دەستیان كرد بەتەقەی خۆشی و گولەی زیاتریان نا بە تەرمەكەی بن لادنەوە وەك ئەوە وابوو تۆڵەی لێبسێننەوە .

ئەمەل بە هۆشی خۆی هاتەوە ، بەڵام خۆی وەك مردوو لێكردبوو (چاوەكانی داخست وهەناسەی لە خۆی بڕی )بۆ ئەوەی سەربازەكان هەستی پێنەكەن .

ئونیل مناڵێكی بچوكی لەو دیو سستەمەكەوە بینی كە كش ومات و بە بێدەنگی ڕاوەستابوو (منداڵەكە حسەین بوو كوری بچوكی ئەمەل وبن لادن بوو) ،حسەین هەموو دیمەنەكانی بینی ، ئۆنیل كردی بە باوشی یەوە و ئاوی پرژاند لە دەم و چاوی و خستی یە سەر سستەمەكەوە ولەپاڵ دایكیدا پاڵی خست .

ئەمەل زۆر دەترسا لەوەی پێی بزانن ، گوێی لێبوو كە سەربازەكان سومەیە و مریەم یان هێنایە سەر تەرمی باوكیان ، داوایان لێكردن كە ئەم پیاوە بناسنەوە و دڵنیابن لە ناسنامەكەی .

ژوورەكە پر بوبوو لە دەنگ و هاواری ئافرەتەكان . سومەیە و مریەم داوایان لە سەربازە ئەمریكییەكان كرد كە تەرمی باوكیان بەئاراستەی قیبلەدا دانێن ( مردوو لە دینی ئیسلامدا لەپێش ناشتنی دەبێت بە ئاراستەی قیبلەدا دانرێت ).

یەكێك لە سەربازەكان، كە بە زمانی عەرەبی قسەی دەكرد پرسیاری لە مریەم كرد وتی :
پ/ئەم پیاوە كێیە؟
و/ ئەم پیاوە شێخە .
پ/شێخ كێیە؟
و/عبدالله كوری محەمەد .
ـ سومەیەی خوشكی بە زمانی عەرەبی پێی وت :ڕاستێكەیان پێ بڵێ ، ئەمان پاكستانی نین .
ـ مریەم بەتەواوی توانای قسەكردنی نەمابوو .
سومەیە سەری بەرز كردەوە و وتی : ئەم پیاوە باوكمە وناوی "ئوسامە بن لادن " ە .

سەربازە ئەمریكییەكە كە بە زمانی عەرەبی قسەی دەكرد دەیویست زیاتر دڵنیا بێتەوە لە ناسنامەی بن لادن بۆیە دەستی كچەكەی ئەمەلی گرت كە ناوی سەفیە بوو و تەمەنی ۱۱ ساڵ بوو و پێشوتر لە بەلەكۆنەكەدا خۆی شاردبووە و لێیپرسی : ئەم پیاوە كێ یە ؟ سەفیە كە لە حاڵەتێكی دەروونی ناجێگیردا بوو و بەگریانەوە وتی : ئوسامە بن لادنە .

سەربازێكی تر خەیریەی هاوسەری بن لادنی هێنا ، كە لە ڕێڕەوەكەدا وەستا بوو و لێی پرسی ئەم پیاوە كێ یە ؟
خەیرییە وتی "ئوسامە"یە ، و دیسانەوە لێیپرسی یەوە :ئوسامە كێ یە ؟ 
خەیرییە وتی "ئوسامە بن لادن "

سەربازەكە كە بەزمانی عەرەبی قسەی دەكرد بانگەشەی كرد وتی : ئەوا ئێمە لە ڕێگەی ئەم ماڵەو ئەم ئافرەتە بە تەمەنەوە دڵنیابوینەوە لە ناسنامەی كۆژراوەكە .

سومەیە گوێی لە دەنگی سەری باوكی بوو كاتێك تەرمەكەیان بە سەر پلیەكانەكاندا ڕادەكێشایە خوارەوە ، دوای خولەكێك سەربازەكان سومەیە و مریەم یان بردە خوارەوە بەسەر خوێن و لاشەی خالیدی برایاندا .

دواتر سوهام هاوسەری بن لادن زۆر بە هێواشی لە سەر پلیكانەكان هاتە خوارەوە بۆ ئەوەی نەخلیسكێ بەهۆی خوێنی ڕژاوی بن لادن و تەرمی خالدی كوری بینی و هەندێك نزای بۆ كرد و دانەوی یەوە بۆ ئەوەی ناوچاوانی ماچ بكات ،بەڵام یەكێك لە سەربازەكان نەیهێشت و دووری خستەوە . لە دوای ٥خولەك تەرمەكەی بن لادنیان خستە ناو هەلیكۆپتەرەكەوە كە هێشتا هەر لە ئیش كردندا بوو ، سەربازەكانیش سەركەوتن بۆ ناو هەلیكۆپتەرەكە و فڕی .

پێش ئەوەی سەربازەكان برۆن ، هەموو ئەندامەكانی خانەوادەكەی بن لادن (ئەوانەی كە دەربازیان بوو بوو ) لە ناو باخچەكەدا كۆكرانەوە ، تەنها ئەمەل نەبێت كە لە نهۆمی سەرەوەی ژوورە نوستنەكەیدا لەسەر سیستەمەكەی ڕاكشابوو و سەیری سەقفی ژوورەكەی دەكرد، كە لە خوێندا دیار نەمابوو وبیری لە هاوسەرەكەی دەكردەوە، كە ئەوەندە نابێت كوشتویانە ، ئەمەل بیری لەو كردەوە كە لە دوای ٦ساڵ لەو ماڵەدا هەموو شتێك كۆتایی هات ، ئەو پیاوە سامناكەی كە هەموو دنیای بە خۆیەوە سەرقاڵ كردبوو كۆتایی بە ژیانی هات ، ئەو پیاوەی كە هیچ كەسێك لە ئەندامانی خانەوادەكەی نەیان دەوێرا گفتو گۆی لە گەڵ بكەن بە چەند خولەكێك ڕۆشت .

ئەمەل زیاتر بە ئاگا هات وهەستی بە حسەینی كوری كرد كە لە پاڵیدا دەلەرزی ، بەڵام بە هیچ شێوەیەك نە یدەتوانی هەڵسێت بەهۆی قاچەكانی كە خوێنیان لێدەرۆشت .

ئایا هەموان بۆ كوێ ڕۆشتن ؟ پرسیاری لە خۆی كرد .
ڕەنگێكی پرتەقاڵی پەردەی پەنجەرەكەی كە لە شێوەی گوڵ چنرابوو ڕۆشن كردەوە و گوێی لە تەقینەوەیەكی گەورە بوو و هەموو پەنجەرەكانی شكاند و شوشەكان كەوتن بە سەریاندا .

هەلكۆپتەرەكە هەڵساو و فڕی ...
ئەمەل گوێی لە دەنگە دەنگ بوو كە لە دەرەوەی ماڵەكەیان دەهات، دراوسێكانیان بوو بانگیان دەكرد :
كێ پێویستی بە یارمەتی یە ؟ ئایا هەموان مردوون ؟
ئەمەل دەستی حسەینی كوڕی بە توندی گرت .....

وەرگێڕان: رۆزا حەمە ساڵح